ناونیشانی بابەت: پێشوازیکردن لە ساڵی نوێی خوێندن
ئامادەکردن و نووسین: ڕەئوف ئالانی
(هەرکەسێک دەرگای قوتابخانەیەک بکاتەوە، دەرگای زیندانێک دادەخات-ڤیکتۆرهوگۆ)
گرنگترین پلان بۆ ساڵی نوێی خوێندن بریتییە لە چۆنێتی و شێوازی پێشوازیکردن، چونکە ئەوە دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ ئەوەی دڵی هەموو منداڵان خۆشبکرێت، تام و چێژی ئەو ڕۆژە دەبێتە هاندەری بەردەوام بۆ ساڵەکە، چونکە ئەو هەنگاوە دەسپێکێکی گرنگە لە پڕۆسەی پەروەردەدا، لەبەر ئەو هۆکارە گرنگەی ئاماژەمان پێدا، هەموو قوتابخانە و خوێندنگەیەک پێویستی بەدانانی ئەو پلانە هەیە، بەبۆچوونی ئێمە پلانی پێشوازی لە ساڵی نوێی خوێندن بەگشتی و قوتابیە تازەکان بەتایبەتیی لەم هەنگاوانە کوورت دەکرێنەوە:
1- خۆ ئامادەکردنی دەستی مامۆستایان و لەبەرکردنی جلوبەرگی جوان و شایستە و پەروەردەییانە.
2- ڕازاندنەوەی قوتابخانە بە وێنەی ڕەنگاوڕەنگ و نەخش و نیگاری سەرنجڕاکێش.
3- ئەنجامدانی چەند یاریەکی هەمەڕەنگ و بەشداریپێکردنی قوتابییان.
4- ئامادەکردنی چەند سروودێکی پەروەردەیی.
5- بەخێرهێنانی منداڵە تازەکان و ئامێزگرتنەوە و دەربڕینی هەست و سۆز و نەرمونیانی بۆیان.
6- پێشکەشکردنی چەند دیاریەک بە منداڵان.
7- ناساندنێکی کوورتی قوتابخانە و باشەکانی.
8- خۆناساندنی مامۆستایان بە منداڵان و دەسخستنە ناو دەستیان یەکە بەیەکە.
9- ئاهەنگێکی خنجیلانە بۆ یەکترناسینی منداڵە تازەهاتووەکان سازبکرێت.
ئەم هەنگاوانە دەبنە فاکتەری کردنەوەی دەرگای ئومێد و خۆشەویستی قوتابخانە لەلای منداڵان، هۆکارێکیش دەبێت بۆ دڵخۆشکردن و زەردەخەنەی منداڵان، لەسەر دڵخۆشکردنی منداڵان (محەمەد عەلی کلای) دەڵێت: (زەردەخەنەی منداڵان باشترین شتە لە جیهاندا، برینەکان ساڕێژ دەکات و ژیان گەشاوەتر دەکات) .
ڕاستە قوتابخانە و خوێندنگە ئەرکی گەورە و گرنگیان لەسەر شانە بۆ بەرەو پێشبردنی پڕۆسەی پەروەردە، بەڵام هەر ئەوان بەتەنیا ناتوانن ئەرکەکە سەربخەن و هەنگاوەکان تەواو بکەن، بەڵکوو لەسەر لایەنی پەیوەندیدار و بەرپرسیشە، هاندەر و هاوکار و پشتیوان بێت بۆ گەیشتن و سەرخستنی ئەم ئامانجە، ئەویش بە دابینکردن و بە ئەنجام گەیاندنی پێداویستییەکان و خزمەتگوزاریەکان، لە بینای خوێندنی باش و گونجاو و دانانی مامۆستا و کەلوپەلی قوتابخانە و پێویستییەکانی خوێندن.
- لایەنێکی تریش کە ئەرکی لەسەرشانە کەسوکاری قوتابییان و دایک و باوکەکانیانە، ئەوانیش ئەرکی گرنگیان لەسەرە بە پشتگیریکردن و هاندان و خزمەتکردنی ڕۆڵەکانیان و هاوکاریکردنی قوتابخانە لەپێناو ئاییندەی گەشی ئەو منداڵانە.
(لێوتۆڵستۆی) دەڵێت: (منداڵان پێویستە شوێنێکی تایبەتیان هەبێت لە ژیاندا، ئەوان ئەو هیوایەن کە دەبێت بەرهەم بهێنرێن) .
