#جەمیل بایک#: پارتى لەسەر هەڵوێستەکانى بەردەوامبێت، لەدەرەوەی خواستی ئێمەش بێت، مسۆگەر پێکدادان ڕودەدات.
شارپرێس:
جەمیل بایک لەدیدارێکى تایبەتى شارپرێسدا چەند زانیاریەک لەبارەى جوڵەى هێزەکانى پارتى لە هەرێمى کوردستان و مەترسییەکى پێکدادانى چەکداریی لەگەڵ گەریلاکانى #پەکەکە# ئاشکرا دەکات، ڕایدەگەیەنێت، سەنگەرگرتنی پارتى بیانوویەکە بۆ شەڕ، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین بەعەقڵی سەلیم و بە بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەین، بەڵام ئەگەر پارتى لەسەر ئەم هەڵوێستانەی خۆی پێداگریی بکات، هەرچەندە لەدەرەوەی خواستی ئێمەش بێت، مسۆگەر پێکدادان ڕودەدات.
جەمیل بایک ھاوسەرۆکی کۆما جڤاکێن کوردستان (#کەجەکە#) لەو دیدارەدا ئاماژە بەوەدەکات، ئەگەر فاکتەری پەکەکە و سەنگ و گوشاری تێکۆشانی باکوور لەسەر دەوڵەتی تورکیا نەبوایە، ئەوا مسۆگەر تورکیا هەلومەرجی نوێى لە ئێراق و ستاتۆی باشووری کوردستانی پەسند نەدەکرد.
دەشڵێت، ئەوکەسەی لەگرتوخانەی ئیمراڵی ئەرکی سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا لەئەستۆ بوو، هاکان فیدان بوو، هاکان فیدان بۆ خۆی چەندین جار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ چاوپێکەوتنی کردووە، بەرلەوەش، هاکان فیدان لەناو ئەو وەفدەی دەوڵەتدا بوو کە لەگەڵ بزووتنەوەکەماندا چاوپێکەوتنیان دەکرد و گوایە وای خۆی نیشاندەدا کە لایەنگری چارەسەری سیاسی و دیموکراتییانەی کێشەی کوردە، بەڵام ئێستا هەموو کەسێک دەزانێت کە چەندە فێڵباز و درۆزن بووە.
بەرپرسە باڵاکەى #قەندیل# لەدیدارەکەى شارپرێسدا جەخت دەکاتەوە، گەلەکەمان پێویستە سرووشتی پەیوەندی نێوان بارزانییەکان و دەوڵەتی تورکیا بزانێت، پەیوەندی بارزانییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بەتەواوی لەسەر بنەمای بەکرێ گیراوییە، هەموو هاوکارییەک پێشکەشی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا دەکات.
زیاتر لەوبارەیەوە زانیاریى ئاشکرا دەکات و دەڵێت: پارتى زانیاری ئیستخباراتی بە تورکیا دەدات، جێگە و ڕێگایان بۆ دابین دەکات، لۆجستیک و ئازووقەیان پێدەدات و لەسەر شوێنی مانەوەی گەریلاکان سیخوڕی دەکات، وا دیارە کە لەچاوپێکەوتنەکان لەگەڵ هاکان فیداندا ئەم هاوکاری و بەکرێ گیراوێتییە قوڵترکراوەتەوە، سەیرەکە ئەوەیە بەغدا ملکەچی داواکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا نەبوو، بەڵام بەداخەوە #هەولێر# ملکەچی ئەردۆغان بوو.
جەمیل بایک باس لەوەش دەکات، پارتى ئاڵای باشووری کوردستان بۆ پاراستن و شاردنەوەی سەربازەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەکاردەهێنێت، ئەم دۆخەی ئێستای #برادۆست# و #سیدەکان# بەردەوامی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیایە دژ بە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، وادیارە ئەمەش یەکێکە لە بەرهەمەکانی چاوپێکەوتنی هاکان فیدان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پارتى، هەوڵدان و خواستێکی ئێمە بۆ شەڕ و پێکدادان لەگەڵ پارتى نییە، بەڵام ئاشکرایە کە ئەو پەیوەندییانەی پارتى لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، ئەو گێرەشێوێنیانەی کە دەکرێن و جوڵەپێکردنی هێز ئامادەکارییەکن بۆ شەڕ، ئەم سەنگەر گرتنەی ئەوان بیانویەکە بۆ شەڕ، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین بە عەقڵی سەلیم و بە بەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەین، لێرەدا ئەگەر پارتى لەسەر ئەم هەڵوێستانەی خۆی پێداگری بکات، هەرچەندە لەدەرەوەی خواستی ئێمەش بێت، مسۆگەر پێکدادان ڕودەدات.
سەبارەت بەهێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی #عەربەت# لە #سلێمانی# جەمیل بایک دەڵێت: ئەوە بۆ چاو ترسێنکردنی گەلی سلێمانی و بەگشتی گەلی سۆرانە، دەیانەوێت هەروەک چۆن هەرێمی بادینانیان کردۆتە شوێنی تەراتێنی سوپای داگیرکەری تورکیا و میت، هەرێمی سۆران و سلێمانیش بۆ هەمان مەبەست بەکاربهێنن و یەکێتیی نیشتمانى کوردستانیش ناچار بکەن کە ئەویش وەک پارتى هاوکاری دەوڵەتی تورکیا بکات، بەڵام هێشتا سلێمانی و گەلی هەرێمی سۆران دەستی لە هەڵوێستی نیشتمانپەروەری خۆی بەرنەداوە، هەر بۆیە هێرشێکی نوێیان ئەنجامدا، ئێمە ئەم هێرشە بەتوندی شەرمەزار دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە بڕوای تەواومان هەیە کە سلێمانی و گەلەکەمان لە هەرێمی سۆران لەهەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی خۆی بەردەوام دەبێت، لەمەدا هیچ گومانێکمان نییە.
=KTML_Bold=دەقى چاوپێکەوتنەکە=KTML_End=
شارپرێس: تورکیا لەسیاسەتی ئێستای خۆیدا سەبارەت بە کورد پێداگریی دەکات، داهاتووی سیاسەتێکی وەها چییە؟
جەمیل بایک: سیاسەتی ئێستای تورکیا ئەوەیە کە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردنی لە هەبوونی گەلی کورد و پەیڕەوکردنی جینۆسایدی سیاسی و کولتوری بتوانێت بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان پاکتاو بکات، هەبوونی PKK وەکوو بیانویەک نیشان دەدات بۆ ئەوەی کە هەژمونی خۆی لەسەر ئێراق و سووریا و تەواوی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بسەپێنێت.
شارپرێس: کەواتە دەتوانین بڵێین ئەمە لەبنەمادا خەونێکى عوسمانییە و ئەردۆغان ویستى پراکتیزەکردنى هەیە؟
جەمیل بایک: بێگومان ئەمە خەونێکی عوسمانییە و ئەردۆغانی فاشیست خۆی وەکوو بەردەوامی دەسەڵاتی عوسمانی و وەکوو خەلیفەی پێنجەم دەبینێت، لە زیهنییەتی دەوڵەتی تورکیادا، ئەم دەوڵەتانەی هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوین هەریەکە و وەک ویلایەت و پارێزگایەکی تورکیان، تورکیا لەمبارەیەوە گرێیەکی دەروونی هەیە و خۆبەزلزانە، نە گەلانی هەرێمەکەو نە دەوڵەتانی هەرێمەکە ئەمجۆرە نزیکایەتییەی دەوڵەتی تورکیایان لا پەسەند نییە.
دەوڵەتی تورکیا هەم پێگەی جیۆپۆلیتیکی خۆی و هەم ئەندامێتی لە NATOدا بۆ گوشار و کۆمەڵکوژی لە بەرانبەر گەلی کورد و گەلانی دیکەی ناوچەکە بەکاردەهێنێت، تورکیا لەوەتەی دامەزرێنراوە هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات، بەڵام وێڕای هەموو ئەو ئیمتیازانەی کە لەبەر دەستیدایە نەیتوانیوە بزووتنەوەی ئازادی پاکتاو بکات، هەموو سیاسەتی ئابووری و سەربازیی خۆی لەسەر ئەم بنەمایە داڕشتووە، بەڵام ئەنجامێکی ئەووتۆی بەدەست نەخستووە، ئابووری تورکیا ئێستا تووشی داڕووخان هاتووە، و تەپیوە، بێکاری، هەژاری، هەڵاوسان لە لوتکەدایە، واتە، هەموو جومگەکانی تورکیا بەهای ئەم سیاسەتەی دەوڵەت لە دژی کورد دەدەن، وەکوو بڵێی ئەمە بەس نەبێت، ئێراق و باشووری کوردستان، سووریا و ڕۆژاوای کوردستانی داگیرکردووە و لکاندویانییەتی بە خاکی تورکیاوە، گەلانی ناوچەکە لەم سیاسەتە فراوانخوازییەی دەوڵەتی تورکیا ناڕازین.
تورکیا بەبێ لەبەرچاوگرتنی یاساکانی شەڕ و بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی ئەم داگیرکارییە ئەنجام دەدات، هەر بۆیە لەگەڵ هەموو کەس و لایەنێک لەناو ناکۆکی، کێشە و پێکداداندایە، دەوڵەتێک کە خاوەن زیهنییەتێکی بەمشێوەیە بێت، ئەستەمە بتوانێت درێژە بەهەبوونی خۆی بدات.
شارپرێس: لەمدواییانە جموجووڵی دیپلۆماسی تورکیا لە ئێراق و باشووری کوردستان زیادیکردووە، ئەمە پەیوەندییەکی نزیکی بە ئێوەوە هەیە و ڕای گشتیش دەیەوێت تێڕوانینی ئێوە لەم بوارەدا بزانێت، ئێوە ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی تورکیا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ هەروەکوو دەزانن هاکان فیدان هاتە باشووری کوردستان و زنجیرە چاوپێکەوتنێکی ئەنجامدا، دیمەنەکانی ئەم چاوپێکەوتنانە بۆ ڕای گشتی بڵاوبوونەوە، هەروەها سەبارەت بە ناوەرۆکی چاوپێکەوتنەکان لێدوانیش هەبوون، ئێوە ئەم چاوپێکەوتنانەی هاکان فیدان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ ئامانجی دەوڵەتی تورکیا بەگشتى لەم چاوپێکەوتنانە چیین؟
جەمیل بایک: دوابەدوای هەڵبژاردنەکانی 14ی گوڵان و مانەوەی ئەردۆغان لەسەر دەسەڵات، یەکەم لێدوانی ئەردۆغان و کەسانی دەوروبەری ئەوەبوو کە لەپێناو ئەو پلانانەی کە دایان ڕشتووە هەوڵە دیپلۆماسییەکانیان چڕتر دەکەنەوە، هەموو کەس دەزانێت کە پلانی ئەوان جینۆسایدی گەلی کوردە.
دیدارەکانی ئەوان لە ئێراق و باشووری کوردستان لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا ڕێکخراون و ئەنجام دراون، ئێراق و باشووری کوردستان گرنگییەکی تایبەتیان بۆ تورکیا هەیە، هەر وەکوو دەزانن تورکیا ئەندامێکی NATOیەو لەم چوارچێوەیەدا هەم پشتیووانی لە NATO وەر دەگرێت و هەم لەگەڵ ئەمریکا و ئەوروپادا پەیوەندیی هەیە، لەلایەکی دیکە تورکیا لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە و هێزەکانی ناوچەکەش پەیوەندیی و ڕێککەوتنی هەیە، تورکیا دەیەوێت هەموو ئەم پەیوەندییانە بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی پشتیووانی بۆ سیاسەتەکانی خۆی، بەڵام، لەچاو دەوڵەتی تورکیادا، لەناو ئەم هەموو پەیوەندییانەیدا، ئێراق و باشووری کوردستان پێگەیەکی چارەنووس سازیان هەیە لە ئەنجام گرتنی سیاسەتەکانیدا.
