ناونیشان: یەکێتی و پارتی بۆ وادەکەن؟
نووسەر: #عارف قوربانی#
ڕۆژی دەرچوون: #23-08-2023#
پێشتر بەپێى زانیاریی دزەپێکراوى ناو کۆبوونەوەکان و هەندێ لێدوانى ناڕاستەوخۆى بەرپرسانى پەیوەندیدار لەنێو هێزى پێشمەرگە، هەست بەوە دەکرا کە هاوپەیمانان و وڵاتانى دۆستى کوردستان نیگەرانن لەوەى نەتواندراوە هێزى پێشمەرگەى کوردستان لە هێزێکى حیزبییەوە بکرێتە هێزێکى نیشتمانى. ئەوەش دەگوترا نیگەرانییەکانیان گەیشتووەتە ئاستى ئاگادارکردنەوەى دەسەڵاتدارانى هەردوو حیزبەکە کە ئەگەر بەو شێوازە هەر بەردەوامبن، کاریگەریى لەسەر پشتیووانییەکانى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى دەبێت بۆتان.
ڕوونە کورد گوێى بە هۆشدارییەکانیان نەداوە بۆیە سەرەتای ئەم هەفتەیە لە ئاستێکى باڵادا و بە دەنگێکى بەرز و لەپێش چاوى ڕاى گشتى جیهانى ماتیو مکفارلن، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژى #داعش#، کورد وتەنى داى لە بنى کولەکەکە و بە ڕاستەوخۆ ئەوەى ڕاگەیاند، ئەگەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان نەتوانێت چاکسازییەکانى و پابەندییەکانى خۆى بە گوێرەى یاداشتنامەکە جێبەجێ بکات، وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا ناتوانێت لە پێشکەشکردنى هاوکارییە سەربازی و ئەمنییەکانى بەردەوام بێت.
فەرماندەکەى هاوپەیمانان لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا گوتى، نەبوونى وەزیرى پێشمەرگە دامەزراوەکەى لاوازکردووە و پڕۆسەى یەکگرتنەوەى هێزەکانى پێشمەرگەى وەستاندووە. بۆیە هانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان دەدەین وەک نیازپاکى و پابەندییەکانیان وەزیرێک بۆ وەزارەتى پێشمەرگە دەستنیشان بکەن.
نەک هەر جێگەى پرسیارە، بەڵکوو مایەى سەرسوڕمانیشە، پارتى و یەکێتى بۆ وادەکەن؟ لەکاتێکدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکانى چەک دەدەن بە پێشمەرگە، مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکەن و مووچەى بەشێک لە پێشمەرگەیش دەدەن. لە بەرانبەردا داوایەکى قوورسیان لە پارتى و یەکێتی نییە، پێیان دەڵێن ئەو هێزە چەکدارەى هەتانە و سەر بە ئۆرگان و بەرپرسە حیزبییەکانى ناو حیزبەکانتانن، بیانخەنە سەر حکومەتەکەى هەردووڵاتان و سەر بە بەرپرسە حیزبیەکانى ناو حکومەتەکەتان بن. کەچى ئەم دوو حیزبە ئامادەنین ئەوەبکەن. یەکێتى حیزبى ماڵى #مام جەلال#ە، کوڕى مام جەلال سەرۆکى تیمى یەکێتییە و جێگرى سەرۆکى حکومەتە، بەڵام یەکێتی ئامادە نییە هێزە چەکدارەکەى بخاتە ژێر فەرمانى ئەوەوە. پارتى حیزبى ماڵى بارزانییە و کوڕى بارزانى سەرۆکى تیمى پارتى و سەرۆکى حکومەتە، کەچى پارتى ئامادە نییە هێزە چەکدارەکەى بخاتەژێر فەرمانى ئەوەوە. کار گەیشتبێتە ئەوەى ئەمریکا پێیان بڵێت، ئەگەر ئەمە نەکەن هاوکارییەکانتان دەبڕین و ڕەنگە پشتتان تێبکەین، کەچى گوێ بە هۆشدارییەکان نادەن.
هەر بەڕاستى نەک جێى تێڕامانە، بەڵکوو مایەى ئەوەیە گومان بکرێت هۆکارى شاراوە لە پشتى ئەم هەڵوێستانەوە هەن. لەکاتێکدا هەردوولا دەزانن بە تێکەڵکردنى پێشمەرگە و یەکخستنیان لە چەند لیوایەکى هاوبەشدا، ماناى ئەوە نییە هێزە چەکدارەکەیان لەدەستچووە. لە سەرەتاى نەوەتەکان بەشێک لە هێزەکانیان تێکەڵکرد و لیواى هاوبەشیان پێکهێنابوو، بەڵام ئەو ڕۆژەى بۆ شەڕى دژ بە یەکدی پێویستیان پێبوو بە نیو کاتژمێر لە بەریەک هەڵوەشانەوە. تەنانەت دواى پڕۆسەى ئاشتى و دواى تێکەڵکردنەوەى حکومەت و ڕێککەوتنى ستراتیژیى نێوانیشیان، ئەو هێزانەى لەژێر چاودێریی هاوپەیمانانیش یەکخرابوون و بۆ شەڕى داعش پڕچەککرابوون، لە 16ی ئۆکتۆبەردا بینیمان چەند بەخێرایى لەیەک جیاببنەوە.
