لیوا شەفیق چاوشین شایەتحاڵێکی ڕووداوەکانی خیانەتی 31ی ئاب-ە و باس لە ڕۆژی ئەو خیانەتە گەورە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، لە ڕۆژی 31ی ئاب دا پارتی چاوساغی هێزەکەی ئێراق بوو، پارتی دەستی ڕژێمێکی گرت کە چەندین تاوانی بەرانبەر کورد ئەنجامدابوو، تەنانەت پارتی ئەنفالکراوانی بارزانییەکانیشی لەبەرچاو نەبوو.
لیوا شەفیق چاوشین کە خۆی شایەتحاڵێکی ڕووداوەکانی خیانەتەکەی 31ی ئاب بووە و پێشمەرگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بووە، لەوکاتەدا بەرگری لە هەولێر کردووە، لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: پارتی لە خیانەتی 31ی ئاب دا، دەستی ڕژێمێکی گرت و هێنایەوە بۆ هەولێر کە کورد لەسەر دەستی ئەو ڕژێمە کیمیاباران و ئەنفال و دەربەدەری و ماڵ کاولی زۆری بینیوە، تەنانەت پارتی ئەنفالکراوانی بارزانییەکانیشی لەبەرچاو نەبوو، ئەگەر خوێنی بارزانییەکانی لەبەرچاو بووایە، ئەو خیانەتەی نەدەکرد.
پێشمەرگەکانی یەکێتی بە هەندێک چەکی کۆن و لاوازی وەک ڕاجیمە و ئاربیجی توانیان ماوەی چوار دەمژمێر زیاتر تانکەکانی ڕژێمی بەعس ڕاگرن، بەڵام بەهۆی ئەو ژمارە زۆرە تانکەی ڕژێمی بەعس کە جامانە سووری بەسەرەوەبوو، شەڕەکە نابەرانبەر بوو، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگە بڕیاری کشانەوەیان دا، لیوا شەفیق وادەڵێت.
دەشڵێت: 31ی ئاب خیانەتێکی مێژووییە، پارتی چاوساغی هێزەکەی ئێراق بوو، ئەگەر پارتی نەبووایە هێزەکەی ئێراق شارەزای ناوچەکە نەبوو، هەروەها لە ڕۆژی ئەو خیانەتە گەورەدا سەربازە ئێراقییەکان بە دەبابەوە هاتنە ناو بینای پەڕڵەمان، ئەو پەڕڵەمانەی بە خوێنی هەزاران شەهید هاتبووە کایەوە، هەروەها ئاڵای کوردستانیان داگرت و ئاڵای ئێراقیان لەجێگەی دانا.[1]