ناونیشانی بابەت: ئایا ئەمەریکا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێدەهێڵێت؟
ئامادەکردن و نووسین: #بارام سوبحی#
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە پێشبینی دەکات، توانای بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریکا لەسعودییە زیاتر بێت، بەبڕوای چەند توێژەرێکیش دوای ئەوەی ئەمەریکا پێویستی بەنەوتی ناوچەکە نابێت، بوونی سیاسی و سەربازی بەرچاوی لەخۆرهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست زۆر کەم دەبێتەوە.
پەڕتووکی نەوت و گازی شیلی ئەمەریکاو ئاکامە جیۆپۆلۆتیکەکانی، لە نووسینی بەهزاد ئەحمەدی لفورکی و مەسعود درەخشانە، ئەرسەلان حەسەن کردویەتی بەکوردی و دەزگای ئایدیا لەدوتوێی سەد لاپەڕەدا چاپ و بڵاویکردۆتەوە. ناوەرۆکی پەڕتووکەکەش بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە تەرخانکراوە: گازو نەوتی شیل چییە؟ گیروگرفتەکانی ئەمریکا بۆ دەرهێنانیان چییە؟ ئاکامە ئابووری و جیۆپۆلەتیکەکانی چین و چ کاریگەرییەکی لەسەر ئێران و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆپیک دەبێت؟
نووسەرانی پەڕتووکەکە هۆکاری هەڵبژاردنی ئەم بابەتە دەگێڕێنەوە بۆ ئەوەی لەئێستادا باسی گازی شیل (Shale Gas) و نەوتی کەڵەکەبو، یان نەوتی شیل لەو بابەتانەیە کە شێوازی گەمەی وزەی لەدنیادا گۆڕیوە، چونکە بەپێی ئاماری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، پێشبینی دەکرێت توانای بەرهەمهێنانی نەوتی ئەمەریکا لەسعودییە زیاتر بێت.
گازی شیل چییە؟
لەپێناسەی گازی شیلدا دەڵێن: گازێکی پەنگخواردووە لەناو بەردە نیشتوەکانی چاڵە کۆنەکاندا، دەرهێنانی لەڕێگەی تەکنەلۆژیایەکی ناسراو بە (شکاندنی هایدڕۆڵیک) دەبێت، بریتییە لەتێکەڵکردنی ئاوێکی زۆری پڕ لەمادەی کیمیایی لەناو پێکهاتەکانی گازی چاڵە کۆنەکان بەگوشارکردن لەسەرەوە. بەوتەی ڕەخنەگرانی ژینگە و جیۆفیزیک، ئەو کارە مەترسی ئالودەبوونی ئاوەکانی ژێرزەوی و سەرهەڵدانی بومەلەرزەی دەبێت.
لەئێستادا ئەمەریکا گەورەترین وڵاتی خاوەن پاشەکەوتی گازی شیلە لەدنیادا، چونکە بەتەنیا خاوەنی (32%) پاشەکەوتی جیهانییە. یەکەم یەکەی بەرهەمهێنانی گازی شیل لە ساڵی (1821) لەنیویۆرک خراوەتەگەڕ، بەڵام سوودوەرگرتنی بەرچاوو ئابووری لەو سەرچاوە گەورەیە، لە ساڵی (1990) بووە، لە ساڵی (2003) لەبارنێت شیل سنووری دو ملیار یەکەی چوارگۆشە لەڕۆژێکدا گازی شیل دەرهێنرا، ئەو ژمارەیە دوای ساڵی (2005) بەپێنج ملیار یەکەی چوارگۆشە لەڕۆژێکدا گەیشت.
بەگوێرەی مۆدیلی جیهانی گازی زانکۆی ڕایس، لە ساڵی (2009) بەرهەمهێنانی گازی شیلی ئەمەریکا (64) ملیار مەتر سێجا بووە، لە ساڵی (2030) دەگاتە سنووری (330) ملیار مەتر سێجا، بەو شێوەیە گەورەترین بەکارهێنەری وزەی جیهان دەتوانێت زۆربەی پێداویستییەکانی خۆی لەو ڕێگەیەوە دابین بکات.
