ناونیشان: ئایا یارییە قێزەونەکە تەواو دەکرێت؟
نووسەر: د. #ئادەم بێدار#
ڕۆژی دەرچوون: #19-07-2023#
ئێراقی نوێ، یاریگایەکە یاریی زۆری تێدا دەکرێت، یاریزانی جۆراوجۆر لە بەرژەوەندی تیمی جیاواز یاریی دەکەن، سەرۆکی گەورەترین کڵێسەی کریستیان لە ئێراق، یەکێک لەو یارییانە بە قێزەون وەسف دەکات، ئەو لە ڕۆژی 15ی تەممووز، نامەیەکی کراوەی بڵاوکردەوە، ئەو نامەیە کە بۆ سەرۆکایەتییەکانی ئێراقی فیدراڵ نێردراوە، لەلایەن کاردیناڵ لویس ڕافائیل ساکۆ، پاتریارکی کڵێسەی کلدانی لە ئێراق و جیهان گڕی بەردایە پەیوەندیی نێوان کاردینال و دامەزراوە فەرمییەکانی ئێراق و، پرسیاری زۆریشی لەسەر داهاتووی کرستیانەکان لە ئێراق درووستکرد.
=KTML_Bold=رەگ و ڕیشەی ناکۆکیی نێوان ساکۆ و کلدانی=KTML_End=
لویس ساکۆ، کە لە #زاخۆ# لەدایکبووە و لە ساڵی 1974ەوە بووەتە کاهین لە ئەبرەشیەی موسڵ، ساڵی 2002ش ئەرکی مەترانی لە #کەرکووک# وەرگرتووە، دواتر لە شوباتی 2013 بووەتە پاتریارکی کڵێسەی کلدانی کاسۆلیکی لە جیهان و پاشانیش وەک کاردینال دەستنیشانکراوە.
ساکۆ ناکۆکیی قووڵی لەگەڵ ڕەیان کلدانی هەیە، کە لە ساڵی 2014 هێزی بابلیوونی چەکداری پێکهێناوە بەناوی لیوای 50 و لەژێر چەتری #حەشدی شەعبی#دایە.
سەرەتای قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکان بۆ پاڵپشتی ساکۆ دەگەڕێتەوە لە هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارەکان و تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ هێزەکانی ناوخۆی ئەو وڵاتە، کلدانیش ئەو پاڵپشتییەی ساکۆی وەک دژ ئەژمار کرد. ساکۆ و کلدانی یەکتر بە هەوڵدان بۆ دەستبەسەرداگرتنی زەویوزاری کرستیانەکان و بازرگانیکردن پێیانەوە، تۆمەتبار دەکەن.
لویس ساکۆ، کلدانی بەوە تۆمەتبار دەکات نوێنەرایەتیی کرستیانەکان ناکات و، دزینی موڵکەکانی کرستیانەکانی لە بەغدا و نەینەوا و دەشتی نەینەوا دەخاتە ئەستۆی ئەو. هاوکات پاتریارکی کڵێسەی کلدانی پێشتر لە 6ی ئایار ڕەتیکردەوە دیبەیت لەگەڵ ڕەیان کلدانی بکات، چونکە وەک ساکۆ جەختی لەسەر کردووەتەوە، کلدانی هەوڵی کڕینی پیاوانی ئایینی کرستیان دەدات بە هاوکاریی ئافرەتێک کە خۆی، لە پۆستی وەزیری داناوە، وەک ئاماژەیەک بۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی ئێراق لە کابینەی پێشوو و ئێستای حکومەتی فیدراڵی. لویس ساکۆ، پێشتر ڕەخنەی لە حکومەت گرتبوو بەهۆی بێدەنگی لەبەرانبەر زێدەڕۆیی بۆ سەر کڵێسە لەلایەن کلدانییەوە، بەڵێنیشی دابوو، پەنا بباتە بەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەگەر محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران هیچ هەڵوێستێکی نەبێت.
