تۆڕی میدیایی ڕووداو وەک یەکەم میدیای کوردی بۆ یەکەم جار دیبەیتێکی کراوەی لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی و چالاکوانی #کوردی فەیلی# لە سوید کرد. ئەوان باسی دۆخی خۆیان کرد و دەڵێن، زیاتر لە 5 هەزار کوردی فەیلی لەو وڵاتە دەژین کە بەشێکیان بەهۆی هەڕەشەکانی دەسەڵاتی پێشووی ئێراق وڵاتەکەیان جێهێشتووە.
هێمن عەبدوڵڵا، پێشکەشکاری بەرنامەی دیاسپۆرا لە 'ماڵی کوردی فەیلی' لە ستۆکهۆڵم میوانداریی هەریەک لە فوئاد چراخوانی، کارساز. خانم لەیلا سەلمان، هاوژینی شەهید. موحسین سەلمان، پیشەگەر. ساڵح جادری، یەکێک لە کۆنترین کوردی فەیلی لە سوید و کەسایەتییەکی ناسرا کرد. هەروەها ئیبراهیم جازگیر، چالاکڤانی مەدەنی و عیسا فەیلی، کەسایەتی سیاسی دوو میوانی دیکەی دیبەیتەکە بوون.
بەپێی ئامارەکان لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو زیاتر لە 22 هەزار گەنجی فەیلی بێسەروشوێنکران، 5000 کاسبکار و بازرگانی فەیلی زیندەبەچاڵ کراون. هەروەها 600 هەزار کوردی فەیلی لە ئێراق بۆ ئێران دەرکران، ئەوە جگە لە گیانلەدەستدانی چەندین کەسیان لە ڕێگەی دەربەدەریدا.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، نزیکەی 500 ھەزار کوردی فەیلی لە بەغدا و خانەقین دەژین، بەڵام بەردەوام ژمارەیان لە کەمبوونەوەدایە و هەمیشە 'هەڕەشەی کوشتن'یان لێدەکرێت.
دوای جینۆسایدی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، بەشێکی زۆریان ڕوویان لە ئەوروپا کرد و زۆربەیان لە سوید نیشتەجێبوون، ئێستا ئەوان ماڵێکیان درووستکردووە بە ناوی 'ماڵی کوردی فەیلی لە ستۆکهۆڵم' و ژمارەیان لەنێوان 5 بۆ هەشت هەزار کەس دەبن و زۆربەیان خاوەنی بڕوانامەی بەرزن.
بەرنامەی دیاسپۆرا بۆ ئەم هەفتەیە چووەتە ماڵی کوردی فەیلی لە ستۆکهۆڵم و لەوێ لەگەڵ چەندین کەسایەتی و چالاکڤانی کوردی فەیلی بەرنامەیەکی لەشێوەی دیبەیت کردووە، ئەوان باسی مەینەتیی ژیانی خۆیان لەکاتی حکومەتی بەعس دەکەن و باسی ڕاگواستن و دەرکردنیان و جینۆسایدکردنی کەسوکاریان دەکەن، هەروەها باسی ژیان و ڕۆڵی خۆیان دەکەن دوای ئەوەی گەیشتوونەتە سوید.
دەقی دیبەیتەکە کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکەشی کرد:
ڕووداو: بینەر و بیسەری ڕووداو ئەم کاتەتان باش، بەرنامەی ئەمجارەی دیاسپۆرا لە شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سویدە، بەرنامەیەکی تایبەتە، تایبەت بە کوردی فەیلی، دیاسپۆرای کوردی فەیلی لە ستۆکهۆڵم، وەک دەزانن فەیلییەکان لە مێژووی کوردستاندا بەتایبەتیی لە مێژووی شۆڕشەکانی کوردستاندا لە 100 ساڵی ڕابردوودا ڕۆڵی زۆر گەورەیان هەبووە لە باشووری کوردستان بەتایبەتی، لە دامەزراندنی ئەو پارتە گەورانە کە ئێستاش لە کوردستاندا هەمیشە ڕۆڵی گەورەیان هەبووە و هەیە، ئەوان دیاسپۆرایەکی گەورەیان هەیە و بەزۆر لە هەشتاکان و حەفتاکان و پێشتریش لە ئێراق و کوردستان ڕاگوێزراون، دیاسپۆرایان هەبووە لەدەرەوەی کوردستان و ئێراق، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینیشەوە بەتایبەتیی لە ئەوروپا دیاسپۆرایەکی گەورەی فەیلی درووست بووە، بۆ یەکەمجارە لە تەلەڤیزیۆنێکی کوردییەوە کوردی فەیلی باسی کیشەکانی خۆیان و باسی ژیانی خۆیان دەکەن لە بەرنامەی دیاسپۆراوە لە سوید.