گرفتی نەوت و گازی ئەمەریکا چییە؟
بەبۆچونی ئەو توێژەرانە، نەوتی خاوی بەرهەمهاتو لەپاشەکەوتی شیل ئۆیڵی ئەمەریکا، لەجۆری زۆر سوکە کە بۆ سیستمی پاڵاوتەییەکانی ئەمەریکا گونجاو نییە، پێویستە جۆری نەوتی ترش و قورسی بۆ زیاد بکرێت. بەمەش پێناچێت لەگەڵ بەرهەمهێنانی گازو نەوتی شیل، بازاڕی جۆرەکانی نەوتی خاو زەرەرمەندبێت.
توێژەرەکان ڕایدەگەیەنن وابەستەیی ئەمەریکا بەنەوتی هاوردە لەم ساڵانەی دواییدا بەخێرایی کەم بووەتەوە، ئەوەش زۆربوونی خێرای بەرهەمهێنانی ناوخۆو دابەزینی خەرجی ناوخۆ لەلایەکی دیکە. بەجۆرێک لە ساڵی (2012) ڕادەی بەرهەمهێنان (%30) لە ساڵی (2004) زیاتر بوە. داواکاری ناوخۆ لە (2005) بۆ ئێستا تا (17%) کەم بووەتەوە. ناوەندی هاوردەی نەوتی ئەمەریکا لە ساڵی (2013) گەیشتووە بە (8.7%) ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا، لەکاتێکدا لە ساڵی (2005) ئەو ڕێژەیە (60%) بو. تێکڕای بەرهەمهێنانی نەوتی شیل لە ساڵی (2010) لەڕۆژێکدا (370) هەزار بەرمیل بووە، بەڵام بەرهەمهێنانی تێکڕای نەوتی شیل لە ساڵی (2016) لەڕۆژێکدا (36.1) ملیۆن بەرمیل بوە. لە بواری گازیش گۆڕانەکە بەم جۆرە بوە: ڕادەی بەرهەمهێنان لە ساڵی (2005) هەژدە ترلیۆن یەکەی چوارگۆشە بو، لە ساڵی (2012) گەیشتە (24) تۆلیۆن یەکەی چوارگۆشە.
سەرۆکەکانی ئەمریکاو سەربەخۆیی وزە
بیرۆکەی گەیشتن بەسەربەخۆیی وزە لەئەمەریکا، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (1973) ، کاتێک ڕیچارد نیکسۆن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکا لەکاردانەوەی شۆکی نەوتی عەرەبەکان، پێشنیاری پڕۆژەی سەربەخۆیی خستەڕو، بۆ ئەوەی وڵاتەکەی لەکۆتایی حەفتاکاندا بگاتە قۆناغی سەرخۆیی وزە، بەڵام ئەو پێشنیارە لەکاتی بڕیاردراو نەهاتەدی، بۆیە سەرۆک کۆمارەکانی داهاتو هەموویان بەجۆرێک هەوڵیاندا تا ئەو ئارەزوە بخەمڵێنن.
جۆرج بۆشی کوڕ یاسای سیاسەتی وزەی لە ساڵی (2005) و پاشان یاسای سەربەخۆیی وزە و ئاساییشی لە ساڵی (2007) پێشنیاز کرد. ئەنجامی سیاسەتەکانی ناوبراو ئەوە بو ئەمەریکا شۆکی نەوتی ساڵی (2005) ئەزمون نەکرد. نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو بەپێی بەراوردەکانی زۆرینەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە کاراکان لە بواری وزە لەدنیادا، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتودا، گەورەترین هاوردەکارانی نەوت لە جیهان بۆ یەکێ لەگەورەترین هەناردەکارانی نەوت دەگۆڕێن.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە لە (#14-05-2013#) ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند بەشۆڕشێک کە دەرهێنانی نەوتی لەناو چینە بەردە پتەوەکاندا دۆزیوەتەوە، ئەمەریکای باکوور دەبێتە پێشەنگی گۆڕانێک کە شەپۆلەکانی سەرتاسەری جیهان دادەگرێت.
