ئەز
#ڕزگار جەباری#
پەیڤی (ئەز) ئێستا لە زمانی کوردیدا تەنیا لە کورمانجی ماوەتەوە کە لە دۆخی کارا و نیهاددا بە واتای (من) دێت. بەڵام لەڕابردوودا لە زمانی کوردیی کۆن وەکوو فەهلەوی و بنزارێکی کۆنی گۆرانی و کوردیی ناوەندیشدا بەکارهاتووە. نموونەی شیعری فەهلەوی لە شیعری ئەم شاعیرانەدا هاتووە: بابا تاهیری هەمەدانی، عەبدوڵڵا جەوهەری و عەید عاشقی خۆشانی (جەشنی) . لە شاعیرانی سەدەی 18 و 19ەشدا لە شیعری شێخ ئەحمەدی کۆر و سەیدی هەورامی و نالی هاتووە.
1-بابا تاهیری هەمەدانی (سەدەی 10 و 11ز) :
(ئەز) ئان ئەسپیدە بازوم هەمەدانی
بەتەنیایی کەروم نەچیرەوانی
هەمە بە مەن وەدیرەند چەرغ و شاهین
بە نامێ مەن کەرەند نەچیرەوانی
2-عەبدوڵڵا جەوهەری (1287ز لە ژیاندا بووە) :
موسڵمانان وجوودم کیمیایە
وە سڕڕێ سینەئەم گیتی نمایە
(ئەز) خوە زانم کە ئۆیانم گیانە
هەر ئانکە ئۆیانە بوژە ئەو خوایە
3-عەید عاشقی خۆشانی (جەشنی) (1319ز لە ژیاندا بووە) :
(ئەز) ئەو بازم ئەزو بازم ئەزو باز
کە گرد لامەکانم کەرد پەرواز
ئەهلێ ڕازم و ئەژ حەق مەکەروون ڕاز
نازەنینم وە ئەو حەق مەکەروون ناز
4-شیخ ئەحمەدی کۆر (1771 - 1856ز)
جۆ بە جۆ سەر کرد لە دامان
فیرقەتی بێ حەدد و سامان
(ئەز) دەناڵم سوبح و شامان
سینە داغم ڕاست و چەپ
5-سەیدی هەورامی (1785 - 1849ز) :
(ئەز) ئورۆمۆن مەکانم بێ وەڵاتم
سەرو پیری خوای گێرتەن خەڵاتم
6-نالی (1799 - 1877ز)
خاو و بێخاوی دوو زوڵفی خاوم (ئەز)
چاوە چاوی یەک غەزالە چاوم (ئەز) [1]