ناونیشانی بابەت: حەمەئاغا.. یەکەم قایمقامی شارۆچکەی کۆیە لە سەردەمی ئینگلیزەکان
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
حەمەئاغا، کوڕی مەحموود ئاغا کوڕی حەمەد ئاغای #کۆیە#، لە ساڵی 1836 لەدایک بووە و لە 1920ی زایینی لە تەمەنی 84 کۆچی دوایی کردووە. لە ماوەی فەرمانڕەوایی (کاپتن های) حاکمی ئینگلیز لە کوردستاندا، حەمەئاغا کراوەتە قایمقامی شارۆچکەی کۆیە.
حەمەئاغا، هەمیشە وەک کەسێکی کاسبکار و چاکەخواز و خێرخواز دەرکەوتووە، کەسێکی باڵابەرز بووە و زۆریش گرنگیی بە ڕێکپۆشی و جوانیی جلوبەرگی نەداوە. هەروەها ئەو موڵک و ماڵەی حەمەئاغا لەبەردەستیدا بووە، هەمووی بەخۆی کڕیویەتی، یان بە کرێ لە دەوڵەت وەری گرتووە، هەوڵی داوە زۆر کێشە درووست نەکات، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا هەندێ کات بارودۆخەکە وایخواستووە، کە ڕووبەڕووی دەسەڵات و دەوڵەتیش ببێتەوە، هەروەک مەسعوود مەحەمەد لە شوێنێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە حەمەئاغا ماوەیەک لە دەوڵەتی عوسمانی یاخی بووە و خۆی و چەکدارەکانی چوونەتە چیای دێدەوان.
د. #هژار عوسمان ئەحمەد#، لە پەرتووکی (حەمەئاغای گەورە لە بەڵگەنامەکانی عوسمانیدا) نووسیویەتی: ”لە ماوەی ساڵانی جەنگی یەکەمی جیهاندا، لە دوای شکستە یەک لەدوا یەکەکانی دەوڵەتی عوسمانی لە شەڕەکاندا، کە دەبوونە هۆی لەدەستدانی خاکەکەیان و کشانەوەیان بەرەو پایتەختی سەڵتەنەت (ئیستەمبۆل) ، بەمەش هەموو ناوچەکانی میراتی عوسمانی دەکەونە دەست زلهێزەکانی ئەو سەردەم، لەنێوان ئەوانەشدا خاکی ئێراق و باشووری #کوردستان# کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ئینگلیزەکان و لەلایەن ئەوانە بەڕێوە دەبڕدرا، هەر بۆیە لە ماوەی فەرمانڕەوایی کاپتن های لە کوردستاندا، حەمەئاغا کرایە قایمقامی شارۆچکەی کۆیە، چونکە ئەوکات کەسێکی دیار و شیاو بووە بۆ ئەم پۆستە، بۆ ئەوەی بارودۆخی نالەباری ئەو شارە ڕابگرێت.
دوای دەستبەکاربوونی حەمەئاغای گەورە وەک قایمقامی شاری کۆیە، لە ساڵانی (1919 بۆ 1920) گرووپێک لە خەڵکی کۆیە بە سەرۆکایەتیی حاجی میرزا عەوڵا، ڕێکخراوێکی نهێنی پێکدەهێنن، بە مەبەستی ئەوەی خزمەتێک پێشکەش بە گەلەکەیان بکەن، لە کۆبوونەوەدا ژمارەیان نزیکەی 30 کەس دەبێت، چەند کەسێک بە نوێنەرایەتی دەچن بۆ لای حەمەئاغا، بارودۆخی خۆیانی تێدەگەیەنن. دەگوترێت، حەمەئاغا سەبارەت بە هەستی نەتەوایەتییان دەست خۆشیی لێ کردوون، هەروەها هاوکارییەکی باشی مادییشیان دەکات، تا لەو ڕێگەیەوە خەرجی بکەن.
هەروەها لە سەردەمی حکومڕانیی شێخ مەحموودەوە، حەمەدئەمین ئاغا دەبێت بە نوێنەری #شێخ مەحموودی حەفید#، تا ببێتە قایمقامی شارۆچکەی کۆیە، بەڵام حەمەئاغا هەر وەک قایمقام دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ململانێیە هیچ کاریگەریی ناکاتە سەر پەیوەندیی نێوان شێخ مەحموود و حەمەئاغا، وەک باسی لێوە دەکەن، حەمەئاغا ڕاسپاردەی بۆ لای شێخ مەحموود ناردووە، داوای ناردنەوەی حەمەدئەمین ئاغای بۆ کۆیە کردووە، شێخیش بە ڕێزەوە وەڵامی داوەتەوە و داوایەکەی جێبەجێ کردووە.
جگەلەمانەش، وەک مێژونووسان ئاماژەی بۆ دەکەن، حەمە ئاغا هەمیشە هەوڵی داوە پشتگیری و هاوکاریی کەسانی هەژار و کەمدەرات بکات و دیواخانەکەی بۆ میواندۆستی هەمیشە کراوە بووە، لەگەڵ ئەوەشدا هەستی نەتەوایەتی هەبووە و ستەم و زۆرداریی دوژمنان و پلانگێڕانی قبووڵ نەکردووە.[1]