ناو: عەبدوڵڵا
نازناو: میرانی ئاغا واحيد بەگى هیرانی
ناوی باوک: واحید
ساڵی لەدایکبوون: 1920
ڕۆژی کۆچی دوایی: #16-05-1999#
شوێنی لەدایکبوون: #هیران#
شوێنی کۆچی دوایی: هیران
$ژیاننامە$
ناوی تەواوی عەبدوڵڵا بەگ، کوڕی واحید بەگ، کوڕی عەبدوڵڵا بەگ، کوڕی ئیسماعیل بەگ، کوڕی حەمەد بەگ، کوڕی خدر بەگ، کوڕی میرمەحمەل، کوڕی میر ئەمبێزخانە.
ساڵی (1920ز.) لە شارەدێی هیران له دایکبووە، لە حوجرەی مزگەوتی گەورەی هیران لەلایەن چەند مامۆستایەکی بەتوانا و کارامەی ئەوکات، دەستی بەخوێندن کردووه. ڕۆڵ و کاریگەرییەکی زۆری هەبووە لە بە شارەدێ کردنی هیران، لە کۆتایی ساڵانی حەفتاکانيشدا، ڕۆڵێکی بەرچاو و گرنگی هەبووه لە ئاوەدانکردنەوه و نۆژەنکردنەوەی هیران و بنیاتنانی خانوو بۆ بەڕێوەبەری شارەدێکە و درووستکردنی چەندین خانوو بۆ کارمەندانی شارەدێ و قیرتاوکردنی چەندین شەقام و جادەی ئەم شارەدێیە، درووستکردنی چەند پردێک لەناو هیران و ڕێگای نێوان هیران و#شەقڵاوە#دا، بەتایبەت درووستکردنی شەقامێک لە ناوجەرگەی هیران کە جوانترین شەقامی گەشتیاری هیرانە.
(ئاغا واحيد بەگ) وەک خودان پێگەیەکی کۆمەڵایەتی بەهێز و کارامه، ڕۆڵێکی گەورەى هەبووە لە ئاشتەوایی و هەڵدانی چەتری تەبایی و خۆشگوزەرانیی خەڵکی ناوچەکه، زۆربەی کات ئەرکی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتيی و خەرجی چارەسەرکردنی هەرکێشە و ئاریشەک هەبوایه دەیخستە سەر ئەستۆی خۆی، قۆناغ و دیوانەکەی هەمووکات شکۆی خزمەتکردنی دۆست و خزم و خەڵکی ناوچەکه و هەژاران و لێقەوماوانی پێبڕاوە.
$نیشتمانپەروەریی$
هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئەیلوولەوه، کاتێک #مەلا مستەفا بارزانی# ڕوو دەکاته ناوچەی خۆشناوەتی بەگشتی و بەتایبەت شارەدێی هیران ئەم ناوچەیه دەکاته بنکەی سەرەکی خۆی بۆ هەڵگیرساندنی #شۆڕشی ئەیلوول#.
لە ساڵی (1964) بەدواوه، تاکوو ساڵی (1975) بارەگای لقی دووی #پارتی دیموکراتی کوردستان# و هێزی سەفینی تێدا بووه، کەسایەتی ناوبراو (میرانی ئاغا واحید بەگ) پێشوازییەکی گەرموگوڕ لە مەلا مستەفای بارزانی دەکات و ئامادەیی خۆی بۆ دەردەبڕێت بەهەموو شێوەیەک. دیوان و دیوەخانه بەخشنده و دڵگیرەکەی دەبەخشێته شۆڕش و دەبێته بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، که بەسەرجۆگەی (ئاغا واحید بەگ) ناسراوه، ئەم دیوانه دەبێته مەکۆ و هەوێنی شۆڕشی ئەیلوول و خاوەن داستانگەلێکی پڕ له سەروەریی و دلێری پێشمەرگەکان. وەک (شێخ ئیسماعیل کوڕی مەلا عەزیزی کوڕی سافی هیرانی) که بۆ ماوەیەکی زۆر بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئەوکات دەبێت، لە دیمانەیەکی دۆکیۆمێنتاری تەلەفیزیۆنی زاگرۆس لە سازدانی، سەفەر کەریم هاواری، ئاماژه بەمە دەکات و دەڵێت: ئەم شوێنه ماڵی ئاغا واحید بەگه، بارەگای لقی دوو بۆ ماوەیەکی زۆر لێرەبوو، لێرەدا شوێنێکمان هەبوو به تانۆک ڕێکخرابوو بۆ کۆبوونەوه، ئەگەر قەرەباڵغییەک هەبووایه، یان کارێکی تایبەتییمان هەبووایه کۆدەبووینەوه و ئەوەی پێویست بوو ئەنجاممان دەدا...
