کۆمەڵگەی #شاریا# ، یەکێکە لە گرنگترین کۆمەڵگەی ئێزیدییەکان کە دەکەوێتە باشووری پارێزگای #دهۆک# و 20 کیلۆمەتر لە پارێزگای دهۆکەوە دوورە. ناوی دووەمی ئەم کۆمەڵگەیە (لەحفا دنا) یە، کۆمەڵگەی شاریا لە ناوچەیەکی شاخاوی هەڵکەوتووە، لە ساڵی 1986 گوندە شاخاوییەکانی ئەم کۆمەڵگەیە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە وێران دەکرێت، هۆکاری ئەم کاوڵکارییە دەگەرێتەوە بۆ هاوکاریکردن و پاڵپشتی کردنی خەڵکی ناوچەکە لە هێزەکانی پێشمەرگە. دوای ساڵێک لە دەربەدەری وردەوردە خەڵکی ناوچەکە دووبارە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، لە سەرەتای ساڵانی 1987-1988 کۆمەڵگەی شاریایان درووستکرد، کە ئەم کۆمەڵگەیە لە حەوت گوند پێکهاتووە، کە بریتین لە گوندەکانی: (خەرشنیا، شاریا، ڕکاڤا، شێخدر، گرێبان و کەلیبدر، سینیا) . ژمارەی دانیشتووانی شاریا نزیکەی بیست هەزار کەسە، جێی باسە لەم کۆمەڵگەیە زۆربەی خزمەتگوزارییەکان هەیە، وەک: قوتابخانە، نەخۆشخانە بنکەی پۆلیس، و دوو هۆڵی گەورە بە ناوی هۆڵی لالشی یەک و لالشی دوو (ئەم هۆڵانە بۆ بۆنە تایبەتەکان لە ناوچەکە بەکاردێن) ، جگە لە ناوەندە ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکان، زیاتر لە پێنج یاریگای تۆپی پێ بۆ گەنجان، مەلەوانگە، هۆڵی وەرزشی، چێشتخانە و سەنتەری بازرگانی، هەروەها ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان هەیە، کە ساڵانە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان پێشبڕکێی جۆراوجۆر بۆ گەنجان و گەوران ڕێکدەخەن، لە کۆتایی ساڵی 2010 خەڵکی شارەکە گوندە شاخاوییە کۆنەکانیان ئاوەدانکردەوە و زیندوویان کردەوە، بەڵام پاشماوەی خانووە وێرانبووەکان تا ئێستا ماوەتەوە، گوندە شاخاوییەکان جگە لە ئاو و کارەبا و خزمەتگوزارییە سادەکانی دیکە خزمەتگوزاریی زۆری نییە، بە گشتی خەڵکی ناوچەکە گرنگییان بە کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵە ماڵییەکان داوە. لە سەرەتای ساڵی 2008 خەڵکی شاریا شۆڕشێکی پەروەردەییان ئەنجامدا، بەو هۆیەشەوە زۆرینەی دانیشتووانی شاریا چوونە قوتابخانە، هەروەها هەندێک لە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە دەرچووی پەیمانگا و زانکۆکانی #کوردستان# و دەرەوەی وڵاتن، کە توانیویانە پۆستی گرنگی حکومی وەربگرن یاخود ببنە خاوەن پڕۆژەی خۆیان. زیاتر لە 70%ی دانیشتووانی شاریا خوێندەوارن و ئەم ژمارەیە بەردەوام لە زیادبووندایە.[1] [2]