ناونیشانی بابەت: بۆ هەندێک کەس زیاتر هەست بە سەرما دەکەن؟
ئامادەکردن و نووسین: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
ھەندێک کەس زۆرتر ھەستیارن بەساردی و وەرزی سەرما وەک لە کەسانی ئاسایی، ھەستکردنیان بەساردی تەنیا لە وەرزە ساردەکاندا نییە، بەڵکوو لەوانەیە لە ڕۆژ و وەرزە گەرمەکانیشدا ھەر ھەست بەسەرما بکەن .
پلەی گەرمی لەش بەچەند شێوازێکی جیاواز لە لەشدا ڕێکدەخرێت؛ بەشێک لە مێشک کەپێی دەگوترێت (hypothalamus) وەکوو تێرمۆستاتێکی گەورە کاردەکات بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرما، کە لە ڕێیەوە سیگناڵ دەنێرێت بۆ بەشەکانی لەش بۆ درووستکردنی گەرمی یاخود ڕێگا بۆ ساردبوونەوەی جەستە. ھەروەھا ئەم بەشەی مێشک کار لە غودەی دەرەقی دەکات بۆ ڕێکخستنی کرداری میتابۆلیزم و ڕاچەنین لە لەشدا و درووستکردنی وزە و سوتەمەنی لە ڕێگای تێکشکاندن و وردکردنی خۆراک . سووڕی خوێن یارمەتیی بڵاوبوونەوەی گەرمی دەدات و چەوری ژێر پێست یارمەتیی پارێزگاریکردن لە گەرمی دەکات. کەواتە ھەر کێشەیەک لەم سیستمانەدا دەبێتە ھۆی ئەوەی ھەست بەسەرما زیاتر بکەین .
کەواتە بەگشتی ھۆکارەکانی ھەستکردن بەسەرما زیاتر لەکەسێکی ئاسایی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم ھۆکارانەی خوارەوە:
- کەم خوێنی (anemia) : ئەم حاڵەتە ڕوودەدات کە ڕێژەی خرۆکەی سووری خوێن کەمدەبێتەوە.
- کەم خواردن و نەمانی ئارەزووی خواردن (anorexia) : ئەمە دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی چەوری ژێر پێست بۆیە کەسەکە زووتر ھەست بەسەرما دەکات .
- غودەی دەرەقی تەمبەڵ (hypothyroidism) : کاتێک غودەی دەرەقی کەم ئیشدەکات و ڕێژەی ھۆرمۆنی تایرۆکسین کەمدەبێتەوە لە لەشدا و ئەمەش دەبێتە ھۆی تێکچوونی کرداری ڕاچەنین و میتابۆلیزم لە لەشدا و درووست نەکردنی وزەی پێویست بۆ گەرمبوونەوە.
- نەخۆشی بۆری خوێن (raynaud's syndrome) : کەئەمەش بەھۆی تەسکی بۆری خوێنەکان کە دەچن بۆ پەلەکان و دەبنە ھۆی ھەستکردن بەسەرما و ھەندێک جار شینبوونەوە لە پەلەکاندا .
- ھەر کێشەیەک یان نەخۆشییەک لە ناوچەی (hypothalamus) ی مێشکدا کە وەکوو تێرمۆمیتەرێکی گەورەی لەش ئیشدەکات دەبێتە ھۆی تێکچوونی پلەی گەرمی لەش.
- فایبرۆمایەڵجیا : کە بریتییە لەحاڵەتێکی دەگمەنی ڕەقبوونی ماسوولکەکان و ئازاری بەردەوام ، بینراوە ئەو کەسانەی ئەم حاڵەتەیان ھەیە زۆرتر ھەست بە سەرما دەکەن.
- نەخۆشی شەکرە : بەھۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی شەکری خوێنەوە گورچیلەکان تووشی تێکشکاندن دەبن، کە پێی دەوترێت (diabetic nephropathy) ، یەکێک لەنیشانەکانی ئەم حاڵەتە ئەوەیە کەسەکە ھەست بە سەرما دەکات .
- هەندێک برینداری لە پێستدا یاخود پێکان وەکوو شکاوی یان برینێکی کۆن ، شوێنەکەی هەستیار تر دەبێت بە سەرما.
=KTML_Bold=چ کاتێک پێویست بە پزیشک دەکات؟=KTML_End=
ھەندێک لەخەڵک زیاتر ھەستیارن بەرانبەر سەرما و زۆرتر ھەست بەسەرما دەکەن ، مەرج نییە ئەمە مانای نەخۆشی بێت . بەڵام ئەگەر ھەستیاری بەرانبەر سەرما لەپڕ زیادبکات، یان زۆرزۆر بێت لەوانەیە نیشانەی نەخۆشێیەک بێت بۆیە پێویستە ڕای پزیشک وەربگیرێت. [1]