هەڤپەیڤین: سیما ئابخێزر
وەرگێڕانی: بژار زوبێر
دۆگلاس سیڵێمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە ئێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی ڕووداو دا وتی هەندێ لایەنی نێوخۆیی ئێراق و لایەنی نێودەوڵەتیش هەن هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان و ئۆتۆنۆمییەکەی لاواز بکەن. چارەسەرەکەیش لەوەدا دەبینێت کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا لە پەیوەندی دا بمێننەوە بۆ ئەوەی پشتیووانیی بۆ خۆیان کۆبکەنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی لەو هێزانەش تێبگەن کە وادیارە هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان لاواز بکەن.
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە ئێراق، ئێوارەی ڕۆژی 14-09- 2023 لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنی کاژێر 17:00ی ڕووداو دا، لە وەڵامی پرسیارەکانی پێشکەشکاری ڕووداو سیما ئابخێزردا وتی لەو بڕوایەدایە کە کۆمەڵێکی بەهێزی شیعەی نەتەوەپەرستی ئێراقی هەیە دەیانەوێت پێکهاتە کەمینەییەکان و هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر هەژموونی بەغدا.
دۆگلاس سیڵێمان، کە لە ماوەی نێوان 2016 تاوەکوو 2019 باڵیۆزی ئەمریکا بوو لە ئێراق و ئێستا سەرۆکی پەیمانگەی وڵاتانی عەرەبیی کەنداوە لە واشنتن، لە وەڵامی پرسیارێکی ڕووداو دا سەبارەت بە سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا باسی لە نامەیەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و لە وەڵامی پرسیارێکی دیکەش هەر لەبارەی ئەو نامەیە وتی من خۆم نامەکەم بە تەواوی نەبینیوە، بەڵام ڕاپۆرتی میدیاییم لەسەر نامەکە بینیون. وەک وتم، کرۆکی ئەو نامەیەی کە کاک مەسرور بۆ سەرۆک بایدنی ناردووە، ئەوەیە کە خۆبەڕێوەبەریی کوردستان لە مەترسیدایە و هەندێ هێز لە بەغدا و لە ئێران و شوێنەکانی دیکە هەن کە ڕەنگە بیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. پێم وایە ئەوە پەیامێکە کە سەرۆک بایدن تێیدەگات و پێزانینی بۆی دەبێت.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ دۆگلاس سیڵێمان
ڕووداو: ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگرەکەی پێکەوە سەردانی بەغدایان کرد، ئایا کاتێک ئەمریکا سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران پێکەوە دەبینێت، باشتر پشتیووانی لە هەرێمی کوردستان دەکات؟
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە ئێراق: ئەمە پرسیارێکی باشە. ئێستا کێشە سەرەکییەکە ئەوەیە. هەروەک سەرۆکوەزیران کاک مەسرور بارزانی هەفتەی ڕابردوو لە نامەکەیدا بۆ واشنتن باسی کردبوو، ئۆتۆنۆمیی هەرێمی کوردستان لە سیاسەتی ئێراق دا لەژێر هێرشدایە. وادیارە هەندێ لایەنی نێوخۆیی ئێراق و لایەنی نێودەوڵەتیش هەن هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان و ئۆتۆنۆمییەکەی لاواز بکەن، بۆیە بە بڕوای من، پێویستە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ لایەنەکانی بەغدا لە پەیوەندی دا بمێننەوە بۆ ئەوەی پشتیووانی بۆ خۆیان کۆبکەنەوە، هەروەها بۆ ئەوەی لەو هێزانەش تێبگەن کە وادیارە هەوڵدەدەن هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. هەروەها بیرۆکەیەکی باش دەبێت ئەگەر سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دۆستانی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی دا بمێننەوە.
