ئازاد عەلی
ناوی دیپلۆماتکار فەریق (#شەریف پاشای خەندان# ) وەک یەکێک لە گرنگترین کەسایەتییە سەرکردەکانی کورد لە سەرەتای سەتەی بیستەم دا درەوشایەوە. لەنێوان ساڵانی (1898- 1908) دا باڵیۆزی دەوڵەتی عوسمانی بوو لە سوید، دەستی لەو پۆستە کێشایەوە و بۆ دامەزراندنی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆن بەناوی (حیزبی ڕیفۆرمی بنچینەیی عوسمانی) ڕوویکردە پاریس. هەر لەوێ بووە گوتەبێژی فەرمیی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و نەیاری دەسەڵاتی ئیتیحاد و تەرەقی لەدەرەوەی وڵات. بەهۆی پێداگری لەسەر مافی ئەو گەلانەی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عوسمانی دا بوون و پشتیووانیی تایبەتیی بۆ ئەرمەنەکان، لەگەڵ ئیتیحادییەکان کەوتە ناکۆکی و چووە نێو بزاڤی نیشتمانیی کوردستانییەوە.
شەریف پاشا لەنێو سەرکردە پێشەنگە کوردستانییەکان دا دیاردەیەکی دەگمەنە. ساڵی 1865 لەدایکبووە، بە ڕەچەڵەک خەڵکی سلێمانییە و لە نەوەی بابانەکانە کە سەردەمێک حوکمی بەشێکی باشووری کوردستانیان کردووە. سەعید پاشای باوکیشی (1834- 1907) لە کەسایەتییە باڵاکانی دەوڵەتی عوسمانی بووە و چەندین پۆستی باڵای تێدا وەرگرتووە، هەندێ جار وەک وەزیر و دواتریش وەک ڕاوێژکاری سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم.
شەریف پاشا دەبێتە هاوژینی ئامینە خانم کە نەوەی محەمەد عەلی پاشای حاکمی میسر بووە، لە ئەنجامی ئەوەش دا موڵک و ماڵ و زەویوزارێکی زۆری بۆ دەمێنێتەوە تاوەکوو ئاستی ئەوەی کە بە یەکێک لە دەوڵەمەندەکانی دەوڵەتی عوسمانی دادەنرێت. چەندین زمانی بیانی زانیوە. کاتێک ئیتیحاد و تەرەقی لە ساڵی 1908 دا کودەتا لەسەر سوڵتان عەبدولحەمید دەکەن، سەرەتا هاوکارییان دەکات، پاشان لەگەڵ سیاسەتە شۆڤێنییەکانیان دەکەوێتە ناکۆکییەوە. دەچێتە بەرەی نەیاری ئیتیحادییەکانەوە و دەکەوێتە خەبات لە دژیان، ئەوەش دوای ئەوەی بۆی ئاشکرا دەبێ کە چەندە ناحەزی داخوازییەکانی گەلی کورد و عەرەبن بۆ ئازادی. لە پاریس وەک بەرگریکارێکی سەرسەختی ئەو گەلانەی لە چوارچێوەی سەڵتەنەتی عوسمانی دا دەژیان، دەست بە چالاکیی سیاسی و دیپلۆماسی دەکات و لەو کارەساتەدا کە بەسەر ئەرمەنەکان هات، پشتیووانییان دەکات. ساڵی 1909 پارتی ڕیفۆرم دادەمەزرێنێ کە بووە پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنی چالاک. پاشان دەبێتە گوتەبێژی فەرمیی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی نەیاری ئیتیحاد و تەرەقی لەدەرەوەی وڵات. هەر لە پاریس ڕۆژنامەی (مەشروتیە) ی ڕیفۆرمخواز دەردەکات کە لە 1909 دامەزرا و تاوەکوو 1914 بەردەوام بوو.