جگه لەمەش دۆستایەتییەکی نزیک و باشی لەگەڵ سەرکردە (ئیدریس بارزانی) دا هەبووە، لە دوای #شۆڕشی گوڵان#ەوه، کاتێک خەڵکانێکی زۆری باشووری کوردستان ئاوارەی ئێران دەبن (ئاغا واحید بەگ) خۆی و خانەوادەکەی لە #قەسری شیرین# لە #سەر پێلی زەهاو# نیشتەجێ دەبن، لەم شوێنەدا بۆ چەندین جار سەرکردە (ئیدریس بارزانی) کەسایەتی ناوبراو سەردانی یەکتری دەکەن، کاک ئیدریس بارزانی ئامادەیی خۆی بۆ دەردەبڕێت بۆ قۆناغ و دیوانەکەی، چونکه خاوەن کەسایەتییەکی هێندە جوان و لەخۆبورد و و میهرەبان بووە، تەنانەت لەم شوێنەشدا لەم بارودۆخه ناهەمووار و سەختەشدا دەرگای دیوانەکەی واڵا دەکات و دەست لەسەر سینگ دەبێت بۆ خزمەتکردنی خەڵکانی ئاواره و لێقەوماو و هەژارانی ئەوکات، بۆیه سەرکردە (ئیدریس بارزانی) پێی دەڵێت: (مام ئاغا) ئێمە دەمێکه ناو و ناوبانگی کەسایەتی تۆمان بیستووە، کە هەمیشه لەخزمەتی خەڵک و شۆڕش و پێشمەرگەدا بوویت، منیش ئامادەم بەهەموو شێوەیەک هاوکاریت بکەم و هیوای بەردەوامیت بۆ دەخوازم. هونەرمەندی ناسراو و دیاری بواری نواندن و شانۆ کاک (بەکر مەعروف) لە دیمانەیەکدا ئاماژە بە دوو هەڵوێستی زۆر کوردپەروەرانەی ئەم میرخاسە دەکات و دەڵێت: دوو لە جوانترین هەڵوێستە کوردپەروەرانەی ئەم کەڵەپیاوە جوامێر و بەخشندە و کوردپەروەر و نیشتمانپەروەرە کە هەرگیز لەبیرییان ناکەم و پێویستە بە زێڕکفت لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا بنووسرێتەوە، کە ئەمانەن:
لە ساڵی (1981) دا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکدا بەسەردانێکی تایبەت و کارێکی پێویست چووین بۆ لای میرانی ئاغا واحید بەگ و پێشوازییەکی گەرموگوڕی لەڕادەبەدەری کردین، داوامان لێیکرد فریای (نازم گەردی) بکەوێت و ڕزگاری بکات و بینێرێت بۆ شاخ و دووریبخاتەوە لە شار، کە لە یەکێک لە سەربازگەکانی ڕژێمی دکتاتۆری سەددام حسێندا سەرباز بوو، بە نهێنی هاوکاری و یارمەتیی بێسنووری پێشمەرگەکانی ڕێکخستنی نهێنی ناوشاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دەکرد و (تەسریح) ی دەکردن، لە فەرمانی گرتن و بەسەربازکردندا کە خۆشی یەکێک بوو لەوان، بەڵام لەلایەن ڕژێمەوە ئاشکرا بووە و وا پێویست دەکات بەزووترین کات دەربازبکرێت، چونکە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە. ئەمیش بەوپەڕی خۆشحاڵیی و بوێری و دڵسۆزی و کوردپەروەرانەوە، ئەم کارەی ئەنجامدا و دەربازی کرد و ناردی بۆ شاخ، دووریخستەوە لە هەموو مەترسییەک.