ئەگەر تورکیا نەتوانێت بەوجۆرەی کە دەیەوێت پەیوەندیی لەگەڵ ئێراق و باشووری کوردستاندا دانێت، لەشوێنەکانی دی چەندەش هاوکاری و پشتیووانی وەربگرێت ناتوانێت سیاسەتەکانی خۆی ئەنجام گیر بکات، هەر بۆیە دەوڵەتی تورکیا گرنگییەکی تایبەت دەداتە ئێراق و باشووری کوردستان، ئەڵبەتە، ئەم دۆخە گرێدراوی کێشەی کوردە. ئەوەندەی کە پەیوەندیی بەکێشەی کوردەوە هەبێت، هەڵوێستی دەوڵەتی ئێراق و دەوڵەتی تورکیا لێک جیاوازن. تورکیا ئەو دەوڵەتەیە کە داهێنەر و درێژەپێدەری سیاسەتی نکۆڵیکردن لە گەڵی کوردە، ئەم دەوڵەتە ئەم سیاسەتەی خۆی بەسەر هەموو لایەنێک، بەتایبەت بەسەر دەوڵەتە دەسەڵاتدارەکانی سەر کوردستان دەسەپێنێت، بەڵام ئێراق لاوازترین خاڵی ئەم سیاسەتە بووە. لە ئەنجامدا ئەو بووەتە شوێنێک کە لەقۆناغە جیاجیاکانی مێژوودا سیاسەتی نکۆڵی کورد درزی تێکەوتووە.
هەر بۆیە پێگەی ئێراق و باشووری کوردستان بۆ دەوڵەتی تورکیا تا دوا ڕادە گرنگە، لەڕوانگەی دەوڵەتی تورکیاوە، ئێراق و باشووری کوردستان ئەو شوێنانەن کە مسۆگەر پێویستە لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدابن و پەلکێشی ناو سیاسەتێک بکرێن کە خزمەت بە نکۆڵیکردن لە کورد بکات، چونکە لە دۆخێکی پێچەوانەی ئەمەدا دەوڵەتی تورکیا ئێدی ناتوانێت سیاسەتی نکۆڵیکردن لە کورد و جینۆسایدی کورد بەڕێوەببات.
ئەمە بۆچوونی گشتی تورکیایە سەبارەت بە ئێراق و باشووری کوردستان و تا ئەوکاتەی سیاسەتەکانی خۆی سەبارەت بە کورد نەگۆڕێت، ئەم بۆچوونەشی ناگۆڕدرێت.
دەوڵەتی تورکیا کۆنەپارێزترین دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و دەورێکی پاشبڕۆیانە دەگێڕێت. لە دژی گۆڕانکاریدا خۆڕاگریی دەکات و بۆ درێژە پێدان بە سیستەمی کۆن پەلەقاژەیەتی. چیرۆکی چۆنێتی درووستکردنی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کەم و بێش دەزانرێت. ئەم سیستەمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەپاش شەڕی یەکەمی جیهانی لەلایەن دەوڵەتە هەژمونگەراکانی ئەوکاتەو لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانیان درووستکراوە.
بەداخەوە، ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای دابەشکردنی کوردستان و بەجێهێشتنی گەلی کورد لەناو بەرداشی سیاسەتی مژوکداری و جینۆسایددا دامەزرێنرا، ئەم سیستەمە لەلایەن بەریتانیا و فەرەنسا، واتە هێزە سەردەستەکانی سیستەمی سەرمایەداری (ئێمە ئەم سیستەمە وەکوو سیستەمی مۆدێرنێتەی سەرمایەداری پێناسە دەکەین) ئەوکاتە دامەزرێنرا. لە پاش شەڕی دووەمی جیهانیشدا، ئەوە ئەمریکا و NATOن کە فۆڕم دەدەنە سیستەمی ڕۆژهەڵاتی ناوین و سیاسەتەکانی دیاری دەکەن، لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردودا ڕەنگە ئەم ستاتۆیەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بەتەواوەتی نەگۆڕا بێت، بەڵام بەهۆی شەڕ و ناکۆکییەکانەوە هەندێک گۆڕانکاریی تیایدا هاتونەتە ئاراوە، بەر لە هەموو شتێک، سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە تووشی قەیران بووە. ئێدی قۆناغەکەی تێپەڕ بووە.
ڕێبەر ئاپۆ سەبارەت بەدامەزراندن و کۆتایی هاتنی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە خاڵێکی مێژویی زۆر سەرنجڕاکێش دەستنیشان دەکات، دەڵێت: لەسێدارەدانی شای فەرەنسا (لویسی 16مین-XVI. Louis) بوو بەسیمبۆلێک بۆ دەست پێکردن و دامەزراندنی سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە، ئەم سیستەمە بە لەسێدارەدانی شای (سەرۆک دەوڵەتی) ئێراق #سەدام حسێن# کۆتایی پێهات، بێگومان هێزە ستاتیکۆ پارێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە بەرانبەر گۆڕانکاریدا خۆڕاگری دەکەن و بۆ درێژە پێدان بە سیستەمی هەیی کار دەکەن، هێزەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریش بەهۆی بەرژەوەندیی ئابووری و سیاسی خۆیانەوە زۆرجار پشتیووانی لە هێزە ستاتیکۆ پارێزەکان دەکەن و لەگەڵ هێزە پاشبڕۆوەکان سازش دەکەن، ئەم دۆخە بۆ هێزەکانی مۆدێرنێتەی سەرمایداری قابیلی تێگەیشتنە، چونکە لە کاراکتەری ئەم سیستەمەدا پراگماتیزم و ئاژۆی مژوکداری هەیە.
بەرژەوەندییەکانیان بە چ شێوەیەک مسۆگەر بکرێت، ئەوان وادەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم سەردەمەی ئێمە سەردەمی گوزارە، هێشتا دیار نییە کە چ سیستەمێکی ئابووری و سیاسی دابمەزرێنرێت، لەلایەک، سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و هەموو پێکهاتە و دامەزراوەکانی، بەتایبەت دامەزراوەی دەوڵەت-نەتەوە، تووشی قەیران بوون و خەریکە تێپەڕ دەبن، لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی ئەوەی کە هێشتا سیستەمێکی نوێ خاوەن چوارچێوەیەکی دیاریکراو دانەمەزرێنراوە، هەموو هێزێک لە هەوڵی ئەوەدایە کە پێگەی خۆی بپارێزێت و بەهێزتری بکات؛ ئەو هێزانەش کە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە هاوپەیمانی پێکدێنن و تەنانەت جار جار هەندێ هەنگاو دەنێن کە لە چاو ڕابردوو زۆر زۆر پاشبڕۆترن، ئەو قۆناغەی کە ئێستا وەکوو شەڕی جیهانی سێیەم ناوزەد دەکرێت بە جۆرێک لە جۆرەکان ئەنجامی ئەم دۆخە ئاڵۆز و نادیارەیە.
تورکیا نموونەی یەکێک لەو دەوڵەتانەیە کە نەک تەنیا لەڕابردودا ماوەتەوە، بەڵکوو بەرەو دواوەش هەنگاو دەنێت، دەوڵەتی تورکیا لەبەرئەوەی خاوەن زیهنییەتێکی لاسار و سەرسەختە و هەروەها لەبەر ئەوەی کە هەڵوەشانەوەی دەوڵەت-نەتەوە ڕێگە لە بەردەم زۆرترین گۆڕانکاریی لە تورکیادا دەکاتەوە، لە بەرانبەر گۆڕانکاری زۆرترین خۆڕاگری دەکات، هۆکاری بنەڕەتی هاتنەسەر دەسەڵاتی AKP-MHP لە تورکیادا ئەمەیە؛ وەستانەوە بەرانبەر گۆڕانکاری.
وەک دەزانرێت تێکۆشانی گەلی کورد ئەو کاریگەرییە لەسەر تورکیا درووست دەکات کە پێویستە گۆڕانکاریی بکات. ئەم تێکۆشانە 50 ساڵە بەپێشانگەیەتی بزووتنەوەکەمان کوردی سەرلەنوێ زیندوکردەوە، ڕاستینەی سیستەمی نکۆڵیکردن لە کورد و جینۆسایدی کوردی بوو و هەموو کەسێک خستەڕوو و وای لێکرد کە ئەم سیستەمە ئێدی نەتوانێت درێژە بەخۆی بدات.
دەوڵەتی تورکیا لە بەرانبەر ئەمە چی کرد؟ بەلۆژیکی دژ-هێرش هات و AKP-MHPی کردە دەسەڵات، بەمشێوەیە وەڵامی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کوردی دایەوە و لە هەر کوێ دەستکەوتێکی گەلی کورد هەبێت، لە ڕۆژاوا بێت، لە باکوور، یان لە باشوور، هەوڵی لەناو بردنیدا، چونکە دەوڵەتی تورکیا وا بیردەکاتەوە کە ئەگەر کورد بە تەواوی جینۆساید نەکات ناتوانێت هەبوونی تاک گەراو زیهنییەتی دەوڵەت-نەتەوەی خۆی بپارێزێت، هەر بۆیە هێرشێکی گشتگیری لە دژی گەلی کورد دەستپێکردووە.
ئەمە زیهنییەتێکی فاشی و جینۆساید کارە کە تەنانەت لە ئاستی ڕابردووش پاشکەوتوو ترە، ئەگەر ئێمە سیفەتی فاشی بۆ دەسەڵاتی AKP-MHP بەکاردەهێنین، لەبەر ئەم ڕاستییەیە.
دەوڵەتی تورکیا خاوەن زیهنییەتێکی دژ کوردە، بەڵام ئەم دوژمنایەتییە تایبەتە، لەهەر دوژمنایەتییەکی دی ناچێت، دوژمنایەتی دەوڵەتی تورکیا بۆ کورد لەسەر بنەمای نکۆڵیکردنە، لە لۆژیکی دەوڵەتی تورکیادا هەبوونێک نییە کە ناوی کورد بێت، ئەگەر کورد هەبێت، نەتەوەبوونی تورک خەلەلی تێدەکەوێت، لە لۆژیکی دەوڵەتی تورکیادا، کوردستان شوێنێکە بۆ بڵاوبوونەوەی نەتەوایەتی تورک، کوردستان پێویستە ببێتە شوێنی تورک و بەس.
هەر بۆیە لەم لۆژیکەدا جێگایەک بۆ کوردبوون نییە، وەک دەزانرێت، لەبەر فشاری بەریتانیا، باشووری کوردستان (کە ئەوکاتە ناوی ویلایەتی موسڵ بوو) لەناو سنوورەکانی دەوڵەتی ئێراقدا مایەوە، تورکیا بە مەرجێک بەم شتە ڕازی بوو. ئەویش ئەوە بوو کە لەم بەشەی کوردستاندا هیچ جۆرە بەڕێوەبەرایەتییەک لەسەر ناوی کورد نەبێت، ئەو مەرجەی دانابوو کە ئەگەر هەر کاتێک ویلایەتی موسڵ (باشووری کوردستان) لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی ئێراق دەرچوو تورکیا بتوانێت دەستێوەردان بکات، واتە، دەوڵەتی تورکیا لە ئەنجامی فشاری بەریتانیا وازی لە باشووری کوردستان هێنا، بەڵام بەشەرتێک ئەمەی قبووڵ کرد، ڕێگەی پێبدرێت سیاسەتی جینۆساید کردنی کورد لێرەش بەڕێوەببات.