میوانداریی هەریەک لە بەڕێزان فوئاد چراخوانی، کارساز. خانم لەیلا سەلمان، هاوژینی شەهید. موحسین سەلمان، پیشەگەر. ساڵح جادری، یەکێک لە کۆنترین کوردی فەیلی لە سوید و کەسایەتییەکی ناسراوە لێرە. هەروەها ئیبراهیم جازگیر، چالاکڤانی مەدەنی و کاک عیسا فەیلی، کەسایەتی سیاسیم کردووە. هەمووتان بەخێربێن و پێم خۆشە گفتوگۆیەکی زۆر ڕاشکاومان هەبێت بە یەکەوە باسی کۆمەڵگەی کوردی فەیلی دەکەین لە سوید، بەڵام بێگومان دەبێت باسی کوردستانیش بکەین و باسی بەغداش بکەین بەحوکمی ئەوەی دەزانین کاریگەریی کوردی فەیلی لە 50 بۆ 70 ساڵی ڕابردوودا لەسەر بەغدا چۆن بوو، چۆن هەوڵدرا بگۆڕدرێن. بە حوکمی ئەزموون و تەمەنەوە بە کاک ساڵح جادری دەستپێدەکەم، کە کەسایەتییەکی ناسراوی فەیلییە، کاک ساڵح جەنابت کۆنترین کوردی فەیلی لە سوید وایە؟
ساڵح جادری: تەنیا یەک کوردی فەیلی پێش من لە ساڵی 1956 هاتووەتە سوید لە باشووری سوید نیشتەجێبووە، بەڵام من لە ساڵی 1971 هاتوومەتە ئێرە.
ڕووداو: دوای ئەوە کەی کۆمەڵگەی کوردی فەیلی لێرە فراوان بوو و وردەوردە خەڵکی دیکەی فەیلی هاتن و تاوەکوو چەند ساڵ تەنیا هەر ئەو دوو کەسەبوون؟
ساڵح جادری: ئێمە وردەوردە زیادبووین و بووین بە حەوت بۆ هەشت کەس، کاک حەمید نەورۆز و کاک عیسا و چەند کەسی دیکە، تەقریبەن بووین بە 30 کەس، ئێستاش نزیکەی 5 هەزار کەسین لێرە. واتە 5 هەزار کوردی فەیلی لێرە دەژین و هەمووشیان لە ستۆکهۆڵم و دەوروبەری ستۆکهۆڵم نیشتەجێن.
ڕووداو: بۆچی سویدت هەڵبژارد و بۆچی هاتی بۆ سوید؟
ساڵح جادری: حکومەتی بەعس و ڕژێمی سەدام حسێن دەستیان کرد بە هێرشکردن بۆ سەر نەتەوەی کورد، بەتایبەتیی فەیلییەکان، چونکە بازرگانی ئێراق هەمووی بەدەست فەیلییەکان بوو، خانووە گەورەکان و شوێنە گرنگەکان بەدەست فەیلییەکان بوو، هۆکارەکەش ئەوەبوو یەکەم وایان حیساب دەکرد فەیلییەکان پشتیووانی لە شۆڕشی کورد دەکەن و پارە کۆدەکەنەوە بۆ جەنگی ئازادی، ئەم تووڕەییە لەسەرمان بوو، بۆیە ئەوکات خەڵکێکی زۆرمان لێگرا، بەڵام ئەوکات کوشتن کەم بوو، وەک ئێستا نەبوو، دواتر کوشتن دەستی پێ کرد و لە پێشمەرگە و جوانانی کورد لە ساڵی 1963 تاوەکوو ساڵانی حەفتاکان، بەڵام لە ساڵی 1969 بۆ سەرەوە هەزاران کوردی فەیلی زیندانی کران و کوژران و لە وڵات دەرکران، من ئەوەم بەچاوی خۆم دیوە، دواتر کوشتنی بە کۆمەڵ دەستی پێ کرد، کاتێک سێ گەنجی کوردی فەیلی لە بەغدا دەستگیرکران لە ناوەندی نیزاڵ لە بەغدا کە تەمەنیان 16 ساڵان بوون، هەریەکەیان حەوت گوللەیان لێدرا و کوژران و دواتر لاشەکانیان لەسەر شەقام فڕێدران، یەکێکیان لە بەغدا و دووانی دیکەش لە دیالە، ئیتر لەوکاتەوە دەستیان بە هێرشکردن کرد بۆ سەر فەیلییەکان، خانووەکانیان لێسەندن و هەروەها مافی بازرگانیان لێوەردەگرتنەوە، دەیانویست دەریان بکەن و ژمارەیان کەمبکەنەوە، ئەمەش دوو هۆکاریان هەبوو، یەکەمیان کوردایەتی بوو، بۆ ئەوەبوو کە یارمەتیی شۆڕشی کورد نەدەن کە هەمیشە لە کوردستان شۆڕش هەر هەبووە، جەنابی بارزانی خوا لێخۆش بێت چوار شۆڕشی کردووە و ئینجا شێخ مەحموودی حەفید و ئەوانی دیکە بەم شێوەیە دەستی پێ کرد.
