ناونیشانی بابوت: ڕۆڵی پەروەردە لە نەهێشتنی شەرمکردندا
ئامادەکردن و نووسین: #ڕەئوف ئالانی#
(باشترین ڕێگا بۆ ڕزگاربوون لە شەرمنی ئەوەیە، لەبیرت بێت کە هەموو مرۆڤەکان یەکسانن - لاری کینگ)
شەرم حاڵەتێکی دەروونی تایبەتیی دیارە، لە هەندێ کەسدا هەیە، یان کەسی شەرمن هەست بە نائارامی و شەرمەزاری و ئاڵۆزی دەکات، هەر بۆیە ئەوکەسانە پەیوەندی کۆمەڵایەتییان لاوازە و تێکەڵ کەسانی ترنابن.
هەندێ کەس پێیان وایە شەرمنی نەخۆشییە، بەڵام پزیشکانی پسپۆڕ ئەو بۆچوونەیان پشتڕاست نەکردۆتەوە و بە نەخۆشی نازانن، تەنیا وەک حاڵەتی دەروونی ئاماژەیان بۆکردووە.
شەرمکردن لە سەرەتادا لە قۆناغی منداڵییەوە، درووست دەبێت، ئەویش بەهۆی چەند فاکتەرێک کە ئەمانەن:
1- هۆکاری بۆماوەیی: واتە بوونی حاڵەتەکە لەباوانەوە و گواستنەوەی بۆ نەوەکانیان، لە بواری کۆمەڵایەتیدا زۆرکەس دەناسین و دەبینین، کە کەسانی شەرمن و دوورەپەرێزن.
2- مامەڵەی نادرووستی دایک و باوک، وەک شکاندن و بێبەشکردن و ترساندنی منداڵەکانیان، ئەمەش کار لەدەروونیان دەکات و دەبنە مرۆڤی شەرمن
3- کێشە و ناکۆکی دایک و باوک (جێزانەکان) ، کە منداڵەکە تووشی بێ ئومێدی و دڵەڕاوکێ دەکات، لە ئاکامدا تووشی حاڵەتی شەرمکردن دەبێت
4- جیاوازی کردن لەگەڵ منداڵی تر، بەنموونە برا یان خوشکێکی تری هەبێت و هەست بەوە بکات، جیادەکرێتەوە، ئاکامەکەی تووشی بێزاری و ڕقلێبوونەوە لەبەرانبەری دەکاتەوە و وەک گرێیەکی دەروونی لێی دەڕوانێت و تووشی شەرمکردن دەبێت.
5- سزادان، هۆکارێکی ترە کە منداڵ دەکاتە مرۆڤی شەرمن، واتە مامەڵەیەکی ناپەروەردەیی و دوور لەهەست و سۆز.
6- بوونی حاڵەتی تایبەت، وەک بوونی نەخۆشییەک یان لەدەستدانی ئەندامێکی جەستەی، ئەو منداڵە هەمیشە حەزبەشاردنەوەی ئەو حاڵەتە دەکات، بۆیە بە ناچاری شەرم دەکات.
زۆرکەس پێیان وایە تاکە سوودی شەرمنی ئەوەیە تووشی کەمترین گرفت ئەبێت لەگەڵ کەسانی تر بەهۆی کەم بەرکەوتنی، هەندێکیش دەڵێن بەرنەکەوتنیش خۆی هەربەشێکە لەکێشە و گرفت.
وتەیەکی کۆنی ناو کۆمەڵگەی کوردی هەیە، بەڕای من زۆر ناشیرین و نەشیاوە، بەڵام من وەک بوونی و جۆری بابەتەکە و دەستنیشانکردنی وەک خاڵی لاواز لەسەر پەروەردەی خێزان و کۆمەڵگەی کوردی، دەیهێنمەوە، تا وازی لێبێنین و بەرانبەر هیچ کەس بەکاری نەهێنین، زۆربەمان بیستومانە کەدەڵێت: (کچی شەرمن شارێک دێنێت، بەڵام کوڕی شەرمن شانەیەک دێنێ)، جارێ ئەو جیاکاریە لەنێوان هەردوو ڕەگەز زۆر خراپە و ناکرێت بوونی هەبێت، لەلایەکی تریشەوە بۆ ئەم سەردەمی شارستانی و ژیارییەی ئەمڕۆکە دنیا هێندە بچووک بووەتەوە لەسەر شاشەی مۆبایلەکانمانە، بەدەر لەوەی جیاوازی ڕەگەزی جۆرێکە لە سەندنەوەی ماف و پێشێلی ڕەوایەتی ئازادییەکانی تاک.
