ناونیشان: کورتەیەک دەربارەی پەیوەندی نێوان مێشک و بینین
نووسەر: #ژینۆ مەحمود حەسیب#
ڕۆژی دەرچوون: #17-12-2022#
ئایا بینین تەنیا چاوێکی تەندرووستی دەوێت؟
زۆر بەسانایی، کرداری بینین پەیوەستە بە هەموو جەستە وە نەوەک تەنیا چاوەکانمان، تەنانەت جوڵەش بۆ بینینێکی درووست و تەواو پێویستە، لە ساڵی 1963 هەردوو لێکۆڵەر ڕیچارد هێڵد و ئالان هێین دوو بێچووە پشیلەیان خستە ناو لوولەکێک کە هەردووکیان هەمان شتیان دەبینی بەڵام یەکێک لە بێچوەکان لەناو گۆندۆڵ بوو و دەیجوڵاند ئەوی تریان خۆی دەجووڵا، دەرئەنجامە سەرسوڕهێنەرەکە ئەوەبوو تەنیا ئەو بێچوەیان کە جەستەی خۆی بۆ جووڵە بەکاردەهێنا بینینێکی ئاسایی هەبوو و بەشی بەرپرسی بینین لە مێشکیدا بەتەواوی پێگەیشتبوو. کاتێک منداڵێک هەرشتێک دەبینێت دەیەوێت دەستی لێ بدات، ئەوە تەنیا دەستلێدانێکی ئاسایی نییە و ڕاهێنانی کرداری بینینیشه، بینین پێویستی بە هەموو جەستەیە.
ناونیشان: کورتەیەک دەربارەی پەیوەندی نێوان مێشک و بینین
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوە باسی مایک مای دەکەین: مایک بەهۆی تەقینەوەی کیمیاییەوە زیان بە کۆڕنیای چاوی گەیشت و لە تەمەنی سێ ساڵ و نیوی بینایی لەدەست دا، دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ لە کوێربوون نەشتەرگەرییەکی بۆ کرا کە زیانە فیزیاییەکانی کۆڕنیایان چاک کردەوە و دوای ئەوە پێشبینی دەکرا بینایی بۆ بگەڕێتەوە، نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بوو و چاوەکانی مایک دەیانتوانی شتەکانی دەورووبەری ببینێت بەڵام بەبێ ئەوەی لێیان تێبگات! واتا ئەگەر پەرداخێکی ببینیبا نەیدەزانی ئەوە پەرداخە مەگەر دەستی لێ دابا یاخود گوێی لە دەنگی کەوتنی پەرداخەکە بووبا، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە پەنجا ساڵ کوێری ناوچەی بەرپرسی بینینی لە مێشکی مایکدا جێگەگرتبوەوە بە ببیستن و دەستلێدان و هەستەکانی تر.
جەستە تێکڕا پێکەوە کاردەکات لە کاتێکدا لێکدانەوەی هەر هاندەرێکی هەستی لە مێشکدا پێویستی بە کاتێکی جیاواز هەیە، بۆ نموونە ئەو تەزووە کارەبایانەی بەهۆی بینین درووست دەبێت بە لێکدانەوەیەکی ئاڵۆزتردا دەڕوات و کاتێکی زیاتری پێویستە لەو تەزووە کارەبایەی کە بیستن درووستی دەکات، بەڵام گەر دەستت لە پێش خۆت ڕابگریت و چەپڵە لێبدەیت، بینینی چەپڵەکە و بیستنیشی لە هەمان کاتدا ڕوودەدات، ئەمەش چونکە مێشک هەموو زانیارییەکان لە هەموو هەستەکانەوە وەردەگرێت و لێکدانەوەی بۆ دەکات ئینجا وێنەی کۆتایی ڕووداوەکەت نیشان دەدات، بەو واتایەی جیاوازی نێوان کاتی پێویست بۆ لێکدانەوەی هەستەکان دەشارێتەوە و ئەوەی ئێستا پێت نیشان دەدات کەمێک پێش ئێستا ڕوویداوه، ئاگاهیمان بۆ دوونیای فیزیایی واقع پاشکەوتووە!
