مامۆستا عەبدولکەریم شێخانی مێژوویەک لە سەروەری
#ڕەسوڵ بۆسکێنی#
مانگ لەئاسمان حەوجێ بەئەنگوست ناکا، زەوی دەخوسێ گیا شین دەبێ، کە بارانی پایز داکا، تاریکی هەموو دنیا ناتوانێت مۆمێک بکوژێنێتەوە، ڕووناکی نەبێت تاریکی دنیا دەتەنێتەوە، دەڵێن بەگوڵێک بەهار نایە، پەندێکی باوە، گوڵ بەخشەری بۆن و جوانی و جێ سەرنجی چاوە، گوڵاوی بۆن و سێحری گوڵ زیاد دەکا کەسەر ئاگر نریا، ئەو بۆن و بەرامەیەی بۆ هەمیشە بووایە بریا، چ دەبێ پێت نەبڕێ سێ گەز جاو و نەتخەنە ژێرگڵ، گرنگ ئەوەیە لای هەمووان بخرێیتە نێو دڵ، بۆ سەرمەشقی ڕۆژگار و بەردەوامی ژیان، ڕۆڵەیەکی ژیر و بەبیرو خۆشەویستی هەمووان.
لە ساڵی 1933 لە کۆیەی مەڵبەندی شاعیران و خاوەن دیوەخانی، هاتە دنیاو چاوی گەشی هەڵێنا عەبدولکەریم مەحمود شێخانی، بنەماڵەکەیان بەشێخانی بەناوبانگ بوون، بۆیە لەسەرئەو نازناوە بۆ عەبدولکەریمیش یەک دەنگ بوون، خوێندن و نووسین مرۆڤ بۆ ڕۆژگار ئامادە دەکات، هەر کەس لەو دەرگایە بچێتە ژوورەوە داهاتووی جوانتر دەکات، ڕێگای ئەدەب و زانست درێژە، تەمەنی ئادەمیزاد کوورت، لە کۆیە چاوی کردەوە ڕێگای حاجی و ئەحمەدی خانی گرت.
لە ساڵی 1954 بووەتە مامۆستا پەروەردە کارێکی هەستیاربوو، خزمەتی زۆری کرد یەکەمجار لە گەرمیان دەستبەکار بوو، لەسەر کوردایەتی و سۆزی نیشتمانەوە، لە ساڵی 1962 کەوتە بەندیخانەوە، لەقوتابخانە زانست فێربوو، ئەزموون و تاقی کردنەوە لەژیان، بەهۆنراوە دەستی پێ کرد و بوو بەشاعیر و نووسەر و وەرگێڕ و ڕۆژنانووس و زمانەوان، بەرەو لوتکە بەپەیژەی بەرزخوازیدا سەرکەوت، لەچیرۆک و زمانەوانیدا پێشکەوت، زۆر گەڕاوە لەباخان هەڵاڵەی گوڵانی کۆکردەوە وەک هەنگ، بۆ خزمەتی زمانی کوردی لەخراپ وێژان هاتە دەنگ، بۆ زمانی ڕەسەن و وشەی خۆڕسک زۆر پەرۆش بوو، وشەی ناقۆڵا و داتاشراوی پێ ناخۆش بوو، دژی ئەوە بوو وشەی کوردێندراو بخرێتە نێو زمانی کوردی، بۆ خزمەتی ئەم زمانە شیرینە کەم نەبوو ئەوەی کردی، هەموو کەموکووڕیەک جەرگی دەهاتە ژان، دەگەڵ هەر هەڵەبەکارهێنانێکی نەزانان دەکەوتە هەژان، وەک هەموو شارەزایان لەهەڵەی زمان خەمی دەخواراد، جیاوازی ئەو ئەوەبوو، بێدەنگ نەدەبوو، وەڵامی بە نووسینێک دەسپارد، ئەگەر بۆ زمانی کوردی پاسەوانێک بوو، لەدەریای زمانی فارسی و عەرەبیش عەجەب مەلەوانێک بوو، زۆر بابەتی هێندە بەجوانی وەرگێڕاون، سەد سوێندت خواردبا دەتگوت هەر بە کوردی نووسراون، بابەتی وەرگێڕانی زۆر و جۆراوجۆرن، ئەوانەی گەواهی پەسندی دەدەن زۆرن، مامۆستا شێخانی لەئەدەب و نووسین هێندە بەرزە پێویستی بەناساندن نییە، ئەم نووسینەم دەردە دڵێکە ئەگینا ئەوە کاری من نییە، بۆن و بەرامەی نووسینی هێشێتا، چێژی هەرماوە لەو ساوە تا ئێستا، بۆ وشەی کوردی مامۆستا و خاوەن وانەیەک بوو، زۆر جار بۆ پرسیاری من سەرچاوە و پەناگەیەک بوو، بۆ وەرگێڕان لەبیانی بۆ کوردی و بەپێچەوانە نەبوو باکی، وەک وەرگێڕانی چیرۆکی (براکوژی) کازانتزاکی، بۆ بەرزی گەلی کوڕ هەر دەبێ وابێ، لەو کاتەدا، مەگەر یەکێ گیانی خۆی لێ بەڵابێ، چیرۆکەکەی پێشکەشی (ن. م) کردووە، خۆی وتی: مەبەستی نەوشیروان مستەفا بووە.