ڕووداو: پرسیارەکەی من ئەوەبوو بۆچی هاتی بۆ سوید؟
ساڵح جادری: بۆیە هاتم بۆ سوید، چونکە فەرمانی دەستگیرکردنم بۆدەرچوو بوو، لەلایەن نازم گزارەوە داواکرابووم کە ساڵح جادری بەمردوویی یان زیندووی بگەڕێندرێتەوە بۆ بەغدا، بۆیە من ماوەی شەش مانگ لەژێر چاودێریی ئەمن و هەواڵگریی ئێراقدا بووم، دواتر منیان دۆزییەوە و تەقەیان لێکردم و منیش دەمزانی کەس نییە ڕێگەیان لێبگرێت و دەکوژرێم، ئینجا چوومە لای ساڵح یوسفی خوا لێیخۆش بێت و بابەتەکەم تێگەیاند و پێی وتم 'کوڕم خۆت بڕیاربدە'، منیش وتم ڕادەکەم و دەچم بۆ سوید دواتر پەیوەندییان بە جەمال عەلەمدار کرد کە نوێنەری پارتی بوو لە سوید وتی 'با بێتە سوید'، منیش وێنەکانی خۆم لە خۆپێشاندانەکانی بەغدا نارد، چونکە من سەرکردەی خۆپێشاندانەکانی بەغدا بووم، لەگەڵ برادەرانی کوردی خۆمان ئیتر وەرگرتنی ڤیزاکەم ئاسان بوو، بە ڤیزای گەشتیاری هاتم بۆ سوید و دواتر چوومە لای پۆلیس و هەموو بەڵگەکانی خۆم پێدا و ئەوانیش قبووڵیان کرد و وەک پەنابەر وەرگیرام.
ڕووداو: خانم لەیلا سەلمان وەک هاوژینی شەهید لێرەی، شەهیدی کوردستان دەزانم برین کوڵاندنەوەیە و ناخۆشە، بەڵام پێش بەرنامە بە منت وت کە 40 ساڵ ئەم جلە ڕەشانەم دانەناوە چیرۆکی تۆ چییە؟
لەیلا سەلمان: ساڵی 1982 ئێمەیان ڕاگواست، سەرەتا لە بەغدا زیندانییان کردین بۆ ماوەی مانگ و نیوێک و ژن و پیاوەکانیان لێکتر جیاکردنەوە، دواتر ئێمەیان ئاودیوی سنووری ئێران کرد و پیاوەکانیشیان هێشتەوە، من ماوەی 15 ساڵ لە ئێران مامەوە پیاوەکەم و براکەی کە پێشمەرگەبوون لەگەڵ دوو برای دیکە واتە چوار کەس بوون هیچ هەواڵێکمان لێیان نەبوو، تاوەکوو دوای کەوتنی ڕژێم لە 2003 وتیان لە سێدارەدراون و نەماون.
ڕووداو: هاوژینەکەت پێشمەرگە بوو؟
لەیلا سەلمان: بەڵێ پیشمەرگە بوو، هەروەها حاکم بوو لە ناوچەی خانەقین لە ساڵی 1982.
ڕووداو: هاتنت بۆ سوید بڕیارێکی باش بوو، سوید وڵاتێکە باشە بۆ ئەوەی تێیدا بژی؟
لەیلا سەلمان: 15 ساڵ لە ئێران مامەوە زۆر زەحمەت بوو، هەروەها وڵاتینامەیان پێنەداین و گوزەرانمان زۆر خراپ بوو، بۆیە ناچاربووین هاتمە سوید و لێرە باشە منداڵەکان توانیان زانکۆ بخوێنن و خاوەن کار و کەسابەتی خۆیانن.
ڕووداو: یەکێک کە زۆر زانیاری نەبێت دەڵێت خۆ ئێران وڵاتێکی موسڵمانە و هاوسێی کوردستان و ئێراقە، سویدێکی سارد و دوور کە کۆمەڵگەیەکی کریستیانی بووە پێشتر بۆچی ئێرە باشتر بوو لە ئێران بۆ ئێوە؟
لەیلا سەلمان: چونکە ئێران وڵاتینامەیان پێنەداین و تەنیا کارتێکی سەوز نەبێت، منداڵەکانیش کاتێک خوێندن تەواو دەکەن مافی کارکردنیان نەبوو، سەرچاوەی بژێویی ژیانمان لە ئێران نەبوو، بۆیە ناچاربووین بێین بۆ سوید.
