ناونیشانی بابەت: چۆن گرژی ماسوولکەکانت کەمدەکەیتەوە لە ڕێگای خۆراکەوە؟
ئامادەکردن و نووسین: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
یەکێک لە هەرە کێشە باوە تەندرووستییەکانی ئەم سەردەمە، درووستبوونی گرژی ماسوولکەکانە، بەتایبەت ماسوولکەکانی پوز و شان و مل، کە زۆربەی جار هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ماندووبوون و شێوازی ژیانی خراپ، کەمی خواردنەوەی ئاو و زیاد خۆری لە خواردنی خواردنەخێراکان و ناتەندرووست.
هەروەها لە ئێستادا نێرگەلەکێشان و جگەرەی ئەلەکتڕۆنی و جگەرەی ئاسایی بەهەمان شێوە کاریگەریی زۆریان هەیە و خواردنەوەی ڕێژەیەکی زۆریش لە چا و قاوە و خواردنەوەگازییەکان کاریگەریی خراپیان هەیە ، ئەمانە و چەندین هۆکاری تر و نەخۆشی ماسوولکەکان لەوانەیە گرژی درووست بکەن.
لێرەدا باس لەو خواردن و خواردنەوانە دەکەین کە پێویستە زیادی بکەین بۆ ژەمە خۆراکییەکانمان بۆ کەمکردنەوەی ئەو گرژییە:
- پەتاتەی شیرین، لەبەرئەوەی ماددەی کالسێۆم و مەگنیسێۆم و پۆتاسێۆمی تیادایە کە گرژی و ڕەقبوونی ماسوولکە ناھێڵێت .
- ئەڤۆکادۆ کە ڕێژەیەکی زۆر پۆتاسێۆمی تیادایە کە ماسوولکە خاوکەرەوەیە.
- پاقلەمەنییەکان، فاسۆڵیا، لۆبیا، کە ڕێژەیەکی زۆر مەگنیسێۆمی تیادایە کە ئازاری ماسوولکە ناھێڵێت .
- شووتی یاخود شەربەتەکەی کە ناھێڵێت ماسوولکەکان وشک بنەوە چونکە ڕێژەیەکی زۆر ئاوی تیادایە .
- شیر یاخود شیرەمەنیەکان کە ڕێژەیەکی زۆر پرۆتینی تیادایە کەیارمەتیی درووست بوونەوەی خانە تێکشکاوەکانی ماسوولکە دەدات .
- سرکەمەنی یاخود ترشیات و خەیار شۆر ، کاریگەریی ھەیە لەسەر پاراستنی دەمارەکان کە ئەویش دەبێتە ھۆی نەھێشتنی ئازار و ڕەقبوونی ماسوولکەکان .
- سەوزە گەڵا تۆخەکانی وەکوو سڵق و کاھوو و سپێناغ و ..ھتد ، کە ڕێژەیەکی زۆر کالسێۆم و ماگنیسێۆمیان تیادایە .
- پرتەقاڵ و نارنج و سەندی ، ڕێژایەکی زۆر ئاو پۆتاسێۆمیان تیادایە کەیارمەتیی خاوکردنەوە و باشتر بوونی ماسوولکەکان دەدەن .
- چەرەزات ، بەھەموو جۆرەکانییەوە سەرچاوەیەکی باشن بۆ مەگنیسێۆم .
- ماسی، بەتایبەتیی جۆری سەلمۆن کە چەورییەکەی هانی چالاک بوونی سوڕی خۆێن دەدات کە کاریگەریی ھەیە لەسەر کاری ماسوولکەکان .
- تەماتە ، کە ڕێژەیەکی زۆر پۆتاسێۆمی تیادایە ، کە یارمەتیی خاوکردنەوەی ماسوولکەکان دەدات .
- ئاو ، خواردنەوەی ئاو بەڕێژەی زۆر 12 پەرداخ و زیاتر لە ڕۆژێکدا، ڕێگری دەکات لە وشکبوونەوەی ماسوولکەکان و ئیش وکاریان چالاک دەکات. [1]