ناونیشانی بابەت: ئازاری سەر بەهۆی ملەوە یاخود (cervicogenic headache) چییە؟
ئامادەکردن و نووسین: د. #هەڤین کەمال شا محەمەد#
بریتییە لەو سەر ئێشەیەی کە درووست دەبێت لەئەنجامی کێشەیەک لە ملدا، واتە کێشە سەرەکییەکە لەسەر و مێشکدا نییە ، بەڵکوو ئازارێکی دووەمیە کە لەملدایە و دەڕوات بۆ سەر و ئازاری (referred pain) ی پێدەوترێت .
=KTML_Bold=نیشانەکانی:=KTML_End=
یەکێک لەهەرە گرنگترین نیشانەکانی ئەوەیە، ئەم سەرئێشەیە لەگەڵ هەر جووڵانێکی لەپڕی ملدا سەر ئێشەکە زیاد دەکات . وە هەروەها ئەگەر مل بۆ ماوەیەکی زۆر لەیەک شێواز و جووڵەدا بمێنێتەوە، ئازارەکە درووست دەبێت .
=KTML_Bold=نیشانەکانی تری:=KTML_End=
- ئازار لەیەک لای سەردا یاخود دەموچاو.
- ئازارێکی بەردەوام کە لێنادات وەکوو دڵ (هەندێک سەر ئێشە نەخۆشەکە کە وەسفی دەکات دەڵێت لێدەدات وەکوو دڵ) .
- ئازارێک دێت کە لەوانەیە چەند کاتژمێرێک یاخود چەند ڕۆژێک بخایەنێت.
- گرژبوون و ڕەقبوونی ملی لەگەڵدایە کە نەخۆشەکە ناتوانێت ملی بەباشی بجوڵێنێت.
- ئازارەکە زۆر جار لەیەک خاڵدا دەمێنێتەوە، لەوانەیە لە پشتی سەردا بێت، یاخود پێشی سەر ، یاخود لایەکی سەر یان چاو.
هەرچەندە ئەم جۆرە سەرئێشەیە زۆر جیاوازە لەگەڵ شەقیقە بەڵام هەندێک جار هەندێک نیشانەیان لەیەک دەچن بۆ نموونە:
هەستکردن بەپڕی گەدە و دڵتێکەڵهاتن ، بوونی ئازار لە شان و قۆڵدا، بێزاربوون بە ڕووناکی زۆر و دەنگی زۆر، لێڵبوونی بینین.
هەندێک کەس هەردوو جۆرە سەر ئێشەکە دەگرن لەیەک کاتدا . کەئەمەش دەستنیشانکردنی کێشەکە قوورستر دەکات.
=KTML_Bold=هۆکارەکانی:=KTML_End=
- بوونی کێشە لە ئێسکی مل ، جومگەکان ، ماسوولکەکانی ، بۆ نموونە ئەو کەسانەی هەندێک پیشەیان هەیە وەک : دارتاش ، ئاسنگەر ، ئەوانەی کاری ئارایشتگا دەکەن، سەرتاش، بەرگدروو ...هتد. ئەمانە بەهۆی بەکارهێنانی ملیانەوە زیاتر تووشی ئەم جۆرە سەرئێشەیە دەبن .
- زۆر جار لەو کەسانەیە ڕوودەدات کە ملیان بۆ پێشەوە دەبەن بە بەردەوامی و دووری ئەخەنەوە لە جەستەیان کە ئەمەش فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر مل و بەشی سەرەوەی پشت، بۆ نموونە ئەوانەی سەیری یاری تۆپی پێ دەکەن یاخود هەر شتێکی تر بێت .
- هەندێک جار بەهۆی ڕووداوێکەوە یاخود کەوتنەوە یاخود وەرزشەوە، ماسوولکەکان و دەمارەکانی مل زەبری بەردەکەوێت کە پێی دەوترێت ویپلاش .
- بەهۆی ئینزلاقی دیسکی بڕبڕەکانی ملەوە ، بەتایبەتیی بڕبڕەی دوو و سێ و چوار . هەروەها داخوران و سەوەفانی جومگەکانی مل.
