=KTML_Bold=کورد و هەرێمی کوردستان لە بەردەم سی ڕۆژی سەختی مانگی ئەیلولدا=KTML_End=
د. #موئمین زەڵمی#
چاوەکان لەسەر پەیوەندی #هەولێر#-بەغدان و هێشتاش پرسی گەورە و خەمی گەورەی خەڵک بودجە و مووچەی فەرمانبەرانە و بەغداش لە تاو سەرئێشە و گەندەڵی و چاوسوورکردنەوە بەردەوامەکان و کوڵەفیت و قاچوقووچی ئاغازادەکان دەستی بە نوێنەرانی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# دەکات و ڕەوشەکە لە ئاڵۆزی بەردەوامدایە.
هەرێمی کوردستان لە بیست ساڵی ڕابردوودا هەرگیز پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا هێندەی ئێستا ناجێگیر نەبوون و هێندەش پێویستی بە پەیوەندییەکی جێگیر نەبووە، هەروەک دەسەڵاتی هەرێم، لە ماوەی ئەم بیست ساڵەدا زۆر دەرفەتی گرنگیان هاتەپێشەوە کە پەیوەندی هەولێر-بەغدا لە تاکتیکەوە بگوازنەوە بۆ ستراتیج و لە ئاستی حزبی و شەخسییەوە پەیوەندییەکان بکەنە فەرمی و حکومی و حزبەکانیان و خەڵکەکەش تووشی ئەم سەرئێشانەی ئەم ڕۆژانە نەکەن، بەڵام هەڵپەی پارەی زۆر و قەپاڵی گەورەی خۆتێرکردن و خۆپڕکردن بەرچاوی سیاسەتکارانی ئەم هەرێمەی گرت و ئاڕاستەکان هێندە بە شێواوی شەن کران دۆخەکەیان بە ئاقارێکی تەواو خراپ گەیاند.
نەگبەتی کورد و هەرێمی کوردستان هەر ئەوەندە نییە کە گرفتی ناوخۆیی وخیانەتی ناوخۆیی و شەڕی ناوخۆیی و نالەباری ناوخۆیی یەخەی بەرنادات، بەڵکوو دراوسێ و حوکمڕانانی هەر چوار وڵاتەکەش (کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە) لە شەڕی سارد و ناکۆکی بەردەوام و ناتەبایی هەمەچەشندان و ئەمەش زیاتر دۆخەکەی بۆ کورد ناسازتر کردووە و خۆی واتەنی (قوڕەکەی زیاتر خەست کردووەتەوە) .
لە ئێستادا ڕێکەوتی #01-09-2023# ئاڕاستەی سیاسی ناوچەکە بەرەو نالەبارییە و هەریەک لە ئێران و تورکیا لە هەوڵی جێکردنەوە و جێگیرکردنی زۆرترین بەرژەوەندی و زۆترین کاریگەریی خۆیاندان لە ئێراق و سووریادا، لەگەڵ ئەوەشدا خاڵی تۆخکراوە (پرسی کورد) ە و ناتەبایی و نالەباری دۆخی ناوخۆییش وایکردووە کە قوربانی سەرەکی هەر کورد بێت.
کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ بەردەوامیی هەژموونی مەزهەبی و تائیفی خۆی لەسەر ئێراق و حزب و حکومەت و هەڵبژاردن و سێکتەرە جیاوازەکاندا لە دوو دەیەی ڕابردوودا، ئێستا زیاتر خاڵەکانی خۆی لە ڕێککەوتنە ئەمنی و ئابوورییەکانیدا لەگەڵ ئێراق تۆختر دەکاتەوە، لە لایەکەوە تەواوی قەرزەکانی خۆی لە حکومەتی ئێراقی وەرگرتووەتەوە و لە تازەترین لێدوانیدا ئەمیرحسین عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران دانبەوەدا دەنێت کە لە ئێستادا نەک تەنیا لە ئێراق بەڵکوو ئێران هەموو قەرز و پارە بلۆککراوەکانی خۆی لە تەواوی وڵاتان وەرگرتووەتەوە. لە لایەکیتریشەوە چاوی لە ڕێککەوتنە ئەمنییەکەیەتی لەگەڵ بەغدا بۆ چەکداماڵینی هێز و گرووپە چەکدارییەکانی کۆمەڵە و دیموکرات و کۆتاییهێنان بە چالاکی سەربازی و پارتیزانی ئەو هێزانە لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر سەربازگە و پاسدارەکانی کە هەمیشە ئەم هێزانە مەترسی بوون بۆ سەر گیانی پاسەوان و هێزە سنوورییەکانی ئێران.
