ناونیشان: میز و گمێز و میزدۆش
نووسەر: #ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ڕۆژی دەرچوون: #14-08-2023#
بەشێکی خوێندنەوەی بەردەوامم خوێندنەوەی فەرهەنگە بەتایبەتیی فەرهەنگی وشەی کوردی، ڕیشە و ئیتیمۆلۆجیای وشە زۆرجار نوقمی خۆیانم دەکەن و ناتوانم لە سیحری ئەو زانستە دەرچم. بە گوێرەی پسپۆڕییەکەم و خوێندنی پسۆڕیی لە نەشتەرگەری گورچیلە و نەخۆشییەکانی کۆئەندامی میزەڕۆ و نەزۆکی پیاواندا مەراقم بوو بزانم لە کوردیدا بە وشەی (حالب-Ureter) دەگوترێت چی! چەند فەرهەنگێکی کوردی و فارسی و تورکی گەڕام هەندێ وشەم وەک بەرچاو کەوت بەڵام جوانترینیان کوردییەکە وشەی میزدۆش بوو. میزدۆش ئەو بۆرییە 25 سانتیمەترییەیە کە میزی نێو گورچیلەکان بە میزەڵدان دەگەیەنێت، میزگوێز و میزبەریشی پێ دەڵێن، بەڵام میزدۆش جوانترین وشەیەکە بشێت بۆی دابنرێت. وشەی (ureter) لە سەدەی حەڤدە هاتۆتە نێو فەرهەنگی زانستیی زمانی ئینگلیزییەوە، ئەم وشەیە لە (uretère)ی فەرەنسییەوە بازی داوەتە نێو ئینگلیزییەوە، بنەچەی وشەکەش لە بنەڕەتدا گریکییەو و لە وشەی (ourētēr)ەوە وەرگیراوە کە بەمانای فڕیدانی میز دێت. لەڕاستیدا میزدۆش یان حالب میز فڕێ نادات بەڵکوو وەک کاری دۆشین لە گورچیلەوە میز دادەدۆشێتە نێو میزەڵدانەوە. بەبڕوای من وشە کوردییەکە زیاتر لەگەڵ سرووشت و فیسیۆلۆژی ئەو بۆرییە دێتەوە. هەرچەندە نازانین لە لاتینیدا ئەم وشەیە لەچییەوە هاتووە، بەڵام ئەوەندە دەزانین یەکەمجار هیپۆکرات ئەم وشەیەی بەکارهێناوە و دواتر ئەرەستۆش جەختی لێ کردۆتەوە.
وشەی میزدۆش لەکوردیدا زۆر دەقیق و گونجاوە بۆ ناونانی ئەم بۆرییە، چونکە ئەم بۆرییە بە میکانیزمێکی دۆشین میزی نێو گورچیلەکان دادەدۆشێتە نێو میزەڵانەوە، هەمان ئەو دۆشینەی کە ئێمە لە دۆشینی شیری مانگادا بەکاری دەهێنین بەڵام دۆشینەکەی میزدۆش خودکارە و پێویستی بە فاکتەر یان دۆشەرێکی دەرکی نییە تا ئەم میزە دادۆشێتە نێو میزەڵان، میزدۆش خودی خۆی ئەم دۆشینە ئەنجامدەدات و لە زمانی زانستدا بەم دۆشینە خودکارە دەڵێین (Peristalsis). گەر هەر هەڵەیەک یان کەموکوورتییەک لەم دۆشینە خودکارەدا ڕووبدات ئەوا فشاری میزەڵدان کارێک دەکات میز بگەڕێتەوە بۆ گورچیلەکان بیان ئاوسێنێت و دواتر لە کاریان بخات.
لێرەدا لە وردی و دەقیقی ئەم ناوە تێدەگەین کە لە کوردیدا بۆ ئەم ئەندامە هەیە، دەقیق لە ناوەکەیەوە کاری ئەندامەکە ڕوون دەبێتەوە: میزدۆش.
بە بیانووی میزدۆشەوە بەشوێن تێرمە کوردییەکانی دیکەی کۆئەندامی میزەڕۆدا ڕۆیشتم، ناوی زۆر ئۆرجیناڵ و ناوازەم بۆ کار و فەرمان نەخۆشییەکانی ئەم کۆئەندامە بەرچاو کەوت کە پێم خۆشە لەگەڵ ئێوە هاوبەشی پێ بکەم نەک شەیر یان بەشی بکەم.
-گمێز، میز، مێز، شاش، شوش، شیش: شلەیەکی زەردباوە، 95 لەسەدی ئاوە، هەندێ ماددەی وەک یوریا و خوێی وەک سۆدیۆم و پۆتسایۆمی تێدایە، لەگەڵ ژەهرەکاندا گورچیلە لە لەش دەیانکاتە دەرەوە.