هەروەها هەر لە هەمان ساڵدا هونەرمەندی خوالێخۆشبوو (ئەسعەد عومەر) کە بە یەکەوە کاری هونەری و شانۆییمان دەکرد، خەڵکی شاری #کەرکووک# بوو، بەڵام لە شاری هەولێر دەژیا، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە سەر بەڕێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانەوە بوو، دوای ئەوەی لەسەر کاری سیاسی دەستگیردەکرێت و بۆ ماوەی دووساڵ لە زیندانی ئەبوغرێب بەند دەکرێت، لێخۆشبوونی گشتی ئەوساکەی ڕژێمی بەعس دەیگرێتەوە و ئازاد بوو، بەڵام هەمیشە دەکەوتە ژێر چاودێریی و هەڕەشەی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی بەعس و بەڕێگای جیاجیا کێشه و سەرئێشەیان بۆ درووست دەکرد و ئازار و ئەشکەنجەیان دەدا. ئێمەش ناچاربووین جارێکی دیکە پەنا ببەینە بەر ئەم میرانە لەخۆبوردە و سینەفراوان و پێشمەرگەدۆست و گەورەیە، جەنابیان بەشانازییەوە ئەمیشی ناردە شاخ و پاراستی لە هەموو مەترسییەک.
کاک سمکۆی تاھیر ئاغای دزەیی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: لە ساڵی (1982) ئەوکات سەرتیپی (90)ی کۆیەی یەکێتیی نیشتمانیی بووم، لە کاتی پێشمەرگایەتی کە دەچوینە هیران لە ماڵی ئەو نانی ئێوارەمان دەخوارد یان چایەکمان دەخواردەوە و دوایی دەڕۆیشتین. بەڵام ئاغای واحید بەگ پیاوێکی زۆر قسەخۆش و ئاوەدان و خانەدان بوو کەسێکی کوردپەروەر و نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەدۆست بوو. به بەردەوام دیوانەکەی دەرگا واڵا بووە بۆ نانپێدان و بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی هەموو هێزەکانی پێشمەرگه بەبێ جیاوازیکردن لەنێوان هێز و لایەنه سیاسییەکاندا لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکانیش چەندین ئەندامی هێز و لایەنە سیاسییەکانى بەبێ جیاوازی لەژێر چنگی هێزە ئەمنییەکانی ڕژێمی سەددام حوسین دەربازکردووە ناردوونی بۆ شاخ. سەرباری ئەمانەیش هەمیشە هۆکاری سەرەکی سەرنەکەوتنی بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی کورد بۆ یەکنەگرتوویی و ناتەبایی ناوخۆی گەلی کوردی دەگەڕاندەوە.
$ئەدەبدۆستیی:$
شايانى باسکردنە ناوبراو ئەدەبدۆستێکی شەیدا بووە، زمانی فارسی بەباشی زانیوە، بە بەردەوامی دیوانی سافی هیرانی دەخوێندەوه و زۆربەی غەزەل و هۆنراوەەکانیشی ئەزبەربوون، بەتایبەتیی زۆر شەیدای ئەدەبیاتی کلاسیکیی فارسی، زۆربەی کات خەریکی خوێندنەوەی دیوانی هەردوو گەورە شاعیری فارس (حافزی شیرازی و سەعدی شیرازی) بووە . خۆشی تا ئەندازەیەک دەستی نووسینی هۆنراوەی هەبووە، خاوەن خورپه و هەستەگەلێکی جوان و ناوازە بووە .
(ئاغا واحيد بەگ) ڕێکەوتی (16-05-1999) کاتژمێر دوازدەی شەو بەهۆی نەخۆشييەوە کۆچی دوایی کردووە، لە زێدگای باوک و باپیرانی هەر لە شارەدێی هیران بەخاک سپێررا .
