#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بۆ پاراستنی ئەزموونی دیموکراسی هەرێم و بەرگری لە خاکی پیرۆزی کوردستان ڕێگری لەخیانەتکارانی پارتی کرد، فەرماندەیەکی هێزی پیشمەرگەی یەکێتیش کە شایەتحاڵی ڕووداوەکانی خیانەتی 31 ئابە و لەو بەرگریکردنە بەشداربووە دەڵێت:خیانەتی 31ی ئاب لەکەیەکی ڕەشە بەنێو چاوانی بکەرانییەوە و مرۆڤ شەرم دەکات باسی بکات. عوسمان بانیمارانی یەکێک لەفەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شایەتحاڵی ڕووداوەکانی خیانەتی 31 ئاب لەمیانی بەشداریکردنی لەبەرنامەیەکی تایبەتیی کەناڵی گەلی کوردستان دەڵێت:خیانەتی 31ی ئاب لەکەیەکی ڕەشە بەنێوچاوانی بکەرانییەوە و مرۆڤ شەرم دەکات باسی بکات، بەڵام مێژوونووسیویەتییەوە و نەوەکانی داهاتوومان پێی ئاشنا دەبن.
لێپرسراوی لقی هەولێری پارتی لەگەڵ قاعیدی جەیشی ئێراق کۆبووەوە
عوسمان بانیمارانی لەگێڕانەوەی مێژووی ڕەشی خیانەتی 31 ئابدا ئاماژە بۆ ئەوەدەکات: ڕۆژی29 و 30 ی ئاب ڕەفتار و جوڵەکانی پارتی و حکومەتی ئێراق بۆ پەلاماردانی شاری هەولێر دیاربوو، بە جۆرێک خەڵکی سیاسی و وردبین هەستی پێدەکرد، ئەوکاتە من فەرماندەی لەشکری 15ی قەرەچوغ بووم و هەریەک لە خوالێخۆشبوو ئەنوەری عەزیز باوە و هەرێمی کەمال ئاغا جێگرم بوون، لەدەمژمێر 4:00ی ڕۆژی 30 ئاب ڕێگای کەلەک ئاغا داخرا، هەروەها خەبەرمان بۆهات وتیان قاعیدی جەیشی ئێراقی جوڵەی بەهێز کردووە و سەرپەرشتی گرتنەوەی هەولێر دەکات، هەر واشبوو چونکە هێزەکە هاتە ناو کەلەکی یاسین ئاغا چووە بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان و لەلایەن مامۆستا سەعد لێپرسراوی لقی هەولێری پارتییەوە پێشوازییان لێکرا.
ئێمەش هەواڵەکەمان ناردە مەکتەبی سیاسی، ئەوکاتە کاک کۆسرەت سەرپەرشتی حکومەت و حزبی دەکرد لە هەولێر، پاش دەمژمێر 11:00ی شە و لەکەرەکێوە جەیشی ئێراق و پارتی بە دەبابە دەستیان بەجوڵە کرد و هاتنە تەویلەیەکی حەیوانەوە لەنێوان کانی قرژاڵە و کەوڕەبەنی، لەوکاتەدا من گەیشتمە هەولێر و برادەرانیش لەوێ دانیشتبوون بە کاک کۆسرەت-م وت پارتی و جەیشی ئێراق جوڵەیانکردووە و لەوانەیە دەمژمێر 2:00 یان 3:00ی شە و هێرشمان بکەنە سەر، دواتر من گەڕامەوە هێزەکەم و دەمژمێر 4:00ی بەیانی دەبابەکان بەبێ سەرباز هێرشیان کردە سەر فەوجەکەی جەواد بەحرکە، لە هێرشی یەکەمدا شکاندمانن و هەموو دەبابەکان کشانەوە، دواتر خۆیانکۆکردەوە و جارێکی تر هێرشیانکردەوە سەر هەمان شوێن جارێکی تریش شکاندماننەوە، عوسمان بانیمارانی وایوت.
هەتا عوسمان بانیمارانی نەشکا هەولێر نەگیرا
عوسمان بانیمارانی وتیشی: دواتر حکومەت لەقۆڵی ئێمەوە بەتەواوی شکا و دەبابەکانی هێزەکەی حکومەت و پارتی چونە گوندی سمایلاوا، دواتر لەلایەکی ترەوە بێ ئەوەی خۆیان لەقۆڵەکەی ئێمە بدەن چوونە ناو هەولێرەوە، سەبارەت بە قارەمانێتی و ئەو بەرگرییە سەخت و قارەمانانەی هێزەکانی پێشمەرگە کردیان عوسمان بانیمارانی وتی: بۆیانگێڕاینەوە کاتێک مەسعود بارزانی لەکەلەکەوە هاتووەتە نزیک هەولێر، بە هێزەکەی بەعسی وتووە هەولێر ناگیرێت، هێزەکەش لێی پرسیوە ئەو موخەریبانە چەندن؟ وتبووی نزیکەی 400 کەسن، ئەوانش واتبوویان خەمت نەبێت 400 دەبابەیان بۆ دەهێنم، هاوکات لە ڕۆژنامەی گوڵانیش نووسیبووی هەتا عوسمان بانیمارانی نەشکا هەولێر نەگیرا، لە سنووری جەبهەی ئێمە مقاومەیەکی زۆر باشکراو کوڕی زۆر ئازامان لەگەڵ بوو کە ناتوانم ناوی هەموویان بهێنم.
