ناونیشانی بابەت: جەودەتی مورادخان
ترس ناهێڵێت چیرۆک بنووسین
نووسینی: #عەلی پێنجوێنی#
هەڵماقۆ و مورولێنمان دەکرد، هەر دەیانوت تۆ کوڕی، یاریمان لەگەڵ مەکە. تۆ چیتداوە لە مورولێن و هەڵماقۆ؟
غەزەل و ڕێحانەی خوشکم ئاوایان پێدەوتم. غەزەل لە منەوە نزیک نەبوو، کەچی لە نزیکی دڵمەوە هەمیشە ترپ ترپ لێیدەدا. ڕێحانە، هەمیشە پێکەوەبووین، کەچی لەو جێگایانەدا کە ڕۆحم دەیویست، هەرگیز نەک هەر نەبوو، بەڵکوو بۆنی ڕێحانەش قاتی قاتی بوو.
جەودەتی مورادخان بەجێماوترین بەگزادەی نێو ماڵێکی پڕ لە خۆم و خوشکەکان بوو.
ئێوە زەمان بژمێرن بە تەوقیتی چۆڵەوانی، کات قورمیش بکەن بزانن ماڵێک چۆن ئاوای لێدێت..؟!
غەزەل و ڕێحانە و جەودەت لە ترسناکترین چۆڵەوانیدا، مورولێن دەکەن، ڕاستە دەڵێن شێتبوون هەزاران جۆری هەیە. هەڵماقۆکردن، غەزەل لەمەیاندا، هەموو بەردەکانی دەگرتەوە نێو دەستی. هیچ گرنگ نییە بەردەکان دەگرێتەوە، لەم کۆشکەدا بەرد دەبارێت بێ ئەوەی غەزەل بیبینێت.
مورولێن لەنێو ماڵێکدا کە بێدەنگیی تیایدا دەترسێت زۆر خۆشە، دەزانن بۆ؟ چونکە دەنگی موروەکان یەکەمجارە دەبیسترێت، ڕێحانە ئاوا مورولێن دەکات.
بە درێژایی بەجێهێشتنمان لەم کۆشکە ترسناک و بێ ئیقباڵەدا، هەمیشە ویستومە هەڵماقۆ و مورولێن لەگەڵ خوشکەکانما بکەم. نە توانیم یاریان لەگەڵ بکەم، نە عەقڵم پێی شکا دەردودوویان لەگەڵ بەشبکەم، نە فریاکەوتم تاراجبوونی کۆشکەکەی مورادخانی باوکم بنووسمەوە.
چ جەودەتێکی خراپ بووم بۆ غەزەل و ڕێحانەی خوشکم، چ وەجاغێکی کوێر بووم بۆ مورادخانی نامورادی باوکم.
کۆشکێک هەزاران خواجە و غوڵامی باوکم تیایدا سەقاو بوون و چایپەس بوون، کەچی ئێستا من و غەزەل و ڕێحانەی خوشکم لەنێو چۆڵەوانییەکەیدا، کەس هیچمان لەگەڵ بەشناکات. دەنگی لورەی گورگێک، وەک ڕەشەبا، خۆیکرد بە تەخت و بەختە وێرانبووەکەی مورادخانا. ئەو لە ترسی تاعوونی دەرەوە، بۆ ئاوەدانی ڕویتێکردین. گورگێک، ترسناکی دەرەوە، من و غەزەل و ڕێحانەی بە ئاوەدانی دەزانی بۆیە خۆیکرد بە کۆشکەکەی مورادخانا، کەچی غەزەل و ڕێحانەی خوشکم یەکسەر بەنی دڵیان پچڕا.
دوا دەستنووسی جەودەتی مورادخان، لە نۆژەنکردنەوەی ماڵی باوکیدا، لەژێر دار و پەردودا دۆزرایەوە. کۆشکی مورادخان نۆژەنکرایەوە، بەبێ چیرۆکەکانی، بەبێ غەزەل و ڕێحانە و جەودەت.
ڕاستە غەزەل و ڕێحانە تەنیایی گورگێک، بەنی دڵی پچڕین و لە ترسانا زەندەقیان چوو، بەڵام برین و مەرگی جەودەتی برایان، تا چیرۆک هەبێ نەک هەر تەڕە، بەڵکوو خوێنی غەمی لێدەچۆڕێ.
بلاجکتۆرێکی گەورە، وەک بەڵای ناگەهان، دای لە سڕ و سیپاڵ و ئەو تۆزە پەڕۆچکانەی ئەمانەی تیا نووسرابوونەوە. دەستم بە قەڵەمەکەمەوە وەستا، تفێکم لە خۆم کرد و وتم فەرموو.
بۆ کوێ دێن و بۆ کوێ دەمانبەن، خۆتان حاکم و سالارن...[1]