ئەمەی خوارەوەش یەکێکە له نموونەی هۆنراوەە جوانەکانی:
دەبا بمرین لە بۆ خۆمان له داخی حیزە دنیایێ
کە چەند کەس بوون بە تاجیر و ئێمەش ماوین له سەحرایێ
ئەوەل گەنجین ئەوا ڕۆیی به پیريش تازە بۆن نایێ
لە دەستن چوو دین و دنیا بە غەوسی مار لە بەغدایێ
گەلێ ماندی و مشەقەت بووین لە فرتوفێری دنیایێ
ئەوا ئیمڕۆ کە زانیمان لەو ئیشانە چ دەرنایێ
زەمان ئیمڕۆ لەگەڵ پێشوو وەکوو جاران بە کارنایێ
ئەگەر نەتبێ پارەوپول ئەسڵ و نەسەب به کەڵک نایێ
مەڵێ خزم و کەسم زۆرە بەقیمەت یەک فلس نایێ
ئەگەر هەتبێ خزم زۆرە ئەگەر نەتبێ بۆ لات نایێ
فکر لێکە لەهەر لایێ یەکێ پیاو بوو چی بۆ نایێ
لە نامەردیش چ دەرنایێ دیناری بێ وەکوو کایێ
بڕۆ (ئاغا) بۆ خۆت دانیش تەماشاکە له مەودوایێ
لە عەسری ئەو زەمانەیدا پیاوی موفلیس به کەڵک نایێ
$سەرچاوه:$
1- ثامر عبدالحسن العامري، موسوعة العشائر العراقية، المجلد7، طبع 2، 2009.
2- نعمان ماهر الکنعاني، ضوء على شمال العراق، طبع 2، 1965.
3- بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، مەسعود بارزانی، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم (19611975) شۆڕشی ئەیلوول .
4- مەلا خالید فریزی، چەند زانیاریەک دەربارەی ناوچەی خۆشناوەتی، 2006، ھه ولێر.
5- ئەیار ئەلباشا، گۆڤاری خازر (ڕۆڵ و پێگەی شارەدێی هیران له خەباتی شاخدا) ئامادەکردنی، ژماره، 195.
6- ئەیار ئەلباشا، گۆڤاری خازر (کەسایەتی دیاری دەڤەری خۆشناوەتی ئاغا واحید بەگ هیرانی) ژمارە 200، تەمموزی2022 .
7 -دیمانەیەکی دۆکیۆمێنتاری تەلەفیزیۆنی زاگرۆس لە شارەدێی هیران، لەگەڵ خوالێخۆشبووبەڕێز (مەلا ئیسماعیل کوڕی مەلا عەزیز سافی هیرانی) ، لەلایەن ئامادەکارو پێشکەشکار (سەفەر کەریم هاواری) لە ڕێکەوتی، (15-10-2014) .
8- چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ( سمکۆ تاھیر ئاغا دزەیی) ، ئەندام پەڕڵەمانی خانەنشینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئامادەکار، داریان خۆشناو، لە ڕێکەوتی 17-8-2021 .
9- کۆسرەت خۆشناو، گۆڤاری سلێمانی (شارەدێی هیران و میرانی ئاغا واحید بەگ) ، ژمارە، 206، مانگی 7و8ی 2022 .
10- سەنگەر شێخ مەموندی، گۆڤاری کەکۆن (تاجەکەی دەڤەری خۆشناوەتی میران ئاغا واحید بەگ) ، ژمارە، 72، کانونی یەکەم، 2022 .
11- سەنگەر شێخ مەموندی، گۆڤاری شارباژێڕ (هیران... شارەدێی جوانی وگەشتیاری) ، ژمارە، 23، وەرزی بەهاری 2023 .
12- کۆسرەت خۆشناو، گۆڤاری دیوان (شاباڵەکەی بەخشندەیی ئاغا واحید بەگ هیرانی) ، ژمارە، 16، ئەیلوولی 2022 . [1]