ڕووداو: ئەو لایەنانە کێن کە دەیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن؟
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە ئێراق: بە بڕوای من ژمارەیەک لایەن لە چەند شوێنێکی جیاواز هەن. لەنێو ئێراق دا، بڕوام وایە کە کۆمەڵێکی بەهێزی شیعەی نەتەوەپەرستی ئێراقی هەیە، کە لەو خەڵکانە پێکدێن کە پێیانوایە دەبێت ئێراق بەشێوەیەکی زاڵ لەلایەن شیعەوە بەڕێوەببردرێت و پێکهاتەکانی دیکەی ئێراقیش لەو چوارچێوەیەدا کار بکەن. ئەوان دەیانەوێت پێکهاتە کەمینەییەکان و هەرێمی کوردستان بکەوێتە ژێر هەژموونی بەغدا. هەروەها پێم وایە کە تاوەکوو ڕادەیەک ئێرانیش خواستێکی لەوجۆرەی هەیە. ئێران پەیوەندیی بەرهەمدار و لەمێژینەی لەگەڵ لایەنە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان هەبووە، بەڵام بەگشتی وەک لەکاتی چەند هێرشێکی سەربازیی ئێران دا بۆ سەر کوردانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بینیمان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، ئێران دەیەوێت دڵنیابێتەوە لەوەی کە هەرێمی کوردستان هیچ شتێک ناکات کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئێران بگەیێنێت، لەوانەش دابینکردنی پەناگەیێکی ئارام بۆ دژبەرانی ڕژێمی تاران.
ڕووداو: 13ی ئەیلوول، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پێدانی زانیاری بە حکومەتی ئێراق زۆر ڕوون بووە، بەڵام بەغدا بەشێوەیەکی فیدراڵی هەڵسوکەوت ناکات؛ ئایا ئەمریکا هێشتاش سەقامگیربوونی سیستمی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستانی بەلاوە مەبەستە؟
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە ئێراق: سەقامگیریی کوردستان بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە. ڕاستییەکەی ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناخی دوای ساڵی 2003، بەڵکوو بەڕاستی دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕووخاندنی سەدام حسێن و دەستوەردانی سەربازیی ئەمریکا کە بووە هۆی ڕووخاندنی سەدام حسێن. بۆ ئێمە، هەرێمی کوردستان دۆست بووە، هەرێمی کوردستان پشتیوانکار بووە، ئێمە هەموومان وەک ئەمریکییەکان دەرفەتی بازرگانیمان لە هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە، گرێبەستی باشتر و بەقازانجتر و ژینگەیەکی بازرگانی زۆر باشترمان لە هەرێمی کوردستان دۆزیوەتەوە. سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی ئێراق بەگشتی وهەرێمەکەش گرنگە، ئەمەش بۆ ئیدارەی واشنتن زۆر گرنگە. کێشەکە بە بڕوای من ئەوەیە کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، هیچ کات ئەو هێزەی بەکارنەهێناوە کە لەنێو دەستووری ئێراق دا بە هەرێمی کوردستان دراوە وەک هەرێمێک و کوردیش وەک گەلێک. بۆ ماوەی چەندین دەیە، ناکۆکی هەبووە لەنێوان بەشە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها لەنێوان لایەن جیاجیاکانی دا. هەندێجاریش بەغدایان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خۆیان بەسەر لایەنێکی دیکەی کوردی دا بەهێز بکەن. بۆیە، بە بڕوای من، ڕەنگە باشترین ستراتیجی بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەبێت کە بەدەنگێکی یەکگرتوو لەگەڵ بەغدا قسە بکات. ئەگەر کاک نێچیرڤان یان کاک مەسرور بچنە بەغدا، گرنگە کە یەک پەیامیان پێبێت، هەروەها سەرکردەکانی دیکەی کوردیش لە بەغدا پێویستە پەیامی ئەوتۆیان پێبێت کە لە نزیکەوە هاوئاهەنگیی لەسەر کرابێت بۆ ئەوەی بیاندەنە حکومەتی بەغدا.
