ناونیشان: بۆچی دەبێ تەنیا پیاوان قسە لەسەر پرسەکان بکەن؟
نووسەر: #ڕوەیدە مستەفا#
ڕۆژی دەرچوون: #23-07-2023#
لەکاتێکدا کوردستان بەرەو هەڵبژاردنی داهاتوو هەنگاو دەنێت، پێویستە ژنان دەستپێشخەریی زیاتریان هەبێت بۆ ئەوەی گەرەنتی بەدەستهێنانی مافەکانیان بکەن. نابێ لە سیاسەتدا هێندە سەرەتایی بین کە هەموو گفتوگۆکانمان لەو چوارچێوەیەدا بن ئایا پارتی و یەکێتی ڕێک دەکەون یان نا؛ ئەو جۆرە گفتوگۆیەش لەنێو کۆمەڵگەدا زیاتر لەلایەن پیاوانەوە دەکرێت.
ئەوەی ڕاستی بێت، پارتی و یەکێتی ڕێکبکەون یان ڕێکنەکەون، دۆخی ژنان بەشێوەیەکی ئەوتۆ ناگۆڕدرێت. ئەو دوو پارتە پێکەوە کاروباری هەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن یان یان وەزیرەکانیان بکشێننەوە، ئەو دۆخە ناگۆڕێت کە کچان و ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە. کاریگەریی ڕێککەوتنی ئەو دوو پارتە ئەگەر هەشبێت، زۆر بچووک دەبێت. کاتێک سەیری تەلەڤیزیۆن دەکەین یان گوێ لە لێدوانی سیاسی دەگرین، دەبینین زۆربەی گفتوگۆکە لەلایەن پیاوانەوە دەکرێت. پرسیارەکە ئەوەیە؛ ژنان لە کوێی ئەم گفتوگۆیانەدان؟
لە دۆخی بەسیاسیی بارگاویکراوی کوردستاندا، مافی ژنان لەمێژە پەراوێزخراوە و کەوتووەتە نێو تاریکیی ئەجێندای پارتە سیاسییە سەرەکییەکانەوە. هەندێک جار نەهامەتیی ژنان تەنیا وەک ئامرازێک بۆ گەمەی سیاسی بەکاردەهێنرێت، لەجیاتی ئەوەی وەک کارێکی لەپێشینەی ڕاستەقینە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. گۆڕینی ئەمە، پێویستییەکی بەپەلەیە.
لەنێو خواستە سیاسییەکانی پارتە سەرەکییەکانی کوردستاندا مافی ژنان بەردەوام لە ڕیزی دواوەدا بووە. ڕووداوی تراژیدی، وەک تووندوتیژیی دژی ژنان، بەشێوەیەکی گاڵتەجاڕانە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجی سیاسی بەکارهێنراوە، لەکاتێکدا دۆزینەوەی چارەسەرە کاریگەرەکان بۆ ئەمانە هێشتا دوورە. قۆستنەوەی مافی ژنان بۆ بەرژەوەندیی سیاسی (لەلایەن پارتەکانەوە) وا دەخوازێت، پێداچوونەوەیەکی قووڵ بە چوارچێوەی سیاسیی ئێستا بکرێت بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانیی ژنان بکرێتە کارێکی لەپێشینە.
بەرەپێشچوونی ڕاستەقینە لە مافی ژناندا پێویستی بە پشتیووانیی نێوخۆیی هەموو پارتەکانە بەبێ گوێدانە ئەوەی ژنان زیاتر لایەنگر و دەنگدەری کام پارتن. بەداخەوە، بە زەقی دیارە کە هەوڵێکی یەکگرتووی لەم جۆرە لەنێوان پارتە سیاسییەکانی وەک #پارتی دیموکراتی کوردستان#، #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#، #بزووتنەوەی گۆڕان# و #یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان# و پارتەکانی دیکەدا نییە. پێچەوانەی هەرێمی کوردستان، وڵاتانی وەک بەریتانیا نموونەن بۆ پێشاندانی شێوازی کارکردنی پارتەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسە هاوبەشەکان و نەهێشتنی لایەنگری سیاسی لەپێناو بەرژەوەندیی گەورەتردا. ژنانی کوردستان شایستەی لەوە کەمتر نین کە لە بەریتانیا بۆیان دەکرێت. کاری پێکەوەیی زۆر گرنگە بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی ژنانی کوردستان و بەدەستهێنانی یەکسانیی ڕەگەزی.
