کاریگەرییە ئاییندەییەکانی جەنگی قەرەباخ لەسەر ئێران و کوردستان.
هەردی مەهدی میکە
پاش هەرەسی یەکێتی سۆڤیەت و دەرکەوتنی چەند کۆمارێک لە قەوقازدا، مەسەلەی قەرەباخ، دەروازەیەکی بایەخدار بووە بۆ هەژموونی وڵاتان و کێشەیەکی مەترسیداری مرۆییشی بۆ خەڵکی ئازەربایجان و ئەرمینیا سازاندووە. نە یاسا نێودەوڵەتییەکان و نە بەڵگە مێژووییەکان، پشتیووانی هەبوونی یەریڤان ناکەن لە پرسی قەرەباخدا، بەڵام سیاسەتی نێودەوڵەتی وڵاتان ساوایی دەوڵەتی باکۆیان قۆستەوە، پێکداچوونی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان کاریگەریی لەسەر چارەسەرنەکردنی کێشەکە کرد و یەکلانەکرایەوە.
ئێرانییەکان و کوردستانییەکان، دوو لەو گۆڕاوەی ناوچەکەن کە لێکەوتەی ململانێکانی ڕابردوو و جەنگی ئەمجارەی قەرەباخ کاریگەریی لەسەریان دەبێت، پرسیاری سەرەکی ئەوەیە لێکەوتەکانی بەردەوامی جەنگ چ کاریگەرییەکی لەسەر ئاییندەیان دەبێت؟
ڕەفتاری وڵاتان بەرهەمی ململانێ و سیاسەتی نێودەوڵەتییە، هەر لەبەر ئەمەشە دەوڵەتان لە ڕەفتارییاندا بۆ ئەوەی جێگەیان بێتەوە لەو سیستەمەدا توانای بەرگری (بەهۆی دۆستەکانیانەوە) خۆیان لەسەر حسێبی ئەوانی دی بەهێز دەکەن. وڵاتان بۆ بەرگرتن لە توانای ڕکابەرەکانیان بەدوای هاوپەیماندا دەگەڕێن و جێگەی خۆیان لە هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکاندا دەکەنەوە.
ڕەنگە ئەم ڕوانینەی تیۆریای واقیعگەرایی نوێ دەسکەلایەکی باش بێت بۆ شەرحی دۆسێی قەرەباخ، کە ساڵانێکە پەیوەندی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزدا دۆسێکە لەنێوان ڕووسیا و ئەمریکادا یەکلانابێتەوە و بوونیادی سیستمی نێودەوڵەتی، ناوچە جێناکۆکەکانی ئەوێندەرێی بە هەڵواسراویی هێشتووەتەوە. ئەم دیدگایە کۆمەککارە بۆ تێگەیشتن: لەچۆنێتی خۆبەهێزکردنی باکۆ و خۆجێکردنەوەی لە سیاسەتی نیودەوڵەتییدا بە شێوەیەک کە ئێستا هەم توانای بەرگری لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی تورکیا-ئیسرائیل-ئەمریکاوە بۆ گەیشتن بە سنووردارکردنەوەی ڕکابەرەکی (ئەرمینیا) ، بۆ هەروەک ڕۆشنکەرەوەی دۆخی ئێران و کوردستانیش بێت لە کارلێکیان لەگەڵ دۆسێی قەرەباخدا، کە تیایدا وڵاتانی زلهێز و سیستمی نێودەوڵەتی کاریگەریی لەسەر ڕۆڵیان دەبێت، چونکە دواجار سنووردارکردن و جوڵەی ئەم دوو دراوسێیە گەرچی لە ڕوخساردا پەیوەندییان نییە بە کێشەی قەرەباخەوە، بەڵام بوونیادە گشتییەکە هەردوو گۆڕاوەکە دێنێتە ململانێکەوە.