ڕووداو: کاک فوئاد چراخوانی، کارساز، فەیلی بەناوبانگن بەتایبەتیی کاتێک جوو لە ئێراق نامێنن، ئابووریی ئێراق دەکەوێتە دەستی فەیلییەکان بەتایبەتیی بەغدا وەک ناوەند، یەکێک لەو هۆکارانەی کە بووە هۆی جینۆسایدکردنی فەیلییەکان ئەوەبوو کە ئابووریی ئێراقیان بەدەستەوە بوو و، لێیان دەترسان، جەنابت کارسازی بەو عەقڵییەتە بازرگانییە کە لەوێوە هاتن بۆ ئێرە، کوردی فەیلی توانیویانە لێرەش لەڕووی ئابوورییەوە وەک ڕۆژانی زێڕین کە لە بەغدا هەیان بوو لێرەش درووستی بکەنەوە؟
فوئاد چراخوانی: ڕاستە بەهەمان عەقڵییەتی بازرگانی بەغداوە هاتینە ئێرە و لێرەش بەرەوپێشچووین و ئێمە بەردەوام بووین و لێرەش وەک عەرەب و فارس نەبووین کە نەدەهاتنە نێو بازرگانیکردنەوە، سوپاس بۆخوا توانیمان بەردەوام بین، من ئەوکات لە بەغدا تەمەنم 15 ساڵ بوو، باوکم بازرگانی دار بوو، بەڵام بازرگانیکردنی لە ئێراق و سوید جیاوازە تەنانەت لە ئەوروپاش کەمن ماوەیەک لە هۆڵەندا ژیاوم، لێرە یارمەتیی بازرگانان دەدرێت و هاوکارییان دەکەن وەک ئێراق نییە، کاتێک لەوێ پارەت نەمێنێت ئیتر تەواو ناتوانیت کار بکەیت، بەڵام لێرە باوەڕ و متمانەت پێدەکەن و باوەڕ بە عەقڵییەتی بازرگانیکردنت دەکەن و ئامۆژگاریت دەکەن و بانکەکان هاوکاریی باشیان دەکەن و پێیان دەڵێن فەرموو کاربکەن، ئێمەی فەیلییەکان سەرکەوتووترین لە کەسانی دیکە لە ئێراق.
ڕووداو: مەبەستت ئەوەیە کوردی فەیلی ئێرە سەرکەوتووترن لە فەیلییەکانی ئێراق؟
فوئاد چراخوانی: نا مەبەستم ئەوە نییە، ئێمەی فەیلییەکان لە جووەکان فێری بازرگانیکردن بووین، پێشتر ئێمە چەند ماڵباتێکی دەوڵەمەندمان هەبوو خەڵکی دیکە وانەبوون، بەڵام ئێمە عاقڵ و زیرەکین و توانیمان خۆمان پێشبخەین و بەرەوپێش بچین، ئێمە لە جووەکان فێربووین و ئیتر وتمان بۆچی خۆمان کاری بازرگانی نەکەین لە جیاتی کرێکاری، خۆ خوا ئەو عەقڵەی بە جووەکانی داوە بە ئێمەشی داوە، عەقڵمان بەکارهێنا و ئەزموونمان پەیداکرد، وەک هۆڵەندییەکان دەڵێن ئەزموون، بۆیە توانیمان بازرگانی ئێراق بەدەستبهێنین و ئەمەش وایکرد سەدام حسێن ڕامانگوێزێت.
ڕووداو: کاک موحسین سەلمان لێرە کاری خۆتت هەیە و کار دەکەی؟
موحسین سەلمان: لێرە لە کۆمپانیایەکی سویدی کارمکرد بۆ ماوەی 25 ساڵ، لە بەغدا ئاسنگەربووم و لە کوردستانیش زۆر کاری ئاسنگەرییم کردووە، بەتایبەت لە تانکیی ئاوی ماڵان کە 25 مەتر بەرزبوون، ئەو کار و ئەزموونەم سوودی زۆری بۆ من هەبوو لە سوید.
ڕووداو: لە سەرەتای بەرنامەکە ئەو پرسیارەم کرد بۆ چی ئێوەی کوردی فەیلی سویدتان هەڵبژارد، لەکاتێکدا ئێوە گەرمیانین و هیی شوێنی گەرمن، بۆچی سویدت هەڵبژارد؟
موحسین سەلمان: وەڵڵا خۆ هەر خۆمان خوێنمان گەرمە.. ئەوەی نەمانناسێت دەڵێت کەسێکی تووڕەیە، وەک کاک ساڵح باسی کرد کە ئەو دوو کەسە خزممان بوون جەبار قەمبەر عەلی کوژرا، هەروەها سالم سادق کە کوژران، ئێمە نەمانزانی چییان بەسەرهاتووە دواتر پێیان وتین سالم لە نەجەف کوژراوە و جەباریش لە دیالە ئەمە ئەمین عەبوڵڵا ئەمین بۆی باسکردین، کە چووینە سەر تەرمەکانیان، سەیری تەرمی جەبارمان کرد کە گوللەیەکی لە کەللەی سەری درابوو لە خوار چەنەگەی دەرچووبوو.
