ناوی بەرنامە: لاپەڕە
ناوی پێشکەشکار: یاران هیوا
ناوی میوان: #سارا سەردار#
ڕۆژ و ساڵ: #22-08-2023#
ناوی ڕادیۆ: ڕادیۆ نەورۆز
شوێن: #هەولێر#
$تەوەری بەرنامە$
لە ڕۆژی 22-08-2023 سارا سەردار، هاوکار و ئەرشیڤوانی ڕێکخراوی کوردیپێدیا، وەک نووسەر و توێژەری بواری مێژوو و شوێنەوار، بەشداری لە ئەڵقەی چوارەمی بەرنامەی (لاپەڕە) لە ڕادیۆ نەورۆز کرد.
لەم بەرنامەیە کە تایبەتە بە ڕەوشی خوێندن و پەرتووک لە کوردستان، باس لە بەشی پەرتووکخانەی کوردیپێدیا کرا و بە ئاماژە پێ کردنی چەند ئامارێک لە پەرتووکە پی دی ئێفەکان و ژمارەی دانڵۆدی پەرتووک لەم ماڵپەڕە، هەروەها باس لە چۆنییەتی گەڕان و دۆزینەوەی پەرتووک و بابەت کرا لە کوردیپێدیا.
جێی ئاماژەیە لەم دیدارە جەخت کرایە سەر پایبەندی کوردیپێدیا لەسەر پەیوەندیی باش و ستاندەر لەگەڵ نووسەر و دەزگاکانی چاپەمەنی بۆ بڵاوکردنەوەی پەرتووکە پی دی ئێفەکان کە ئەگەر نووسەر یاخود دەزگا چاپەمەنییەکە ڕەزامەندیان نەبێت لەسەر بڵاوکردنەوەی پی دی ئێفی پەرتووکەکە، ئەوە کوردیپێدیا بە هیچ شێوازێک ئەم پەرتووکە بڵاو ناکاتەوە، هەروەها بەشێک لەو پەرتووکانەی بە دیجیتاڵی نەکراون، ئەم ماڵپەڕە تەنیا بە دانانی وێنەی بەڕگی پەرتووکەکە، ناساندنیان بۆ دەکات.
لە درێژەی ئەم بەرنامەیە باس لە بڵاوکراوە تایبەتەکانی کوردیپێدیا کرا کە ئەرشیڤکارەکانی ئەم ڕێکخراوە زۆر دڵسۆزانە ڕووداوە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان و هەر بابەتی تری ناو کۆمەڵگەی هەر شەش پارچەی کوردستان، پرۆفیشناڵانە تۆمار دەکەن و لە کۆتاییدا وەک وەشەننامەیەک بە دیجیتاڵ بڵاویان دەکات کە ئەمیش لە داهاتوودا دەکرێ ببێتە سەرچاوەیەکی باش و خێرا بۆ هەر کەسێک بیەوێ لە بوارێکا کار و توێژینەوە بکات.
لە کۆتایی بەرنامەکەدا بە کوورتی باس لە مێژووی کۆن و بزری کورد و کوردستان کرا کە تا چەند پێویستە پسپۆران و خەمخۆران هاوکاری یەکتر بکەن بۆ کارکردن لەسەر نووسین و ناساندنی مێژووی کورد بە تاکی کۆمەڵگە بۆ پەروەردەکردنی نەوەیەکی هۆشیار و خوێندەوار لە ڕووی مێژووییەوە. [1]