$قەرەباخ؛ دەروازەی هەژموونە نێودەوڵەتییەکان$
پێشتر هەر یەک لە وڵاتانی ئەمریکا، ڕووسیا و تورکیا و ئێران لە دۆسێی قەرەباخدا ویستوویانە بە جۆرێک ڕۆڵ بگێڕن کە هەژموونی خۆیان لە ناوچەکەدا پەرە پێبدەن لە بری چارەسەر، واشنتۆن بە ڕاگرتنی پەیوەندیی و لە چوارچێوەی چوارقۆڵییەکی ڕۆژاوادا دەیەویست دۆخەکە ڕاگرێت، بەمەش قۆڵی ڕووسیای هەم لە ئەرمینیا و ئازەربایجان کوورت دەکردەوە، هەر ئەم مامەڵەیە بوو سەرۆکوەزیری ئەرمینیای بەرەو ڕۆژاوا گلێر کردەوە و کەمێک ڕووسیای لە خۆی نیگەران کرد. (1)
مۆسکۆش، ویستوویەتی بە دۆستایەتی دوولایەنە بەڵام بە هێشتنەوەی دوومەڵی قەرەباخ، دەرفەتی بۆ خۆی ساز دەکات و بەوریاییەوە لەچوارچێوەی “سنووری پێشینەی ئەرمینیا” پەیمانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەریڤاندا هەیە و دەیپارێزێت بە بێ قەرەباخ، بەمەش دڵی ئازەربایجانی ڕاگرت و قەرەباخی بە جێناکۆک داناوە و بەرگریکاری ئەرمەن نییە لەو حەوزەدا، بۆ ئازەربایجان ئەمە بێلایەنێتی ئەرێنی بوو لە ڕابردوودا، سەرەڕای ئەوەش بازاڕێکی چەکفرۆشی گەرمی بە هەردوولا فەراهەم کردووە.
دوو فاکتەری ئامانجگەرا و شوناسیی، ڕۆڵیان لە هەبوونی تورکیاش لە دۆسێکەدا گێڕاوە: تورکچێتی و دوژمنایەتی دێرینەی ئەرمینییەکان، هەر لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری ئازەربایجاندا، هەردوو فاکتەر خێرا تورکیایان یەکلاکردەوە و تاهەنووکە ئەنقەرە پشتیووانی باکۆیە. کە ئەمە بۆ ئاییندەی ئێران مەترسیدارە چونکە: لەلایەک خۆڵەمێشی بزووتنەوەی پانتورکی دەوروژێنێت و دوور نییە ئەو لەتە ئازەربایجانەی نێوئێرانیش بورووژێنێت و تا هەڕەشەی جیابوونەوە بڕوات و خەونی بزووتنەوەی “ئازەربایجانی مەزن”، ببووژێنێتەوە. هەر ئەم هۆکارەش پاڵنەرە بۆ کاردانەوەی نەتەوەکانی دیکەی کورد و عەرەب و بەلوچ و چیتر وتاری ئێرانیزم نەتوانێت چوارچێوە ناوەندگەراکەی تاران پارێزراو بکات.
لەم دۆسێیەدا ئیسرائیل و ئەوروپاش بێ ڕۆڵ نین و هەریەکەیان بە جۆرێک بەتایبەت لە ڕووی ئابووری (سەرچاوەی وزە) ، سیاسیی (ڕاگرتنی هەژموونی ڕووس و ئێران) سوودی خۆیان بردووە و بەڵام ئێستا کە هێزی سەربازیی و باڵایی توانای سیاسیی ئازەربایجان لە ئەرمەنستان زیاترە، وای کردووە چیتر بێلایەنی ئەرێنیی وڵاتان لەو نێوانەدا بۆ ئازەرییەکان بەلایەنگری لە قەڵەم بدرێت.
$وتارە جیاوازەکان و نیگەرانییەکانی ئێران$
لەم پرسەدا هەستیاری لە ڕادەبەدەری ئێران دەبینرێت، چونکە بەهۆی ئەو سیاسەتە دابڕاوەی لەگەڵ ئەمریکا، ئیسرائیل، ئەوروپا و پەیوەندی ناچاریی لەگەڵ تورکیا و مەترسیی پرسی نەتەوەکانی ئەو وڵاتە، دەردەکەوێت بە گەشەکردنی هەر یەکێک لەو هەژموونانەی باس کران لە دۆسێی قەرەباخدا بە جۆرێک لەسەر حسێبی ئێران تەواو دەبێت.
