ڕێبوار محەمەد وتەبێژی فراکسیۆنی جووڵانەوەی #نەوەی نوێ# لە پەڕڵەمانی ئێراق #مەسرور بارزانی# سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان#ی بەهۆکاری ئەو دۆخە زانی، کە خۆی هۆشداری لەبارەوە داوە و ڕایگەیاند، دۆخەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە، کە مەسرور بارزانی لە نامەکەیدا بۆ سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی پێکردووە.
ڕێبوار محەمەد لەمیانی لێدوانێکی ڕایگەیاند، مەسرور بارزانی خۆی بەرپرسە لە خراپتربوونی دۆخەکە و ئەویش بەشێکە لەو کێشانەی ئێستا هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.
ئەو پەڕڵەمانتارەی نەوەی نوێ ڕاشیگەیاندووە، پەیامەکەی مەسرور بارزانی بۆ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ڕەنگدانەوەی ئەوەیە، کە دۆخەکە لە ناوچەکەدا زۆر مەترسیدارە، زۆر لەوە ئاڵۆزتریشە، کە سەرۆکی حکومەت ئاماژەی پێکردووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، چاککردنەوەی دۆخەکە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە، چونکە بارزانی و لایەنە دەسەڵاتدارەکان بەشێکی سەرەکین لە کێشە جۆراوجۆرەکانی #کوردستان#.
تۆڕی نێودەوڵەتی ئەلمۆنیتەر، لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکەوە ئاشکرایکرد، کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەلەگرامێکی ئاڕاستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کردووە و داوای لێکردووە دەستوەردانی “بەپەلە” بۆ ڕزگارکردنی هەرێمی کوردستان لەو دۆخەی تێیکەوتووە بکات.
بەگوێرەی نامەکە، بارزانی هۆشداریداوە لە داڕووخانی تەواوەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر جۆ بایدن، بە شێوەیەکی شەخسی دەستوەردان نەکات و فشار لە حکومەتی ئێراق نەکات. [1]