عەبدولکەریم شێخانی بەکەسایەتییەکی بەهەڵوێست و خۆش مەشڕەب ناسراوە، مام جەلال لە خۆشەویستی نازناوی (سەرسپی) لێناوە، بەداخەوە چەند ساڵ لەمەوبەر قاچی شکا، بەڵام ئومێدی بەژیان خۆشتر بوو، خۆی جولەی کەم و قەڵەمەکەی بەجوڵە و بەبڕشتتربوو، وازی نەهێنا لەشیلەی هۆنراوە و خزمەت بە نووسین و ئەدەب ئەو بیر جوانە، ئەگەرچی لەتەمەن گۆچانی تێپەڕاند و کەوتەسەر عەرەبانە، پێت وانەبێت ئەو مووە سپیانەی لەبەر هەتاو سپی کردووە و نەخشی کردگارە، نیشانەی مەرگ نەبوو، هەمووی ئەزموونی ڕۆژگارە، بەختی ڕەش و مووی سپی کۆڵی پێ نەدا، لە ڕەخنە و ئامۆژگاری و نووسین هەدای نەدا، خەمی بوو، بەڵام هەمیشە دڵخۆش بوو هەمدەمی، ئەگەرچی گیرۆدەی ڕۆژگار بوو، بەڵام هەرگیز نەچەمی، سەری سپی، ئاوی چاوی سپی بوو، لەبەر نوووسین شێخانی، لەخەمخۆری گەل و ئامۆژگاری کۆمەڵگە وازی نەهانی، لەوتار و ڕۆژنامە و گۆشەنووسین، لەخزمەت بە زمان و زانست و ڕاوێژ و پرسین، زۆربوون هەڵەیان دەکرد و هەر خۆشی، هەڵەی دیکەی دەکرد تاهەڵەکەی پێ داپۆشی، بەڵام مامۆستا بۆ ڕاستکردنەوەی هەرچی هەڵەیە، پێی وتین (جا قوربان مەسەیەک هەیە) ، لەوشەی داتاشراو و ناقۆڵا نیگەران بوو لای وابوو کفرە، گەر پێیان ناخۆش بێ هەرزەگۆیان، دڵخۆش بوون ئەوەی خاوەن هزرە، لەخزمەتی زمان و ڕاستکردنەوەی هەڵە و بەسەرهات و زۆری دیکە، ئەوەی پێی کرا نووسی لەگۆشەی (خرتکە و پرتکە) ، زۆری نووسی، زۆری وت، زۆر ڕێگای تاقی کردۆتەوە، بەگژ خائین و خۆفرۆش و گەندەڵکاراندا چووەتەوە، تا زمان و قەڵەمی بڕشتی کرد، بە زمان وتە و بەقەڵەم یاداشتی کرد، لە نووسین و هەڵوێستی جوان نەکەوت، دژە زیانەخرۆ و زیادەڕۆیان دەیوت:
چڵکاوخۆر و کاسەلێسان هەڵپەڕین چەپڵەیان لێدا
لەو حاڵەتە، سرووشتییە، دیکتاتۆر سەرهەڵبدا
بۆ ئەوانەش چاوچنۆک و دەروون نەخۆشن، هەموو بەرژەوەندی گەلیان بەپارە دەفرۆشن، دەیوت:
دەڵێم جەناب باش سەیری ئەوانەی پێش خۆت ببینە
ئەوەی بردیان سێ گەزخام و تەنیا چەند بستێک زەمیینە
لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوانەی خزمەتی گەل و نیشتمانی خۆیان کردووە، هۆنراوەی بەرز و ستایش و پێدا هەڵدانی بەرزی وتووە، دوا ڕۆژانی تەمەنی سەختی بێ ژنی و سەر عەرەبانە، سەخت بۆی دەگوزەرا ئەو چازانە، دوای مەرگی (گوڵزار) ی ژنی خۆشی نەبینی، بۆیە بەو ئازارەوە بۆی دەگێڕا شینی:
وا دیسان جەرگم گڕی گرت کۆنە برینم کولایەوە
ڕۆژێکی ڕەش بوو، گوڵزار چرای ژینی کوژایەوە
من ﮪەتا ماوم لەدنیا هەر گەورەیی تۆ باس دەکەم
یادت ئارامی بەخشە بۆم، بۆیە لە دڵما مایەوە
هەرکەناوت دا گوڵی من، زوو چاوم ئاوی لێی دەزێ
خۆ (شنە) ش فرمێسکی چاوی جاری بوو نەبڕایەوە
ﮪاتنت بۆ ناو ژیانم ئاوی گشت ئاواتی دام
کێڵگەکەی وشکی ژیانم جارێکی دیش گەشایەوە
تۆ کە گوڵزارێکی گەش بوو مەرگی ناوادەت تەواو
زام و ئازاری دڵم گشت سەری ﮪەڵدایەوە
مامۆستا عەبدولکەریم لەگەڵ گەورە و بچوک دەهاتەوە بێ گرێ، بۆیە زۆری تەمەن و پیری بەساڵ ناپێوەرێ، لەگەڵ سەختی ژیا و تەمەنی گەییە نەوەد ساڵ، ڕۆحی پیرۆزی هەڵفڕی دای لەشەقەی باڵ، لە 12- 08- 2023 بای ئەجەل هات و دەفتەری ژینی دڕی، بارگەی ژینی پێچایەوە مەلی ژیانی بۆ ئەو دنیا فڕی، پاش دەیان ساڵ لەخزمەت ئەدەب و خەباتی ڕزگاریخوازی، تێکەڵ بەکۆمەڵی نەمران بوو ڕێبازی، جێگای سەرنجە ئەم پایەرزە پڕ بەهرە و خزمەتە دوور لەشایستەیی خۆی ژێر خاک کرا، تەنانەت چەند بستێک زەمینی شارەکەی خۆیشی پێ ڕەوا نەبینرا، ئەو ڕۆیشت و بەجێی هێشت شانازی و مەردی و ڕەوشتی پاکی، بۆ ئێمەش مایەوە پەرۆشی و حەسرەت و ئاهو خەمناکی. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!