ڕام وایە ئینسان لەگەڵ نەفسی خۆیدا لە ئاشتیدابێت ژیانی دەرەوە بۆ ئەم بە هەموو بەرزی و نزمییەکانییەوە، لە خراپترین حاڵەتدا تەنیا دەتوانێت کاریگەرییەکی لاوەکی بەسەر ئارامی و بەسەر لایەنی دەروونی ئەمەوە جێبهێڵێت.
زۆر کات ڕێگاکانی ڕێچکەی ژیانمان و ژیانی ڕۆژانەمان زۆر سادەن چارەسەرەکان زۆر ئاسانن، بەڵام ئێمە لەخۆوە بەبێ هیچ هۆکارێکی بەسوود بیر لە ڕێگای ئاڵۆزتر و دژوارتردا دەگەڕێین و حەز بە چارەسەری ناسادە دەکەین، دەمانەوێت شتێک بکەین کە هەر بە زۆر لە ڕێگە سادەکە دوورمان بخاتەوە.
فەیلەسوفی گەورەی ڕۆژهەڵات کە چەندین سەدە هەتا ئێستاش بیروڕاکانی زۆرزۆر ڕێزلێگیراوە لەلایەن دانیشتووانی کۆریا و چینەوە کۆنفۆشیۆس دەڵێت: ڕێگەی چوونە دەرەوە لە خانووەکە دەرگاکەیە، نازانم خەڵکی بۆچی لەم ڕاستییە تێناگەن؟.
دیوێکی وەڵامی ئەم پرسیارەی کۆنفۆشیۆس دەکرێت بەوە لێکی بدەینەوە و بڵێین هەمووان دانایی ئەوەیان نییە کە ڕێگا سادە و ئاسانەکان هەڵبژێرن و خۆیان تووشی سەرئێشەی بێسوود نەکەن، چونکە هەر بەڕاست بینین و تێڕوانینی مرۆڤ زۆر بە ئاسانی دەشێوێنرێت بە تایبەتیش لە جیهانی سەردەم و تەکنەلۆژیادا کە تا دێت شتەکان ئاڵۆزتر دەبن.
بەڵام دیوێکی تری ئەوەیە کە مرۆڤ هەر بەڕاست حەزی لە ئارامی نییە و هەندێ کات وەک دۆستۆیێڤسکی دەڵێت: هەندێ کات هەر بەڕاست مرۆڤ زۆرزۆر حەزی لە ئەوەی بچەوسێتەوە.
ئەشکرێت هیی ئەوە بێت مرۆڤ بە دزیەوە ڕقی لە مرۆڤبوونبێت و نەیەوێت بەجوانی سەیری خۆی بکات. گۆتە لە ڕۆمانی غەمەکانی وێرسەری گەنجدا دەڵێت: مرۆڤەکان بوونەوەرێکی سەیرن، هەموو ژیانیان بەکارکردن بەسەردەبەن لەپێناو ئەوەی بژین، ئەو کاتە کەمەی کە دواتر بۆیان دەمێنێتەوە هەر خێرا و بەپەلە ترسیان بەرانبەری بۆ درووستەبێت و هەوڵدەدەن لەناوی ببەن. ئێمە هەندێ کات پێمان خۆش نییە بەئارامی لەگەڵ خۆماندا دابنیشین، چون هەموو شتێکمان لا باشترە لەوەی کە بیر لەخۆمان بکەینەوە.
مرۆڤ کائینێکی گوناحە، خاوەنی کۆمەڵێک دژ بەیەکی زۆرزۆرە لەناو خۆیدا.
هەندێ کات هۆکاری سەرەکی نەهامەتی مرۆڤ ئەوەیە کە مرۆڤە ئەگین هەر ئاژەڵێکی تر بووایە بێ کێشە دەبوو.[1]