لەمەوە کاکڵەی بیر و خزمەتکردنی منداڵان و دابینکردنی ئەوەی پێویستە بۆیان دەردەکەوێت، چونکە
ئەوان تاقە هیوای ئاییندەن کە دەکرێت لەو ڕێگەیەوە بگەین بەو بەرهەمەی کە ناوی خۆشگوزەرانی و ئاییندەی ڕوون و گەشە بۆ داهاتومان.
ئەوەی تا ئێستا وەک پێویست سیستەمی پەروەردەی ئێمە خەمی نەخواردووە و هەوڵی بۆ نەداوە، گرنگیدان بووە بە لایەنی هەست و سۆز و ویژدانی، هەروەک سەردەم و زەمەنی کۆنتر و کەمێک گۆڕانکاری نەبێت بەسەریدا نەهێنراوە، کە دەکراو پێویست بوو ئەوەندە گۆڕانکاری بەسەردا بهاتایە، هەموو یاسا و نەریتە کۆن و خراپەکان شۆڕشیان بەسەردا بکرایە، نەک لە هەمان بازنەدا بخولێینەوە، ئەم دەربەست نەبوون و خەمساردیە وایکردووە، پڕۆسەی پەروەردە وەک پێویست گەشەنەکات و کۆمەڵگەکەشمان، هەروا بەستەی عەقڵی خێڵ و هۆزبێت، کەی قوتابخانەکانمان بوون بە ئەو جێگەیەی منداڵان تێیدا ئارام بگرن؟ ئاسوودەیی لەناویاندا هەستی پێبکرێت؟ ژینگەی فێربوون و ئاڕاستەکردنی پەروەردەی سەردەم و هاوچەرخ بوون؟ هەموومان وانەکانی ژیانی لێدەخوێنین و فێردەبین، زانای گەورە و ناودار (ئەلبێرت ئەنیشتاین) بەمجۆرە پێناسەی قوتابخانە دەکات و دەڵێت: (لە قوتابخانە وانەیەکت پێدەڵێنەوە و دواتر تاقیت دەکەنەوە، بەڵام ژیان تاقیت دەکاتەوە و دواتر وانەیەکت پێدەڵێتەوە) .
پاش ئەوەی گرنگی و بایەخی شێوازی پەروەردەییانەمان باسکرد، دەکرێ چەند پرسیارێک بکەین، بزانین سیستمی پەروەردەی ئەم هەرێمەی لەمەڕخۆمان، تاچەند ڕەچاوی ئەو گرنگیدانەی بۆ پێشوازیکردنی ساڵی نوێ پێویستە، ڕەچاوکراوە؟
1- چ پلانێک هەیە لەلایەن وەزارەت و پەروەردەکانەوە بۆ ساڵی نوێی خوێندن؟
2- چەند قوتابخانە پلانی پەروەردەیی هەیە بۆ ئەو مەبەستە؟
3- ئەوڕێنماییانە کامانەن کە گشتاندنیان بۆکراوە بۆ ئەو مەبەستە؟
4- چ کارێکی هەماهەنگی کراوە لەگەڵ مامۆستایان و کەسوکاری منداڵان بۆئامادەکاریەکانی ساڵی نوێی خوێندن؟
لەگەڵ ئەوەی هەمووکارێکی باش و کردەییەکی شیاو و گونجا و دەکرێ بە پەروەردەی درووست سەیربکرێت، بەڵام وەک (حەسەن کەمال) دەڵێت: (چوونە قوتابخانە جیاوازە لە پەروەردەکردن) .
کەواتە بەتەنیا چوون بۆ قوتابخانە، ناکاتە ئەوەی پەروەردەیەکی تەواوبێت، دەکرێت بەهەنگاوێکی درووست و پێویست هەژماربکرێت.
عەقڵی ڕەخنەگرانە بەشێکی گرنگ و پێویستی پەروەردەیی هاوچەرخ و سەردەمە، بینینی ئەو شێوازە بۆ ژیان جێی کەڵک و ئامانجی داهاتووی تاکی بەئاگاو ڕەخنەگرە، بۆیە بەوتەیەکی (تۆدۆرۆڤ) کۆتایی بە وتارەکەم دێنم کە دەڵێت: (لە قوتابخانە فێری ئەوە ناکرێین کە بەرهەمە ئەدەبییەکان باس لە چی دەکەن، بەڵکوو فێری ئەوەمان دەکەن کە ڕەخنەگران باسی چی دەکەن) . [1]