لە ڕابردوودا پەیوەندی ناچاری لەگەڵ ئازەربایجاندا و پشتیووانی تەواوی بۆ ئەرمەن، بۆ ئێران چارەسەرێکی نایابی بۆ هێنابوویەکایە، مانەوەی بەوشێوەیەی ساڵانی ڕابردووی دۆسێی قەرەباخ بۆ ئێران نیعمەت بوو بەڵام ئێستا بەرداشێکە و هەڵوێستی نوێی لێ دەوێت.
$لە جەنگی قەرەباخدا، سێ ئاڕاستە لە ڕوانینی سیاسیی ئێراندا هەست پێدەکرێت: $
1. ڕوانینێکی سیاسیی-حکومەتی کە باوەڕی بە نێوانگیریی هەیە و دەیەوێت بێلایەنێکی ئەرێنی بێت (2)، ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێستی جارانییەتی کە بەرانبەر ئازەربایجان و لەگەڵ ئەرمینیادا بوو، سەرەڕای ئەوەی ئازەربایجان لەڕووی ئایینیی و نەتەوەییشەوە هاوبەشیی مێژوویی و مەزهەبیی دێرینی لەگەڵ تاراندا هەبوو، بەڵام ئەم جارە بەهۆی کێشەی ئابووریی، گەمارۆ و پەتای کۆرۆناوە، ناتوانێت لایەنگرانە مامەڵە بکات و تەنیا داوای نێوانگیریی و ئاشتەوایی دوولایەنی جەنگی کردووە. (3) وادیارە ئەم وتارە پراگماتیکییانەترە و تەنیا لە بەرژەوەندی ئێستای ئێران و قەیرانەکانیدا مامەڵە دەکات نەک بنەما و وتاریی ئامانجگەرایی ئیسلامیی ئێران و پەلکێشییەکانی. ئەم ستراتیژە تارادەیەک ڕەزامەندییەکی کوورتمەودای ئازەربایجانی بەدەستهێناوە. (4)
2. ئاڕاستەی مەزهەبییە کە ڕێبەر، نوێنەرەکانی، ئیمام جومعەکان و دەیان پەڕڵەمانتار و…تاد لایەنگیریین. ئەم دیدە جەخت لە پشتیووانی ئازەربایجان دەکاتەوە و هەردوو ڕوانگەی مەزهەبی شیعی و ئازەرییبوونی تێکەڵ کردووە و داوای پشتیووانی باکۆ دەکەن. هەژموونی ئەمانە زیاتر لە شارە ئازەرییەکان و توندئاژۆکانی نێو دەزگا دەوڵەتییەکانن، لە سەروو هەموویانەوە خودی ڕێبەری ئێران کە هەم توندئاژۆیە و هەم ئازەرییشە. خامینەیی لە دیدارەکانییدا نەیشاردۆتەوە کە قەرەباخ بەشێکە لە “زەویەکانی ئیسلام” و بەرگری بە کارێکی پێویست زانیووە. (5) هەر لە ڕۆژانی هەڵایسانی جەنگەکەشدا، چەند نوێنەرێکی ڕێبەری ئێران پشتیووانی دینی و دنیاییان بۆ ئازەربایجان دەربڕی، پاراستنی خاکی قەراباخیان بە سنوور و سەروەریی و ئەرکی باکۆ لەقەڵەمداوە، ئاماژەشیان داوە کە “لە سەرەتای داگیرکردنی قەرەباخدا گەر وریایی ئێران نەبووایە داگیرکاریی ئەرمینیا تا باکۆ دەهات”. (6)
ئەم دیدگایە پێچەوانەی هەڵوێستی بەشێکی ئێرانییەکان و دەوڵەتییە پراگماتیکیەکان و بەشێکی ڕیفۆرمیستەکانە (حکومەت، وەزارەتی دەرەوە و ڕۆشنبیرە فارسەکان) . ڕەنگە نیگەرانی ئەوان بۆ ئەوە بگەڕێتەوە لە ئاییندەدا ئەم هەڵویستە چەند لێکەوتەیەکی ترسناکی هەبێت لەسەر:
آ.سیاسەتیی دەرەوە (بەرانبەر وەستانی ڕووسیا و ئەرمەنستانی دراوسێ و هاوپەیمان) .
