یاریدەدەری سەرۆکی گشتی و گوتەبێژی #هوداپار# بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند، ئەوان بەردەوامن لە هەوڵی گۆڕینی دەستووری تورکیا و بەفەرمیکردنی زمانی کوردی.
دوای ئەوەی لە سیستمی تەندرووستیی تورکیادا پێنج زمان کارا کران، کە زمانی کوردیی تێدا نییە، کاردانەوە لەلایەن پارتی سیاسی، کۆمەڵە، ڕێکخراو و هاونیشتمانییان بەردەوامە. ئەو زمانانە بۆ سیستمی ئۆنڵاین زیادکراون بۆ ئەوەی نەخۆش بتوانن بە ئاسانی ڕەچەتەی خۆیان وەربگرن.
فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندرووستیی تورکیا ڕۆژی 26-08-2023 لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا، ڕایگەیاند، پێنج زمان بۆ سیستەمی ڕەچەتەی ئەلیکترۆنیم-E-Reçetem'' زیاد کراوە.
کۆجا ئاماژەی بەوە دا زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، عەرەبی، فەرەنسی و ڕووسی کاراکراون و بەردەستن.
بەرانبەر کاردانەوەکان فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندرووستیی تورکیا ڕایگەیاند ئەو زمانانە بۆ ئاسانکاریی بیانییەکان دانراون. هاووڵاتییانی تورکیا دەتوانن داواکارییەکانیان بە زمانی تورکی بگەیێنن.
پارتی چەپی سەوز (یەسەپە) و هوداپار دوو لەو پارتانە بوون لەنێو پەڕڵەمانی تورکیادا ناڕەزاییان سەبارەت بەو پرسە نیشاندا.
ئەگەرچی یەسەپە وەکوو پارتێکی سەربەخۆ و هوداپار وەکوو هاوپەیمانی جمهوور و لەژێر سایەی ئاکپارتی چوونەتە پەڕڵەمان، بەڵام لەم پرسە نەتەوەییەدا کە تایبەتە بە زمانی کوردی، هاودەنگن.
سەرکان ڕامانڵی، یاریدەدەری سەرۆکی گشتی و گوتەبێژی هوداپار چوارشەممە (30-8-2023) بەشداریی لە بووڵتەنێکی هەواڵیی تۆڕی میدیایی ڕووداو کرد و وەڵامی چەند پرسیارێکی لەمبارەیەوە دایەوە. ڕامانڵی ڕایگەیاند، کوردی زمانی ئەوانە و هوداپاریش لەسەر سێ شت هەڵوەستەی گرنگ دەکات و داکۆکی دەکات، کە یەکەمیان باوەڕی ئیسلامە، دووەمیان ناسنامەی کوردییە و سێیەمیشیان خزمەتکردنی شارەکانە.
سەبارەت بە دانانی پێنج زمان لە سیستمی ڕەچەتەی خزمەتخوازان لەلایەن وەزارەتی تەندرووستیی تورکیاوە، سەرکان ڕامانڵی وتی سیستم، ئەمڕۆ قبووڵناکات زمانی کوردی ببێتە زمانێکی فەرمی. ئەگەرچی ملیۆنان کەس لەم وڵاتەدا بەم زمانە قسە دەکەن، بەڵام بەداخەوە ئەم زمانە لە شوێنی فەرمیدا بەکارنایەت. کاتێک ئێمە دەڵێین با زمانی کوردی بەکاربێت، دەڵێن ئەو زمانە فەرمی نییە و نابێت لەو شوێنی فەرمیدا بەکاربهێنرێت.
سەبارەت بەو وەڵامەی وەزیری تەندرووستیی تورکیا کە دەڵێت: کوردی زمانی بیانی نییە، ڕامانڵی وتی ئەوان دەڵێن ئەو خزمەتگوزارییەی وەزارەتی تەندرووستی ئاسانکارییە بۆ بیانییەکان، دەڵێن زمانی کوردی زمانی بیانی نییە و زمانی هاووڵاتییانە. باشە ئەگەر ئەم زمانە زمانی خۆمانە، چیت بۆی کردووە؟
پێشتریش هوداپار زۆر جار داوای کردووە تورکیا لە ڕێی دەستوورێکی تەواو سڤیلەوە زنجیرەیەک گۆڕانکاری بکات. یەکێک لەو گۆڕانکارییانە بەفەرمیکردنی زمانی کوردییە. ئەمە لەکاتێکدایە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش لەگەڵ گۆڕینی دەستوورە و ئەم دەستوورەی ئێستا بە [بەرهەمی کودەتا] ناودەبات.
سەرکان ڕامانڵی، یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی هوداپار لەمبارەیەوە وتی ئامادەکاریمان سەبارەت بە گۆڕینی دەستوور کردووە. پارتی سیاسیی دیکەش ئامادەکارییان کردووە، بەڵام تا ئێستا زەمینەسازی نەکراوە. لەگەڵ ئەوەداین هەوڵەکان بەردەوام بن. هوداپاریش دەیەوێت دەستوورێکی سڤیل و دادپەروەر لە تورکیا بنووسرێتەوە. بێگومان بۆ ئەمە پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزی سیاسی هەیە. ئێمەش داوا لە تەواوی پارتە سیاسییەکان دەکەین تێکۆشان بۆ ئەمە بکەن، چونکە ئەمە تێکۆشانێکی زۆر گرنگە.
سەرکان ڕامانڵی ڕەتیکردەوە بەکارهێنان و قسەکردن بە زمانی کوردی ببێتە هۆکارێک بۆ دووبەرەکی و دابەشبوونی تورکیا. جەختیشی کردەوە داواکاریی هوداپار ئەوەیە زمانی کوردی هاوشێوەی زمانی تورکی ببێتە زمانێکی فەرمی.
ماوەی شەش مانگە بابەتی قوتابخانەی تێکەڵاو یان جیا لەڕووی ڕەگەزەوە، لە باکووری کوردستان و تورکیادا ڕۆژەڤە. لەمبارەیەوە سەرکان ڕامانڵی ڕایگەیاند هوداپار لەگەڵ ئەوەدایە ئازادی لەم بابەتەدا هەبێت؛ با قوتابخانەی تێکەڵ هەبێت، بەڵام ئەوانەش دەیانەوێت منداڵەکانیان لە قوتابخانەی جیا [کوڕان یان کچان] بخوێنن، ڕێگرییان لێنەکرێت و ڕێز لە بۆچوونیان بگیرێت.
پارتی دۆزی ئازاد کە ناسراوە بە ھوداپار، پارتێکی ئیسلامیی سوننەی کوردییە و ڕۆژی 19-11-2012 دامەزراوە. تا ئێستا بەشداریی لە پێنج هەڵبژاردندا کردووە و زیاتر لە 11 هەزار و 500 ئەندامی هەیە. لە هەڵبژاردنی پەڕڵەمانییی تورکیا لە 2018 157 هەزار و 324 دەنگی هێنا، کە ڕێژەی 0.31%ی دەنگەکانی تورکیا بوو. ئەوکات هوداپار نەیتوانی هیچ کورسییەک لە پەڕڵەمان مسۆگەر بکات، بەڵام لە هەڵبژاردنەکەی 14-5-2023 هوداپار لەژێر چەتری هاوپەیمانیی جمهوور کە ئاکپارتی سەرکردایەتیی دەکات، بەشداری لە هەڵبژاردندا کرد و چوار کورسیی لە پارێزگاکانی ئیستەنبووڵ، مێرسین، ئێلیﮪ و دیلۆک بردەوە. [1]