ناونیشان: کێ گۆڵ بکات چۆن گۆڵ بکەین؟
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #03-08-2023#
لە نوێترین وتاری خۆیدا و پاش درووستبوونی کێشەی دواکەوتنی مووچە، #عادل باخەوان#یش وەک هەموو خەڵک دەرکی بەوە کردووە کە کێشەمان هەیە هاتووە چارەسەری بۆ کێشەکانی کوردستان دۆزیوەتەوە و لەڕەچەتەیەکدا دەڵێت لەبری بەرگریکردن پێویستە هەرێمی کوردستان هێرش ببات و گۆڵ بکات. نووسەران و ئەکادیمیسیانان لە دونیادا بەوە ناسراون کە پێش ڕوودانیان هەست بە ڕووداوەکان دەکەن و ڕەچەتەی درووست دەنووسن، لای ئێمە نووسەریش وەک خەڵک ناتوانێت خوێندنەوە بۆ داهاتوو بکات.
جیاواز لە دکتۆر باخەوان کارل پۆپەر پێی وایە پرسیارەکە دوهەزار ساڵانەکەی ئەفلاتون وا بۆ بیست سەدە زیاترە شێوازی حوکمڕانیی بە خۆیەوە مەشغوڵ کردووە. بەبێ قڵپ کردنەوەی ئەو پرسیار و دەرچوون لە هەژموونی ئەفڵاتونیزمی سیاسی مەحاڵە حوکمڕانیی باش سەری بخرێت. پرسیارەکەی ئەفلاتوون ئەوەیە کێ دەبێت حکومەت بگرێتە دەست و ببێتە حوکمڕان؟ مێژووی وەڵامەکان جیاوازن، هەندێک دەڵێن دەبێت ئەو کەسە عادل بێت، هەندێکی دیکە دەڵێن دەبێت حەکیم و فەیلەسوف بێت، هەندێکی دیکە وڵامیان ئەوە بووە کەسی حوکمڕان دەبێت زانا و دانا بێت هتد..؟
کارل پۆپەر پێی وایە دەبێت گۆڕانکاری لە ئەسڵی پرسیارەکەی ئەفلاتووندا بکرێت و قڵپ بکرێتەوە، چونکە لەخۆیدا ئەم پرسیارە ناتەواوە. پۆپەر پێی وایە دەبێت پرسیارەکە بەم شێوەیە بکرێت حوکمڕانی دەبێت چۆن و بە چ شێوەیەک بکرێت، ئیدی کەسەکە گرنگ نییە کە کێیە کە دەبێتە حوکمڕان. حوکمڕانی درووست دەبێت لە کەس سەنتەرییەوە بگوازێتەوە بۆ میتۆد سەنتەریی و لە کەسایەتییەوە بگوازێتەوە بۆ چۆنێتی
بەبۆچوونی پۆپەر کەسێکی باش لە سیستمێکی گەندەڵدا دەشێت حوکمێکی خراپ بکات و بە پێچەوانەشەوە. بەشێکی زۆری بیرمەندانی فەلسەفەی سیاسەت پێیان وایە ئەو کارەی کە جان جاک ڕۆسۆ کردی هیچی کەمتر نەبوو لە شۆڕشەکەی کۆپەرنیکۆس و دۆزینەوەی بیردۆزە گرنگە فیزیاییەکان. ڕۆسۆ باوەڕی وابوو هیچ کەسێک نییە لە ئەگەری پێدانی دەسەڵاتێکی زۆردا فاسد نەبێت، هەمیشە وابووە حوکمی موتڵەق فەسادی موتڵەق جێکەوت دەکات. بیردۆزە سیاسییەکەی ڕۆسۆ جەختی لە لێکهەڵوەشاندنی دەسەڵاتەکان تفکیک مفهوم القوة دەکردەوە ، بە جۆرێک شتێک بەناوی حاکمی موتڵەق بوونی نەمێنێت، چونکە بەبۆچوونی ئەو هەموو حوکمێکی موتڵەق فەسادێکی موتڵەق بەدوای خۆیدا دەهێنێت.