هەروەها دەوڵەتی تورکیا بەهەمان لۆژیک و بۆچوون سەیری ویلایەتی حەلەب (ڕۆژاوای کوردستان) دەکات، ئەم دۆخە زیهنییەت، ژیربێژی (لۆژیک) و سیاسەتی تورکیا بە شێوەیەکی ئاشکرا دەخاتەڕوو، هێرشکردنی تورکیا بۆ هەموو بەشەکانی کوردستان و داگیرکردن و لکاندنی خاکی کوردستان بە خاکی تورکیاوە، گوایە بەبیانوی هەبوونی PKK، هەمووی دەرەنجامی ئەم ژیربێژی (لۆژیک) زیهنییەت و سیاسەتەیە، بێگومان، تورکیا هەستێکی دوژمنایەتی زۆر مەزنی بەرانبەر PKK هەیە، چونکە دەرکەوتنی PKK و بەرهەمەکانی تێکۆشانی PKK، سیاسەتی جینۆسایدکاری دەوڵەتی تورکیای بەرانبەر بە کورد پوچەڵ کردۆتەوە، ئەو تێکۆشانەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردبوو بەهۆی ئەوەی کە لە باکووری کوردستاندا شۆڕشی ژیانەوەی کورد ڕووبدات، لە باشووری کوردستاندا کورد ببنە خاوەن ستاتۆ و پێگەی خۆی، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا قۆناغێکی نوێ هۆشیاری نەتەوەیی-دیموکراتی بێتە ئاراوە و لە ڕۆژاوای کوردستانیش شۆڕش بەرپا بکرێت، لەبەر ئەم هۆکارانەیە کە دەوڵەتی تورکیا ڕق و کینی لە ڕادەبەدەری بەرانبەر بە ڕێبەر ئاپۆو هەیە.
دەوڵەتی تورکیا لە دەرەنجامی تێکۆشانی PKK لە باکووری کوردستاندا، ناچار ما کە ستاتۆی باشووری کوردستان قبووڵ بکات، هەندێک کەس وادەزانن کە دەوڵەتی تورکیا هەروا لەخۆیەوە و تەنیا بەهۆی بەرژەوەندی ماددی و فشارەکانی ئەمریکا ستاتۆی باشووری کوردستانی قبووڵ کردووە. ئەمە بۆچونێکی هەڵەیە، ئەگەر فاکتەری PKK و سەنگ و گوشاری تێکۆشانی باکوور لەسەر دەوڵەتی تورکیا نەبوایە، ئەوا مسۆگەر تورکیا هەلومەرجی نوێى لە ئێراق و ستاتۆی باشووری کوردستانی پەسند نەدەکرد، ئەم پەسندکردنەی دەوڵەتی تورکیا لە ئەنجامی ناچاریدا بوو، بۆ ئەوەی کە بەر لەتێکۆشانی PKK و پەرەسەندنی شۆڕشی کوردستان بگرێت، ناچار ما ستاتۆی باشووری کوردستان پەسند بکات.
ئەمەیە چوارچێوەی سیاسەت و بۆچوونی دەوڵەتی تورکیا بۆ باشووری کوردستان، ئەگینا، شتێک نییە بەناوی دانپێدانان بەئیرادە گەلی کورد و پەسندکردنی ڕاستییەک بە ناوی کوردستان، کاتێک کە شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان پەرەیسەند دەوڵەتی تورکیا ڕایگەیاند، ئەو هەڵەیەی کە لە باکووری ئێراق کردمان لە باکووری سووریا دووبارەى ناکەینەوە، ئەمە وتەی ئەردۆغان خۆیەتی. هەروەکوو دەزانن، دەوڵەتی تورکیا هێرشی داگیرکاری دەکاتە سەر ڕۆژاوای کوردستان، لەو شوێنانەی کە داگیری کرد و خەڵکە ڕەسەنەکەی دەردەکات و خەڵکی غەیری کورد، چەتەکانی سەر بە میت و ئاوارەکانی سووریا نیشتەجێ دەکات و وادەکات کە ئەو شوێنانە ئیدی بەشێک نەبن لە نیشتمانی کوردان، هەمان سیاسەت لە دژی باشووری کوردستانیش پەیڕەو دەکات.
سیاسەتی ئێستای دەوڵەتی تورکیا جینۆساید کردنی کوردە، دەیەوێت بەزووترین کات و لەکوورتترین ماوەدا ئەمە پێکبێنێت، پێیوایە ئەگەر کات بەفیڕۆ بدات، ڕەنگە شەرت و مەرج ئیدی لە بارنەبن. هەر بۆیە بە کەڵک وەرگرتن لە نادیاری و ناجێگیری هەیی لە سیاسەتی جیهانی و هەرێمیدا لە جینۆساید کردنی کورددا پەلە دەکات، بۆ ئەمەش بەر لە هەموو شتێک پێویستە PKK پاکتاو بکرێت و پاشان بە لەناوبردنی هەموو دەسکەوتەکانی کورد، هەموو کوردستان یان ڕاستەوخۆ خۆی یان لە ڕێگەی چەتە بەکرێ گیراوەکانییەوە داگیر بکات و هیچ شتێک بە ناوی کورد نەهێڵێتەوە.
ئەمە ئەو ئەرک و میسیۆنەیە کە بەدەسەڵاتی AKP-MHP دراوە، وەک پێویستییەکی ئەم ئەرکە ئەوا زیاتر لە هەشت ساڵە دەسەڵاتی AKP-MHP شەڕێکی دژوار لە دژی بزووتنەوەی ئازادی کوردستان بەڕێوە دەبات، هەروەکوو دەزانرێت، ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی سیاسی و دیموکراتی کێشەی کورد زۆر هەوڵیدا، بۆ ئەوەی کە ئەم کێشەیە چارەسەر بێت گونجاوترین پێشنیازی چارەسەری پێشکەش کرد. لەم پێناوەدا زۆر چانسیدا بە AKP.
ڕێبەر ئاپۆ بەمشێوەیە ویستی لە زیهنییەتی دەوڵەتی تورکیادا گۆڕانکاری بکات و نەک تەنیا لە باکووری کوردستان، بەڵکوو لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا کێشەی کورد چارەسەر بکات. تا ئەوکاتەی کە زیهنییەت و سیاسەتی دژە کوردی دەوڵەتی تورکیا هەبێت، کێشەی کورد لە هیچ شوێنێک چارەسەر نابێت و هیچ دەسکەوتێک لەسەر ناوی کورد درووست نابێت، دەوڵەتی تورکیا ئەمە پەسند ناکات و لە بەرانبەریدا دەوەستێتەوە.
ڕێبەر ئاپۆش لە زۆر قۆناغدا هەوڵیدا کە دەوڵەتی تورکیا لە زیهنییەتی دژە کورد دابماڵێت، بەڵام ئەم زیهنییەتە دزەی کردووەتە ئێسکەمۆخی دەوڵەتی تورکیا و دەستی لێ هەڵناگرێت، لە ڕێگەی خراپ بەکارهێنانی هەوڵەکانی ڕێبەر ئاپۆ بۆ چارەسەرکردنی دیموکراتیانە و سیاسی کێشەی کورد، دەوڵەتی تورکیا ئەم قۆناغانەی دیالۆگی وەکوو دەرفەتێک لەپێناو خۆ ئامادەکردن بۆ شاڵاوی نوێى پاکتاوکردن و جینۆساید قۆستۆتەوە، AKP و تەیب ئەردۆغانیش هەمان شتیان کردووە، لەکاتێکدا کە ڕێبەر ئاپۆ لە هەلومەرجی دژواری گرتووخانەی ئیمراڵیدا بۆ چارەسەری سیاسی و دیموکراتییانەی کێشەی کورد لە ناو هەوڵداندا بوو، حکومەتی AKP خەریکی ئامادەکاری پلانێکی نوێ پاکتاوکاری بەناوی پلانی بەچۆکدا هێنان (çökürme planı) بوون.
پاشان ئەم پلانەیان خستە بواری جێبەجێکردنەوە و شاڵاوێکی نوێى هێرشیان دەستپێکرد. شایانی ئاماژە پێکردنە کە ئەو کەسەی لە گرتووخانەی ئیمراڵی ئەرکی سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆدا لەئەستۆ بوو هاکان فیدان بوو، هاکان فیدان بۆ خۆی چەندین جار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ چاوپێکەوتنی کردووە.
بەرلەوەش، هاکان فیدان لەناو ئەو وەفدەی دەوڵەتدا بوو کە لەگەڵ بزووتنەوەکەماندا چاوپێکەوتنیان دەکرد و گوایە وای خۆی نیشاندەدا کە لایەنگری چارەسەری سیاسی و دیموکراتییانەی کێشەی کوردە، بەڵام ئێستا هەموو کەسێک دەزانێت کە چەندە فێڵباز و درۆزن بووە.
هەروەکوو دەزانرێت دەوڵەتی تورکیا بەکۆتایی هێنان بە قۆناغی دیالۆگ لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ، لە #24-07-2015# دا دەستی بەشەڕێکی هەمەلایەنە کرد، گەلەکەمان و بزووتنەوەکەشمان ئەوە زیاتر لە هەشت ساڵە لەناو خۆڕاگرییەکی بەردەوامدان، نەک تەنیا لە باکوور، بەڵکوو لە باشوور، لە #شنگال#، لە ڕۆژاوا و لە هەر شوێنێک گەلەکەمان لێی دەژی لە دژی هێرشە جینۆساید کارەکانی دەوڵەتی تورکیا خۆڕاگری دەکات.
24ی تەمموز ساڵڕۆژی پەیمانی لۆزان بوو، هەر بۆیە دەوڵەتی تورکیا شاڵاوی نوێى شەڕ و داگیرکاری لەو ڕۆژەدا ڕاگەیاند و خستییە بواری پراکتیکیەوە، چونکە پەیمانی لۆزان پەیمانی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیایە، بەم پەیمانە، کوردستان دابەشکرا و گەلی کورد بێ ستاتۆ مایەوە و کەوتە نێو قۆناغی جینۆسایدەوە، هەر بۆیە مێژووناسان پەیمانی لۆزان وەک بەڵگەی دەستپێکی جینۆسایدی کورد پێناسە دەکەن، بەتەنیا دەرک بەم ڕاستییە بەسە بۆ ئەوەی کە مرۆڤ لە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا و سرووشتی هێرشەکانی تێبگات.
هەندێک کەس هەن دەڵێن کە تورکیا کێشەی لەگەڵ PKK هەیە و ئەگەر PKK نەبێت ئەم هێرشانەش پێک نایەن، ئامانجی ئەم جۆرە وتارانە بە لاڕێدابردنی ڕاستییەکانە و خزمەت بەدەزگای شەڕی تایبەتیی تورکیایە، ئەمە وتاری دەوڵەتی تورکیا و ئەو کەسانەیە کە هاوکاری دەوڵەتی تورکیان. ئەمە تاکتیتکی شەڕی هێزە هەژمونخوازەکانە، ئارمانجی ئەمانە ئەوەیە کە گەل دابەشبکەن، خۆڕاگریی لاواز بکەن و لە هەمووی گرنگتر بەکرێ گیراوێتی ئەوانەی کە هاوکاری دوژمن دەکەن بشارنەوە و ڕەوایەتی بە بەکرێ گیراوێتی بدەن.
بەتایبەت دەیانەوێت کە لە باشووری کوردستاندا پەرە بەمجۆرە تێگەیشتنانە بدەن، چونکە بۆ ئەوەی کە جینۆساید کردنی کورد بەسەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت، پێویستی هەیە کە لە باشووری کوردستاندا پەرە بەڕێبازی بەکرێگیراوی و خیانەت بدرێت، ئەمە بنەمای پەیوەندیی دەوڵەتی تورکیایە لەگەڵ باشووری کوردستان، بەداخەوە، #پارتى دیموکراتى کوردستان# لەمێژە پەیوەندییەکی وەهای لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا هەیە و پشتیووانیی لە جینۆسایدکردنی کورد دەکات، ئەمە بەکرێ گیراوێتی و خیانەتێکی ئاشکرایە و بە هیچ شێوەیەک ناشاردرێتەوە، پێویستە هەموو کەسێک ئەم خیانەتە ببینێت و هەڵوێست لە بەرانبەری وەربگرێت، بەکرێ گیراوی و خیانەت تەنیا بەمشێوەیە بەری لێ دەگیردرێت یان سنووردار دەکرێت.