-میزدۆش، میزبەر، میزگوێز، میزەڕۆ: بۆرییەکی 25 سانتیمییە میز لە گورچیلەوە بۆ میزەڵدان دەگوازێتەوە.
-میزەڵدان، موسڵدان، تیرانگ، چورکەو، شیشڵدان، فودانە، میزەڵان، دەبدەبە، شوشڕدان، فوکەرە: تورەگەیەکی میزەڵان ئاسایە میزی گورچیلە لە میزدۆشەوە وەردەگرێت.
-میزە ترسێ: ترس لە میزکردن
-میزەچوڕکێ، چورتەمیزە، دەڵەگمێز، دەڵەمیزە: هەموویان بەواتەی دەرپەڕینی میز دین بەبێ ویستی خاوەنەکەی (Incontinence) بەشێکی زۆری ئەم دۆخە زیاتر لە ژناندا زۆرە کە لەپاش منداڵبوونی سرووشتی بەهۆی زیادبوونی فشاری سەر ماسوولکەکانی حەوز و دواتر گرژنەبوونەوەیان کارێک دەکات دەرچەی کونی میز شل ببێتەوە و لەکاتی کۆکین یان پژمین و زیادکردنی پەستانی ناوسکدا خۆنەویستانە میز فیچقە بکات و دەرپەڕێت. پێدەچێت وشەکانی دەڵەگمێز یان دەڵەمیز زیاتر مەبەستیان پێی ئەو دۆخە بێت کە توشی ژن دەبێت، چونکە دەڵ لە کوردیدا ئاماژەیە بۆ مێیەی سەگ، گەر ئەم گریمانەیە ڕاستبگەڕێت و ئەم پێشگرە نەشیاوانە بۆ وەسفی ئەم دۆخە لەژناندا بەکارهاتبێت ئەوا
دەرخەری ئەو ڕاستییەیەکە نێرسالاری و بەکەم تەماشاگرتنی ژن چۆن تەنانەت سنووری زمان و دەربڕینیشی بڕیوە. خۆ گەر مەبەستەکە ئەمە نەبێت و تەنیا دۆخەکەیان پێ چواندبێت، ئەوا قسەکە دەبێت جۆرێکی دیکە بکرێت، لە یوتیوب تەماشای میزکردنی دەڵی سەگم کرد دەقیق بە چرکەچرک و بچڕ بچڕ میزدەکات، تەواو بە شێوازی میزەچورکێ دەمیزێ.
-پاشەمیز (Postvoid dribbling) واتە میزەچورکێی پاش میزکردنی خۆویستانە، پاشەمیز لەوە لە میزە چورکێ جیا دەکرێتەوە کە پاش مێزکردن ڕاستەوخۆ چەند قەترەیەک یان بڕێک میز خۆنەویستانە لەکاتی هەستان و خۆشۆردن دێت ومرۆڤ لە نوێژ دەبات، بەڵام میزەچورکێ کاتی بۆ نییە و بەردەوامە
-کەسێک کە خۆویستانە زۆرزۆر میز بکات پێی دەڵێین میزەک، بەڵام گەر ئەم میزە زۆرە خۆنەویستانە بێت پێی دەڵێین کونە میز یان میزن. کەسێک کە شەوان میز بەخۆیدا بکات پێی دەڵێن میزەڵ، گەڵمیزیان گەڵەمیز.
لە کوردیدا بە کونی میز دەڵێن میزۆک، گەر میزۆکی میزەکەی لەژێر چوکی دابێت پێی دەڵێن پەری بڕ. گەر منداڵێکی کوڕ لەبێشکەوە میز هەڵبدات پێی دەڵێن میزبەزێن، گوایە منداڵی میزبەزێن منداڵێکی بەشەنسە و داهاتووی ڕوونە!
-بە گەڕانەوەی میز بۆ میزەڵدان و ناتوانایی لەکردنی دا دەڵێن میزجەڕان (retention) . میزجەڕان دۆخێکی کتوپڕە دەبێت خێرا کەسەکە لە میزۆکییەوە سۆندەی بۆدابنرێت و میزەڵدانی خاڵی بکرێتەوە. ئەم دۆخە بەهۆی زلبوونی پرۆستات، تەسکبوونەوەی بۆری میز، بەرد یان هەرهۆکارێکی دیکەی گیرانەوە درووستدەبێت.
میزێک خوێنی لەگەڵ بێ پێی دەڵێن میزەخوێن، خۆ گەر شەکری تێدابێت و دواتر میروولە لە میزەکە بدەن پێی دەڵێن شەکرە میز. [1]