ب. ئاساییشی نەتەوەیی ئێران (سەرکەوتنی باکۆ واتە سەرکەوتنی تورکنەژادەکان و بەهێزتربوونی تورکیا لە ناوچەکەدا ئەوەش بە مانای بوژانەوەی یاخیگەریی ئازەرییەکانی ئێران دێت، دوور نییە داوای ئازەربایجان بکاتەوە، یان ئازەرییەکانی ئێران و ئازەربایجانیش خەونی یەکخستنەوەی ئازەربایجانی مەزن بهێننەدی.
ج. بەهێزتربوونی هەژموونی دژە ئێرانی و تووندتربوونی سزاکان و لاوازترکردنی ئابووریی تاران (چونکە لە ئەگەری سەرکەوتنی باکۆ، واتە نزیکترکردنەوەی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژاوا، بەو پێیەی باکۆ پەیوەندییەکی توندووتۆڵی لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە کە 40 ساڵە بەرانبەر تاران وەستاونەتەوە و بەمەش دەبنە دراوسێی نزیکی ئێران.
$کورد لە هاوکێشەکەدا $
کورد لەم هاوکێشەیەدا لە دوو جەمسەردا ڕۆڵ دەبینێت (پەکەکە و لقەکانی و ڕۆژاڤا لەلایەک، حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزە کوردییەکانی سووریا و ئێران لەلایەکی دی) ، ئەم دوو جەمسەرە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تا هەرێمایەتی دابەشبوونیان شۆڕبووەتەوە. دوورنییە لە ئاییندەیەکی نزیکدا بخزێنرێتە نێو ململانێکانەوە، چونکە:
1.بوونی ڕۆڵی کاریگەریی تورکیا و ئەمریکا لە ئازەربایجان، کە هەرێمی کوردستان بە جۆرێک هاوپەیمانییان حسێب دەکرێت. تورکیا گەر توانیبێتی ئێران سنووردار بکات لە هاوکارییکردنی یەریڤان و نزیککردنەوەی لە باکۆ، دووریش نابێت کارتەکانی بەرانبەر کوردەکانیش بەکاربهێنێت، کە جێکەوتەی لەسەر ئابووریی و کۆی گشتی قەوارەی هەرێم و پەیوەندییەکانی دەبێت.
2. بەهۆی پێچەوانەیی ستراتیژی پەکەکە بەرانبەر تورکیا و تەبابوونی ستراتیژی ئەو هێزە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی تەوەری ئێران-سووریا-ئەرمینیا و پێشێنەی هاوکارییان، ئەگەری تێوەگلانی یان بەشداریی ناچاریی پەکەکە هەیە، بەمشێوەیە دۆخێکی هەستیاری ململانێی نەتەوەیی-ئایینیی بۆ کوردستان دەسازێنێت. کوردەکان لە تورکیا و ئێران دەخاتە بەردەم هەڕەشەی ئازەرییەکانەوە کە لە قوڵایی ژوورەکانی بڕیاری سیاسیی تاران و ئەنکەرەدان.
لە ئێستاشدا هەواڵە نەسەلمێنراوەکان کەم نین و باس لە بەشداریی ئەندامانی پەکەکە دەکەن لە جەنگی قەرەباخدا، تورکیا وەک چۆن خۆی تۆمەتبارە بەوەی چەکداری ئۆپۆزسیۆنی سووریای هەناردەی ئازەربایجان کردووە، ئاواش پەکەکە تۆمەتبار دەکات کە 300ئەندامی یەپەگەی بۆ هاوکاریی ئیرەوان بە هاوکاریی ئێران ناردووتە قوڵایی جەنگەکە (7) ، کە پێشتر لە قامیشلو و قەندیل بوون و ئێستا لە گرووپی “نوبار ئوزانیان”دا خۆیان ڕێکخستووە و دژی باکۆ دەجەنگن. (8) هەروەک هەندێ سەرچاوەی نادڵنیاش ئاماژە بە کوژرانی 20 چەکداری ئەرمەنی پەکەکە دەکەن.