لە ئێستادا دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی کە پشتیووانی بۆ سیاسەتی جینۆسایدی کورد پەیدا بکات، بە پێویستی دەزانێت کە پەیوەندییەکانی زۆرتر پەرە پێبدات، ئامانجی دەسەڵاتی فاشی AKP-MHP بەسەرۆکایەتی ئەردۆغان ئەوە بوو کە لە 100 ساڵەی پەیمانی لۆزاندا PKK پاکتاو بکات و بەمشێوەیەش جینۆسایدی کورد بەئەنجام بگەیەنێت، هەشت ساڵە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجەی هێرش دەکات، لەم هەشت ساڵەدا بە دەیان جار ئەم وتنەی دووبارە کردۆتەوە، بەتەواوی کێشەی مانەووە (کێشەی هەبوون و مانەوەی دەوڵەتی تورکیا-وەرگێڕ) چارەسەر دەکەین و دەکەوینە 100 ساڵەی دووەمی کۆماری تورکیا، مەبەستی لە کێشەی مانەوە هەبوونی کوردە، دەیانەوێت هەبوونی کورد بەتەواوی لەناو ببەن و داهاتوی دەوڵەتی تورکیا بەم شێوەیە مسۆگەربکەن، ئەمەیە زیهنییەتی دەوڵەتی تورکیا و ئەوکەسانەیە کە لەگەڵ ئەردۆغان بەڕێوەی دەبەن.
ئەوانەی کە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا پەیوەندی درووست بکەن ئەکەونە خزمەت وەها سیاسەتێکەوە، ڕەنگە، دەوڵەتەکانی دی یان هەندێک هێزی دی بەرژەوەندی جیاوازیان هەبێت و وەکوو پێویستییەکی بەرژەوەندییەکانیان پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیادا دانێن، بەڵام کورد نابێت هیچ پەیوەندییەک لەگەڵ خاوەنی ئەم جۆرە سیاسەت و بیرکردنەوە درووست بکەن، هەر کوردێک کارێکی وەها بکات ئەوا خائین و بەکرێ گیراوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەوڵەتی تورکیا تەنانەت پەیوەندییەکانیشی لەگەڵ ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی دیکە لەسەر بنەمای مسۆگەر کردنی پشتیووانی ئەوانە بۆ جینۆسایدی کورد، هەموو کەسێک دەزانێت کە ئەگەر پشتیووانی دەرەکی نەبوایە، دەوڵەتی تورکیا تا ئێستا نەیدەتوانی سیاسەتی جینۆسایدی کورد بەڕێوەببات، دەوڵەتی تورکیا تا ئێستاش بە پشت بەستن بەم پشتیووانییە دەرەکییە درێژە بەم سیاسەتەی خۆی دەدات، ئێستا دەیەوێت ئەم پشتیووانییە زۆرتر و زۆرتر بێت، چونکە وەک پلانی بۆ دانابوو نەیتوانی لە 100 ساڵەی تەمەنی دەوڵەتی تورکیادا بزووتنەوەکەمان پاکتاو بکات و جینۆسایدی کورد بە ئەنجام بگەیەنێت، گەلی کوردستان و گەریلای ئازادی کوردستان ڕێگەیان بەمە نەدا، بێگومان، ڕێبەر ئاپۆ زۆرترین خۆڕاگریی کردووە. ڕێبەر ئاپۆ ئەمە 25 ساڵە لە گرتوخانەی ئیمراڵیدا لەژێر گۆشەگیرییەکی دژواردایە، سێ ساڵە کە هیچ کەس نەیتوانیوە بیبینێت و هیچ شتێک لە بارەیەوە نازانرێت، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بەبێ ئەوەی کە گوێ بداتە شەرت و مەرجی ژیانی گرتوخانە، لە تێکۆشان بەردەوامە و تەنانەت یەک چرکەش ئەم تێکۆشانەی بەرنەداوە.
ئێستا دەوڵەتی تورکیا بە وەرگرتنی هاوکاری زیاتر لە هێزە دەرەکییەکان دەیەوێت هێرشی گەورەتر بکات و پلانی جینۆساید بە ئەنجام بگەیەنێت، سەردان و چاوپێکەوتنەکانی هاکان فیدان لە ئێراق و باشووری کوردستان ئەم ئامانجەی لە پشتەوەیە، بەڵام وەکوو دەزانرێت هاکان فیدان لەگەڵ حکومەتی باشووری کوردستان چاوپێکەوتنی نەکرد، ئەوانەی کە پێشوازییان لەهاکان فیدان کرد و لەگەڵیدا دیداریان ئەنجامدا بارزانییەکان (#مەسعود بارزانی#، #مەسرور بارزانی# و #نێچیرڤان بارزانی#) بوون، پەیوەندیی ئەمانە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا شتێکی شاراوە نییە، ئەم پەیوەندییانە بەتەواوی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە، بەداخەوە، ئەم بەرژەوەندییانە خزمەت بە جینۆسایدکردنی کورد دەکەن و لەسەر حسابی خیانەت کردن لە کۆمەڵگەی کوردستان پەرەیان پێدەدرێت.
ئەمە دۆخێکی بە ئێش و ئازارە بۆ گەلی کوردستان، بەڵام بارزانییەکان لە مێژە ئەم سنوورانەیان تێپەڕاندوە و ئیدی لەنێو زەلکاوی خیانەتدا چەقیون، لە خۆیدا، شێوازی پێشوازیکردنیان لە هاکان فیدان بەسە بۆ تێگەیشتن لە دۆخەکە، پێموابێ، ڕاگەیەنراوی KNK ئەم شێوازی پێشوازیکردنەی وەک شەرم پێناسە کردبوو، ئەمە پێناسەیەکی ڕاست و لەجێی خۆیدایە، لە ئامێزگرتنی کەسێک کە هەموو ڕۆژێک کورد دەکوژێت و هەموو سیاسەتەکانی لەسەر بنەمای جینۆساید کردنی کوردە گوزارشت لە چی دەکات؟ ئەمە غەیری قابلی تەحەمولە و بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت تێگەیشتنی بۆ بکرێت، ئەمە بەو واتایە دێت کە ئەمانە بەتەواوەتی لەگەڵ و لە ڕەوشت و لە کۆمەڵایەتی بوون دابڕاون، دەوڵەتی تورکیا هیچ کاتێک ڕاستگۆیانەو لە دڵەوە لەگەڵان، بەتایبەتیی لە گەلی کورد، نزیک نەبووەتەوە و دۆستانە هەڵسوکەوتی نەکردووە، لە کاتی خۆیدا عوسمانییەکانیش بەو شێوەیە بوون، ئەمڕۆش دەوڵەتی تورک وەهایە، هەمان گرێ و هەمان هەستی خۆ بەزلزانین لە ئەردۆغانیشدا هەیە، لەلایەکی دیکەوە، بۆ هەموو کەسێک ئاشکرایە کە عوسمانییەکان و دەوڵەتی تورکیش چییان بەسەر بارزانییەکاندا هێناوە، عوسمانییەکان شێخ عەبدولسەلامیان لەسێدارەدا.
دەوڵەتی تورکیاش شێخ ئەحمەد بارزانی ڕادەستی ئێراق کردەوە و دەوڵەتی ئێراقیش ئەوی لەموسڵ زیندانی کرد، کردەوە کۆمەڵکوژییەکانی ئێستای دەوڵەتی تورکیا بۆ هەموو کەسێک ئاشکرایە، هەموو ئەم نمونانە ئەوەمان پێ نیشان دەدەن کە هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە کورد، باشووری کوردستان و تەنانەت سەبارەت بەبارزانییەکانیش چۆنە، بەڵام ئەوانەی کە ئەمڕۆ بانگەشە دەکەن کە نوێنەرایەتی بارزانییەکان دەکەن، بە پێچەوانەی ئەم ڕاستییە مێژووییانە و هەنوکەییانە هەڵسوکەوت دەکەن، ئەو کەسانە لە ئامێز دەگرن و باوەشیان بۆ دەکەنەوە کە کورد کۆمەڵکوژ دەکەن، کۆمەڵگەی کوردستان و مێژوو حوکمی خۆی لەسەر ئەمە دەدات، دەتوانم بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەکەتان بدەمەوە، ڕەنگە وەڵامێکی دوور و درێژ بێت، بەڵام لەبەر گرنگی بابەتەکە ئەمانەم بەپێویستزانی.
شارپرێس: بەڕای ئێوە هەڵوێست و نزیکایەتی حکومەتی ئێراق و حکومەتی باشووری کوردستان لە چاوپێکەوتنانەدا چۆن بوو و پێویست بوو چۆن هەڵوێستێکیان هەبوایا؟
جەمیل بایک: ئێمە نازانین کە لە چاوپێکەوتنەکاندا لەگەڵ حکومەتی ئێراق و لەگەڵ بارزانییەکاندا (لێرەدا مەبەستم هەر سێ بارزانییەکەیە کە لەگەڵ هاکان فیدان چاوپێکەوتنیان کرد) لەسەر چی باس کراوە و ئایا گەیشتونەتە ڕێککەوتنێک یاخود نا، هەرچی دەوڵەتی ئێراقە، بەدەر لە هەندێک لێدوانی فەرمی و دیپلۆماتیک، شتێکی ئەوتۆیان لەگەڵ ڕای گشتی هاوبەشی نەکرد، بەڵام هەندێک کەسایەتی سیاسی ئێراقی لێدوانیان بۆ ڕای گشتی دا، ڕایانگەیاند کە پێویستە دەوڵەتی تورکیا لە خاکی ئێراق بچێتە دەرەوە، ئەمە هەڵوێستێکی ڕاست و لە جێگەی خۆیەتی، دەوڵەتی تورکیا هێزێکی داگیرکەرە لە ئێراقدا و سیاسەتەکانی دژ بەئێراقن، پەیوەندی تورکیا و ئێراق وەکوو پەیوەندی نێوان دوو دەوڵەتی هاوتا و یەکسان نیین، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بنەمای سەرەکی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا دوژمنایەتی کوردە، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا ئەوەیە کە ئێراق بخاتە ژێر هەژمونی خۆیەوە و بیکاتە هاوبەشی خۆی لە سیاسەتی جینۆساید کردنی کورددا، زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە هیچ بەرژەوەندییەکی ئێراق لە سیاسەتێکی وەهادا نییە، بەپێچەوانەوە، پەیوەندییەکی وەها لەگەڵ تورکیا ئێراق زۆرتر وابەستە دەکات، هەڵوێست و نزیکایەتی بارزانییەکان بەتایبەت لەکاتی پێشوازیکردنیان لە هاکان فیدان دیاربوو. هەموو کەسێک دەزانێت کە ئارمانجی دەوڵەتی تورکیا لە پەیوەندی لەگەڵ بارزانییەکان و پارتى دیموکراتى کوردستان چییە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەش زەحمەت نییە بزانین کە ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لە هەموو ئەم چاوپێکەوتنانە چی بوون، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت دەوڵەتی ئێراق هاوبەشی بێت لە سیاسەتی جینۆساید بەرانبەر بە کورد، لەم چاوپێکەوتنانەدا ئارمانجی دەوڵەتی تورکیا ڕازیکردنی بارزانییەکان و پارتى بەم سیاسەتە نەبوو، لە خۆیدا، ئەوان شانبەشانی دەوڵەتی تورکیا نەک تەنیا لە باشووری کوردستان لە دژی گەریلای ئازادی کوردستان جمۆجۆڵ دەکەن، بەڵکوو لە هەموو شوێنێک ئەوان و دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ یەکدان، هەر بۆیە ئامانجی بنەڕەتی دەوڵەتی تورکیا لەم چاوپێکەوتنانەدا ڕازیکردنی دەوڵەتی ئێراق و ئەو لایەنانە بوو کە خاوەن هێز و کاریگەرین لە ئێراقدا، لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەتی تورکیا ئەو ئیمکانانەی کە لە دەستیدان وەکوو هەڕەشەیەک بەرانبەر بە ئێراق بەکاری دەهێنیت، یەکێک لەمانە مەسەلەی ئاوە، ئێراق پێویستییەکی زۆری بە ئاو هەیە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئەمە وەکوو ئامرازێکی باج سێنی و زۆر سێنی بەکاردەهێنێت، دەیەوێت زۆر بۆ دەوڵەتی ئێراق بهێنێت کە تورکیا چی بوێت ئەوەبکات.
