ناونیشانی بابەت: لە شەقراوێ لۆ نەمسای/ بەشی هەڤدەیەم
پاش نۆ سار عاشقاتی خیانەتی لێ کردم!/ بیرەوەرییەکانی هونەرمەند رزگار خۆشناو/
نووسینی: #ڕزگار خۆشناو#
پاشی نۆ ساری عاشقاتی بابان وێرانێ خیانەتی لێ کردم و مێردی بە ئێکیدی کرد، هەر لۆیەش لە بەغدایێ هاتمۆ #هەولێر#ێ و ڕۆژەکی پاشی ویش چوومە شەقراوێ و خۆم گەیاندە (شەونم)ی، بەس لەبەر یەک سوئالی: لۆ؟
هەرکوەکی بوو پاش مەغریبێ کە دنیا تاریک بوو، خۆم گەیاندێ، باب و داکی لە ژۆرێ بوون، ئەویش لە حەوشێ مارێ قاپیەشووشتن، کە ئەمنی دیت، زۆر ترسا و ویستی هاوار کا! بەران ئەمن بە ئیشاڕەت تێم گەیاند کە نەترسێ و هاوار نەکا! گۆتم: ئەرێ ئەوەی گێم لێ بووە ڕاستە، کە قەولە مێردی بە فلانی بکەی؟ ئەویش گۆتی: ئەرێ وەڵڵا ڕاستە! حەڵقەکەی پیشان دام! گۆتم: باشە ئەدی ئەمە سوندن لۆ ئێک نەخوارد؟ ئەدی نۆ سار عیلاقەمان نەبوو؟ حەزن لێکناکرد؟ هەمووت لەبیر چوو؟
لەجیاتی جوابمداتۆ هەر ئەیگۆت: ڕەجات لێکەم بڕۆ، نەکا داکم یا بابم بێنە دەرێ و بتبینن! ئەمنیش حسم کرد کە هەر ئەیوێ بەڕێمکا! گۆتم: ئەوجا چیە با بێنەدەرێ! هەر چنەبی شکاییەتیان لەکنەکەم کە ئەتوو خیانەتت لێ کردم! هەنکە پێم برێ لۆ ڕازی بووی مێردی بەو گاجۆتەیبکەی، لە من پیاوترە؟ لە من مهمترە؟ لە من باشترە؟ هەتا هەنکە ئەوهەم نەدیتبوو! دموچاوی زەرد هەرگەڕابوو، قسەی پێناکرا! گۆتم: بەس پێم برێ لۆ؟ لۆ ڕازی بووی مێردی پێبکەی؟ جوابەکەی ئەوە بوو: برام زۆری لێ کردم و مەجبووری کردم! ئەمنیش نەمتانی برێم ناکەم و عیلاقەم لەگەر ئێکیدی هەیە و ئەتووش تووشی موشکیلەی بکەم! گۆتم: باشە ماتوول وهایە، حەزەکەم پێت برێم موبارەکەو پێکران ژیانەکی خۆش بژین، چونکە پێشتر، زۆر جار لە کاغەزەکانی لۆمەناردی ئەمنووسی، ئەگەر لەگەر ئێکیدکە ژیانەکی خۆشتر دەبەیە سەرێ، ئەوە ئەمن هیچ مانەعەتم نیە و، نابمە باعیسی بەختتو ژیانت! خواحافیز، عەفوومکە کە هاتمە ئێرە و ئیزعاجم کردی!
کو بە دزی هاتم، ئەوهاش بە دزی ڕۆیشتم، بەران هەر کو فکرم لێکردۆ /بێ حاسەی شەشەمیش/ قسەکانی ناچوە ئەقرم! زۆر حەزمەکرد قەناعەت بە قسەکانی بکەم! بەران مێشکم قسەکانی ئەوی هەزم نەدەکرد! هەرکوەکی بوو، محاوەلەمەکرد خۆ ئیقناع کەم و شتەکەی لەبیرکەم. بەران لۆ من گەلەک زەحمەت بوو، وهە نۆ ساری عاشقاتی و، کاغەز گۆڕینەوە و لۆ ئێکدی بژی، بە ئێک دوو ڕۆژی لەبیرەخۆبەیەوە! شەوێ لە شەقراوێ نووستم و، ڕۆژێ دوایێش گەڕامۆ هەولێرێ. هەر لە ڕێی هەولێرێ فیکرەی شیعرەکم لۆ هات بە ناوی (بێ وەفا بۆچی؟)
بێ وەفا بۆچی بۆ بەجێت هێشتم؟ لە خۆشەویستی چیت بۆ نەهێشتم
بۆچی پێم بڵێ گوناهم چی بوو؟ خۆ دەردەسەری تەنها من چێشتم
بۆ پێت نەگوتم هەر لە یەکەم جار؟ بە دەزگیرانی و بە دۆست و بەیار
تاوەک و تووشی دەردی دڵ نەبام ئاخم هەزار ئاخ منم گرفتار
کاتێ حەڵقەم دیت لەم پەنجە نەرمە قەت بڕوام نەکرد دڵ جارێ گەرمە
دەستی یەکێکت گرتووە نەناس منت لەبیر کرد قەت نەتووت شەرمە
شەرت بێ تا ماوم دڵ بە کەس نەدەم بە هیوا بژیم ئومێد بەرنەدەم
بە فرمێسکی چاو و تۆم بێتەوە یاد ناوی تۆش دەبێ سەرزار بێ هەردەم
ئەو شیعرەم لۆ هات و زوو نووسیم و زۆریشی نەبرد تەلحینیشم کرد! هێشتا هەر لە هەولێرێ بووم و نەگەڕابوومۆ بەغدایێ، ڕۆژەکی برادەرەکم کە ناوی (نەشئەت حەمید ڕەئووف)* بوو یادی بەخێر، بە سودفە ئەمنی دیت، گۆتی: زەوقت هەیە لە حەفلەی عید میلادی برادەرەکی من، پێکڕان هەندەک مۆسیقەی لێدەین؟ ئەمنیش زۆر وەزعم خراپ بوو، بێ زەوق بووم و لە خوام دەویست شتەکیبکەم موشکیلەکەم لەبیربباتن! گۆتم: کەنگینێ؟ گۆتی: سبەی شەوێ گۆتم: باشە حازرم! پاشماوەی مایە...
* (نەشئەت حەمید ڕەئووف) مۆسیقارەکی کۆیێ بوو نای عەزفەکرد، لە عەینی وەختیش مهەندیسەکی زڕاعی بوو. پاشی من بە چەند سارەکی خۆی ژنەکەی هاتنە نەمسای و ماری لە ڤیەننای بوو مەعەلئەسەف هەر لەوێش جەڵتەی دەماغ لێی داو ئەمری خوای کرد و خێزانی و دوو کوڕەکانی هەر لە نەمساینە.[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!