ڕووداو: هەرچەندە سوید وڵاتێکی پێشکەوتووە و شەڕی تێدانییە، هەروەها چەند ساڵێکە کە ژیانێکی ئارامتان لێرە هەیە، بەڵام هەست دەکەم ئەوەی بەسەرتان هاتووە هێشتا لە هزر و بیرکردنەوەتاندا ماوە و زیندووە لەگەڵتانە و کاریگەریی خراپی هەیە؟
موحسین سەلمان: ڕاستە بەڵام کاریگەریی خراپی نەبووە، بۆ نموونە بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و ئەوانی دیکە کە لێرە لەنێو کوردی فەیلیدا نەبووە، نییە هەرچەندە لێرە ئازادیی زۆریش هەیە، بەڵام کوردی فەیلی دەستی بۆ نەبردوون.
ڕووداو: کەواتە ئەو گوشارە دەروونییە و ناخۆشییەی بەسەرتان هاتووە، هەر توانیوتانە خۆتان ڕاگرن. کاک عیسا فەیلی، کاک ساڵح وتی پێنج هەزار کوردی فەیلی لە سوید دەژین، بەڵام دەگوترێت ژمارەکە زیاترە، ئایە جەنابتان هیچ ژمارەیەکی فەرمیتان لایە چەند کوردی فەیلی لە سوید دەژین؟
عیسا فەیلی: بەڕاستی تاوەکوو ئێستا ئامارێکی تەواو نییە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە زۆر زیاترە وەک کاک ساڵح وتی کە پێنج هەزار کەس بن، لەوانەیە ژمارەکە لەنێوان پێنج هەزار بۆ هەشت هەزار کەس بێت، نەک تەنیا لە ستۆکهۆڵم لە هەموو شارەکانی سوید کوردی فەیلی هەن، تەقریبەن پەیوەندیمان لەگەڵ هەموویان هەیە، کوردی فەیلی زۆربەیان خزمی یەکن و یەکدی دەناسن و زیاتر لە پێنج هەزار کەسن و پێم وایە دەگاتە هەشت هەزار کەس.
ڕووداو: ئەو کوردە فەیلییانەی لێرە دەژین زۆربەیان گەنجن یان بە تەمەنن؟
عیسا فەیلی: زۆربەیان گەنجن و ئەوانەی بەتەمەنن زۆربەیان دەگەڕێنەوە، زۆربەی گەنجەکانمان لە دەزگا و دامەزراوەکانی سوید کاردەکەن و بەشێکیان بە سەربەخۆ کاردەکەن، پزیشک، ئەندازیار و ئابووریناس و هەموو جۆرە پسپۆڕییەکمان هەیە، حکومەتی سویدیش هاوکارە، ئێمەی دایک و باوکانیش لە سوید کاریگەریی زۆرمان بەسەر منداڵەکانمان هەیە ئێستا ئەوان گەیشتوون بە قۆناخێک کە ئێمە شانازییان پێوە دەکەین، لەکاتێکدا ئێمە ناخۆشیی زۆرمان چەشت، بەتایبەت کە حکومەتی بەعس لە ئێراق دەریکردین ئەمە کاریگەریی خراپی دەروونی بەسەر هەموو کوردی فەیلی درووستکردبوو، بەتایبەت کە زیاتر لە 20 هەزار کوردی فەیلی بێسەروشوێن بوون و چارەنووسیان نادیارە، ئەمە کاریگەریی دەروونی خراپی هەبوو، بەڵام منداڵەکانمان گەیشتن بە قۆناخێک شانازییان پێوە بکەین و کورد شانازییان پێوە بکات و ئەوان کە قسە دەکەن دەڵێن کوردین، هەرچەندە کوردی فەیلی، سۆرانی، بادینی هەورامیش هەن، بەڵام ئێمە هەمیشە خۆمان بە کورد ناساندووە، سەیرە کە کوردی فەیلی شیعەن کە دەچنە نێو مەوکبێکەوە دەنووسن مەوکبی کوردی فەیلی، یاخود کە تیپێکی تۆپی پێ درووست دەکەن، هەمیشە ناوێکی کوردی پێوە دەلکێنین، ئێمە شانازی بەو شتەوە دەکەین.
ڕووداو: لە سوید هەمیشە ناوی کورد لەگەڵ فەیلی بە یەکەوە دێت؟
عیسا فەیلی: بەڵێ هەمیشە.
