ناونیشان: حکومەت!
نووسەر:
ڕێبین ئەحمەد ڕەشیدڕێبین ئەحمەد ڕەشید
ڕۆژی دەرچوون:
31-07-202331-07-2023
فیزیای کوانتەم و تیۆریای سترینگ نییە، شتەکە زۆر ئاسان و سادەیە حکومەتەکان دووجۆر زیاتر نین:
حکومەتی خەڵک یان حکومەتی دیموکراتیک:
ئەو جۆرە حکومەتانەن خۆیان بە موڵکی خەڵک دزانن، هەموو وزەیەکیان لەپێناو خەڵک و بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بەخەرج دەدەن. لێرە حکومەت خزمەتکارەو تاک پیرۆزە، حکومەت کاری خۆی تەنیا لە درووستکردنی ڕێگاوبان و پرد و کارەبا و بەنداو و دابینکردنی پەروەردە و ئاوی پاک و تەندرووستی بێمەرج و پاراستنی ئابووری و ئەمنییەتی بۆ هاووڵاتییەکانی دەبینێتەوە، کەمتر خۆی لەبیرکردنەوەی کەسیی و پیرۆزییەکانی تاک هەڵدەقورتێنێت، باسی ئاڵا و نەتەوە و مەزڵومیەتی گەل و خوێنناکات، تەخوین و تەجسیس ناکات، ناسنامەی جاشێتی و باشێتی وەک چوکلێتی بەرات نابەخشێتەوە، تەنانەت خۆی لە قەرەی کاری دەوڵەتیش زۆر وەرنادات و دامەزراوە دەوڵەتییەکان بە مونافیس و ڕەقیبی خۆی دەزانێت. بەرژەوەندی گشتی سەنتەری بیرکردنەوەیەتی.
حکومەتی تاکەکەس یان ئایدیۆلۆژیی:
خەڵک بە موڵکی خۆی دەزانێت، نەک حکومەت و دەوڵەتەکە و پایەکانی، بگرە وزەی تاک بەتاکی خەڵکەکەش هەڵدەلوشێت و دیخاتە خزمەتی وەهم و ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو تا پێی بگات. لێرە حکومەت پیرۆزە و تاک مەیتەر و خزمەتکار و هەرزان، کاری بە تەسککردنەوەی بیرکردنەوەی تاک هەیە بۆ ئەو وەهم و بیرکردنەوە و دین و سوڵتەیەی کە خۆی باوەڕی پێیەتی. کە پێشی دەڵێن ئاو و کارەبا و پەروەردە و تەندرووستیمان دەوێ، با خواردنی ئێکسپایەر داخڵ نەبێت، گەر پارێزگاری لەپاک ڕاگرتنی ناکەیت هەوا بە ئەنقەست و بە دەستی خۆت پیسی مەکە، مەعیشەتمان خراپە، کارگە و پارەی وڵات هەمووی ئاودیو دەکرێت، ئەوا لەسەرێکەوە وەک خائین و جاش لە کەڕەنای میدیا پترۆ دۆلار و مەرزۆ دۆلارەکەیەوە جاڕت بۆلێدەدات و پێت دەڵێت دیارە تۆ سووکایەتی بە شۆڕش و ڕوبارێک لەخوێنی شەهیدان دەکەیت، بە بێ ئەوەی زیپکەی کەسێکی خۆی لە شۆڕشدا تەقیبێت، لەسەرێکی دیکەوە هەندێ کەسی زمانپیسی بێ فیکر و ڕوئیای خۆڵەمێشی و بە حیساب بێلایەن و سەربەخۆییخوازت تێ بەردەدا بۆ ئەوەی ترس و دڵەڕاوکێ بڵاوبکەنەوە، شاوری جاشایەتی لێدەدەن، دەڵێن بڕوانە چواردەورمان چۆن بە دوژمن تەنراوە، بەغدای عروبە و ئانکارای فاشی و تارانی ڕافیزی لە کەمیندان بۆمان، شۆڕش بۆ ئەوە بوو تۆ بێیت داوای ئاو و کارەباو غاز بکەیت؟ هەشتا ساڵ خەباتمان بۆ قوتابخانەی منداڵی تۆ کرد؟ بە یەک وشە ئەم وەهم سەنتەری بیرکردنەوەیەتی.
[1]