زیادبوونی نیگەرانکەرانەی تووندوتیژیی دژی ژنان لە کوردستان گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار. ڕووداوی تۆقێنەر، لە مامەڵەی خراپی خێزانییەوە بگرە تاوەکوو دەگاتە هێرشکردنە سەریان لە شوێنە گشتییەکان، پیشانیدەدات کە زۆر گرنگە دەستبەجێ کارێک بکرێت بۆ پاراستنی ژنان لە هەر زیانپێگەیاندنێک. تەنیا سەرکۆنەکردن بەس نییە، بەڵکوو پێویستە ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگیرێتەبەر و سەرچاوەی پێویست دابین بکرێت بۆ ڕێگریکردن لە تووندوتیژی و دڵنیابوونەوە لە لێپێچینەوەی خێرای تاوانکاران. بەهێزکردنی ژنان بە دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی سەلامەت، یارمەتیی دارایی و تۆڕەکانی پشتیووانی بۆیان، وایان لێ دەکات بەهێزبن بۆ ئەوەی خۆیان لە ژینگەی خراپ بپارێزن.
دەبێت شەڕی تایبەت بە مافی ژن لە کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی زامنکردنی سەلامەتیدا نەبێت. ئەو شەڕە پێویستی بە ستراتیژییەکی گشتگیرە کە وەڵامی هەموو ئەو ئاستەنگە جیاوازانە بداتەوە کە ژنان ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبنەوە. بژاردەی چاودێریکردنی منداڵ بە دابینکردنی مووچەیەکی گونجاو دەتوانێت باری سەرشانی دایکانی کارکەر کەمبکاتەوە و ڕێگەیان پێبدات چالاکانە لە هێزی کاردا بەشدار بن. بە هەمان شێوە، پێزانینی ڕۆڵی بەنرخی ئەو دایکانەی لە ماڵ دەمێننەوە، هەروەها دابینکردنی مووچە بۆیان، پێویستییەکی بنەڕەتییە. هەبوونی هاندەر بۆ دایکانی کارکەر، وەک نەرمینواندن لە دیاریکردنی کاژێرەکانی کارکردنیاندا و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانی کارکردن، دەتوانێت جیاوازی نێوان ڕەگەزەکان لە شوێنی کار کەمبکاتەوە و سەرئەنجام کۆمەڵگەیەکی فرەلایەنگرتر پێکبهێنێت.
بۆ ئەوەی لە گەمە سیاسییەکاندا نەبنە بارمتە، پێویستە ژنان لە ڕیزی پێشەوەی پڕۆسەی سیاسیدا بن و هێزی خۆیان لە هەڵبژاردندا بەکاربهێنن تاوەکوو گۆڕانکاری درووست بکەن. گەشتی بەرەو یەکسانیی نێوان ڕەگەزەکان لە کوردستان پێویستی بە هەوڵی هەمەلایەنەی هێزە سیاسییەکان، سیاسەتمەداران و تەواوی کۆمەڵگەیە. ئەم ڕوانگەیە نەک هەر پێگەی ژن بەهێز دەکات، بەڵکوو ڕۆڵی لە درووستکردنی وڵاتێکی خۆشگوزەرانتر و گشتگیرتر دەبێت.
بەڵام لەوە گرنگتر، پێویستە ژنان دەستپێشخەرییان هەبێت و کێشەکانی پارتی و یەکێتی تێپەڕێنن. ژنان دەتوانن دۆخەکە لە بەرژەوەندیی خۆیاندا بقۆزنەوە لە ڕێگەی زامنکردنی مافە بنەڕەتییەکانیان و بەدیهێنانی گۆڕانکاری لە سیاسەتدا، وەک دانانی کۆتا بۆ پۆستە وەزارییەکان یانیش دەنگدانی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا لەسەر بنەمای سیاسەتەکان (ی پارت و بەربژێرەکان) نەک کەسایەتی. [1]