ساڵح جادری: دەمەوێ ئیزافەیەک بکەم، ئێمە بووین بە حەوت کوردی فەیلی لە ئۆبسالا، لە هەر ژوورێک کە تێیدا دەژیاین ناوی کوردستانی لێ نووسرابوو، بۆ نموونە ساڵح ئەلجادری- کوردستان، یان سەمیر شاکر کوردستان، لە هەر حەوت ژوورەکە ناوی کوردستان بەهەموویانەوە لێکێنرابوو، تەنانەت خەڵک لەسەر سەقامەکانیش کە دەیبینین پێیان دەوتین کوردستان و بەدەستیان ئاماژەیان بۆ خانووی ژمارە 15 دەکرد، چونکە کاتێک ئێمە لەوێ نیشتەجێبووین لەژێر ناوی هەریەکێکمان نووسرابوو کوردستان، نەک بنووسرێت فەیلی یان شتێکی دیکە ، تەنیا کوردستان بوو.
ڕووداو: دەمەوێ بە بینەرانم بڵێم ئەو خانووەی لێتانەوە دیارە لە پشتی میوانەکان ئەمە ماڵی کوردی فەیلییە لە سوید، ئەو ڕۆژانەی کە هاتین سەردانمان کرد لە ژوورەوە بینیمان وێنەیەکی مەلا مستەفای بارزانی لێیە، ئەو بەڕێزانەی کە لەوێ پێشوازییان لێکردین پێیان وتین ئەوە وێنەی موللایە، ئەوان وایان دەوت بە ڕێبەری شۆڕشی کوردستان، وتیان لە حەفتاکانەوە ئەم وێنەیە لێرەیە، لەم ماڵەدا ماوەتەوە. کاک ئیبراهیم بازگیر، خۆت گوتت من چالاکوانی مەدەنیم چ شتێکی فەیلییەکان هەیە لە سوید کە چالاکی بۆ بکرێت؟
ئیبراهیم بازگیر: کاتێک ئێمە باسی چالاکییەکان دەکەین، هەمیشە داوا لە منداڵەکانمان دەکەین بخوێنن و چالاکی بکەن و تێکەڵاوی یەکدی بن و یەکتر بناسن، من هەمیشە وتار دەنووسم و مێژوو دەنووسم و زۆربەیان نازانن مێژوومان چۆنە من فێریان دەکەم و شارەزایان دەکەم.
ڕووداو: ئایە سویدییەکان دەزانن کە کوردی فەیلی لە ئێراق چییان بەسەرهاتووە؟
ئیبراهیم بازگیر: وابزانم دەزانن و ناکرێت نەیزانن و دەزانن.
ڕووداو: هەمان پرسیار لە کاک ساڵح جادری دەکەم وەک دووەم کوردی فەیلی نیشتەجێێ سوید، ئایە سویدییەکان دەزانن کوردی فەیلی چییان بەسەرهاتووە؟
ساڵح جادری: کاتی خۆی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی سوید وتارم نووسیوە و بە چوار لاپەڕە چیمان بەسەرهاتووە هەموویم نووسیوە و بڵاوکراونەتەوە، هەروەها لە کاتی ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی 11ی ئازار لەگەڵ دوو ڕۆژنامەڤانی سویدی دانیشتبووین و هەموو چیرۆکی خۆمان و کوردم بۆ گێڕانەوە، یەکەمجار لە ڕۆژنامەی ئۆبسالا بڵاوکرایەوە لە ساڵی 1984 جارێکی دیکە وتارم بڵاوکردەوە، هەروەها لەکاتی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم خۆپێشاندانمان کرد و ئەوەی بۆمان کراوە کردوومانە بۆ ناسینی کورد و مەینەتییەکانی بڵاومان کردووەتەوە، تەنانەت جیاوازیی نێوان کوردی پارچەکانیشمان نەدەکردووە و هاوکاریمان دەکردن بەبێ جیاوازی.
ڕووداو: خاتوو لەیلا هەمیشە لە کۆنگرە و کۆبوونەوەکان لە ئەوروپا و برۆکسەل بەشداری دەکەی؟ پێتوایە گرنگیدان هەیە بەوەی کە کوردی فەیلی چییان بەسەرهاتووە؟
لەیلا سەلمان: هەر کۆنگرەیەک میوانداریمان بکەن بێگومان ڕۆیشتووین و بەشداریمان کردووە، پێم وایە بە کەمی بایەخ بە نەهامەتییەکانی کوردی فەیلی دەدرێت، بۆ نموونە لەو کۆنگرەی کە مانگی پێنج کاک مەسعود داوای کرد قوتابخانەیەک بە کوردی فەیلی درووست بکرێت، ئەوە ڕاستە بەڵام کێشەکە ئەوەیە کەس بەدواداچوونی بۆ ناکات، ئێمە دەمانەوێ بەدواداچوونەکان جیددی بن.