لەبەرانبەردا، ڕەیان کلدانی، ساکۆی بە درۆزن نێوزەد کردبوو، ئەو گەورەیەی هێزەکانی بابلیوون لە بەیاننامەدا دەڵێت: ساکۆ چەند ساڵێکی بەڕێکردووە بە هەمان شێواز و هەمان گوتەکانی دەجوێتەوە، هاوکات ساکۆ بە ئێمە دەڵێت: پێویستە لەسەرمان ڕێزی جلوبەرگی کڵێسە بگرین، ئێمەش پێی دەڵێین پێویستە ئەو بۆ خۆی ڕێزی خۆی بگرێت.
=KTML_Bold=ساکۆ وەک بەربەستە گەورەکەی بەردەم کلدانی=KTML_End=
لە ڕاستیدا هێرشەکانی #داعش# بۆ سەر ئێراق بوونە مایەی خێر و خۆشی بۆ ئەو هێزە شیعانەی خەونی گەورەیان بە بەشیعەکردنی ئێراق دەبینی، ئەوان هەر زوو بەدەنگ فەتوا و داواکەی سەید عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکانەوە چوون کە جیهادی دژی داعش ڕاگەیاند، لە ئەنجامدا حەشدی شەعبی درووست بوو، ئەو هێز و وڵاتانەی خەمی یەکەمیان شیعەگەریێتییە بازنەی چەکدارییان لە زۆرینەی شیعەوە فراوان کرد بۆ ئەوەی پێکهاتەکانی دیکەش بگرێتەوە، بەمەش هێزی چەکداریان بۆ پێکهاتەکانی شەبەک، ئێزدی، کریستیان پێکهێنا و خەریک بوون بۆ کاکەییشی درووست بکەن، لە ڕێگەی ئەو هێزانەوە هەوڵدەدەن ناوچەی جوگرافی پێکهاتەکان کۆنترۆڵ بکەن.
دوای ئازادکردنی پارێزگای نەینەوا لە چەنگی داعش و ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، هێزەکانی بابلیوون کە ڕەیان کلدانی سەرکردایەتیان دەکات، کۆنترۆڵی تەواوی ناوچە کریستیاننشینەکانی پارێزگای نەینەوایان کردووە، نەک لە ڕووی سەربازییەوە، بگرە هێدی هێدی سنووری قەڵەمڕەویی لەناو کریستیانەکان زیاد دەبێت، ئەو لە کابینەی ئێستا و پێشووی حکومەتی فیدراڵی نوێنەرەکەی کە ئیڤان فایەق جەبرۆیە کردووەتە وەزیری کۆچ و کۆچبەران، لە هەڵبژاردنەکانی 2021ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراقیشدا، کلدانی دەستی بەسەر کورسییەکانی کۆتای کریستیاندا گرت و لەکۆی پێنج کورسی، توانی چوار کورسی بباتەوە.
بەپێی لێدوانی چەند کەسایەتییەکی دیکەی کرستیان بێت، کلدانی و هێزەکەی لێپرسراوی سەرەکین لەو هەوڵانەی لە دەشتی نەینەوا دەدرێن بۆ گۆڕینی دیموگرافیای کریستیان، پێشتریش بە تۆمەتی هەمان بابەت و ئەو پێشێلکارییانەی چەکدارەکانی دژی مافی مرۆڤ و دزینی ماڵەکان و، فرۆشتنی زەویوزاری کشتوکاڵی بەشێوەیەکی نایاسایی دەیکەن، حکومەتی ئەمریکا سزای بەسەر کلدانیدا سەپاندووە.
هەوڵەکانی کلدانی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی بەربەستی گەورەیان نییە جگە لە ساکۆ، ئەو کە کاردیناڵە و دەتوانێت بەهۆی ئەو پۆستەیەوە خۆی بۆ کوڕی پاپای کڵێسەی کاسۆلیکی بەربژێر بکات، بە دەنگێکی دلێرەوە هاتووەتە مەیدانی جەنگ لە دژی کلدانی و، بەهەموو شێوەیەک دەیەوێت ڕێگریی لەو هەوڵانەی ڕەیان بکات، دیارە کە بەهۆی پێگەی ئایینی لویس ساکۆ لە ئێراق و دەرەوە بەگشتی و ڤاتیکان و جیهانی کریستیان کاسۆلیکی بەتایبەتی، مەترسی و لەمپەڕی گەورەی بەردەم خواستەکانی کلدانییە، لەبەرئەوەشە ناکۆکییەکە تادێت لەنێوان ئەو دوو کەسە قووڵتر دەبێتەوە.