ئەمە گەوهەری سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایە، دەوڵەتی تورکیا هەموو ئیمکانیات و تواناکارییە سەربازی، سیاسی و ئابوورییەکانی لەپێناو پشتیووانی وەرگرتن بۆ سیاسەتی جینۆسایدی کورد بەکاردەهێنێت، بەم شێوازە نزیکی ئێراقیش دەبێتەوە، هەروەها، دەوڵەتی تورکیا تەنیا بە بەکارهێنانی ئاو و ئیمکانیاتی دی وەکوو ئامرازێکی فشار ناوەستێت، بەڵکوو لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ بارزانییەکان دزە دەکاتە ناو سیاسەتی ئێراقیشدا.
لەلایەکی دیکەوە، لە ڕێگەی پەرەدان بەسیاسەتی مەزهەب گەرایی هەوڵدەدات خۆی زیاتر بخزێنێتە ناو ئێراق، لە ڕێگەی ئەمانەوە، هەنگاو بە هەنگاو ئێراق تەنگەتاوتر دەکات، یەکێک لەم هەنگاوانە ئەوەیە کە ئێراق تەڤگەرەکەمان وەکوو تەڤگەرێکی نایاسایی ڕابگەیەنێت، لە ڕێگەی ناچارکردنی ئێراق بۆ هەنگاوێکی لەم شێوەیە، دەوڵەتی تورکیا هەوڵدەدات لە لایەکەوە ڕەوایەتی و فەرمییەت بۆ هەموو کردەوەکانی درووست بکات، لەلایەکی دیکەشەوە بەرگێکی یاسایی بکاتە بەر هاوبەشی خۆی لەگەڵ پارتى و بەم شێوەیە بارزانییەکان زیاتر لەجاران پەلکێشی ناو بەکرێگیراوی بکات، هەروەها دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی کە گەلی ئێزدی نەبنە خاوەنی ستاتۆیەکی دیموکراتی فشار و گوشار لە ئێراق دەکات و بە هەڕەشە و گوڕەشە هەوڵدەدات دەوڵەتی ئێراق هێرشی ئێزدییەکان بکات، ئەمە ئەو هەنگاوانەیە کە دەوڵەتی تورکیا لە دەوڵەتی ئێراق دەوێت، پێویستە دەوڵەتی ئێراق لەبەر کێشەی ئاو و چەندین کێشەی دی نەکەوێتە نێو ئەمداوەوە و هەنگاوی لەو شێوەیە نەنێت.
ئەگەر دەوڵەتی ئێراق بەگوێرەی داخوازییەکانی دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بنێت و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ تورکیا بخاتە خزمەت جینۆسایدی کوردەوە، ئەوا کۆنترۆڵ و کاریگەریی تورکیا لەسەر ئێراق زیاد دەبێت و زۆر شوێنی ئێراق دەبنە شوێنی ناکۆکی و پێکدادان، چونکە ئەو سیاسەتەی کە دەوڵەتی تورکیا پەیڕەوی دەکات هەموو کەسێک پەلکێشی ناو شەڕ و پێکدادان دەکات، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت لە ڕێگەی جینۆسایدکردنی کوردەوە هەژمونی خۆی لە هەرێمەکەدا زیاد بکات، هەموو کەسێک ئەم ڕاستییە دەزانێت، ئێراقیش دەزانێت هەر بۆیە پێویستە دەوڵەتی ئێراق بەگوێرەی خواستی تورکیا هەڵوێست وەرنەگرێت، تورکیا دەیەوێت کە ئێراق تەنیا وەکوو کێشەیەکی ئەمنییەتی سەیری مەسەلەی کورد بکات، بەڵام پێویستە ئێراق وانەکات.
PKK کێشەیەکی ئەمنی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە مەسەلەی کورد، ئێراقیش هەم بەشێکە لە کێشەی کورد و هەمیش موخاتەبی مەسەلەکەیە، ناتوانێت خۆی لەمە لابدات، پێویستیش ناکات کە خۆی لابدات، ئەو مافەی ئێراق هەیە کە داوا لە دەوڵەتی تورکیا بکات کێشەی کورد لە ڕێگەی سیاسی و دیموکراتییەوە چارەسەر بکات و پێویستە داواکارییەکی وەهای لە تورکیا هەبێت، ئێراق دەتوانێت بەم شێوەیە گوشار و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاستەنگ بکات.
لەسەر بنەمای ئەو زانیاریی و لێدوانانەی کە چاپەمەنیدا دەردەکەون وا دیاردەبێت کە هاکان فیدان نەیتوانیوە ئەو ئەنجامانەی کە مەبەستی بوو لە بەغدا وەریبگرێت، پێویستە کە هەر وەهاش بێت، پێویستە بەغدا ملکەچی ئەنکەرا نەبێت، بەداخەوە کە ناتوانین هەمان شت سەبارەت بەچاوپێکەوتنی هاکان فیدان لە هەولێر بڵێین، ئەو چاوپێکەوتنانەی کە لە باشوور ئەنجامدران، ناوەرۆکەکەی وەک هەمیشە شاراوە و نهێنی بوون. ئەو بابەتانەی کە لە چاوپێکەوتنەکاندا باسیان لەسەر کراوە، لە خەڵک دەشاردرێنەوە، پاش تەواوبوونی چاوپێکەوتنەکان هاکان فیدان ڕایگەیاند، چاوپێکەوتنی زۆر ئەرێنییان ئەنجام داوە و سوپاسی بارزانییەکانی کرد.
ئەم ڕاستییە بۆ خۆی هەموو شتێک ئاشکرا دەکات، ئێدی پێویست ناکات شتێکی لەسەر زیاد بکرێت یان شرۆڤەی لەسەر بکرێت، گەلەکەمان پێویستە سرووشتی پەیوەندی نێوان بارزانییەکان و دەوڵەتی تورکیا بزانێت، پەیوەندی بارزانییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بەتەواوی لەسەر بنەمای بەکرێ گیراوییە، هەموو هاوکارییەک پێشکەشی سوپای داگیرکەری دەوڵەتی تورکیا دەکات، زانیاری ئیستخباراتییان پێدەدات، جێگە و ڕێگایان بۆ دابین دەکات، لۆجستیک و ئازووقەیان پێ دەدات و لەسەر شوێنی مانەوەی گەریلاکان سیخوڕی دەکات، وادیارە کە لە چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ هاکان فیداندا ئەم هاوکاری و بەکرێ گیراوێتییە قوڵترکراوەتەوە، بەغدا ملکەچی داواکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا نەبوو، بەڵام بەداخەوە هەولێر ملکەچی ئەردۆغان بوو.
شارپرێس: ئایا ئەم چاوپێکەوتنانە بەشێوەیەکی تێروتەسەل لە باشووری کوردستاندا باسیان لەسەر کرا، کاردانەوەی پارتە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکان، ڕۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
جەمیل بایک: لە باشوور ڕەخنە گیرا و خەڵک لەسەری هەڵوێستیان هەبوو، هەروەها هەندێک دامەزراوە و کەسایەتی کاردانەوەیان نیشاندا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەڵوێستی هەبوو، هەروەها بەڕێز د.مەحمود عوسمانیش لەمبارەیەوە لێدوانی هەبوو، ئەمانە گرنگ بوون، بەڵام پێویست بوو زۆرتر لەم هەڵوێستانە هەبایا، دەبوو ڕۆشنبیران، نووسەران، هونەرمەندان و بەتایبەتیش پارتە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵوێستیان نیشاندابا و ڕەخنەیان گرتبا.
دەیانتوانی ئەم دۆخە پرۆتستۆ بکەن و پرسیاریان کردبا کە ئایا دەسەڵاتدارانی پارتى لەسەر ناوی کێ و لە بەرانبەر چیدا ئەم چاوپێکەوتنانەیان ئەنجامداوە، دەتوانرا شێوازی پێشوازی کردن لە هاکان فیدان بەدەنگێکی بڵند ڕەخنەی لێ بگیرایە، دەتوانرا بگوترێ کە ئەمە قابیلی قبووڵ نییە، پێویست بوو قیامەتیان بەرپا کردبایە، ئەمانە تا ڕادەیەک ئەنجامدران، بەڵام پێویستە زۆرتر بوایا.
لە لایەکی دیکەوە، پێویستە ڕەخنە و کاردانەوەکان لە ئاستی وتار دەرکەون و بکەونە بواری سیاسەت و چالاکییەوە، چونکە ئامانجی ڕەخنە و کاردانەوە ئەوەیە کە کۆمەڵگە بخرێتە ناو جموجووڵەوە، هۆشیاری درووست بێت و بەم شێوەیە هەڵەکان ڕاست بکرێنەوە، گەورەترین هێزێک کە بتوانێت هەڵەی سیاسییەکان ڕاست بکاتەوە کۆمەڵگە و گەلە.
لەو بڕوایەدام کە لەم بوارەدا کەموکووڕی هەیە و ئەمەش مەترسییدارە، پێویستە ئێمە وەکوو کورد لەم بوارەدا لێپرسینەوە لە خۆمان بکەین، چونکە لەم دونیایەدا ئەوەی کە پێویستییان هەیە زۆرترین هۆشیاریی و هەستی بەرپرسیارییەتی نیشان بدەن کوردن، لەو کاتانەدا کە سیاسییەکان نابنە وەڵام و لەڕێ لادان هەیە، پێویست دەکات کە کۆمەڵگەی مەدەنی، زانکۆکان، ڕۆشنبیران، هونەرمەندان و نووسەران بێنە مەیدان، لەسەر ناوی گەل قسە بکەن، ڕەخنە لە هەڵەکان بگرن و هەڵوێستی ڕاست بخەنەڕوو، ئێمە وەک گەلی کورد زۆر پێویستیمان بەمە هەیە، چونکە دوژمنەکانمان لە ڕێگەی سیاسەتی کۆلۆنیالییەوە و بەشێوازی جۆراجۆری شەڕی تایبەت کۆمەڵگە تووشی داڕووخان دەکەن و پاشان بە کەڵک وەرگرتن لەم داڕووخانەی کۆمەڵگە، بەکڕینی هەندێک بنەماڵە و گرووپ و کەس پەرە بە ڕێبازی بەکرێگیراوی و خیانەت دەدەن، بەم شێوەیە دەیانەوێت کە تێکۆشانی ئازادیخوازی دەیان ساڵەی گەلەکەمان لە باشووری کوردستان بێ ئەنجام بمێنێت و سیاسەتی جینۆساید بە ئامانجی خۆی بگات، لێرەدایە کە پێویستدەکات مرۆڤە زاناکانی ناو کۆمەڵگە لەپێناو پەرەدان بەڕێبازی نیشتمانپەروەریدا زۆرتر خەبات و تێکۆشان بکەن.
پێویست بوو لەچاوپێکەوتنەکانی وەزیری دەرەوی تورکیا لە باشوور، ئەم پرسیارانە ئاڕاستەی دەوڵەتی تورکیا کرابان: بۆچی کێشەی کورد چارەسەر ناکەن؟ بۆ دان بەمافەکانی گەلی کورددا نانێن؟ بۆ ڕێگە نادەن کورد بە زمان و ناسنامە و ئیرادەی خۆی بژیت؟ بۆ هەر ڕۆژ کورد دەکوژن؟ بۆ بەدەیان هەزار کوردتان گرتووە و خستوتانە زیندانەوە؟ بۆ باشوور و ڕۆژاوای کوردستانتان داگیرکردووە؟ بۆ خەڵکە ڕەسەنەکەی وەدەر دەنێن و چەتەکانی داعش و بەرەی نووسرە لە نیشتمانی کوردان نیشتەجێدەکەن؟ بۆچی سێ ساڵە ڕێگەنادەن هیچ هەواڵێک لەڕێبەر #عەبدوڵڵا ئۆجەلان# هەبێت؟ پێویست بوو هەڵوێستێکی بەهێز هەبایە لە بەرانبەر ئەوەی کە دەوڵەتی تورکیا پەکەکە وەکوو کێشەیەکی ئەمنی دەگرێتە دەست، پێویست بوو ئەو داوایە ئاڕاستەی دەوڵەتی تورکیا و وەزیری دەرەوەی تورکیا بکرایە کە کێشەی کورد لە ڕێگەی سیاسی دیموکراتییەوە چارەسەر بکرێت، پێویست بوو ئەم چاوپێکەوتنانە بەم شێوەیە بە ڕۆژەڤ بوونایە، بەڵام لەم بوارەدا کەموکووڕی هەبوو کە ئەمەش ورە دەبەخشێتە دوژمن و بەکرێ گیراوەکانی.
