فابریس بڵانشێ، شارەزای فەرەنسی دەڵێت: گەلی کورد ئێستا لە کەرکووکەوە بۆ دێرەزور ڕووبەڕووی مەترسی لەدەستدانی خۆبەڕێوبەری و سەربەخۆیی بووەتەوە بەهۆی هەستانەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و فارسی.
بڵانشێ کە پڕۆفیسۆرە لە زانکۆی لیۆن 2ی فەڕەنسی و توێژەرە لە ئینستتوی واشنتن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، داهاتوی کورد زۆر ڕەشبینانەیە چونکە ئەوەی من دەیبینم بریتییە لەوەی کە دووبارە گەڕانەوەی ئیمپڕاتۆرییەتی عوسمانی و فارسی، ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی کورد لەناودەبات، چونکە ئەو دو هێزە حکومەتی کوردییان ناوێت بەهۆی هەبوونی کورد لە ئێران و تورکیا و نایانەوێت حوکمی کورد لە سووریا و ئێراق هیوا بدات بە هاووڵاتییە کوردەکانیان.
بڵانشێ پێیوایە ئەوەی دەستی ئێران و تورکیای واڵاتر کردووە بریتییە لە لاوازبوونی هەژمونی وڵاتانی ڕۆژاوا لە ناوچەکەو دەڵێت ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیبینن بریتییە لەوەی ڕۆژاوا لاوازە. پێموانییە ئەمریکا بیەوێت وەبەرهێنان لە سووریا و ئێراق بکاتەوە. بۆچونی من ئەوەیە کە بۆ ئەمریکا ئەم بابەتە بەرانبەر میحوەری ئێران لەدەستچوە. بەداخەوە کورد لە شەڕی دژ بە داعشدا ئیتر سوودی نەماوە و ڕۆژاوا نایەوێت جارێکی تر پشتگیری بکات، هەر بۆیە دەبینیت تورکیا و ئێران ئەم لاوازییە بەکاردەهێنن بۆ لەناوبردنی ئۆتۆنۆمی و سەربەخۆیی کورد.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ئێستادا کورد بەگشتی لە ناوچەکەدا ڕووبەڕووی چەندین ئاڵنگاری بووەتەوە.
حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەژێر پاڵەپەستۆیەکی نێودەوڵەتیدان بۆ چەکدانان و گواستنەوەیان بۆ ناوچەیەکی وەکوو موسڵ، لە تورکیاش چاوەڕوان دەکرێت پارتی هەدەپە دابخرێت.
لە هەرێمی کوردستانیش حکومەت چاوی لە دەستی بەغدایە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی بەهۆی ئەوەی لە مانگی سێ وە هەناردەی نەوتەکەی لەلایەن تورکیا وەستێندراوە.
لە کاتیکدا چارەنووسی کێشەی ئابووری هەرێم نادیارە، لە ناوچە جێناکۆکەکانیش چارەنووسی کورد نادیارە بە تایبەت بەهۆی توندوتیژییەکانی سەرەتای ئەم مانگەی کەرکووک کە گیانلەدەستدانی چوار خۆپیشاندەری کوردیان لێکەوتەوە.
هەر زو دوای ڕووداوەکان، سەرۆکی تورکیا و وەزیری دەرەوە ئەو بانگەشەیەی وڵاتەکەیان دوپاتکردەوە کە کەرکووک شارێکی تورکمانییە.
هاوکات لەگەڵ ئاڵۆزییەکانی کەرکووک، لە دێرەزوریش شەڕوپێکدادان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و خێلە عەرەبییەکان بۆ ڕۆژی شەشەم بەردەوامبو کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس لە شەرکەڕانی خێڵەکانی ناوچەکە و هەسەدە، ئەمە جگە لەوەی کە تورکیا و هێزە هاوپەیمانەکانی بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر باکووری تەل تەمر.
بە بڕوای پڕۆفیسۆر فابریس بڵانشێ، ڕووداوەکانی دێرەزور و کەرکووک لە یەک کاتدا بە ڕێکەوت نەبووە، بەڵکوو دەکرێت خوێندنەوەیەکی هاوبەشیان بۆ بکرێت بە تایبەت لەبەر ئەوەی هەردو ناوچەکە دەوڵەمەندن بە نەوت.
فابریش بڵانشێ ڕایگەیاند، هەردو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی و فارسی کار بۆ ناسەقامگیرکردنی هەرێمە کوردییەکان لە سووریا و ئێراق دەکەن بە بەکارهێنانی ڕێگەی جۆراوجۆری وەکوو گەمارۆی ئابووری، گرتنەوەی ئاو، بۆردومانی بەردەوام، پشتیووانی لە گرووپە یاخیبوەکان، و هەڕەشەی هێرشی بەردەوام. ئەم تاکتیکانە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی کەشێکی ناسەقامگیر درووستبکەن کە کوشندەیە بۆ بارودۆخی ئابووری. ئامانج لێی دورخستنەوەی هێزە چالاکەکانی هاوپەیمانانە، تا لەم ڕێگەیەوە دوبەرەکی سیاسی و هاندانی ڕاپەڕین بەڕێوە ببەن و دواتر بە ئاسانی گورزی یەکلاکەرەوە لە دژیان بوەشێنن.
پڕۆفیسۆر فابریس بڵانشێ ڕەخنەی لە پەیوەندی ناوخۆییەکانی کورد گرت و یەکگرتویی بە پێویست زانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکان.
فابریس بڵانشێ وتی، لە سووریا، دایەلۆگی هێزە کوردییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک ئێستا بوەتە نوکتە. لە هەرێمی کوردستانیش، هێزەکان پەرتەوازەن و نەوەی نوێ بیروهۆشیان چوەتە سەر مۆبایل و ئۆتۆمۆبێل و خەریکە هەستی شوڕشگێڕی باپیرانیان بیردەچێتەوە کە پێویستە هەبێت بۆ مانەوە لە ژینگەی ڕوژهەڵاتی ناوەڕاست.[1]