ناونیشانی بابەت: سلێمانی.. بەم زووانە پەردە لەسەر پەیکەری (قانع) ی شاعیر لادەبرێت.
ئامادەکردنی: سۆلین سلێمان
#چێنەر نزار#، پەیکەرسازی بەتوانای #کوردستان#، ماوەیەکە سەرقاڵی درووستکردنی پەیکەری شاعیری ناوداری کورد (#قانع#)ە. لەبارەی ئەو پەیکەرەوە بۆ (باسکورد) وتی: ”ئێستا کارەکە لە سەروبەندی تەواوبووندایە و بەم نزیکانە لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا پێشکەشی کوردستان و #سلێمانی# دەکرێت، ئەویش لەپای ئەو خزمەتە گەورەیەی شاعیر بە بواری هۆنراوە و ئەدەبی کوردیی کردووە.“
ئەو پەیکەرسازە وتیشی: ”جگە لەم کارەم، لەم پاییزەدا پەیکەری (ژەنەراڵی پاییز)م ئامادە دەبێ، چوار ساڵە چاوەڕێم شوێنێکی باشم بۆ دابین بکرێت، بەخۆشحاڵییەوە ئەمساڵ (2023) بڕیارە شوێنێک بۆ دانانی ئەو پەیکەرەش دابین بکرێت، بەمەش گیانی ژەنەڕاڵ ئارام دەکەین.“
چێنەر نزار ئاشکراشی کرد: ”شانبەشانی ئەو پرۆژانەم، چەند پەیکەرێکی دیکەیشم ئامادەن، وەک دانانی پەیکەری هونەرمەندی گەورە (#ئەحمەد کایە#) کە کارەکانی تەواو بووە و ئێستا لە قۆناغی دانانیداین، هەروەها کارم بۆ هەریەک لە (کەمالی، د. ئەنوەر شێخە، فەرەیدوون عەلی ئەمین، خالید پاشا)ش کردووە، پەیکەری هەموو ئەمانەش تەواو بووە و هیوادارم لە ماوەی ئەم چەند مانگە تا سەری ساڵ، بتوانم لە شوێنی شیاودا دایانبنێم.“
چێنەر نزار، هونەرمەندی پەیکەرساز، خەڵکی شاری سلێمانییە و ئێستاش هەر لەوێ دادەنیشێ، بەشی پەیکەرسازی لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان تەواوکردووە و بە پەیکەرە سەرنجڕاکێش و جوانەکانی چەندین شاری کوردستانی ڕازاندووەتەوە. [1]