تاوەکوو ئێستا بەغدا زۆرینەى داواکارییەکانى تایبەت بە پشکى هەرێمى ڕەتدەکاتەوە
تا یەکلاینەکردنەوەى ئەو کێشانە چارەنووسى مووچەى فەرمانبەران بە نادیارى دەمێنێتەوە
دواى نەگەیشتن بەرێککەوتن لەگەڵ شاندى حکوومەتى بەغدا، شاندەکەى هەرێمى کوردستان لە ڕێگەى داواکارییەکى فەڕمى چەند داوایەک لە بارەى پشکى هەرێم لە بودجەى ئێراق پێشکەشى سەرۆکوەزیرانى ئێراق دەکەن و داوا دەکەن بڕیارى لەسەر بدات.
دواى چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ شاندى حکوومەتى ئێراق و کۆبوونەوەى چەند کاتژمێرى ڕابردووى هەردووک شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئێراق. شاندى حکوومەتى ئێراق بە پشت بەستن بە یاساى بودجەى ئێراق داوا دەکات سەرۆک وەزیرانى ئێراق ئەو پرسە یەکلایبکاتەوە و بۆ ئەمەش چەند داواکارییەکیان پێشکەشى محەمەد شیاع سوودانى کردووە.
لەو نووسراوەدا شاندى حکوومەتى هەرێمى کوردستان داوا لەسەرۆک وەزیرانى ئێراق دەکەن تەواوى شایستە دارایییەکانى هەرێمى کوردستان لە مووچە و بودجەى بەکاربردن و وەبەرهێنان وەک ئەوەى لە یاسایى بوجەدا هاتووە بدرێت بە هەرێمى کوردستان لەگەڵ پێدانى خەرجى و حەقدەستى بەرهەمهێنان نەوت و گواستنەوەکەى.
لە بەرانبەر پێدانى شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان و خەرجى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوت لە نووسراوەکەدا حکوومەتى هەرێم ئامادەیى خۆی نیشانداوە بەپێى دەستوور و یاسایى ئیدارەى دارایى سەدا پەنجاى داهاتى ناوخۆیى و گومرگ ڕادەستى بەغدا بکات.
شاندى حکوومەتى ئێراق و وەزارەتى دارایى لە ڕابردووە و لە ئێستاشدا بەشێک لەو داواکاریانەى حکوومەتى هەرێمیان ڕەتکردۆتەوە و هەر بۆیە حکوومەتى هەرێمى کوردستان بە ناچارى ئەو داواکاریەیان خستۆتە بەردەم سەرۆکوەزیرانى ئێراق.
تاوەکوو ئەو ناکۆکیانەى لەنێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا یەکلانەکرێتەوە و چارەنووسى مووچەى مانگى تەمموزى فەرمانبەران بە نادیارى دەمێنێتەوە.
[1]