ڕووداو: کاک فوئاد دەمەوێ باسی منداڵەکانیشتان بکەم، سەرەتا چوویە هۆڵەندا دواتر هاتییەوە سوید یان بە پێچەوانەوە؟
فوئاد چراخوانی: من ساڵی 1980 لە هۆڵەندابووم، دواتر هاتمە سوید، سویدم پێ لە هۆڵەندا باشتر بوو، چونکە لەسوید زۆر گرنگی زیاتریان بە منداڵ دەدا، بۆ نموونە کاتێک ئێمە کاردەکەین ئەوان گرنگی زۆر بە منداڵ دەدەن لە مامۆستا و خوێندن و پەروەردە، بۆ نموونە لە هۆڵەندا بایەخی زۆر و ڕێکلامی زۆر ئەو کات بۆ جگەرە دەکرا، منیش پێم قبووڵ نەبوو، بۆیە هاتمە سوید و لێرە کارمکرد و زیاتر بایەخم بە پەروەردەی منداڵەکانم دا.
ڕووداو: هەندێکجار دەگوترێت سوید بۆ بابەتی منداڵ باش نییە، وایان لێدەکەن زۆر لەژێر کۆنترۆڵی دایک و باوکیان نەبن، بەڵام تۆ پێچەوانەکەی باس دەکەی ئەمە چۆنە؟
فوئاد چراخوانی: نا زۆر گرنگیان پێدەدەن، ئێستا ئازای کوڕم ڕاوێژکاری وەزیری دادی سویدە، هەروەها ڕاگری شاری هۆدێنگە سەربە وەزارەتی داد، کوڕەکەی دیکەم زانای فیزییە و ئێستا لە کامبریج لە بەریتانیا دەخوێنێت و ئەمە بەرهەمی پەروەردەی سویدییە.
ڕووداو: کاک موحسین تۆ گوتت نا زۆر باشە، بەڕاستی زۆر باشە بۆ منداڵەکانتان؟
موحسین سەلمان: بەڵێ زۆر باشە، بەڵام دەبێت دایک و باوکیش زۆر ئاگاداریان بن، منداڵێکم مامۆستایە و ئەوانی دیکەش خوێندیان تەواوکردووە و کاری خۆیان دەکەن و ڕێزیان لێدەگرن.
ڕووداو: لەیلا خانم وەک دایکێک لێرەیە باوکەکان زۆر ڕازین، لە کورد دا شتێک هەیە دایکان دەڵێن باوک کوا ئاگای لە منداڵە و لەدەرەوە خەریکی ئیش و کارە دەردەکە لای منە؟ ئایە سوید بۆ منداڵەکانتان باشە؟
لەیلا سەلمان: بەڵێ زۆر باشە، خانەوادەی ئێمە و نزیکەکانمان زۆربەیان خوێندیان تەواوکردووە و زۆربەیان پزیشکن، منداڵی خوشکم و براکانم، هەموویان بڕوانامەی بەرزیان هەیە، ئێمە لێبووینەوە، بەڵام ئەوان بەدەستیان هێناوە.
ڕووداو: کاک ساڵح ئەمساڵ لە کوردستان کۆنگرەیەکی گەورە لەبارەی فەیلییەکان کرا، لە بەرانبەردا باسی مێژووی جوانی فەیلییەکان کرا و کاریگەرییان بەسەرشۆڕشەکانی کوردستانیش کرا، چ شتێک پێویستە لە هەولێرەوە لە کوردستانەوە بکرێت بۆ کوردی فەیلی؟
ساڵح جادری: ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە بوونی پەیوەندییەکی بەهێزە، بۆ نموونە پەیوەندی نێوان کوردی فەیلی لەگەڵ سۆرانی و کورمانجی و ئەوانی دیکە وەک پێویست بەهێز نییە و دەبێت بەهێز بکرێت و نابێت مەزهەب ببێتە هۆی نەبوونی ئەو پەیوەندییە، هەر کەسێک نوێژ بکات یان یادی ئیمام حسێن بکات سەرچاوم، بەڵام دەبێت ئاڵای کوردستان لە هەموو بۆنەکان ئامادەبێت و ئێمە یەک نەتەوە و یەک گەلین، ئێمە دژی ئەوانە نین و نابێت ڕێگە بە کەسان بدرێت ناکۆکی بخاتە نێوانمان لە ڕێگەی جیاکاریی مەزهەبییەوە، کورد مێژووی میدیای هەیە و هەریەکە و بە شێوەیەک باسی دەکەن، لوڕ، کەڵهوور، میدیا و زۆری دیکە، پێویستە ئێمە پەیوەندی بەهێزمان لەنێواندا هەبێت و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە بدات ئەمە بەلای ئێمەوە گرنگە.