شەریف پاشا وەک کەسایەتییەکی کاریزمی بووە پێشەنگی بەرەی سیاسیی نەیاری خۆسەپێنی تورک لە ئەوروپا و وەک کەسایەتییەکی ڕۆشنگەری پێشکەوتنخواز و نەیاری سەرکوتگەری و کۆنەخوازی دەرکەوت. لە پەیوەندییەکی بەتینیشدا بوو لەگەڵ حیزبی سۆشیالیستی عوسمانی لە پاریس. بە درێژایی ساڵانی 1899- 1920 سیاسەتڤانێکی کارا و چالاک بووە و لە پێشەنگی ئەو کەسانە بوو کە داوای یەکسانییان بۆ گەلان و نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات دەکرد. هەر لەبەرئەوەش کەوتە بەر ڕاوەدوونان و تەنانەت کەسوکارەکەشی لەلایەن سلێمان نەزیف، والیی ئەوکاتی مووسڵ و نەیاری کورد، کەوتنە بەر چەوساندنەوە. هەرچەندە نەزیف خۆیشی بە ڕەچەڵەک کورد بوو. شەریف پاشا خۆیشی لە ساڵی 1914 و لە پاریس هەوڵی کوشتنی دەدرێ و بەشێوەیەکی سەیر ڕزگاری دەبێت. دەسەڵاتدارانی ئیتیحاد و تەرەقی تیمێکی هەشت کەسی بە سەرکردایەتی بەڕێوەبەری ئاساییشی ئەوکاتی ئیستانبووڵ بۆ کوشتنی دەنێرنە پاریس. ئاشکرابوونی ئەم هەوڵە لەنێو ڕۆژنامەکانی ئەوکاتی فەرەنسادا دەنگدانەوەیەکی گەورەی دەبێت.
بەوەدا کە مرۆڤێکی ڕیفۆرمخواز و لیبراڵی بوو، تەنانەت بەشێک لە لیبراڵە تورکەکانیش ڕێی پێدەدەن لەنێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا نوێنەرایەتییان بکات، بەتایبەتیش پاش کۆنگرەی جێنۆڤا کە ڕۆژی 16ی کانوونی دووەمی 1919 لە ئیتاڵیا بەسترا و تێیدا شەریف پاشا وەک نوێنەری کورد لەپاڵ چەندین کەسایەتی کورد و تورک ئامادە بوو. بەگوێرەی هەواڵێک کە ڕۆژی 20-01- 1919 لە ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز) دا بڵاوکراوەتەوە، لە کۆنگرەی لیبراڵییە عوسمانییەکاندا لە جێنۆڤا، شەریف پاشا ڕاسپێردراوە کە لە دیدارەکانی کۆنگرەی ئاشتی دا لە پاریس نوێنەرایەتییان بکات. لەو ڕووەوە، هەموو شاندەکان تەواوی دەسەڵاتیان داوەتە شەریف پاشا و بە برووسکەش هەریەک لە ویدرۆ ویلسن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆکوەزیرانەکانی فەرەنسا و بەریتانیا و ئیتالیا (کلیمانسۆ، لوید جۆرج و ئۆرلاندۆ) لەوە ئاگادار کراونەتەوە، بەڵام پاش پێداگریی کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان، شەریف پاشا وای بەباش زانی کە تەنیا نوێنەرایەتی کورد بکات. بە کردەوەش پاش مانگێک لەوە، شەریف پاشا ڕایگەیاند کە چیدی نوێنەرایەتی عوسمانییەکان ناکات، بەڵکوو تەنیا سەرۆکایەتی شاندی کورد دەکات و نوێنەرایەتی ئەوان دەکات.
ئەم بڕیارەی شەریف پاشا، بەگوێرەی گۆڤاری (ژین) کە زمانحاڵی کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان بوو، هەڵا و دڵخۆشییەکی زۆری لەنێوەندی کوردی دا بەدواوە بووە، چونکە شەریف پاشا توانا و شارەزاییەکی بەرزی دیپلۆماسی هەبوو.