=KTML_Bold=بێدەنگیی ئێراق و پاڵپشتیی ئەوروپا=KTML_End=
لویس ساکۆ، لەو هەوڵانەی بۆ پاراستنی کڵێسەکەی لە ئێراق، پاڵپشتی حکومەت و لێپرسراوانی بەغدای نییە، نەک ئەوە؛ بەڵکوو بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن دەسەڵاتی ئێراقییەوە بەئاڕاستەی بەرژەوەندیی کلدانی لەمپەڕی بۆ درووست دەکرێت، بەپێی لێدوانی کەسایەتییە سیاسییە کرستیانەکان بێت، پاڵەپەستۆی کلدانی هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی کۆماری بووە بە دیاریکردنی کاردیناڵەکە وەک سەرۆکی کڵێسەی کلدانی. ڕۆژنامەی وەقایعی ئێراق لە ژمارەی (4727) ی ڕۆژی 3ی تەمووزی 2023، فەرمانێکی کۆماری ژمارە (31) ی بڵاوکردەوە، لەو نووسراوەدا فەرمان کراوە بە هەڵوەشاندنەوەی فەرمانی کۆماریی ژمارە (147) ی ساڵی 2013، کە تایبەت بوو بە دیاریکردنی کاردیناڵەکە بە سەرۆکی کڵێسەی کلدانی.
کریستیانەکان بەگشتی و خودی کاردیناڵ لویس ساکۆ لە لێدوانەکانی و ڕاگەیێندراوەکانیدا ئەمە بە بێڕێزی بەرانبەر پاتریارکەکەیان دەزانن و وەک هەڕەشەی جیدیش لەسەر داهاتوویان لە ئێراق دەیبینن، ئەوەش لە بۆشاییەوە نەهاتووە، چونکە بە دەستوەردانێکی ڕاستەوخۆی حوکمدارانی ئێراق دادەندرێت لە کاروباری ناوخۆیی کڵێسە و پێشهاتێکی مەترسیداریشە، لە سەردەمی عەباسییەکانەوە تاوەکوو ئێستا، دەسەڵاتداران هەمیشە ڕێزی کڵێسەیان گرتووە و دەستیان وەرنەداوەتە کاروبارەکانیان، بگرە ڕێزی ئەو تایبەتمەندییەیان گرتووە، کە کڵێسە بۆ خۆی بڕیار لەسەر شێوازی ڕێکخستنی کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەردنی دەدات.
کلدانی بەو هەنگاوەی لێدانێکی کوشندەی لە کڵێسە و پیاوانی ئایینی داوە، ئەمەش وایکردووە زۆربەی کریستیانەکان بێنە سەر هێڵ، ڕۆژی پێنجشەممە 14ی تەمموز، خەڵکی عەنکاوە لە بەردەم کڵێسەی ماریوسف گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دژی ئەو هەنگاوەی سەرۆکایەتیی کۆمار دەربڕی، داوایانکرد ڕێز بۆ پاتریارکەکەیان بگەڕێندرێتەوە و ئەو نووسراوی هەڵوەشاندنەوەیە، هەڵبوەشێندرێتەوە، بەڵام سەرۆکایەتی کۆمار مکوڕە لەسەر بڕیارەکەی، ڕۆژی 13ی مانگ لە ڕوونکردنەوەیەکدا دووپاتی فەرمانەکەی کردبووە وە، جەختیش لەسەر ڕێگرتن لە لویس ساکۆ دەکاتەوە، بەڵام لەراستیدا ئەو فەرمانەیان لێدانە لە لویس ساکۆ، بگرە مەترسیشە لەسەر مانەوەی کریستیانەکان لە ئێراق.