شەرمکردن و جۆرەکانیمان ناساند، دەکرێ هەوڵی نەهێشتنی ئەو حاڵەتە دەروونیە بدەین و چارەسەری بکەین، چونکە مانەوەی گرفت و کێشە بۆ تاک درووست دەکات، تەنانەت، تارماییەکی ترسناکە بۆمرۆڤ، ڕۆماننووسی ناودار (گابرێل گارسیا مارکێز (1927 - 2014) دەڵێت: (شەرمنی ئەوتارماییەیە کە ناتوانرێت شکست بهێنێت).
ئەوکاتەی کە لەگەڵ مرۆڤ هەنگاوی ناو ئەویش گەورەبوو، بێگوومان ناتوانرێت شکستی پێبهێنرێت، کەواتە کەی گونجاوە و بەچی چارەسەری بکەین؟
باشترین و کاریگەرترین ڕێگە بۆ ڕوو بەڕووبوونەوەی شەرمنی، کاتی منداڵییە ئەویش لە ڕێگەی پەروەردەوە دەبێت، بەم هەنگاوانە:
1- پەیوەندی هاوڕییەتی نێوان مامۆستا و قوتابی، کە دووربێت لە ترس و دڵەڕاوکێ، پڕبێت لە هەست و سۆز و خۆشەویستی.
2- درووستکردنی کەشێکی گونجاوی پڕ لە یاری و جوڵە.
3- مامەڵە کردنێکی درووستی پەروەردەییانەی هاوچەرخ، لەلایەن مامۆستاکانەوە.
4- پڕۆگرامەکانی خوێندن بابەتی چیرۆک ئامێزی تیا دابنرێت، کە شەرمنی لەمنداڵاندا بسڕێتەوە و نەیهێڵێت.
5- هەماهەنگی باش بکرێت لەگەڵ دایک و باوکی منداڵان بەگشتی و ئەوانەی شەرمنن بەتایبەتی، تا لە ڕێگەی پەروەردەیی و تایبەتەوە شەرمەکەیان نەهێڵرێت.
6- درووستکردنی پەیوەندییەکی هاوڕێیانەی پتەو لەنێوان قوتابییاندا (بەشێوازی ڕاستەوخۆوناڕاستەوخۆ).
چارەسەری هەموو کێشە و گرفتێک مەحاڵ نییە، بۆیە لەسەر وەزارەتی پەروەردەیە، هەنگاو بنێت بۆ ئاوڕدانەوە لە حاڵەتی شەرمکردن و دانانی ڕێگەچارەی گونجاوی درووستی پەروەردەییانەی هاوچەرخ، تامنداڵەکانی ئەم کۆمەڵگەیە و نەوەکانی داهاتوو، لەجیاتی شەرم، توانای دەربڕین و ڕووبەڕووبوونەوە و لەجیاتی ترس ئازایەتی و لەجیاتی شەڕ، تۆوی ئاشتی لەناخیاندا بچێنین و گوڵی جوانی کامەرانی لە داهاتوودا ببینین.
ئەوەی گرنگە بۆ هەنگاونانی چارەسەرکردنی شەرمکردن، پێویستە لە سەرەتاوە لەمنداڵیدا کاریان لەسەر بکەین، چونکە تەمەنی منداڵی ئەو تەمەنەیە مرۆڤ شەرم لە شکست ناکات، هەمیشە درێژە بەویستاکانی دەداتەوە و بەردەوام دەبێت.
ئەوەتا (مالکۆم ئێکس سیاسەتمەدار 1925 - 1965) دەڵێت: (دەبێت لە منداڵان فێربین شەرم لە شکست نەکەین و هەستین و یاریەکە دووبارە بکەینەوە). [1]