ئەم پەرتووکەکە هەوڵ و تێکۆشانی چەند ساڵەی کاک برایمە و تێیدا پوختەی ژیان و بەسەرهاتی کۆمەڵێک لە فەرماندە شەهیدەکانی حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە تەواوی هێزەکان، لە قۆناغی بەرگری چەکدارانەی نەتەوەکەمان لە ساڵی
1358 تا ئێستە، لە فەرماندەری لک، جێگری هێز، سەرپەرستی هێز، فەرماندەری عەمەلیات، فەرماندەری هێز، بەرپرسی کۆمیتە شارستان و ڕیبەرایەتی لەخۆ دەگرێت. ژیان و بەسەرهاتی 164 فەرماندەی قارەمانانی گەلەکەمان کە بە شێوازێکی پوختە لەم پەرتووکەیدا تۆمار کراوە. ئامانجی نووسەر نووسینی ئەم پەرتووکە، ڕێزگرتن و پێزانیینە بەرانبەر بەم مرۆڤانە کە لەپێناوی ئازادی و سەربەستی نەتەوەکەمان باشترین سەرمایەی ژیانی خۆیان بەسەخاوەتەوە بەخشیوە، بەئەنجام بگەیەنێت. ئەم پەرتووکە دەتوانرێت وەک سەرچاوەیەکی مێژوویی نەتەوەکەمان بەتایبەت مێژووی حیزبی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەڵکی لێ وەربگیردرێت و نەسلەکانی داهاتوو ئەو ڕۆژەی بەئازادی دەگەن، بە خوێندنەوەی سەربوردەی ئەو ڕۆڵە فیداکارانە بزانن کە باب و باپیرانیان ئەو ئازادییان بەچ نرخێک دەست کەوتووە و بۆ ئەوەی ئەوانیش بەرانبەر بە نیشتمانەکەیان ئەرکدار و وەزیفەشناس بن.
وردبوونەوەیەکى کەم لە ژیننامەى فەرماندە شەهیدەکانی حیزبی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەو ڕاستییە دەردەخات کە نووسەر سەرکەوتوانە ناو و تایبەتمەندیى بنەماڵەیى، ڕێکەوتى لە دایکبوون، ڕادەى خوێندەوارى، ڕێکەوت و چۆنییەتى وتەنانەت هۆکارى چوونە ناو ڕیزەکانى پێشمەرگەى حزب و ڕادەى بەجەرگى وئازایەتى، ناوى ئەوشەڕانەى کە شەهیدان بەشداریان تێدا کردووە و فەرماندەییان کردووە دوایین شەڕ و پێکدادانێک کە تێیدا شەهید بوون، شوێنى شەڕەکە ناوى هاوڕێیانیان لەو دوایین شەڕەدا ڕوون کردۆتەوە و شاکارێکی گەورەی نواندوە. کە ئەو پەرتووکەکە دەخوێنینەوە فەرماندەرانی شەهید، دەبینین تایبەت بەناوچەیەک و شارێک نین، بەڵکوو لەداڵاهۆ و کرماشانەوە بگرە تا ورمێ و سەڵماس، زێدی ئەوانە، شوێنی لەدایکبوونی ئەوانە و شوێنی چالاکی ئەو فەرماندەرانەیە. ئەمە ئەوەی دەردەخا شعوری نەتەوایەتی، هەستی نەتەوایەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەندی پەرە ئەستاندوە.
قەڵەمى نووسەر پڕ لە ڕێزو خۆشەویستى بۆ شەهیدەکان ولە ڕاستیدا پەرتووکەکە، فەرهەنگێکى زانیارییە، لەسەر ئەو بابەتە تایبەتە واتە شەڕى پێشمەرگەى دێموکرات لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى. خوێنەر بە خوێندنەوەى پەرتووکەکە بە تەواوی بۆی ڕوون دەبێتەوە نووسەر بەشێکى جیا نەکراوە بووە، لەبەشێک لەو شەڕو ئازایەتى و خەبات و پێشمەرگایەتییەى وا فەرماندە شەهیدەکان کردوویانە و هەر بۆیەش لە ڕاگەیاندنى ڕووداوەکان گەلێک سەرکەوتووە، لە لایەکەوە یادى ئەو خزمەتکارە دڵسۆزانەى نیشتمانى کورد زیندوو ڕابگیرێت و لە لایەکى دیکەشەوە وەک بەڵگە بۆ جینایاتى ڕێژیمى کۆمارى ئیسلامى لە کۆروکۆمەڵە جیهانییەکاندا کەڵکیان لێ وەربگیرێ.
هەروەها وتەکانی دوکتور سمایلی بازیار زیاتر پەرتووکەکەی نەخشاندوە.
[1]