لەئێستاشدا دەیڤد گۆڵدوین بەمێشکی بیرکەرەوەی هەنگاوەکانی بواری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەپانتایی نێودەوڵەتیدا دادەنرێت، ئەو ڕاوێژکاری باڵای هیلاری کلینتۆن بوە لەوەزارەتی کاروباری دەرەوە، لەپایزی ساڵی (2009) پەیوەندی بەحکومەتی ئۆباماوە کردوە. ئامانجیشی گەشەی دیبلۆماسی وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانە وەکوو کاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا.
تایبەتمەندییەکانی گازو نەوتی شیلی ئەمەریکی
گازو نەوتی شیلی ئەمەریکی بەچەند تایبەتمەندییەک جیادەکرێنەوە، لەوانە: تێچونەکانی بەرهەمهێنان لەئەمەریکا زیاتر لەسوودەوە نزیکە، هەروەها تەنیا ئەمەریکایە کە بەرهەمهێنانی نەوت و گازی شیل بەشێوازی بازرگانی ئەنجامداوە، شوێنەکانی دیکەی دنیا وەک: چین، ئەرجەنتین، ئەفریقیای باشوور و چەند بەشێک لەئەوروپا وەک پۆڵەندا، نەرویج و فەرەنسا، هەرچەندە سەرچاوەی گازی شیلیان هەیە، نەیانتوانیوە بەشێوەی بازرگانی لەسەرچاوەکانی خۆیان کەڵک وەربگرن.
توێژەرەکان دەڵێن: ئەگەر هەلومەرجەکان بۆ بەرهەمهێنانی گازی شیل لەباربێت، تا ساڵی (2030) بەرهەمهێنانی ئەو گازە دەتوانێت یەک لەسەر سێی خستنەڕوی وزەی جیهان دابین بکات، پێشی نەوتی خاو بگرێت کە لەپلەی یەکەمی وزەی دنیادایە. بۆیە توێژەرانی بازاڕ دەڵێن ئەمەریکا تاماوەیەکی دیکە لەهاوردەکارێکەوە دەبێتە هەناردەکارێکی گەورە، هەروەها هەمو پێشبینییەکانی پێشتر لەبازاڕی گاز دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
کاریگەرییەکانی نەوت و گازی ئەمەریکا
بەپێی پێشبینییەکان لە (2025) ئەمەریکای باکوور بۆ هەناردەکەری وزە دەگۆڕێت، ئەمەریکا جێگەی ڕووسیا وەک باشترین هەنارەکاری گازو سعودییە وەک باشترین هەناردەکاری نەوت دەگرێتەوە. ئەو توێژەرانە پێشبینی دەکەن، ئەو دۆخە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای ڕکابەری بەرهەمە ئەوروپییەکان لەبەرانبەر ئەمەریکادا، بەهۆی وزەی هەرزانتری بەردەستی کارگە پیشەسازییەکانی ئەمەریکا.
کاریگەرییەکی دیکەی ئەو دۆخە نرخی گازی هەناردەی وڵاتانی دیکە، لەوانە ڕووسیا دادەبەزێنێت و توانای چەنەلێدانی ئەوروپا زیاتر دەکات. لەکاتی هاتنەدی ئەو ئاڵوگۆڕە جیۆپۆلەتیکیە، ئەوروپا تاسنوورێک دەگۆڕێت و گاز لەجیاتی ئامڕازی سیاسی بۆ ئامڕازی ئابووری ڕووسیا دەگۆڕێت. لەو دۆخەدا لەڕوانگەی شارەزایانی خۆرئاواوە، وڵاتانی خۆرهەڵات و ناوەندی ئەوروپا دەرفەتی زیاتریان بۆ گەیشتن بەسەربەخۆیی ڕاستەقینە دەدۆزنەوە. سەرەڕای ئەوانە، پۆڵەندا بۆ خۆی سەرچاوەی زۆرو زەوەندی نەوت و گازی شیلی هەیە و دەتوانێت هاوسەنگی دەسەڵات لەناوەندی ئەوروپا لەدەستی ئەڵمانیاو ڕووسیا دەربێنێت.
