ناونیشانی بابەت: پاداشتکردن لە کاتی خۆیدا
ئامادەکردن و نووسین: #لەیلا بەرزنجی#
پاداشت و سزا پێویست و زەروورەتێکە دەبێت بەکار بهێنرێ لە هەر تەمەنێکدا بێت بە گوێرەی بکەرەکە و کارەکەی کە دەیکات دەگۆڕرێ.
لێرەدا باس لە پاداشکردن منداڵ دەکەین لەناو خێزاندا، کە چۆن جێبەجێ بکرێ و هەوڵی لەگەڵ بدرێ؛ لە چ کاتێک پێویستە منداڵ پاداشت بکرێ و لەبەر چ کارێ کە کردوویەتی؛ ئایا هەموو کارێکی منداڵ دەبێت پاداشت بکرێت، یاخود نا؟
منداڵ لەبەرانبەر ئەو ئەرکەی دەبێ بیکات لە ژیانی ڕۆژانەیدا، وەک کۆکردنەوەی ژووری تایبەتیی خۆی، ڕێکخستنی کەلوپەلەکانی، خەوتن و دانیشتن و گوێڕایەڵ بێ بۆ دایک و باوکی، دەبێت دەست خۆشی لێ بکرێ و هان بدرێ بە گفتوگۆی شیرین و بەرز بنرخێنرێ لەناو خێزاندا.
لێرەدا هیچ پێویست ناکات منداڵ پاداشت بکرێ چونکە دەبێتە هۆی ئەوەی بەردەوام چاوەڕێی پاداشت بکات بۆ تەواوی ئەو ئەرکانەی کە لەسەر شانییەتی و بەردەوام ناڕازی دەبێت لە چواردەوری و ئەگەرهاتوو پاداشتیان نەکرد یاخود بە گوێرەی ویست و داواکاریەکانی نەبوو، لە هەمان کاتیشدا کارەکەی بە جۆرێکی تر و بە دیوێکی تردا دەڕوات کە هەمیشە چاوەڕێی پاداشت دەبێت، ئەگەرنا ئەرکەکەی جێبەجێ ناکات و ئەگەر بیشیکات وەک پێویست نابێت.
نووسەر د. کەریم شەریف دەڵێت: (منداڵ کە پۆشاک و جلوبەرگەکانی خۆی لەبەر کرد یاخود نانی خوارد یاخود ئەرک و چالاکی قوتابخانەی ئەنجام دا، نابێ پاداشت بکرێ، چونکە منداڵانی هاوتەمەنیش ئەو ئەرکە جێبەجێ دەکەن و خۆشەویستی خێزان و بەختەوەری بە ئەرک و مافەوە بەندە، نەک بەرتیل و پارە و دیاری و دەمچەورکردن، لە لایەکی تریشەوە ئەوە کوڕ و کچی ئەو دایک و باوکەیە و کرێکار نین تا لە دوای هەرکارێک ڕۆژانەیان بدرێتێ و، ئەگەر پارە وەرنەگرن ئەوە هیچ کارێک نەکەن).
منداڵ دەبێت ڕۆژانە ئەرکێکی پێ بسپێردری هەتا توانای بەرپرسیارییەتی بۆ درووست ببێت و هەست بە بوون و پێگەی خۆی بکات لەناو خێزاندا، چونکە ئەم ئەرکە وا دەکات بەخۆداپەرمیان و باوەڕبەخۆبوون لە منداڵدا چەکەرە بکات بۆ نموونە: ئەرکی کوژاندنەوەی گڵۆپی زیادەی ماڵەوەی پێ بسپێرە ئەگەر تەمەنی گەیشتووەتە 5 تا 7 ساڵان؛ بە ئەندازیاری کارەبا ناوی بهێنە؛ ئەمە وا دەکات منداڵەکە شایانی ئەو ناوە بێت، بەردەوام بە دوای ئەرکەکەی دەبێت کەمتەرخەمی ناکات چونکە نایەوێت ناوەکەی لێ بستێنرێتەوە؛ لە هەمان کاتدا، باس لە سوودەکانی بەفیڕۆنەدانی کارەبای بۆ بکرێ لەگەڵ زیانەکانی بەفیڕۆدانی، تا کارەکەی خۆی لا گەورە بێت و بەمەش خۆی لا گەورە دەبێت؛ لەبەرانبەریشدا دەست خۆشی لە منداڵ بکە بۆ هەرکارێکی باش کە دەیەوێ بیکات.
منداڵ دەبێت ڕابهێنرێ لەسەر ئەوەی چ کاتێک پاداشت دەکرێ، کاتێ کارێک دەکات کە بۆ ئەو نییە و لە هەستکردن بە بەرپرسیارییەتی ئەو کارە دەدکات کە هی تەمەنی ئەو نییە بەڵام باوەڕ و متمانەی بە کەسایەتی و تواناکانی خۆیەتی و کۆڵ نادات هەتا سەر دەکەوێت لەو کارەدا؛ لێرەدا پێویستە لە کات و شوێنی تایبەتیی خۆیدا پاداشت بەکار بێت، بەقەدەر کارەکەی بێت، نابێت لە کارەکەی زیاتر بێت، چونکە منداڵ وای لێ دێت بەردەوام لە چاوەڕوانیدا دەبێت، بە پاداشتی کەم ڕازی نابێت، بەردەوام خەڵات و پاداشتی گەورەی دەوێت.
تێبینی: بۆ نووسینی ئەم بابەتە سوودم لە پەڕتووکی سایکۆلۆژیا و پەروەردەی منداڵ (د. #کەریم شەریف قەرەچەتانی#) وەرگرتووە. [1]