کاک کۆسرەت سووربوو لەسەر شەڕکردن
لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا لەسەر خیانەتی 31 ئاب بانیمارانی وتی:حکومەت لەجادەی قیر لایداو هەندێک دەبابە لەگەڵ هەندێک پارتی چونە گوندی قەڵاتگا، من خۆم لەگەڵ هێزی ئامادە کە کاک قادر خوالێیخۆشبێت لێپرسراوی بوو، چومە ئەوێ و محەمەد نێرگین و ئاسۆ مامەندیش هاتن لەوێ سەنگەرێکی زۆر گەورەمان درووستکرد، لەوێش جارێکی دیکە دەبابەکانمان شکاند و شەڕێکی باشمانکرد، دواتر هەواڵمان بۆ هات وتیان ناو هەولێر و ڕێگەی گوێر پڕبوون لەدەبابە بۆیە بڕیارماندا هێزەکەمان ڕزگار بکەین پاشەکشێمان کرد تاوەکوو بڕۆین لەناو شاری هەولێر شەڕی مان و نەمان بکەین، ئاسۆ مامەندمان ناردەوە هەولێر بەداخەوە هێزەکەی کەوتبوونە ناو دەبابەکان و دوای شەڕکردن و نەمانی فیشەک گیرابوون، پاشان خۆمان هاتینە ناو دێیەک بەناوی ڕەشکین کە پارتی پەرۆی زەردی هەڵدابوو، لەوێش شەڕ دەستی پێ کرد و ڕووبەڕوی یەک بووینەوە، شەڕەکە سەخت بوو نەمانتوانی بیانشکێنین گەڕاینەوە ناو سەربازگە دواتر چوینە ناو هەولێر و ڕێککەوتین لەو خانوانەی نزیک پەڕڵەمان دابەشببین، دواتر هێزەکەی ناو معەسکەر بەرەو ئێمە هات کە پارتی و جوندیش بەشدارییانکرد شەڕێکی باشمانکرد و لەو ماوەیەدا چوینە لای ئیدارەکەی کاک کۆسرەتی لێبوو دەنگوباس هەبوو کە هێرۆخان لە بارەگای سکرتاریەتە لەو خانووەی ئێستا نێچیرڤان بارزانی تێدایە، پارتی لە مەسیفەوە هێرشی بۆ کردووە، بەوهۆیەوە کاک کۆسرەت زۆر مشەوەش بوو، خۆشبەختانە ڕۆژی داهاتوو هێرۆ خان و کاک عومەر فەتاح هاتنەوە و لەلایەن ڕێکخستنەکانی خۆمانەوە پارێزرابوون، ئێمە لەوێ دامەزراین و کاک کۆسرەت ڕۆشت، تا توانیمان شەڕمانکرد حەوشەکەی پەڕڵەمان پڕبوبوو لە دەبابە ئەو دیمەنەی قەد لەیادم ناچێت جوندییەکان بەسەر دیوارەکاندا سەرکەوتن و ئاڵای کوردستانیان داگرت و ئاڵای ئێراقیان بەرزکردەوە، بەراستی زۆر بێئەمەل بووین کە لایەنێکی کورد دەستی لەگەڵ دوژمنی سەرسەختمان تێکەڵکردووە شانبەشانیان شەڕ دەکەن، دواتر بڕیارماندا بچینە سەر قەڵات، بەڵام پێشمەرگەیەک پێشنیاریکرد وتی لەوێ دەربازبوونمان زەحمەتە و چواردەورمان دەگیرێت، دواتر ئاڕاستەکەمان گۆڕی بۆ شوقەکانی ئیسکان کە ماڵی کاک کۆسرەتیش لەوێدا بوو کە گەیشتینە ئەوێ هەندێک شەڕمانکرد و ماڵی کاک کۆسرەتیان سووتاند، هەر چواردەوری هەولێر بە دەبابە و مەفرەزەیەکی پارتی گیرابوو دواتر ئێمە چاودێریمانکرد و لە 100 مەترییەکەوە تەقەمانکرد تا تاریک بوو کاک کۆسرەت هەر سووربوو لەسەر شەڕکردن، بەڵام بەڕای هەموومان وتمان کە شەڕەکە سەختە و بە ئێمە ناکرێت، بۆیە بڕیارماندا هەولێر جێبهێڵین، هەموو بەبێ لایت ئۆتۆمۆبێلکانمان هێنایە دەرەوە و بەوشێوەیە لە هەولێر دەرچووین.
لە دوای چۆڵکردنی هەولێر لەلایەن هێزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، وردەوردە هێزەکان بەرەو دێگەڵە و کۆیە کشانەوە و سوپای بەعس و پارتیش لەهێرشەکانیان بەردەوام بوون، لە دوای ئەو ڕۆژەشەوە ڕووی ڕاستەقینەی پارتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دەرکەوتوو خیانەتی 31ی ئاب بوو بەلەکەیەکی ڕەش بەنێوچاوانی بکەرانییەوە.[1]