سەبارەت بەئایندەی چین، دەڵێن: چین دەتوانێت بەکەڵکوەرگرتن لەسەرچاوەکانی نەوت و گازی شیلی خۆی، تاسنوورێک لەوابەستەیی بەهاوردەی وزە و هەروەها خەرجی خەڵوزی بەردین کەم بکاتەوە. لەبارەی کەنەداشەوە دەڵێن: کەنەدا لەبەر سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی نەوت و گازی شیل، کاریگەریی جیۆپۆلەتیکی زیاتر دەبێت و لەگەڵ گەشەی دامەزراوەکان لە ناوچەی ئۆقیانووسی ئارام، بەکردەوە بازاڕی ئاسیا دەخاتە ژێر کاریگەرییەوە.
ئەمەریکاو خۆرهەڵاتی ناوەڕاست
لەبارەی ئاکامەکانی گازو نەوتی شیلی ئەمەریکا بۆ خۆرهەڵاتی ناوین بەگشتی و کەنداوی فارس بەشێوەیەکی تایبەتی، بۆچونی ئەو توێژەرانە بەم جۆرەیە: دوای ئەوەی ئەمەریکا پێویستی بەنەوتی ناوچەکە نابێت، بوونی سیاسی و سەربازی بەرچاوی لەخۆرهەڵاتی نزیک و ناوەڕاست زۆر کەم دەبێتەوە. لەبارودۆخی وابەستەنەبوونی ئەمەریکا بەهاوردەی نەوت، گەروی هورمز گرنگی خۆی لانیکەم بۆ ئەمەریکا لەدەستدەدات، سەرەنجام کەم مامەڵەکردنی ئەمەریکا لەگەڵ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و زۆر کاڵبوونەوەی بەڵێنەکەی بۆ ناوچەکە دەبینین.
پاشان ئاماژە بەدژە گێڕانەوەی ئەو بۆچونە دەدەن و دەڵێن: بەگشتی گرنگیەتی نەوتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئابووری و سیاسەتی جیهانی بووە، کە لەپێناسەکردنی بەرژەوەندی ستراتیژی هاوکاری ئەمەریکای کردوە تاخودی نەوت. بۆیە پاشتریش گرنگی خۆی دەپارێزێت و لەساڵانی داهاتودا، هاوکاری پاراستنی گرنگیەتی ستراتیژی کەنداوی فارس دەکات.
ئەو توێژەرانە گرنگی ئیسرائیل بۆ ئەمەریکا لەیاد ناکەن و دەنووسن: لەپەیوەندی ئاکامەکانی نەوت و گازی شیل بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بیرهێنانەوەی ئەو خاڵە پێویستە کە تەنیا مەسەلە ئابوورییەکان ئاراستە سیاسییەکان دیاری ناکەن، نابێت لەئاکامەکانی ستراتیژی شۆڕشی نەوت و گازی شیل زێدەڕۆیی بکرێت. بەڵێنی ئەمەریکا بۆ ناوچەی کەنداوی فارس تەنیا لەبەر خاتری پێویستییەکانی وزە نییە، بەڵکوو بەرژەوەندی نیشتمانی وەک ئاساییشی ئیسرائیلیش جێی باسە.
چارەنووسی کۆمپانیاکانی نەوت
ئەو توێژەرانە ئاشکرای دەکەن، لەئێستادا کۆمپانیاکانی ئێکسۆن مۆبیل و شێڵ لەئەوروپا توێژینەوەی زۆریان بۆ دەستگەیشتن بەگازی شیل دەستپێکردوە. بۆیە تێبینی ئەوە دەکەن قۆناغی زێڕینی بوونی کاراو ڕۆڵی یەکلاکەرەوەی کۆمپانیاکانی نەوتی دەرەکی لە وڵاتانی گەورەی هەناردەکاری نەوت کۆتایهاتوە، سوودوەگرتن لەکۆمپانیای نەوتی دەرەکی بۆ دابینکردنی ئاساییشی خستنەڕوی نەوتی خاو بۆ وڵاتانی گەورەی پیشەسازی کە هاوردەکارانی سەرەکی نەوتی خاون، کارایی خۆی بەشێوەیەکی بنچینەیی لەدەستداوە. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا دەستکاری ڕێنووسی نەکردووە=KTML_End=