(وێنەی کورد لە سەرچاوەکانی کەلەپووری ئیسلامیدا) شاکارێکی ناوازەی زانستی، دەربارەی مێژووی کورد، بنچە، سەرەتا و سەرهەڵدانی پیلانی ناشیرینکردن و بەشەیتانکردنیان.
چاوخشاندنەوەیەکی نوێ و ڕاستگۆیانە بە دەیان بابەت و باسی ئەفسانەئاسای مێژووی کورد و ڕۆژهەڵات، وەڵامدانەوەی دەیان چەواشەکاریی بە شێوەیەکی زانستی و بوێرانە.
خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە گەشتێکە بۆ جیهانی کۆن و شارستانییەتە دێرینەکانی ڕۆژاوای ئاسیا و بینینی ململانێ و بەرژەوەندییەکانە لەنێوان ئیمپراتۆرییەتەکان.
هەروەها وێنەیەکی ڕوون و کۆنی هەر سێ کیشوەرەکانی ئاسیا، ئەفریقیا و ئەوروپامان لە ڕووی جوگرافی و ڕامیاری و ئابوورییەوە پیشاندەدات،
لەوکاتەی هێشتا کیشوەرەکانی ئەمریکا و ئوستورالیا نەدۆزرابوونەوە.
لە هەمان کاتدا ئەم سەرچاوەیە سەرنجمان دەخاتە سەر گەورەترین و کۆنترین شارستانییەتەکانی جیهانی کۆن لە کیشوەری ئاسیا، کە ناوەندی هێز و چەقی قوورسایی ئیمپراتۆریەتەکان بووە، کە لەوپەڕی ڕۆژهەڵاتەوە شارستانییەتی چین سەری هەڵدا و لە بەشی باشوورەوە شارستانییەتی هیندی، هەروەها لە ڕۆژاوای ئاسیا پێشکەوتووترین شارستانییەتەکان لەسەر بەرزاییەکانی چیای زاگرۆس (کوردستانی ئێستا) سەری هەڵدا.
لە باشووری میزوپۆتامیا (سۆمەر)، کە ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتی پێدا تێپەڕ دەبێت، هەروەها لە ئاسیای بچوک (ڕۆژاوای تورکیای ئێستا).
لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەت سووریا و فەلەستین.
نووسەر لەم پەرتووکەدا دیمەنێکی گشتگیر و پانۆڕامایەک لە ڕووداوەکانی هەزاران ساڵەی پێش زایینمان بۆ پەخشدەکات، ئەو زانیارییە باس کراوانەی کۆکردووەتەوە و بۆ خوێنەری خستووەته ڕوو، کە لە سەرچاوە مێژووییە ناسراوەکان تۆمارکراون.
سەبارەت بە ڕیشەی پڕۆژەی ناشرینکردن و شێواندنی وێنەی کورد، نووسەر بە پشتبەستن بە چەندین سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکات، کە دیاردەی ناشرینکردنی کورد بۆ سەردەمی ململانێیەکی دوروو درێژ لەنێوان گەلانی چیانشین و بیاباننشین (ئاری و سامی) دەگەڕێتەوە.
ئەویش بە پشتبەستن بە هەندێک نووسراوی فەرمی ئەکەدی و بابلی و ئاشوورییەکان، کە سیفەتی بەربەری و زۆرداری و تێکدەری دەدەنە پاڵ نەتەوە ئارییەکان، بەوەی دڵڕەقن و هەرگیز بەزەیی ڕێی ناکەوێتە ناو دڵیان، هەندێکجاریش بە ماری کێوی چوێنراون.
هەروەها نووسەر بە پشتبەستن بە هەندێک سەرچاوەی باوەڕپێکراو ئاماژە بەوە دەکات، کە بەردی بناغەی پڕۆژەی ناشرینکردن و بە شەیتانکردنی کورد، بۆ سەردەمی ڕووخانی دەوڵەتی میدی لە (550 پ.ز) دەگەڕێتەوە. کە کۆرشی ئەخمینی، کچەزای (ئەستیاگ) ی پاشای میدییەکان بە هاوکاری و چاوساغی هەندێک لە سەرکردە سەربازییەکانی دەوڵەتی میدی، وەک (هارپاگ) ، هەروەها هەندێک لە (موغ) ەکان، پەلاماری دەوڵەتی میدییان دا و (ئەستیاگ) ی سەرکردەی دەوڵەتی میدییان دەستگیر کرد. [1]