شارپرێس: ئەرک و ڕۆڵى چاپەمەنى و میدیا سەبارەت بەپرسى گەلى کورد و ئەو ڕووداوانەى ڕودەدەن چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
جەمیل بایک: بێگومان میدیا و چاپەمەنی ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە لە وشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە ڕووداوەکان، هەبوونی زانیاریی درووست سەبارەت بە ڕاستیییەکان بیرکردنەوەی ئازاد و ڕەخنەیی لەگەڵ خۆی دەهێنێت، ئەمەش لە گەوهەری خۆیدا بەمانای ئازادی دێت، لەبەر ئەوەیە کە چاپەمەنی و ڕۆژنامەنووسان خاوەن ڕۆڵێکی وەها گرنگن، بەتایبەت بۆ ئەو گەلانەی وەک گەلی کورد کە ئازادییان لێسێندراوەتەوەو لەژێر هێرشی جینۆساید و داگیرکاریدان چاپەمەنی و کاری ڕۆژنامەنووسی گرنگییەکی تایبەتیی هەیە. ئەم ڕاستییە لە هەمانکاتدا بەرپرسیارییەتییەکی گەورە دەخاتە سەر شانی چاپەمەنی و ڕۆژنامەنووسان، ڕۆڵ و بەرپرسیارییەتی ڕۆژنامەنووسان وەک هەمان ڕۆڵى ڕۆشنبیران و نووسەرانە، ئەگەر کۆمەڵگە زانیاریی لەسەر ڕاستییەکان هەبێت و ڕەخنەییانە بیربکاتەوە دەسەڵاتداران ئەمە بەمەترسی بۆ سەر هەبوونی خۆیان دەبینن، چونکە ئەگەر کۆمەڵگە بتوانێت سەبارەت بە کردەوەکانی دەسەڵاتدارەکان ببێتە خاوەن زانیاریی، دەسەڵاتدار ناتوانێت هەر کارێک دڵی ویستی بیکات، هەر بۆیە دەسەڵاتدارەکان لە دوو ڕێگەوە ئاستەنگی لە بەردەم چاپەمەنیدا درووست دەکەن و نایانەوێت دەوری خۆی بگێڕێت، یەکێک لەم ڕێگایانە فشار و گوشارە، ڕێگەی دووەمیش ئەوەیە کە دەسەڵاتدارەکان هەوڵدەدەن کە میدیا و چاپەمەنی بۆ خۆیان قۆرخ بکەن، لە ڕێگەی پارەوە بیانکڕن و بەمشێوەیەش لە جیاتی ڕاستییەکان هەندێک زانیاریی درۆ و چەواشەکراو دەرخواردی خەڵک بدەن و ڕۆژەڤ بەلاڕێدا بەرن.
شارپرێس: ئایا ئەو هەڵوێستانەی کە پارتى لە دژی ئێوە هەیەتی لەبەر فشار و گوشاری تورکیایە، یان لەبەر ئەوەیە کە لە پەکەکە دەترسێت و بۆ خۆی وەکوو هەڕەشەیەک دەیبینێت؟
جەمیل بایک: بە پێویستی دەزانم لەم بارەیەوە ئاماژە بەدوو خاڵی ڕوون و ئاشکرا بکەم، یەکەمیان، لەلایەنی ئایدیۆلۆژی و پارادیمەوە ئێمە و پارتى لە دوو خاڵی لە یەک جیاوازداین، ئەو سیاسەت و ئایدیۆلۆژیایەی کە پارتى نوێنەرایەتی دەکات، سیاسەتێکە کە لە سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا باو بوو، لە هەر لایەکەوە کە سەرنجی لێبدەیت دەبینیت کە ئێدەی ماوەی ئەمجۆرە سیاسەت و ئایدیۆلۆژیایە بەسەرچووە، هەر بۆیە داهاتووشی نییە، لە خۆیدا، چەند ڕۆژ لەمەوبەر، مەسرور بارزانی لە نامەیەکدا ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی ئیدی ئیفلاسی کردووە، ئەمەیە ئەنجامی ئەو سیاسەتەی کە پارتى نوێنەرایەتی دەکات.
پەکەکە بزووتنەوەیەکە کە سۆسیالیزمی دیموکراتی بە بنەما وەردەگرێت، واتە، لە کردەوە و دەرەنجامەکانی ڕیال سۆسیالیزم (مۆدێلی سۆڤیەت) ئەزموونی پێویستی وەرگرتووە و پرەنسیپەکانی وەک ئازادی ژن، ژینگەپارێزی و پێشانگایەتی گەنجان لە سیاسەتدا بە بنەما وەردەگرێت و گرنگی بە پتەوبوونی بنەماکانی کۆمەڵگە دەدات، هەر بۆیە هەم خاوەن داهاتووە و هەم داهاتوو بوونیاد دەنێت، ئەگەر سەرنج بدەن دەبینن کە ئێمە و پارتى لە دوو شوێنی جیاوازداین.
پارتى لە بواری ئایدیۆلۆژی و پارادیمەوە لە پەکەکە دورەپەرێزی دەکات و لێی تۆڕەیە و ئەمەش جێی تێگەیشتنە، ئەگەر ئەم دۆخە لە ئاستی تێکۆشانی ئایدیۆلۆژی و پارادایمیدا بگرینە دەست، کێشەیەک درووست ناکات، بەڵام ئەگەر بکرێتە ئامراز و بیانوویەک بۆ بەکرێ گیراوی و بەرەو دۆخێک بڕوات کە پارتى لەگەڵ دوژمنانی کورد لە دژی پەکەکە هەمان هەڵوێست وەربگرێت، زۆر ئاشکرایە کە ئەمە هاوکارییە لەگەڵ دوژمن، دۆخی ئێستاش هەمان شتە، پارتى بووەتە هاوکار و بەکرێ گیراوی دوژمنانی گەلی کورد.
خاڵی دووەم کە دەمەوێت ئاماژەی پێ بدەم، پەیوەندییەکانی پارتییە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، بەر لە هەموو شتێک، دەوڵەتی تورکیا دوژمنی کوردە، ئەوکاتەی کە پارتى دیموکراتى کوردستان خەریکی ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی بوو، هەموومان بەچاوی خۆمان بینیمان کە دەوڵەتی تورکیا چۆن سوکایەتی بە پارتى دەکرد و هەڵوێستێکی چەندە توندی هەبوو بەرانبەر بەڕیفڕاندۆم، واتە، دەوڵەتی تورکیا هیچ بزووتنەوەیەکی کوردی و هیچ لایەنێکی کوردی وەکوو موخاتەبێکی خاوەن ئیعتبار قبووڵ ناکات، تا ئەو ڕادەیەی کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی بکات پەرە بەپەیوەندییەکانی دەدات؛ واتە بەکاری دەهێنێت، پاشان وەک دوژمن سەیری دەکات و هێرشی دەکاتە سەر، لە بابەتی پەکەکەشدا دیالێکیتکی پەیوەندی پارتى لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا ئەمەیە، بێگومان لەسەر بابەتی پەکەکە ڕەنگە دەوڵەتی تورکیا فشار لە پارتى بکات، بەڵام لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە پارتى لە بەرانبەر ئەم فشار و گوشارە چ هەڵوێستێک نیشان دەدات، دوو ڕێگە هەیە؛ پارتى دەتوانێت هەڵوێستێکی شەرەف مەندانە نیشان بدات و هەموو داواکارییەکانی تورکیا ڕەت بکاتەوە، لە هەمان کاتدا ئەگەری ئەوەش هەیە کە ملکەچی داواکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بێت، بەکرێ گیراوی هەڵبژێرێت و هاوبەش لەگەڵ تورکیا جموجووڵ بکات، هەر بۆیە دەتوانم بڵێم کە هەڵوێستی پارتى لە بەرانبەر ئێمە هەم لە هۆکاری وەک ئایدیۆلۆژی، پارا هەمیشە و ناسنامە سەرچاوە دەگرێت و هەم پێویسییەکی بەرژەوەندی هاوبەش و چەمکی هاوبەشی ئەوانە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا.
شارپرێس: لەو هێرشانەی کە بەفڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەکرێنە سەر ئێوە، زۆر گیان لەدەستدان ڕوو دەدەن، هەروەها لەناو شارەکاندا کادیران و کەسانی نزیک لە ئێوە دەکرێنە ئامانج، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە لەناو گەلدا جۆرێک لە بێ ورەیی و توڕەیی درووست بێت، ئایا هۆکاری ئەم هەموو هێرشە زانیاریی خۆجێیە؟
جەمیل بایک: هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لەم ماوەی دواییدا، بەتایبەت دوای سەردانی هاکان فیدان بۆ ئێراق و باشووری کوردستان زیادیکردووە، لە سلێمانی بەدرۆن هێرشکرایە سەر یەکێک لەو هێزانەی کە دەورێکی زۆر کاریگەریی لە شەڕی دژ بەداعشدا هەبووە. بەداخەوە، سێ ڕۆڵەی قارەمانی گەلەکەمان لەم هێرشەدا شەهیدبوون، هەروەها هێرشکرایە سەر نوێنەرایەتی کەنەکە لە هەولێر و هەڤاڵ دەنیز جەودەت بولبون شەهید بوو، لە ڕۆژاواو لەشنگالیش هێرشی هەمان شێوە هەبوون و گیان لەدەستدانی لێکەوتەوە، لە کەسایەتی ئەم شەهیدانەی دواییدا سەری ڕێز بۆ هەموو شەهیدەکانی شۆڕشی ئازادیخوازی گەلەکەمان دادەنەوێنم و لەسەر ناوی هەموو هەڤاڵانی کەجەکە پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی گەلی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەکان دەکەم و بەڵێن دەدەین کە تێکۆشانی ئەوان تا سەرکەوتن بەردەوام بکەین.
بەداخەوە لە هەموو ئەم هێرشانەدا دەستێکی خیانەت هەیە، ئەم هێرشانە نیشانەی بەهێزبوونی دوژمن نیین، بەڵکوو ئەنجامی خیانەت و بەکرێ گیراوین کە ئاسانکاریی بۆ دوژمن دەکەن، ئیستیخباراتی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستاندا بەشێوەیەکی چڕوپڕ خەریکی خۆ ڕێکخستن کردنە، ئەم کارە ئیستخباراتییانە بەتایبەت لە هەولێردا زۆر چڕبوونەتەوە، ئەگەر هاوکاری پارتى نەبێت، ئیستیخباراتی دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت لە باشووری کوردستاندا هێندە بە کاریگەر بێت، پەیوەندیی بارزانییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا خیانەتێکی ڕوون و ئاشکرایە و ئەم پەیوەندییەیە کە دەبێتە هۆی ئەم گیانلەدەستانە، ئەوکەسانەی کە لە سلێمانیدا کادیرانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی تیرۆر دەکەن و نیشتمانپەروەران دەکوژن زۆر بەئاسانی هەڵدێن بۆ هەولێر و لەوێ دەمێننەوە.