شەریف پاشا لە کۆنگرەی ئاشتیی پاریس دا کاری زۆری کرد. یاداشتنامەیەکی لەشێوەی لێکۆڵینەوەیەکی پووخت دا کە تایبەت بوو بە مێژووی کورد و ناوچەکانی نیشتەجێبوونیان پێشکەشی کۆنگرە کرد. هەروەک چۆن لەگەڵ ئەرمەنەکانیش ڕێککەوت و پەیوەندیی دۆستانەی خۆی لەگەڵ ئەوان، بە هاندانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ڕێککەوتنێکی سیاسیی دوولایەنە گۆڕی. ڕۆڵی ئەو لە دانانی بنچینەی یاسایی بۆ مافی سەربەخۆیی کورد، ڕۆڵێکی سەرەکی بوو، بەڵام بەداخەوە پێش ئەوەی کۆنگرەی ئاشتی بە ئەنجام بگات، کەوتنە دژایەتیکردنی و شێواندنی نێوبانگی. ناکۆکی کەوتە نێو سەرکردەکانی کورد و سەید عەبدولقادری نەهری کە سەرۆکی کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان بوو، دەستی لە مافی سەربەخۆیی کوردستان هەڵگرت و ئەوەی بەباشتر زانی کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیادا تەنیا ئۆتۆنۆمییەک بە کورد بدرێت. داواشی لە شەریف پاشا کرد کە دەبێ دەست لەکار بکێشێتەوە، بۆیە شەریف پاشا پێش واژۆکردنی پەیماننامەی سیڤەر لە نیسانی 1920، لەژێر گوشاری ئەو ڕەوتەدا کە پیاوانی ئایینیی هاوسۆزی عوسمانییەکان لە کۆمەڵەی تەعالیی کوردستان دا نوێنەرایەتییان دەکرد، دەستی لە سەرۆکایەتیی شاندی کورد کێشایەوە. بەوجۆرە ڕۆڵی شەریف پاشا کۆتایی هات و کوردیش ئەو پێگە دیپلۆماسییەیان لەدەستچوو کە لە کۆنگرەی ئاشتیی پاریس دا دانوستاندنی دەکرد، چونکە سەید عەبدولقادر ڕایگەیاند کە هیچ نوێنەرێکیان لە سیڤەردا نییە. ئەو وای بەباشتر دەزانی کە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لەگەڵ حکومەتی تورکیای نوێ ڕێکبکەون و لەگەڵ ئەوە نەبوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و لە ڕێی کۆنگرەی ئاشتیی پاریسەوە چارەسەر بکرێت.
پاش کشانەوەی شەریف پاشا، هەروا بە زارەکی جێگرەوەیەک دەستنیشانکرا کە لە سیڤەر و دواتریش لە لۆزان دا نوێنەرایەتی کورد بکات، بەڵام کەس ناوی ئەو جێگرەوەیەی نەبیست، ڕەنگە هەر لەنێو هۆڵی کۆنگرەکەشدا نەبووبێت. لە ئەنجامی ئەوەدا، بەدرخانییەکان کە خوازیاری سەربەخۆیی بوون و لەنێو سەرکردەکانی کورد دا لە هەمووان ڕادیکاڵتر بوون لەو ڕووەوە، لە سەید عەبدولقادر دوورکەوتنەوە کە دواتر باجی ئەو هاوسۆزییەی لەگەڵ عوسمانییەکان و پاشگەزبوونەوەی لە داوای سەربەخۆیی کوردستان، بە گیانی خۆی دا و لەلایەن کەمالیستییەکانەوە لە ساڵی 1925 لەسێدارە درا، لەکاتێکدا تەمەنی گەیشتبووە 75 ساڵ.
پاشەکشە و دوورکەوتنەوەی شەریف پاشا، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە لاوازیی ئەو بڕگە و دەقانەی نێو پەیماننامەی سیڤەر کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەبوو، بەتایبەتیش مەسەلەی دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بە ڕووبەرێکی فراوانەوە، دواتر ئەو تۆزە مافەش لە کۆنگرەی لۆزان دا کە ساڵی 1923 بەسترا، هەر بەتەواوی لابرا و مافی سیاسی و سەروەریی نەتەوەی کورد لە سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەکان دا خرایە پشتگوێ.