هەرچی تورکیاشە چاوی لە پارەکانی ئێراقە، ئەمە لەو بیرکردنەوە ئابوورییەی ئەردۆگان و سیاسەت و ستراتیجی پاش هەڵبژاردنی ڕابردووەوە بە ڕوونی دەردەکەوێت، هاوکات ئەنقەرە لەهەر چوار ئاستی (سیاسەتی حومکڕانی، سیاسەتی ئاساییش، سیاسەتی وزە و سیاسەتی ئاو) دا چاوی لە سەپاندنی دێڕبەدێڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیدایە لە ڕێککەوتنێکدا لەگەڵ بەغدا و کوردیش موهرەیەکی جوڵاوی بەردەستی هەردوولایە بۆ دەست لە یەخەدان و دەستشکاندنەوەی یەکتر یان تەوقە و باوەشێکی سیاسی. بۆ ئەم مەبەستەش سەردانی یەکلە دوایەکی وەزیرانی وزە و بازرگانی بە دوای سەردانە جەنجاڵ و پڕ چالاکییەکەی هاکان فیدان-وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ بەغدا و هەولێر ڕەنگی داوەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانە چاوەڕواننکراوەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆگان بۆ بەغدا و بەسرە و هەولێر تورکیا زیاتر لە ئامانجەکەیە خۆی کە (پارە)یە نزیک بکاتەوە. هاوکات زیادکردنی هێرشە درۆنییەکانی بۆ سەر ئۆتۆمبێل و فەرماندە و ئەندامان و دۆستانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا تورکیای وەیلانی بەدەستهێنانی ڕەزامەندی بەغدا و دیمەشق کردووە بۆ بڕینی قردێلەیەکی تری بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئێراق و سووریا.
ئەگەر وردتر سەیری وێنەکە بکەین دەبینین کە هەر یەک لە ئێران و تورکیا بەرژەوەندی جیاوازی خۆیان لە ئێراقدا زەنگەنهارە دەکەن و لە خوڵەپۆتێی سیاسەت و حوکمڕانی ئێراقدا بە دوای زمڕوتە مێژووییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن.
بۆیەش سی ڕۆژی داهاتووی ئەیلول لە مانگە قوورس و سەختەکانی بەردەم کورد و هەرێمی کوردستانە و چاوەڕوان دەکرێت بەرز و نزمی و کەوتن و هەستانەوەی پەیوەندی ئێران-ئێراق، تورکیا-ئێراق، ئێران-تورکیا، تورکیا-سووریا و ئێراق-سووریا ئاڕاستەی سیاسەت و تێگەشتنە سیاسییەکان بۆ دۆخی ناوچەکە خێراتر بگۆڕن و کورد و هەرێمی کوردستانیش لە مەدخەلی ئەو ئاڵۆزییانەدان، چونکە کۆبوونەوە ئەمنییە بەردەوامەکانی ئێراق و سووریا لە لایەک و ئێران و ئێراق لە لایەکیترەوە و جوڵە و سەردان و کۆبوونەوە بەردەوامەکانی سەرانی تورکیا و ئێران لە ناوچەکەدا دەرخەری ئەوەیە کە لە (سیاسەتی دراوسێیەتی ئێران) و لە (سیاسەتی فرەچەشنی و فرەناوچەیی تورکیا) دا ئاماژەی ئەرێنی بۆ پەیوەندی و پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان ناخوێنرێتەوە، بۆیەش کوردستان لە بەردەم پابەندکردنێکی فراوانتردا دەبێت و چاوەڕوان ناکرێت بەزوویی پەیوەندی هەولێر-بەغدا بگاتە ئاستێکی دڵخۆشکەر وەک ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکرێت و هەواڵی مووچە و قووتی خەڵکی کوردستانی پێدادەرێژرێتەوە. [1]