هەولێر ئێستا بووەتە شوێنی تەراتێنی ئەم بکوژانە، بێگومان پارتى لەمەدا ڕۆڵێکی زۆر دیاریکەر دەگێڕێت، هەمان دۆخ بۆ هێرشە هەواییەکانیش ڕاستە، چەند کەسێکی سەر بە ڕێکخستنی دەزگای سیخۆڕی MİT زانیاری دەدەن، لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە لە بەرانبەر ئەم کەسە بەکرێ گیراو و جاسوس و خائینانەوە وریا بین و مەیدانیان پێنەدەین، لە کاتێکدا کە پەیوەندیی خیانەت و بەکرێ گیراوی لەنێوان بارزانییەکان و دەوڵەتی تورکیا بۆ هەموو کەسێک ئاشکرایە، بەداخەوە ئەمە بە ڕاشکاوانە باس ناکرێت و هەڵوێست لە بەرانبەری وەرناگیرێت، بیرکردنەوەیەکی بەم شێوەیەی هەیە کە بارزانییەکان کوردن و ئەو پارتەی کە بەڕێوەی دەبەن پارتێکی کوردییە، ئەمەش لە بواری دەروونییەوە دۆخێکی وەهای خولقاندوە کە هەڵوێستی پێویست لە دژی خیانەتی بارزانییەکان وەرنەگیردرێت، ئەمەش ڕێگریی دەکات لەوەی کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی بەهێز ڕووبەڕووی ئەم خیانەت و بەکرێ گیراویە ببنەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بارزانییەکان خەمێکیان نییە بەناوی خەمی کورد و کوردستان، چەند شارێک هەبێت خزمەتیان بکات و خەڵکەکەی بڕوتێننەوە و سەرچاوەی سەر زەوی و ژێر زەوی تاڵان بکەن بەسە بۆیان، باقی کوردستان چی بەسەردێت بۆیان گرنگ نییە.
ئەگەر تا ئێستا لە بەرانبەر ئەم خیانەتە هەڵوێستی ڕاست و پێویست هەبوایە و ڕێگریی لە کاردانەوەی گەل لە دژی خیانەت نەکرابایا، دۆخەکە نەدەگەیشتە ئەم حاڵەتەی ئێستا و دوژمن هێندە هێرشی نەدەکرد و هێندە خەسار و هێندە ئێش و ئازار نەدەهاتە ئاراوە، هۆکاری ئەم دۆخە ئەوەیە کە ئەو ڕێکخراو و پارتی و دەزگایانەی کە پێویستە لە دژی خیانەت هەڵوێست وەربگرن و هەروەها ئەو ڕۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەندانەی کە دەنگ و هۆشیاری کۆمەڵگەن و نوێنەرایەتی ویژدانی کۆمەڵگە دەکەن لە کاتی خۆیدا هەڵوێست نیشان نادەن، ئەمەش ورەی بەخشیوە بەخیانەتکاران و خیانەتەکەیانی قوڵتر کردۆتەوە.
هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر نوێنەرایەتی کەنەکە لە هەولێر شتێکی ئاسایی نییە، زۆر ڕەهەند و واتای هەیە، خەبات و تێکۆشانی کەنەکە بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەییە لەنێوان گەلی کورددا و لەم بوارەدا زۆر خەباتی گرنگی ئەنجامداوە، یەکێک لەم خەباتانە ئەو کۆنفرانسەیە کە لە سەدەمین ساڵی پەیمانی لۆزاندا، لەو شوێنەی کە پەیمانەکەی لێی واژۆ کرا، بارزانییەکان بەشداریی ئەم کۆنفرانسە نەبوون، چونکە ئەوان خەمێک یان ئارمانجێکیان نییە کە ناوی یەکێتی کوردان بێت، بەپێچەوانەوە، ئەمانە لەسەر جینۆسایدی کورد و بەردەوامبوونی ئەم جینۆسایدە لەسەر کورد چەکەرەیان کردووە.
ئیدی پێویستە کەس بە لادەمەوە (شەرمنانە) لەسەر بارزانییەکان قسە نەکات، ڕاستی چییە پێویستە بیڵێت، ئیدی ناچارین خیانەت بەناو بکەین، ناچارین بڵێین ئەمەی دەکرێت ناوەکەی خیانەتە، تەنیا لە حاڵەتێکی وەهادا دەتوانین پێش لە کەتن و کارەساتی خراپتر بگرین، یەکێتی نەتەوەیی کاتێک بەدیدێت کە بەخیانەتکار بڵێین تۆ خیانەتکاری، ئەگینا ڕێگە لە بەردەم خیانەتی گەورەتر و خەسارەتی گەورەتر دەکرێتەوە.
هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی بۆ چاوترسێنکردنی گەلی سلێمانی و بەگشتی گەلی سۆرانە، دەیانەوێت هەروەک چۆن هەرێمی بادینانیان کردۆتە شوێنی تەراتێنی سوپای داگیرکەری تورکیا و MIT، هەرێمی سۆران و سلێمانیش بۆ هەمان مەبەست بەکاربهێنن و یەکێتى نیشتمانى کوردستانیش ناچار بکەن کە ئەویش وەک پارتى هاوکاری دەوڵەتی تورکیا بکات، هێشتا سلێمانی و گەلی هەرێمی سۆران دەستی لە هەڵوێستی نیشتمانپەروەری خۆی بەرنەداوە، هەر بۆیە هێرشێکی نوێیان ئەنجامدا، ئێمە ئەم هێرشە بەتوندی شەرمەزار دەکەین و ڕایدەگەیەنین کە بڕوای تەواومان هەیە کە سلێمانی و گەلەکەمان لە هەرێمی سۆران لە هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی خۆی بەردەوام دەبێت، لەمەدا هیچ گومانێکمان نییە. پێویستە گەلی سلێمانی و هەرێمی سۆران لە دژی ئەم هێرشانە کاردانەوە نیشانبدەن، پێویستییە هەموو کەسێک لە بەرانبەر خیانەت هەڵوێستی ئاشکرا و بەهێز نیشان بدات.
تیمەکانی ئێمە و یەکینەکانی پەیوەندیدار لەسەر ئەمکارانەی MİT ورد دەبنەوە و لە هەوڵدانی گرتنی پلاندانانی پێویست دان، واتە، ئیستیخباراتی دەوڵەتی تورکیا ناتوانێت هەر شتێک کە بیەوێت بیکات، تێکۆشانی ئێمە دژ بەمە لە هەموو ئاستێکدا بەردەوام دەکات، شتێک کە تەواوکەری ئەم تێکۆشانەی ئێمە بێت بێگومان ئەوەیە کە ڕێکخراو و دامەزراوە نیشتمان پەروەرەکان، کەسانی ئەکادیمی، ڕۆشنبیران و کەسایەتییەکان لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و لە دژی خەباتی سیخوڕی دەوڵەتی تورکیا دەنگی خۆیان هەڵبڕن و هەڵوێستی ئاشکرا وەربگرن، پێویستە گەلەکەمان ئەوە بزانێت هەرکەسێک کە لەگەڵ دەزگا سیخوڕی و جاسوسییەکانی دوژمناندا کاربکات، بەتوندترین شێوە سزا دەدرێت.
شارپرێس: لەم ماوەی دواییدا لە #کەرکووک# و دێرەزۆر شەڕ و پێکدادان هاتنە ئاراوە، ئێوە ئەم پەرەسەندنانە و تەقینەوەی ئەم ڕووداوانە چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
جەمیل بایک: زۆر ڕون و ئاشکرایە کە ڕووداوەکانی دێرەزۆر گێرەشێوێنییەک بوون لە دژی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان، دەستی زۆر هێز و لایەن لەم گێرەشێوینیەدا هەیە، بەڵام ڕۆڵی دەوڵەتی تورکیا دیاریکەر بوو، دەوڵەتی تورکیا بەدەیان هەزار چەتەی زادەی داعش بەخێو دەکات، ئامانجی تورکیا لەمەدا ئەوەیە کە دەسکەوتەکانی کورد، بەتایبەتیی شۆڕشی ڕۆژاوای کوردستان پاکتاو بکات، دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەم کارە جۆڵەی بەزۆر گرووپی چەتە کرد و ویستی کە لە ڕێگەی بنەماڵەی ئەم چەتانە و هەروەها هەندێک لە عەشیرەتەکانی هەرێمەکەوە لە دێرەزۆر ئەنجام وەربگرێت، بەڵام متمانەی کۆمەڵگەی عەرەب و عەشیرەتەکانی دەڤەرەکە بەهێزەکانی سووریان دیموکرات (HSD) و عەقڵی سەلیمی ئەوان، هەروەها بەهێزبوونی هاوپەیمانێتی لەنێوان کورد و عەرەب و سریاندا، بوو بەهۆی پوچەڵکردنەوەی هەموو ئەو سیناریۆیانەی کە لە دژی دێرەزۆر داڕێژرابوون.
دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە ڕووداوەکانی کەرکووکدا، پارتى و لایەنگرەکانی بەپشتبەستن بەهەندێک هێزی تورکمان کە گرێدراوی تورکیان ویستی کە ئەنجامێک بەگوێرەی خۆی بەدەستبهێنێت، بێگومان ئامانجی سەرەکی ئەوان ئەوەیە چۆن دەستبەسەر نەوتی کەرکووکدا بگرن و چۆن بتوانن پارتى لەم بوارەدا بەکاربهێنن، ڕووداوەکانی کەرکووک ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەو پلانەیە کە هاکان فیدان لەسەردانەکەی خۆیدا بۆ هەولێر لەگەڵ بارزانییەکان دایڕشتوە، بارزانییەکان خەمی ڕزگارکردنی کەرکووکیان نییە، خەمی ئەوان ئەوەیە کە کەرکووک ڕادەستی تورکیا بکەن و لە بەرانبەردا بەشێک لە نەوتەکەی بۆ خۆیان تاڵان بکەن.
لەگەڵ ئەمەشدا، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لە مێژە دەیەوێت دیموگرافیای کەرکووک بگۆڕێت، لە کەرکووکدا پارتى بەتەواوی بەگوێرەی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیا جموجووڵ دەکات، پارتى لە کەرکووکدا نە یەکڕیزی و مافی کوردی دەوێت، نە پێکەوە ژیانی کورد لەگەڵ پێکهاتەکانی ترى کەرکووک، بە عەرەب و بە تورکمانەوە، بە پێچەوانەوە، هەموو هەوڵدانی پارتى لە کەرکووک پەرتەوازەیی ماڵی کورد و نانەوەی ناکۆکی و پێکدادان لەنێوان پێکهاتەکانی کەرکووکە بەشێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بکات، ئەوەی پارتى لە کەرکووک دەیکات، هیچ پەیوەندییەکی بە کوردایەتی و مافی کوردەوە نییە، بەتایبەت لەساڵى 2017وە پارتى تا ئێستا لە کەرکووک چی کردووە بەزەرەری هەموو کورد بووە. بەزەرەری هەموو کەرکووکیەکان بووە. بەزەرەری هەموو ئێراقیش بووە. چارەسەری ئەوەنییە کە ڕیفڕاندۆم بەخەڵکی کەرکووک بکەیت و پاشان هەڵبێت و لێی پەشیمان بیتەوە، خەڵک بڕژێنیتە سەر شەقامەکان، کورد بە کوشتن بدەیت و خۆت لە دوورەوە سەیر بکەیت.
باشترین مۆدێل بۆ چارەسەری کێشەی کەرکووک و کێشەکانی ئێراقیش مۆدێلی نەتەوەی دیمۆکراتی و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتییە، واتە هەموو گەل و پێکهاتە ئەتنیکی و ئایینییە جیاوازەکان بتوانن لەسەر بنەمای زیهییەتێکی دیمۆکراتی بەئاشتییانە پێکەوە ژیان بکەن، بەمشێوەیە دەتوانرێت پیلانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا پوچەڵ بکرێتەوە، نەتەوەی دیمۆکراتی نەتەوەیەکی سەر بە زمان، دین، خاک و یان ئابوورییەکی دیاریکراو نییە، لە نەتەوەی دیموکراتیدا یەکێتی زیهنییەت و کولتور ئەساسە، واتە لە چوارچێوەی ناسنامەی ژورینی (باڵا) ئێراقیبوون هەموو ناسنامە نەتەوەییەکانی دی دەتوانن ئازادانە پەرە بەژیان و ڕێکخستنی خۆیان بدەن و بەشداریی بکەن لە یەکێتی دیموکراتیدا، بۆ نموونە، لە کەرکووکدا هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەتوانن ئازادانە خۆیان ڕێکبخەن و بەڕێوەببەن و لە هەمانکاتیشدا بە بەشداربوون لە بەڕێوەبەرایەتییەکی باڵاتردا کۆنفیدراسیۆنی دیموکراتی کەرکووک پێکبێنن.