- هەندێک جار بەهۆی شکاوی یاخود شێرپەنجەی ئێسکی ملەوە تووشدەبێت کەئەمەش حاڵەتێکی دەگمەنە.
=KTML_Bold=دەستنیشانکردنی:=KTML_End=
لەبەر ئەوەی جۆرەکانی سەرئێشە زۆرن و زۆریش لەیەکدەچن ، پێویستە پزیشکی پسپۆڕ پشکنینی تەواوت بۆ بکات و لەگەڵیدا مێژووی نەخۆشییەکەت بەتەواوی لێپرسێت و لەبیرت نەچێت کە ئەم خاڵانەی پێبڵێت :
- ئایا ئازارەکەت ڕۆژبەڕۆژ خراپتر دەبێت؟
- ئایا تا یاخود سووربوونەوە و خورانت بۆ درووست دەبێت؟
- ئایا تووشی پێکان بوویت یاخود خۆت ئازار داوە؟
- ئایا بەخواردن سەرئێشەکەت زیاد دەکات؟
- ئایا بورانەوەو گێژی لەگەڵدایە؟
پزیشکەکەت لەوانەیە پێویستی بە تیشکی ڕەش و سپی (تیشکی ئێکس ڕەی) بێت، یاخود تیشکی تەنووری ، هەندێک جار هەندێک جۆری پشکنینی خوێن . ئەگەر ئەوانە هیچی تیا دەرنەکەوت پزیشکی پسپۆڕی ئازار ڕێگایەک بەکاردێنێت پێدەوترێت (nerve blocks) کە دەمارە هەستەوەری مل بۆ ئازار سڕ دەکرێت بە دانانی هەندێک دەرمانی سڕکەر لەدەوری دەمار و جومگەکانی ملدا لەژێر ئامێری تیشکی (C ARM) دا . ئەگەر بەوە ئازارەکە نەما ، ئەوە مانای ئەوەیە سەرئێشەکە بەهۆی فشاری سەر دەماری ملە .
=KTML_Bold=چارەسەرکردن:=KTML_End=
- بەکارهێنانی دەرمانی ئازارشکێن و دژەهەوکردنەکان، ماسوولکە خاوکەرەوەکان، هەندێک ئازارشکێنی تر وەک دەرمانی گەشکەو هێورکەرەوەکان بۆ نەهێشتنی ئازارەکە .
- سڕکردنی دەمارەکانی مل (nerve block) کەئەمەش بۆ ماوەیەک ئازارەکە ناهێڵێت و یارمەتیی نەخۆشەکە دەدات کەوەرزشەکانی بێ ئازار بکات.
- چارەسەری فیزییاوی و چارەسەری سرووشتی ، کە ئەویش پزیشکی پسپۆڕ ڕێنمایی نەخۆشەکە دەکات و فێری دەکات چۆن وەرزش بکات و سترێچینگ و ڕاکێشان بە ماسوولکەکانی ملی بکات.
- بەکارهێنانی تەزووی کارەبای لە ڕێگای ئامێری (TENS) و هەروەها ئامێری شۆک وەیڤ (shock wave) بۆ کردنەوەی خاڵی ئازارەکان و بەکارهێنانی دەرزی ئاژنین (acupuncture) بۆ خاوکردنەوەی ماسوولکەکان .
- هەندێک چارەسەری تەواوکەر وەک هایدرۆتێراپی (وەرزشکردن لە ئاودا) ، یۆگا، میدیتەیشن و تێڕامان.
- ئامێری ڕادێۆفریکوینسی : کەئەمەش ئامێرێکی تایبەتە زیاتر لەو حاڵەتانەدا بەکاردێت، کە ئازارەکە بەهۆی سەوەفان و داخورانی جومگەکانی ملەوە درووست دەبێت.
- نەشتەرگەری: ئەویش لە هەندێک حاڵەتی وەک ئینزلاقێکی زۆری دیسکی نێوان بڕبڕەکانی ملدا ، یاخود هەندێک حاڵەتی وەکوو شکان و شێر پەنجە. [1]