بیرۆکەی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکانی دادوەری و یاسادانان و جێبەجێکردن بیرۆکەیەکی ڕۆسۆییە. ئەوەی توانی کڵێسا و لویس و قەیسەر و پادشا و حاکمە موتڵەقەکانی ئەوروپا بشکێنێت و شۆڕشی ڕێنیسانس درووست بکات ئەم عەقڵە گەورانەی پشت سیاسەت بوون، نەوەک مۆلۆتۆڤی گەنجێکی حەماسیی پاریس و ئەو ئاگر و ئاسنەی لە شۆڕشی پیشەسازییدا ڕژان بەسەر لویسەکاندا.
هیندییەکان دەڵێن ئەوەی ڕازی نەبوو کورسییەکەی بەجێبهێڵێت بزانە ژێر خۆی پیس کردووە، جا دەسەڵاتی موتڵەق و هێزی ڕەها بەردەوام فەرمانڕەوایان و دیکتاتۆرانی لە مێژوودا تووشی ژەهراویبوون و سکچوونی سیاسیی کردووە و دواتر لە ترسی دەرنەکەوتنی عەیب و عاریان کورسییەکانین پێ چۆڵنەکراوە و باجەکەی هەر میللەتەکەیان داوێتی.
بەبۆچوونی بەندە گەورەترین کێشەی سیاسەت و حوکم و شۆڕشی کوردیی نەبوونی ماستەرمایند و و فیکر و عەقڵی گەورەی سیاسییە لە پشت جوڵەکانەوە. تازەترین لێدوانی بیرمەندێکی موخەزرەمی پاریسی/#هەڵەبجە#یی حوکمڕانەکانی #هەولێر# ئەوەیە هەرێمی لە جیاتی بەرگریکردن واچاکە هێرش ببات و گۆڵ بکات وەک لەوەی گۆڵی لێبکرێت. ئەم بیرمەندە لێی تێکچووە و نازانێت کورد ئەمڕۆ ئەسڵەن لە بنەڕەتەوە لەیارییەکەدا نییە و وەک هەواداریش ئاوڕی لێنادەنەوە تا ئەوەی هێرش ببات و گۆڵ بکات، بۆچی؟ چونکە بێ فیکر و بێ ڕوئیایە، سیاسەت ناکات، کۆنە قین بەبا دەدات و لە کوورتترین وەڵامیشدا کەسانی موخەزرەم و بێ ڕوئیای وەک ئەم بیرکەرەوەکەینی. نەک هەر ئەم ئەوەیە هەیە بە درێژایی هەشتا ساڵی ڕابردوو لەژێر ناوی سوپایەک لە پەرتووکنووس و ڕۆشنبیر و بیرمەندی سیاسیی و کۆلێژەکانی سیاسەت، هیچ نەبوون جگە لە کۆمەڵێک چاپلوس و خزمەتکاری حاکمە موتڵەقەکان و سەرانی حوکمی موتڵەقی شۆڕش و دەسەڵات و حوکمڕانیی. دەنا بە چ دینێک ڕەوایە تۆ هەشتا ساڵە خەبات بکەیت بەڵام پەرتووکێک، ئارتیکڵێکی زانستی، یان پەرەگرافێکی وا زانستیت نەبێت لەسەر ئەو جوڵەو شۆڕشانەی سەد ساڵی ڕابردوو بۆ ئەوەی بتوانیت وەریانگێڕیتە سەر زمانێکی زیندووی جیهان و بتوانیت لە زانکۆیەکی موعتەبەردا ئیڤێنتێک، سیمینارێک یان کۆڕێکی بۆ ڕێکبخەیت و دونیای دەرەوە لە هەشتا ساڵی ڕابردووی گەلەکەت تێبگەیەنیت. [1]