لە بەرانبەردا گەرچی پەکەکە ئەوە ناشارێتەوە کە ئەم جەنگە “نە هیی گەلی ئەرمەنی و نە ئازەریە. ئەو دۆخە، لە ڕاستیدا شەڕی دەوڵەتی تورکە” پەکەکە کە باوەڕی وایە دوژمنی سەرسەختی پرسەکەی تورکیایە و دژایەتی تورکیا ستراتیژیەتی، بەڵام هەرزوو ڕەتیکردەوە گەریلایان ڕەوانەى ئەرمینیا کردبێت”. (9)
$دەرئەنجام $
بە تێگەیشتن لەو پێدراوانەی لەجەنگی قەرەباخەوە دەستدەکەون، دەردەکەوێت، ڕەنگە لە ڕوخساری ڕووداوەکەدا جەنگەکە هیی دوو وڵات بێت، بەڵام چ لە کێشاندن و چارەسازییەکانەوە، چ لە دەرکەوتەکانی جەنگەکەوە، سەرووناوچەییە و جەمسەربەندییە نێودەوڵەتیی و هەرێمییەکان ڕۆڵ دەبینن لە تێوەگلاندنی هێزەکانی دەرەوەی جەنگەکەدا، تا هەنووکەش شەڕەکە و لێکەوتەکانی و لێدوانەکان لە جوگرافیای قەرەباخدا قەتیس نەماوون، هێز و جەمسەرەکانی ئێران و کوردستانی لەنێو چەندین وتاری دژدا هەڵوێستدار کردووە، کە لە ئاییندەدا کاریگەریی ئابووریی، سیاسیی و ئەمنییان لەسەر ناوچەکە دەبێت و تەنیا بێلایەنی بەس نییە بۆ ئێران و هەرێمی کوردستان گەر لە چوارچێوەی جەمسەربەندییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا جێکەوتەی کاریگەرییان نەبێت، ئەوا دەبنە هێزی پاسیڤی کارتێکراو.
ئێران لەم بابەتەدا دەردەکەوێت ملی دابێت بۆ واقیعی نوێ و نایەوێت لەوە زیاتر بکەوێتە بەرانبەر تورکیا و ئەمریکا، لەولاشەوە کە ئێستا ڕووسیای لێ نزیکە ڕەنگە ئەرمینیای وەک جاران پێویست نەبێت. بەڵام هەرێمی کوردستان هێشتا بێلایەنی ئەرێنی لە ستراتیژیدا گرتۆتەبەر و ڕەنگە هەرواش بمێنێتەوە. بەڵام ئایا هێز و جەمسەرە هەرێمی و نیودەوڵەتییەکان بەمەندە لێدەگەڕێن؟
$پەراوێزەکان:$
(1) – اندیشکدە ڕاهبردی تبیین، 1398:نقش آفرینی ایران در دوگانه آذربایجان و ارمنستان، ص9:
http://tabyincenter.ir/wp-content/uploads/2019/04/B5-31632.pdf
(2) - حسن حضرتی: ما و جنگ قرەباغ، https://t.me/HassanHazrati50/161 2-
(3) - حقی اویغور: موضع ایران نسبت به درگیری های قره باغ 3-https://iramcenter.org/fa/irans-position-on-the-nagorno-karabakh-conflict/
(4) - همشهری، واکنش ڕئیس جمهور آذربایجان به موضع ایران در جنگ قرەباغ: https://bit.ly/2FjYRCf
(5) - جنگ قرەباغ؛ “دیدگاه ڕسمی ایران ڕا وزارت خارجه بیان میکند”: https://bit.ly/36NKyRJ
(6) - سایت ڕسمی حوزە: بیانیه مهم نمایندگان ولی فقیه در شمالغرب کشور درباره بحران قره باغ، https://bit.ly/2GSVNx6
(7) - همکاری ارمنستان و پ.ک.ک/ ی.پ.گ در حملات به غیرنظامیان در آذربایجان:
https://trt.net.tr/persian/mntqh/2020/09/29/hmkhry-rmnstn-w-p-kh-kh-y-p-g-dr-hmlt-bh-gyrnzmyn-dr-adhrbyjn-1499594
(8) - کوردپاریز، پ.ک.ک در نبردهای ارمنستان و آذربایجان: https://bit.ly/33HmApg
(9) - ناس کورد: ڕۆنی سەردەم، وتەبێژی کەجەکە، https://nasnews.com/kurd/view.php?cat=16841
(ناوەندى لێکۆڵینەوەى ڕووداو RRC) .
[1]