ئێستاش ئەگەر لەژێر هەر گوشارێکدا و لەژێر هەر ناوێکدا هێزە چەکدارەکان تێکەڵکەن، لە هەر چرکەساتێکدا ناکۆکییان بگاتە ئاستێک کە هەست بە هەڕەشە و مەترسى بکەن بۆ سەر یەکدی، هێزەکان دەچنەوە ماڵەباوان. تێناگەم لەبەرچى ئەم بابەتەیان کردووە بە کێشە، کێشەیەک کە خەریکە ئاکامەکەى بە پشتتێکردنى دۆستەکانى کورد بشکێتەوە. ئایا ڕەوا نییە گومانى ئەوە بکرێت ئامانج لە درووستکردنى ئەم کێشەیە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوەیە ئەمریکا و هاوپەیمانان وردەوردە لە کوردستان نائومێد بن؟
وەزیرى پێشمەرگە نە دەستى لەکارکێشاوەتەوە، نە متمانەى لێوەرگیراوەتەوە، بەڵام وا بۆ دوو ساڵ دەچێت کار ناکات، وەک دەگوترێت ڕێگەى پێنادەن بچێتەوە سەر کارەکەى. هەفتەى ڕابردوو لە میدیاکان بڵاوکرایەوە کە وەزیرى کاروبارى کۆمەڵایەتى کە لەسەر پشکى بزووتنەوەى گۆڕانە لە حکومەت ماوەى سێ هەفتە پشووى وەرگرتووە و هەمان ڕۆژ وەزیرى دارایى کە لەسەر پشکى هەمان حیزبە بەوەکالەت ئەو وەزارەتەشى وەرگرت. نەدەکرا وەزارەتى پێشمەرگەش بەوەکالەت بەڕێوەببرێت و نەبێتە سەرچاوەى نیگەرانیی هاوپەیمانەکان لە هەرێمى کوردستان.
هەرچەندە پێدەچێت ئاستى نیگەرانى و نائومێدبوونى ئەمریکا و ئەو وڵاتاتەى کۆمەک بە هێزى پێشمەرگە و هەرێمى کوردستان دەکەن لەسەر خراپەکارییەکانى دیکە بێت و ئەمەى پێشمەرگەیان کردبێت بە پاساو. ئەگینا خۆشیان دەزانن ئەم هێزە چەکدارەى لە کوردستان هەیە بنەماى ئەوەى نییە بکرێتە هێزێکى نیشتمانى، چونکە لە بنەڕەتەوە لەسەر بنەمایەکی حیزبى و بۆ حیزب درووستکراوە، نەک بۆ نیشتمان. پێشتر زۆر هەوڵدرا و سەرکەوتوو نەبوو. هاوپەیمانەکانیش بەشێوەى فەرمى لە دەستپێکى شەڕى داعشەوە بە چەک بە مەشق و ڕاهێنان و تەنانەت بە کۆمەکى دارایش هاوکاریى ئەم هێزە دەکەن، لە دەستپێکى ئەم پڕۆسەى پشتیووانییەوە لە هەوڵى ئەوەدان ئەم هێزە چەکدارە لە دەستى حیزب دەربهێنرێت و بخرێتە دەستى حکومەت، بەڵام هەوڵەکانیان بێئاکام بووە. تەنانەت ئەگەر لەبەر دڵ و لەسەر داواى ئەوانیش تێکەڵ بکرێن، لە چرکەساتە هەستیارەکاندا بە نامەیەکى مۆبایلى بەرپرسێکى حیزبى لەیەک جیادەبنەوە و دەبنەوە ئامرازى دەستى حیزبەکان.
ئەگەر هاوپەیمانان خوازیارى ئەوەبوون لە هەرێمی کوردستان هێزێک هەبێت سەر بە حیزب نەبێت، تەنیا ئەو کۆمەکە دارایى و چەک و پێداویستییە سەربازییانەى ئەمریکا داویەتییە هەرێمی کوردستان بەس بوو بۆ ئەوەى لەدەرەوەى ئەم دوو هێزە حیزبییە هێزێکى نیشتمانى درووستبکرێت، بەڵام هاوپەیمانان ئەوەیان نەکرد، لە ڕووى چەکدارییەوە هەر ئاویان کردووەتە ئاشى بەهێزکردنى پارتى و یەکێتییەوە. ئاگایان لە هەموو وردەکارییەک هەیە، ئەوەش دەزانن چەند لەو چەک و کەرەستە سەربازییانەى داویانە بە هێزە هاوبەشەکانیش چەندیان لەلایەن هەردوو حیزبەکەوە براون، بەڵام هەر گوێیان پێنەداوە و بەردەوام بوون لە پشتیووانیکردنى پێشمەرگە.
هەرێمى کوردستان دووجار کەوتووەتە بەردەم هەڕەشە و مەترسى ڕاستەقینەوە، (شەڕى ئەنسار ئیسلام و شەڕى داعش) ، لە هەردوو ئەو مەترسییەدا ئەمریکا و هاوپەیمانەکان بە فریاى کوردستان کەوتوون. ئەگەر بە کۆمەک و پشتیووانیی ئەوان نەبووایا پێشمەرگە بە تەنیا نەیدەتوانى ڕووبەڕووى ئەو هەڕەشانە ببێتەوە. ئێستاش ئەگەر لە ترسى ئەمریکا و هاوپەیمانان نەبێت، هێزە هەرێمایەتییەکان هەر ڕۆژە و هێز و گرووپێک دژ بە کوردستان درووست دەکەن و دەینێرنە سەرمان. واتا هێشتا ئەوەى سەقامگیری و ئارامیی کوردستانى ڕاگرتووە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانین، بۆیە نابێت ڕێگەبدرێت ئەگەر لە بێباکییانە یان هەر هۆکارێکى دیکە، ئەم دوو هێزە ببنە هۆکارى پشتتێکردنى ئەم دۆستتانەى کورد. [1]