هەر ئەو مەترسییانەشە وای لەو کاردیناڵەی کڵێسەی کلدانی کاسۆلیکی کردووە ڕۆژی 15ی ئەم مانگە لەو نامە فەرمییەدا هێرشی تووند بکاتە سەر ڕەیان کلدانی و دار و دەستەکەی و بڕیاریش بدات بارەگاکەی لە بەغدا دابخات و لە ئیستەنبووڵەوە نەگەڕێتەوە بۆ بەغدا، لەبری ئەوە ڕوو لە یەکێک لە دێڕەکانی هەرێمی کوردستان بکات و لەوێوە کاروبارەکانی کڵێسەی کاسۆلیکی کلدانی ڕابپەڕێنێت.
لەراستیدا وردبوونەوە لەو نامەیە کراوەیە؛ قووڵی کێشەکە دەردەخات، ئەو لە نامەیەکدا بۆ هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی ئێراق نووسیویەتی لەبەرانبەر ئەو هەڵمەتە بەمەبەست و هەراسانکەرەی کەتائیبی بابلیوون لە دژی من و، پێکهاتەی کریستیان دەکرێت، هەروەها لەبەرانبەر نەبوونی هێزێک بۆ وەستاندنی کەتائیبی بابلیوون و بێدەنگیی حکومەت و کشانەوەی نووسراوی کۆماری لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە لە من، کە ئەمە پێشهاتێکە لە مێژووی ئێراقدا هاوشێوەی نەبووە، بڕیارمدا لە بارەگای پاتریارک لە بەغدا بکشێمەوە و لە ئیستەنبووڵەوە [...] بڕۆم بۆ کڵێسەیەکی هەرێمی کوردستان. لەو نووسراوەدا ساکۆ بە ڕوونی کلدانی تۆمەتبار دەکات بە هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی ئەوقافی کرستیانەکان و ئەمەیش بە یارییە قێزەونەکە ناودەبات.
ئێستا ئەو یارییە بەردەوامە، ساکۆ لەو یارییەدا پشتیووانیی زۆرینەی شەقام و سیاسی و ڕۆشنبیری کریستیانەکانی لەگەڵە، لەپاڵ ئەوانە چەند دامەزراوەیەکی ئێراقیش پشتیووانی خۆیان بۆ دەربڕیوە، وەک دەستەی زانایانی موسڵمان، کە کۆمەڵێک زانای موسڵمانی سوننەمەزهەب لەخۆدەگرێت، ڤاتیکان و باڵیۆزانی یەکێتی ئەوروپاش.
بەڵام ئەوەی تاوەکوو ئێستا ڕوونە، ئەوەیە؛ دەسەڵاتدارانی ئێراق بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەبەرەی کلدانین، ئەوان بە دەرکردنی فەرمان و جێبەجێکردنی خواستەکانی ڕەیان کلدانی نائومێدییەکی گەورەیان درووستکردووە، ئەو ڕاستییەش دووپات دەکاتەوە، کە لەساتی ڕووماڵکردنی هاتنەکەی پاپای ڤاتیکان لە دوو بووڵتەنی جیاوازی ڕووداودا بە ڕوونی وتم، هاتنی ئەو کەسایەتییە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێراقییەوە وەک شۆ ڕێزی لێدەگیرێت، نەک ئەوەی شتێک لە ڕەوشی کرستیانەکان بگۆڕێت، پاپای ڤاتیکان بە دڵێکی پاکەوە خۆی خستە مەترسییەوە و پەیامی ئاشتیی بۆ ئێراق هێنا، بەڵام وا دیارە ئەوانەی حوکمڕانی ڕاستەقینەی ئێراقن، جگە لە تێڕوانین و ئەجێندای خۆیان، گوێ بۆ هیچ پەیامێکی ئاشتیش ناگرن، ئەوەش نائومێدییەکی گەورەیە بۆ پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە و پێکەوەژیانەکەشی دەخاتە ژێر پرسیاری گەورە! [1]