لێکچونی کولتوری و ئەو ڕاستییەی کە ئەم پێکهاتانە بە درێژایی مێژوو لەسەر بنەمای خوشک و برایەتی پێکەوە ژیانیان کردووە دەرفەتی مۆدێلێکی بەمشێوەیە درووست دەکات. تەنیا شتی پێویست ئەوەیە کە لە بواری زیهنییەتیدا یەک بگرن و بڕوایان بە بەڕێوەبەرایەتی دیموکراتی هەبێت.
نەتەوەی دیموکراتی بۆ ئێراق و بۆ کەرکووک بژاردەیەک نییە لە بژاردەکان، بەڵکوو تاکە بژاردە و مۆدێلی چارەسەرییە کە دەتوانێت کێشەکان چارەسەربکات و ئاشتی مسۆگەر بکات، واتە، نەتەوەی دیموکراتی تاکە سیستەم و شێوازی بەڕێوەبەرایەتییە کە بتوانێت کێشەکانی ئێراق و کێشەکانی کەرکووک لەسەر بنەمای خۆسەری دیموکراتی هەموو پێکهاتەکان و پێکهێنانی بەڕێوەبەرایەتییەکی باڵای کۆنفیدراڵی و دیموکراتی چارەسەر بکات و ئاشتی بەرقەرار بکات، پێویستە کوردە ئازادیخوازەکان و ئەو هێزانە کە بڕوایان بە دیموکراسی هەیە لە دەوری ئەم مۆدێلە چارەسەرییەدا یەکبگرن و بۆ بەدیهاتنیشی تێکۆشانی هاوبەش بکەن، ئەگەر لەم ئەرکەدا درەنگ بمێنین یان چاوەڕوان بین کە مۆدێلیکی دی بەسەر کەرکووکدا بسەپێنرێت و تاقیبکرێتەوە، ڕەنگە کارەساتێکی نوێ بۆ کەرکووک ڕوو بدات.
شارپرێس: لەم ڕۆژانەی دواییدا هێزەکانی پارتى پاسەوانی سنووری ئێراق بەرەو هەرێمی سیدەکان جوڵەیان پێکراو هێزێکی زۆر ڕەوانەی دەڤەرەکە کراوە، سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن کە هەندێک پێکدادانیش ڕویداوە، ئایا ئەم دۆخە بەرەو شەڕ دەڕوات؟ بۆچونی ئێوە سەبارەت بەمە چییە؟
جەمیل بایک: ڕاستە، لەم ڕۆژانەی دواییدا پارتى لەسیدەکان و هەرێمی برادۆست هێزێکی زۆری کۆکردووەتەوە، دەڵێن کە هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێراقیش بەرەو ئەو شوێنانە جوڵەیان پێکراوە، ئەم دۆخە زەمینەخۆشدەکات بۆ هێرش و دەستێوردانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، پارتى بچێتە هەر شوێنێک ئاڵای باشووری کوردستان هەڵدەکات، بەڵام لەژێر ئەو ئاڵایەدا سەربازەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک جێگیردەکات.
ئاڵای باشووری کوردستان بۆ پاراستن و شاردنەوەی سەربازەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بەکاردەهێنێت، ئەم دۆخەی ئێستای برادۆست و سیدەکان بەردەوامی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی تورکیایە دژ بەهەرێمەکانی پاراستنی میدیا، وادیارە ئەمەش یەکێکە لەبەرهەمەکانی چاوپێکەوتنی هاکان فیدان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی پارتى، هەوڵدان و خواستێکی ئێمە بۆ شەڕو پێکدادان لەگەڵ پارتى نییە، بەڵام ئاشکرایە کە ئەو پەیوەندییانەی پارتى لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا، ئەو گێرەشێوێنیانەی کە دەکرێن و جوڵەپێکردنی هێز ئامادەکارییەکن بۆ شەڕ، ئەم سەنگەرگرتنەی ئەوان بیانویەکە بۆ شەڕ، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین بەعەقڵی سەلیم و بەبەرپرسیارانە هەڵسوکەوت بکەین، لێرەدا ئەگەر پارتى لەسەر ئەم هەڵوێستانەی خۆی پێداگری بکات، هەرچەندە لەدەرەوەی خواستی ئێمەش بێت، مسۆگەر پێکدادان ڕودەدات، پارتى هاوکاری هێزێک دەکات کە هەموو ڕۆژێک دەستی بەخوێنی کچ و لاوی کورد سوور دەبێت، ئەمە دۆخێکی نەگریس و بێزراوییە، پێویستە گەلەکەمان لەبەرزترین ئاستدا لە بەرانبەر ئەم گێرەشێوێنیە هەڵوێست نیشانبدات، هەر لەئێستاوە بانگەوازیمان بۆ گەلەکەمان و هەمولایەنی پەیوەندیدار ئەوەیە بەوریاییەوە تەعامول لەگەڵ ئەم دۆخە بکەن.
شارپرێس: بەڕای ئێوە گەلی کورد پێویستە چی بکات؟ چۆن پێویستە بتوانێت ئەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، لایان ببات؟
جەمیل بایک: 100 ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا تێپەڕبوو، ئەو پەیمانەی کە کوردستانی دابەشکرد و گەلی کوردی خستە ناو بەرداشی جینۆساید، لەم 100 ساڵەدا گەلی کوردستان زۆر تێکۆشانی گەورەیان ئەنجامدا و قوربانی زۆریاندا، لەئەنجامدا ئەم پەیماننامەیە نەیتوانی بگەیەتە ئامانجی خۆی، ئامانجی پەیمانی لۆزان مەرگی کورد بوو، لە بەرانبەر ئەمەشدا کورد بە تێکۆشانی خۆی سەرلەنوێ ژیایەوە، لەم واتایەدا، گەلی کورد پەیمانی لۆزانی پوچەڵ کردۆتەوە، ئێستاش دەوڵەتی تورکیا، وەکوو لایەنی سەرەکی و جێبەجێ کاری پەیمانی لۆزان، دەیەوێت دەسکەوتەکانی تێکۆشانی دژ لۆزان لەناو بەرێت و جینۆساید بەئەنجام بگەیەنێت.
ئەوەی کە بانگەشەی ئەمە دەکات و لەسەر ناوی دەوڵەتی تورکیا دەستی بەهێرشێکی هەمەلایەن کردووە، ئەردۆغان و کەسانی دەور و پشتین، پێویستە کورد لە بەرانبەر ئەم هێرشانە و ئەم پلانی جینۆسایدە یەک بگرن و هەڵوێست و وەربگرن لە بەرانبەر ئەوانەی کە بۆ خۆ دوورگرتن لە یەکێتی نەتەوەیی هەر جارێک و بیانویەک دەهێننەوە، هیچ بیانویەک پێویستە نەبێتە کۆسپ لە بەرانبەر یەکگرتنی کورد لەسەر بنەمای ڕێبازی ئازادی و نیشتمانپەروەری.
هێزی نیشتمانپەروەری کورد پێویستە بەبێ ئەوەی کە چاوەڕوانی کەسێک دی بکەن، لەسەر بنەمای ڕێبازی نیشتمانپەروەری و پرەنسیپەکانی دیموکراسی یەکێتی نەتەوەیی مسۆگەر بکەن، ئەمە ئەو شتەیە کە پێویستە نیشتمانپەروەران بیکەن لە بەرانبەر ئەو ڕێبازەی خیانەت کە دوژمن دەیەوێت لە کوردستاندا پەرەی پێبدات، ئەگەر هێزە نیشتمانپەروەرەکان کارێکی لەم شێوەیە بکەن، ڕێبازی خیانەت و بەکرێگیراوی بێکاریگەر دەبێت و مەترسییەکان دەڕەوێنرێنەوە، پێویستە هەموو ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، نووسەران، ئەکادیمییەکان، واتە کەسانی زانا و هۆشیاریی کورد، بۆ ئەمکارە تێبکۆشن.
هیچ گەلێک هێندەی گەلی کورد پێویستی بەیەکێتی و یەکگرتویی نییە، چونکە هیچ گەلێک هێندی گەلی کورد هێندە دوژمنی زۆری نییە و هێندە دابەش و لەت لەت نەکراوە، ئەو جوگرافیایەی کە لەسەر دەژین، جوگرافیایەکە کە لە مێژوودا زۆرترین شەڕ و ناکۆکی لەسەر ڕویداوە، هەر بۆیە کە یەکێتی و یەکگرتویی شتێکە کە کورد زۆرترین پێویستی پێیەتی، ئیدی کاتی ئەوەهاتووە کە کورد ئەمە پێکبێنن، هەبوون و ئازادی گەلەکەمان تەنیا بە یەکێتی نەتەوەیی مەیسەر دەبێت، تەنیا بە یەکێتییە کە دەتوانین دەستکەوتەکانمان بپارێزین و پەرەی زیاتریان پێبدەین، ئێمە وەکوو بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان ئەوەی لەدەستمان هات بۆ یەکێتی نەتەوەیی کردمان و هێشتاش هەر لەناو هەوڵدانداین، بانگەشەیەکی وامان نییە کە ئەوەی کردومانە هەموو ڕاست بووە. هیچ هەڵە و کەموکووڕییەکمان نەبووە. بەڵام بۆ یەکێتی کورد هەمیشە لەناو هەوڵداندا بوین و وەکوو گرنگترین خەبات سەیرمان کردووە، لەو بڕوایەداین ئەگەر حزب و لایەنەکانی دیش پێداگریی لەسەر ئەمە بکەن و هەوڵی بۆ بدەن، سەرکەوتن لەمەدا مەیسەرە.
گیانی یەکێتی نەتەوەیی و زانابوونی یەکێتی نەتەوەیی لەناو گەلی کوردستاندا درووست بووە. ئەوەی کە لە بەرانبەر یەکێتی نەتەوەیی لەمپەڕ درووست دەکات، گەل نییە، بەڵکوو حزب و لایەنەکانن، ساڵی 1991 پەکەکە #دهۆک# و #زاخۆ#ی لە بەرانبەر هێرشی سەدام پاراست، گەلی باشوور ئەمە دەزانن، ئەوکاتە گەلی کورد لە باشوور ئەم درووشمەیان دەوتەوە، ئێمە کوردی باشوورین، پشتیووانی باکوورین، گەلەکەمان ئارەزووی خۆی بۆ یەکێتی نەتەوەیی لەم درووشمەدا دەهێنایەسەر زمان، باکوور، باشوور، ڕۆژهەڵات، یەک ئارمانج و یەک خەبات، ئەم درووشمە لەو سەردەمەدا گوزارشتیان لەهەڵوێست و زانابوونی خەڵک دەکرد، ئێمەش پێویستە ئەم هەڵوێستەی گەل وەکوو ئەمرێک بزانین و بەگوێرەی ئەوە بجوڵێینەوە.
لە 100 ساڵەی پەیمانی لۆزاندا، لە شاری لۆزان، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان کۆنفرانسێکی ئەنجامدا، وێڕای کەموکووڕییەکان، ئەم کۆنفرانسە میوانداریی زۆر گفتوگۆی هێژای کرد و زۆر بڕیاری گرنگ وەرگێڕان، لەناو ئەم بڕیارانەدا، بڕیاری بەستنی کۆنفرانسی نەتەوەیی و ئازادی ڕێبەر ئاپۆش هەبوون، بۆ پێکهێنانی ئەم بڕیارانە پێویستە هەمومان، هەموو کورد پێکەوە خەبات و تێکۆشان بکەین، گۆشەگیرییەکی گران لەسەر ڕێبەر ئاپۆ بەڕێوەدەبردرێت، سێ ساڵە هیچ هەواڵێکی نازانرێت، تەحەممولی ئەم دۆخە ئیدی بۆ گەلی کورد زەحمەتە، پێویستە کورد لە هەموو شوێنێک بۆ شکاندنی ئەم گۆشەگیرییە دژوارە هەڵوێست وەربگرن، خاوەن دەرکەوتن لە ڕێبەر ئاپۆ، ئەرک و هەڵوێستێکی نیشتمانپەروەرییە.
[1]