ناو: شادمان
نازناو: دوکتۆر شادمان فوئاد مەستی
ناوی باوک: فوئاد مەعروف
ساڵی لەدایکبوون: 1943
ڕۆژی کۆچی دوایی: #24-07-2023#
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
شوێنی کۆچی دوایی: مەکدۆنیا
$ژیاننامە$
ناوم شادمان فوئاد مەعروفە لە ساڵی 1943 لە سلێمانی لە دایکبووم، قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییم لە شاری سلێمانی تەواوکرد، لە پۆلی شەش نمرەیەکی بەرزم هێنا و لە کۆلێژی پزیشکی زانکۆی موسڵ ناوم هاتەوە، ساڵی 1963 لە موسڵ خوێندکار بووم، لەلایەن خوێنکدارانی زانکۆی موسڵەوە سووکایەتیمان پێ دەکرا، بەتایبەت کچەکانیان دەچوون دەفتەرەکانیان دەدڕانین و جنێویان پێ دەداین، بەهۆی ئەوە و بەهۆی تێکچوونی دۆخی سیاسی ئێراقەوە هەروەها شەوێک لەلایەن کەسێکەوە ئاگادارکرامەوە کە سبەی بڕیارە لە موسڵ کۆمەڵکوژی بکرێت، بۆیە هەرچی زووە سبەی موسڵ بەجێبهێڵە، موسڵم جێهێشت، هۆکاری ئەوە بوو ژمارەیەک سەربازی حکومەتی ئێراقی لەلایەن پێشمەرگەوە کوژرابوون، حکومەت ویستی تۆڵە بکاتەوە، ئەو کەسە کە پاسەوانی شوێنی مانەوەی ئێمە بوو، وتی دەتوانم تەکسیت بۆ بگرم و بگەڕێیتەوە بۆ سلێمانی، منیش هاتمەوە هەولێر و دواتر هاتمەوە سلێمانی و لە ماڵی خاڵۆم (باوکی دکتۆر یادگار) خۆم شاردەوە.
کوردستان لە بیری مندا دەرنەدەچوو بڕیارم دابوو بگەڕێمەوە، لە مەکدۆنیا خێزان و منداڵم هەبوو، کوڕێکم سێ ساڵ بوو ئەوی دیکە سێ مانگ بوو جێمهێشتن، خێزانم مەکدۆنی بوو، کچی خێزانێکی شۆڕشگێڕ بوون لە دۆخی من تێدەگەیشتن، چونکە باوکی خێزانم کاتی خۆی پارتیزان بووە، بۆیە ئەگەر شۆڕشیش نەبووایە من هەر دەهاتمەوە خزمەتی گوندەکانم دەکرد، کە گەڕامەوە چوومە نەخۆشخانەی شۆڕش، پێش من لە شۆڕشدا تەنیا د. خدر بوونی هەبوو، دواتریش د. هەژار عوسمان هات، بووین بە سێ پزیشکی شۆڕش، لە ڕاستیدا نەخۆشخانە نەبوو، واتە زۆر سادە بوو، بەڵام پێیان دەوت نەخۆشخانە، پێش من د. خدر زۆر ماندوو بوو بوو، چونکە هەموو کارەکان خۆی کردبووی، من کە گەیشتم زۆر هاوکاریم کرد.
ئەو نەخۆشخانەیە لە ڕاستیدا ژوورێکی بچوک بوو، تووشی شۆک بووم لەبەر ئەوە ژیان تێیدا زۆر قوورس بوو، بەڵام کۆڵم نەدا، ئەو کات کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بەهێزترین ڕێکخراوی ڕێکخستنی سیاسی بوو، لە ڕووی بیروباوەڕ و ئازایەتی و مەردایەتی و هەتا جلوبەرگیشەوە جیاواز بوون و لە پێش هەمووانەوە بوون، واتە بەهێزترین پێشمەرگەکان پارتیزانەکانی کۆمەڵە بوون، بە بینینیان دڵم دەکرایەوە، من لەسەر کۆمەڵە ئەژمار دەکرام، هاوکات جیاوازیم لەنێو پێشمەرگەکاندا نەدەکرد کە سەر بە ڕەوت و ئایدیای جیاواز بوون، من وەک و پزیشک کارم دەکرد، زۆر جار ساڕێژی دیل و زیندانییەکانم دەکرد.
من و د. خدر و د. هەژار هێندە ئەرکمان قوورس بوو، هەر یەکەمان لایەکی تەندرووستی شۆڕشمان دەبرد بەڕێوە، د. هەژار زۆر چالاک بوو، دەیویست جەولە بکات، نەیدەتوانی دابنیشێت، زۆر ئازابوو، جارێک پێشمەرگەیەکی بریندار پێویستی بە خوێن بوو، د. هەژار خوێنی خۆی پێدا، وتم مەکە نەخۆش دەکەویت خوێنت کەمە، گوێی پێنەدام، کەچی نەخۆشیش کەوت، ئەو سنوورانەی ئێمە زەڵێ و خڕی ناوزەنگ و شێنێ بوو، شەوێک هەڤاڵ نەوشیروان مستەفا نەخۆش بوو، کەس نەیدەوێرا دەرزی لێ بدات، هەر کەس لەوە دەترسا نەوەک لەسەر دەستی ئەو شتێکی لێ بەسەربێت، داوایان لە من کرد، منیش چووم چەند دەرزییەم بۆ کرد، میوانی هەبوو هەرچەندە نەخۆش بوو، بەڵام میوانەکانی فەرامۆش نەکرد.
کاری تەندرووستی و نەشتەرگەری و تەداوی بۆ من زۆر ئاسان بوو، چونکە من سێ مانگی لەسەر یەک لە یەکێک لە نەخۆشخانە سەربازییەکانی یوگسلافیا کارم کردبوو، داوام لە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە کرد کە دۆخی کوردستان زۆر خراپە پێویستیان بە منە، بۆیە تکات لێ دەکەم ماوەی شەش مانگ مۆڵەتم پێ بدە بچمەوە خزمەت بکەم، بێ هیچ لێکۆڵینەوەیەک وتی باشە و ڕێگەی پێدام، هەروەها داوای بینینی وێنەی بریندار و چۆنێتی چارەسەرکردنی بریندارانی جەنگی جیهانیم کرد، تاکوو ئەزموونی پزیشکی جەنگم هەبێت، ئەوەشیان پێدام، من لەو نەخۆشخانەیە هەموو کارێکی قوورسم کردبوو، تەنیا کونکردنی قورگ نەبێت بۆ هەناسەدانی دۆخی مەترسیدار ئەویش ڕێکنەکەوێت بێتە بەردەستم. [1]