ناونیشانی بابەت: ئەنیشکی تێنس (Tennis elbow) چییە؟
ئایا ئازارت هەیە لە بەشی دەرەوەی ئەنیشکت؟
ئامادەکردن و نووسین: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
ئەنیشکی تێنس بریتییە لە ئازار لە ڕووکاری دەرەوەی ئانیشک، بەهۆی هەوکردن و هەڵاوسانی بەستەرەشانەی بەشی دەرەوەی ئانیشک، کە بەهۆی خراپ بەکارهێنانی جومگەکەوە درووست دەبێت بە جووڵەی بەردەوام و دووبارە. بە ئەنیشکی یاریزانی تێنس ناونراوە چونکە زیاتر ئەو یاریزانانە تووشی دەبن ، هەندێک جاریش بەهۆی پێکان یاخود زەبرێکی بەهێز کە بەر ئانیشک دەکەوێت و دەبێتە هۆی دڕانی یاخود پچڕانی بەستەرەکە.
=KTML_Bold=نیشانەکانی:=KTML_End=
1- ئازار لە بەشی دەرەوەی ئانیشک، کە بە دەست لێدان زیاد دەکات و هەندێک جار وەکوو هەستێکی سووتانەوە بۆ نەخۆشەکە درووست دەبێت لە بەشی دەرەوەی ئانیشک.
2- ئازارەکە بەهەندێک جووڵە زیاد دەکات وەکوو تەوقەکردن، هەڵگرتنی قوورسایی، لەکاتی بەکارهێنانی دەرنەفیز و ئەو ئامێرانەی پێویستیان بە جوڵاندنی ئەنیشکە.
3- بێهێزی ماسوولکەکان لەکاتی مشتەکۆڵە و گرتنی شتێک بەدەست.
=KTML_Bold=هۆکارەکانی:=KTML_End=
1- خراپ بەکارهێنان و زۆر بەکارهێنانی ئانیشک و ژێیی ماسوولکەکانی باسک و قۆڵ، وەکوو لەو کەسانەی کە یاری تێنس دەکەن کە دەبێتە هۆی عەزێت دان و هەندێک جار هەوکردن و دڕانی ژێی ماسوولکەکە.
2- چالاکی بەردەوام و دووبارە بە ئەنیشک، مەرج نییە بەس یاریزانی تێنس تووشی ئەم حاڵەتەبن، بینراوە هەندێک کەسانی تریش لە کەسی ئاسایی زیاتر تووش دەبن وەکوو؛ وێنەکێشەکان ، دارتاشەکان ، ئاسنگەرەکان ، قەسابەکان ، ئافرەتی ماڵ کە ئیشوکاری شت سڕین و پاکردنەوەی زۆر و لە ڕادەبەدەر دەکەن.
3- تەمەن:
زیاتر لەنێوان تەمەنی (30-50) ساڵ زیاتر تووشی دەبێت ، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری تووشبوون هەیە لەتەمەنێکی پێشتر ئەگەر هۆکاری خراپ بەکارهێنان و زۆر بەکارهێنانی بەستەرەکەی هەبێت.
4- هەندێک جار هۆکارەکەی نەزانراوە.
=KTML_Bold=دەستنیشانکردن:=KTML_End=
1- پزیشکی پسپۆڕ بەپێی نیشانەکان و هەندێک پشکنینی کلینیکی کە بۆ نەخۆشەکەی دەکات دەتوانێت دەستنیشانی بکات.
2- پشکنینی جومگەی ئانیشک بە ئامێری سۆنەر ، کە هەوکردن و دڕانی بەستەرەکە بە ڕوونی دەردەکەوێت.
3- هەندێک جار پێویست بە تیشکی ڕەش و سپی (X ray) یاخود تیشکی تەنووری دەکات ، هەندێکجاریش
هێڵکاری دەمارەکان پێویست دەکات بۆ ئەوەی پزیشکەکە دڵنیابێت کە فشار نەکەوتۆتە سەر دەماری ئەنیشک.
=KTML_Bold=چارەسەرکردن:=KTML_End=
بینراوە لە (%85 بۆ %95) ی حاڵەتەکان پێویستیان بە نەشتەرگەری نییە و لە ڕێگای چارەسەر یاخود دەرزی باش دەبن.
=KTML_Bold=هەنگاوی یەکەم بەم ڕێگا چارانە دەست پێدەکات:=KTML_End=
1- پشوودان.
2-بەکارهێنانی ئازار شکێن و دژە هەوکەرە ناستیرۆیدەکان (NSAI) وەکوو ڤۆڵتارین ، پرۆفین ، ناپرۆکسین ...هتد.
3- بەکارهێنانی پاکی سارد بۆ شوێنی ئازارەکە و سەهۆڵ.
4- بەکارهێنانی سپلینت و کیف بۆ حەسانەوەی ئانیشک.
5- وەرزشی تایبەت و چارەسەری سرووشتی.
=KTML_Bold=ئەگەر حاڵەتەکە بەم ڕێگا چارانە چارەسەر نەبوو ، ئەوا دەتوانرێت ئەم ڕێگا چارانەی تر بەکاربهێنرێت:=KTML_End=
1- لێدانی دەرزی بۆ جومگەکە کە باشترە لەژێر ئامێری سۆنەردا بکرێت، ئەویش ئایا دەرزی ستیرۆید بێت ، یاخود پرۆلۆتێراپی یاخود پلازمای خوێنی چڕ بە خەپلەکانی خوێن ، کە بەپێی حاڵەتەکە بڕیار دەدرێت .
2- بەکارهێنانی ئامیری شۆک وەیڤ، یاخود سۆنەر بۆ جومگەکە کە یارمەتیی زوو باشتربوون و چاکبوونەوەی ژێی ماسوولکەکە دەدات ، ئەمیش لەوانەیە لە (3-5)
جەلسەی پێویست بێت.
3- نەشتەرگەری ، کە ئەمیش دوا ڕێگاچارەیە و بەدەگمەن نەخۆشەکان پێویستیان دەبێت. [1]