کلیلی سەربەخۆیی کوردستان لەدەستی شەریف پاشادا بوو، مرۆڤێکی کاریگەر و چالاک بوو لەسەر ئاستی ئەوروپا و چەندین زمانی دەزانی، ئەوە جگە لەوەی تۆڕێکی بەرفراوانی پەیوەندی لە بەرزترین ئاستەکاندا هەبوو. کاری دەکرد و دەینووسی و داوای سەربەخۆیی و ئازادیی بۆ کوردستان دەکرد، تاوەکوو ئەو ئاستەی لەنێوەندە سیاسییەکانی ئەوروپادا وەک (باوکی کورد) ناسرابوو. حکومەتی بەریتانیا چاوی لەوە بوو وەک سەرۆکی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ پێشنیازی بکات لەبەرئەوەی هەموو مەرج و لێهاتووییەکی بۆ سەرکردایەتی تێدابوو، بەڵام تورکەکان بە بەرنامە کەوتنە دژایەتیکردنی و شێواندنی نێوبانگی گوایە (ناشەریفە) و شامپانیا دەخواتەوە. بە پڕوپاگەندەیەکی ڕێکخراو کەوتنە دژایەتیکردنی و لە پشتی ئەم هەڵمەتەوە هێندێ نێوەندی کوردیش هەبوون، بەڵام بەرەی هێرش بۆ سەری بەرەی ئیتیحادییە تورکە شۆڤێنییەکان بوون کە شەریف پاشا پێشتر بە شێوێنەری نێوبانگ و مێژووی کورد ناوی بردبوون. ساڵی 1910 هەر لە ڕۆژنامەکەی خۆیدا (مەشروتیەت) وتارێکی لەبارەی یەکسانیی نێوان نەتەوەکان بڵاوکردبووەوە. ساڵی 1913یش لە وتارێکی دیکەدا کە تایبەت بوو بە بابەتی ئاییندەی نەتەوەکان، وتارێکی دیکەی بڵاوکردەوە و ئەوەی تایبەت بێت بە دۆزی کورد لەم چوارچێوەیەدا، وتارەکە باسی ئەوە دەکات کە ئەوانەی لە پشت خراپکردنی وێنەی کوردن، تورکەکانن ئەو گوشارەی ئاڕاستەی ئەم ئوممەتە دەکرێ کە بە سیفەتی بەرزی ئازایەتی و بوێری و سوارچاکی بەنێوبانگە، کۆمەڵەی ئیتیحاد و تەرەقی لە پشتە کە پەنای بۆ بیری دزێوی تۆرانیزم بردووە.
ئا بەوجۆرە، بە هەوڵی تورک و کورد خۆیشی، لاپەڕەی سیاسیی شەریف پاشا دادرایەوە تاوەکوو بە تەواوی لە گۆڕەپانی سیاسی چووە دەرەوە. ئەوە بوو گەڕایەوە بۆ میسر بۆ کارکردن لە زەویوزارە بەرفراوانەکەی هاوژینەکەیدا کە لەسەر ڕۆخی ڕووباری نیل بوو. هێندێ ئاماژەش هەن کە تاوەکوو ڕووخانی کۆماری کوردستان لە مەهاباد هاوکاریی چالاکڤانانی کوردی کردووە. ئەم کەسایەتییە بە جۆرێک خرایە پشتگوێ و لەبیرکرا کە تا ئێستاش ڕای جیاوازی لەبارەی شوێن و ساڵی کۆچی دواییەکەی هەیە. شەریف پاشا ساڵی 1951 لە ئیتالیا کۆچی دوایی کردووە و بە مەرگیشی، ئەو چرای ژیری و ئەو ڕووناکییە کە لەدەرەوەش ئاسمانی کوردستانی ڕۆشن دەکردەوە، کوژایەوە.
یەکەمین کەسایەتی کوردە کە دەیتوانی چەرخەی سەربەخۆیی کوردستان بەرەوپێش پاڵبنێ، بەڵام نەیانهێشت. یەکەمین ڕۆشنبیری کوردیشە کە کەوتە بەر دژایەتی و نەفرەتی نەفامەکانی کورد و تا ئێستاش هاوشێوەکانی ئەو دژایەتی دەکرێن. [1]