لە هەمووشی سەرەنجڕاکێشتر ئەوەیە تەنانەت ئەگەر هیچ هاندەرێکی هەستی بینین، بیستن یاخود هەر هەستێکی تر نەبێت هێشتا دەتوانین شتگەلێک ببینین و ببیستین! کە ئەمەش زیاتر لەو کەسانەدا ڕوو دەدات کە لە زیندانی تاکەکەسی تاریک و تەواو بێدەنگدان، چونکە ئەوەی دەیبینین یاخوود دەیبیستین تەنیا بەرهەمی ژینگەی دەورووبەر نییە، بەڵکوو خودی مێشکیش بەشدارە لەمەدا، کاتێک بە تەواوی هەموو هاندەرێکی هەستی لێ دەپچڕێنرێت خۆی دەست دەکات بە درووستکردنی، بۆیە هیچ سەیر نییە کە زیندانییەکی تاکەکەسی بڵێت “تەلەڤزیۆن لە زیندانەکەمدا هەبوو، دەنگی دایکم هات وقسەم لەگەڵ کرد….هتد”
بگرە تەنانەت کاتێکیش کە هاندەری هەستی هەبێت پڕۆسەکە هەر ئەوەندە نییە کە بە خەیاڵتدا دێت، مێشک پێش ئەوەی کە هەر هاندەرێکی هەستی وەربگرێت لە دونیای دەورووبەریدا خۆی پێشبینی دەکات، شتێک درووست دەکات و بە واقعی دادەنێت کە بەمە دەوترێت مۆدێلی ناوەکی و ئەرکی (thalamus) . بۆ نموونە کاتێک بە شەقامێکدا دەڕۆیت لە کۆتایی شەقامەکەدا پێشبینی هەبوونی تڕافیکێک دەکەیت، ئەمە مۆدێلی ناوەکی مێشکت درووستی کردووە، ئەگەر گەیشتیت و ترافیکەکەت بینی ئەوا چەند تەزووە کارەباییەکی کەم لە سالەمەسەوە دەچێتەوە بۆ ناوچەی بەرپرسی بینین لە مێشکدا کە ئەو شتانەیە لە پێشبینییەکەدا نەبوو. بۆ نموونە تڕافیکێکی لێیە کە ئێستا سوورە و ئۆتۆمبێلەکان وەستاون، چونکە مۆدێلی ناوەکی سەرکەوتوبوو لە هەڵهێنانی دونیای واقع، بەڵام ئەگەر پێچەوانەی پێشبینی مۆدێلە ناوەکییەکەی مێشک بوو ئەوا تەزووە کارەباییەکان زۆرتر دەبن، بە واتایەکی تر پێش ئەوەی هەر شتێک ببینیت و ببیستیت مێشکت بڕیاری داوە چییە، ئەوەی هەیە بەراوردکردنی پێشبینی و ئەوەی تر وەریدەگریتە.
هەر بۆیە هەموو هاندەرێکی هەستی لە زیندانییەکی تاکەکەسی دەپچڕێندرێت ئەوەی دەمێنێتەوە تەنیا مۆدێلە ناوەکییەکەیە و بەراوردکارییەکە نامێنێت، زیندانییەکە بەپێی ئەوەی مۆدێلە ناوەکییەکەی پێی دەڵێت دەبینێت و دەبیستێت!
جێگای ئاماژەیە کە ئەزموون بەرپرسە لە درووستکردنی ئەو مۆدێلە ناوەکییە، کاتێک لە کۆتایی چەند شەقامێکدا تڕافیک دەبینیت ئیدی ئەو مۆدێلە ناوەکییە پێشبینی هەبوونی تڕافیک دەکات لەم شەقامەشیان. گەر باسەکە گەورەتر بکەین: زۆر جار بەر گوێمان دەکەوێت کە کەسێک لە هەموو شتێکدا گومانی خراپ دەکات، کە وەڵامی تەلەفوونی هاوسەرت نادەیتەوە گومانی خراپی خیانەت دەکات پێش ئەوەی بە مێشکیدا بێت دەکرێت سەرقاڵ بیت، ئەمەش وەکوو وتمان دەکرێت لەبەرئەوە بێت کە ئەزموون یاخوود لە کەسانی تری بینیوە ئەم وەڵامنەدانەوەیە خیانەتی بەدوادا هاتووە بۆیە ئێستا مۆدێلی ناوەکی دەڵێت کە هەمان شت ڕوو دەدات. [1]