ڕووداو: هەر کاتێک هەرێمی کوردستان هەست بکات کە مافەکانی لە بەغدا پارێزراونابن، چاوی لە یارمەتیی ئەمریکایە، ئایا ڕاستە ئەو چاوەڕوانیانەی لە ئەمریکا هەبن؟
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە ئێراق: پێم وایە ئەوە بەندە لەسەر ئەوەی کە مەبەستت لە مافەکان چییە. بێگومان ئەمریکا دەیەوێت جێبەجێکردنی ئەو بەشانەی دەستووری ئێراقی ببینێت کە پشتیووانی لە ئۆتۆنۆمی هەرێمی کوردستان و پەیوەندیی باش لەنێوان حکومەتی هەولێر و حکومەتی بەغدا دەکەن. بێگومان کاتێک کە من لە بەغدا بووم، زووزوو سەردانی هەولێر و سلێمانیم دەکرد، زۆر هەوڵم دەدا هاوئاهەنگیی لەسەر ئەو یاسایانە درووست بکەم کە لە دەستووری ئێراق دا هاتوون. پێم وایە ئەگەر کوردانی ئێراق بڕوایان وابێت کە ئەمریکا بەشێوەی سەربازی، لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان، دەستوەردان لە دژی بەغدا دەکات، ئەوا ئەوە زۆر دوورە لەوەی ڕووبدات، بەڵام ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژە یارمەتیی سەربازیی زۆر گرنگیی بە پێشمەرگە داوە. بە ڕاشکاوی دەیڵێم، ئێمە وەک حکومەت، بەشێکی بەرچاووی مووچەی پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەکان دەدەین. کێشەی دووبەرەکیی بەردەوامی نێوان هەولێر و سلێمانی وایکردووە کە تەنیا چەند بەشێکی پێشمەرگە بچنە ژێر چەتری ئەم لیوا هاوبەشانەوە، هەروەها بەشەکانی دیکەی کوردستان پێشمەرگەی سەربەخۆی تایبەت بە خۆیان هەیە کە هاوئاهەنگییان لەگەڵ ئەم لیوا یەکخراوانەدا یان بەشەکانی دیکەی کوردستاندا نییە. بۆیە، تەنانەت لە ڕوانگەی ئەمنیشەوە، دووبەرەکیی نێو سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان وایکردووە پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتوو لەسەر پرسە ئەمنییەکان زۆر زەحمەتتربێت بۆ قسەکردن لەسەر پرسە ئەمنییەکان لەکاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆی ئێراق، وەزارەتی بەرگریی ئێراق، حەشدی شەعبی یان یەکە نیمچە سەربازییەکانی دیکە. ئەمریکاش بەردەوام دەبێت لە پشتیووانیکردنی پێشمەرگە؛ پێشمەرگە هێزێکی دەستوورییە، بەڵام دووبارە لەوبڕوایەدام کە پێویستە هاوئاهەنگی لەنێوان سەرکردەکانی هەرێمی باشووری کوردستان دا هەبێت بۆ ئەو سەرچاوانە بە شێوەیەکی گونجا و کاریگەر بەکاربێنن.