ڕووداو: ڕەنگە ئێستا لە کوردستانیش بیر لەوە بکەنەوە بڵێن کوردی فەیلی لەدەرەوە چ هێزێکی مرۆییان هەیە کە سوودی بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت و دەتوانین سوودیان لێببینن؟
ساڵح جادری: هەموو ئەوانەی لێرەن دەیانەوێ یارمەتیی وڵاتی خۆیان کوردستان بدەن، نموونەیەکت بۆ بێنمەوە، برادەرێک لێرەیە ناوی سەعدون مورادە و پڕۆفیسۆرە، لە سوید و ئەبوزەبی و تەواوی ئیمارات، هاتەوە کوردستان و ویستی هاوکاری کوردستان بکات، بەڵام گەڕایەوەو نەیکرد، بەهۆی گەندەڵی ئیداری و دارایی، پڕۆفیسۆری دیکەشمان هەیە، ئێستا چووەتە ئێران وانە دەڵێتەوە، زۆر پزیشکی دیکەمان هەیە لە ئەوروپا و کوردستان دەتوانێت سوودی زۆریان لێوەربگیرێت و هیوام وایە سوودی باشیان لیوەربگیرێت.
ڕووداو: کاک ئیبراهیم جاران دەگوترا سەددام کوردی فەیلی جینۆساید دەکات بەهۆی کوردبوون و شیعەبوون، ئێراقی دوای سەددام ئێراقێکی جیاوازە، هیچ نەبێت بۆ لایەنی مەزهەبی دەبێت بۆ کوردی فەیلی لە ناوەوەو دەرەوە زۆر باش بێت، بەغدا چۆنە بۆ کوردی فەیلی؟
ئیبراهیم بازگیر: ئەسڵەن لە ئێراق عەرەب نەبوون، ئەوان لە دوای فتوحاتی ئیسلامییەوە هاتوونە ئێراق، پێشتر هەموویان کلد و ئاشووری و کورد بوون.
ڕووداو: ئێستا حوکمی ئێراق شیعەیە و فەیلیش شیعەن، ئەوان بۆ ئێوە چۆنن؟
ئیبراهیم بازگیر: کێشەکە ئەوەیە کۆمەڵگەی کوردی فەیلی یەکگرتوونین، کێشەکە ئەوەنییە کوردن یان شیعەن، بڕیار هەیە لەکاتی سەدام حسێن دەرچووە کە ماڵ و سەروەت و سامانی فەیلییەکان دەستی بەسەردابگیرێت، ئێستا شیعەکان بڕیاری ئەوە نادەن کە ماڵ و سامانی شیعەکان کە سەددام دەستیبەسەرداگرتبوو هەڵبوەشێتەوە، ڕاستە بەهۆی کوردبوونمانە، بەڵام سەرپەرشتێکمان نییە.
ڕووداو: جارجار بەرپرسانی ئێراقی دێنە سوید و لەگەڵ ڕەوەندی ئێراقی کۆدەبنەوە، ئایە لەگەڵ ئێوە کۆدەبنەوە؟
عیسا فەیلی: ئەوانەی دێینە ئێرە باسی کوردی فەیلی ناکەن، مەسەلەکەش سیاسییە و گفتوگۆی لەسەر ناکەن، لەکاتێکدا زۆر کێشەمان لە ئێراق هەیە چارەسەر نەبووە، ئێمە سوپاسی سەرکردایەتی کورد دەکەین لەکاتی نووسینەوەی دەستوور ئەوان نەبوونایە ناوی کوردی فەیلی لەناو دەستوور نەدەبوو، چونکە دان بە ئێمەدا نانێن، حکومەتەکانی ئێراق لە ساڵانی سییەکانەوە تاوەکوو هەشتاکان خەریکی دەرکردنی کوردی فەیلین لە ئێراق، واتە حکومەتە یەکلە دوای یەکەکانی ئێراق دژی کوردی فەیلی بوون، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی شیعەن، سەیرکە 65٪ی دانیشتووانی ئێراق شیعەن، بۆچی سەددام ئەوانی لە ئێراق دەرنەکرد، بەڵای ئێمەی دەکرد، بەهۆی ئەوەی کورد بووین، بەهۆی ئەوەی لە بەغدا بەهێزبووین و ئابووری ئێراق بەدەست ئێمەوە بوو و کوردە فەیلییەکان بەشداربوون لە دامەزراندنی حیزبە کوردستانییەکان.
ڕووداو: خاتوو لەیلا چارەنووسی کوردە فەیلییەکانی بێسەروشوێنکراو بەتایبەت دوای ئازادکردنی ئێراق چیلێهات و بەغدا چیتان پێدەڵێت؟
لەیلا سەلمان: هیچمان پێناڵێن، نازانین لە کوێ لە سێدارەدراون یان زیندەبەچاڵکراون، هیچ نازانین و هەرچەندە هەرێمی کوردستان هاوکاری کردین بۆ ئەوەی لە دادگا بەشداربین، بەڵام هیچمان دەستنەکەوت.
ڕووداو: زۆر سوپاس بۆ ئێوەو ماڵی کوردی فەیلی کە هاوکارمان بوون لە تۆمارکردنی ئەم بەرنامەیە لێرە.[1]