ڕووداو: بە پێی ئەوەی لە ڕاپۆرتێکی پێگەی ئەلمۆنیتەردا هاتووە، نامەیەک لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ جۆ بایدن نێردراوە، چ زانیاریەکتان لەسەر ئەو نامەیە هەیە؟
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە بەغدا: بەڵێ، من خۆم نامەکەم بە تەواوی نەبینیوە، بەڵام ڕاپۆرتی میدیاییم لەسەر نامەکە بینیون. وەک وتم، کرۆکی ئەو نامەیەی کە کاک مەسرور بۆ سەرۆک بایدنی ناردووە، ئەوەیە کە خۆبەڕێوەبەریی کوردستان لە مەترسیدایە و هەندێ هێز لە بەغدا و لە ئێران و شوێنەکانی دیکە هەن کە ڕەنگە بیانەوێت هەرێمی کوردستان لاواز بکەن. پێم وایە ئەوە پەیامێکە کە سەرۆک بایدن تێیدەگات و پێزانینی بۆی دەبێت، بەڵام جارێکی دیکە دەیڵێمەوە، هەرچەندە زۆر کورد دان بەمە دانانێن، بەڵام واشنتن بەردەوام دەبێت لە سەیرکردنی هەرێمی کوردستان وەک بەشێکی ئێراق. ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیووانیکردنی گەشەی ئابووری هەرێمی کوردستان، هەروەها وەک وتم، بەردەوام دەبین لە پشتیووانیکردنی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە و، هەوڵدەدەین هاوکاری سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان بکەین کە پەیامی باشتر و هاوئاهەنگتریان هەبێت لەگەڵ بەغدا. بەڵام پێویست دەبێت کارەکە لەلایەن سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستانەوە بکرێت. ئەمریکا ناتوانێت ئەوە بەسەر بەغدا بسەپێنێت کە چ بەرانبەر هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام ئێمە زۆر پشتیووانی لە ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەین لەسەر داهاتی نەوت، لەسەر ئەو پارەیەی کە بەغدا وەک مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەینێرێت، لەسەر هاوئاهەنگیی نێوان هێزە ئەمنییەکان. واتە ئەمریکا حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە.
ڕووداو: بەڵام ئەمریکا لە ساڵی 2005ەوە بۆ پاراستنی سیستمی فیدراڵی لە ئێراق و هەرێمی کوردستان، گەرەنتیکار بووە، ئایا هێشتاش وەک گەرەنتیکار ڕۆڵ دەگێڕێت؟ دەتوانێت ئەو سیستمە بپارێزێت؟
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە بەغدا: وەڵامە ڕاشکاوەکە ئەوەیە کە ئەو شتەی دەگوترێت بریتییە لە گەورەکردنی لە ڕادەبەدەری ئەرکی ئەمریکا. ئێمە هیچ پەیمانێکمان لەگەڵ ئێراق یان باشووری کوردستان دا نییە بۆ پاراستنی سیستمەکە بەشێوەی سەربازی؛ ئەو شتەمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دیکەشمان نییە لە ناوچەکە، نە سعودیە، نە ئیسرائیل و نە ئیمارات، پەیوەندی وامان لەگەڵ هیچ وڵاتێکدا نییە جگە لەوانەی کە لە هاوپەیمانیی ناتۆدان. بۆیە کوردانی ئێراق پێویستە چاوەڕێی ئەوە نەبن کە ئەمریکا بەشێوەیەکی تاکلایەنانە بە هانای کوردستانەوەبێت. ئێمە لەگەڵ هەولێر کار دەکەین، لەگەڵ سلێمانی کاردەکەین، لەگەڵ بەغدا کار دەکەین و هەوڵدەدەین کارئاسانی بۆ گفتوگۆ بکەین و ببینە هاندەر بۆ ڕێککەوتنی باشتر بۆ کوردستان، بەڵام دەمێنتەوە سەر حکومەتی کوردستانیش کە دڵنیابێتەوە لەوەی بە نیازپاکییەوە مامەڵە دەکات، هەروەها دەمێنێتەوە سەر حکومەتی بەغدا کە ئەوانیش دڵنیابنەوە لەوەی بە نیازپاکییەوە مامەڵە دەکەن، ئەمە بە دیاریکراوی لە بەغدا شتێکی زەحمەتە، چونکە چەندین لایەنی جیاجیا لە حکومەتی ئێراق و سیاسەتی ئێراق دا هەن کە پەیوەندیی جیاجیایان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی کوردستان دا هەیە. ئێمە بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ کارئاسانیکردن بۆ گفتوگۆ بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لەوەی کە ئەم ناخۆشییەی لەنێو پەیوەندییەکان هەیە، هەروەها تۆمەتبەخشینەوەکانی هەردوولا دژی یەکدی، چارەسەر دەکرێن. ئەمریکا ناتوانێت هیچ چارەسەرێک بەسەر هەولێر یان بەغداا بسەپێنێت.
ڕووداو: زۆر سوپاس بەڕێز سیڵێمان.
باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە بەغدا: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.[1]