ناونیشانی بابەت: بەوێنە.. بزنە کێوییەکانی دەڤەری بارزان دیمەنی جوان و سەرنجڕاکێش
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەهۆی یاسای تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان و ژینگە لە دەڤەری #بارزان# چەندین جۆر ئاژەڵی کێویی دەگمەن دەژین، یەکێک لەوانە بزنە کێوییە کە لە شاخ و دۆڵ و کێوەکانی ناوچەکە بەئازادی دەسووڕێتەوە.
لەم بارەیەوە، سایر دری، چالاکی ژینگەپارێز و فۆتۆگرافەری #کوردستان# و جیهانی، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: بزنە کێوییەکانی کوردستان چەند جۆرێکی تایبەتن، وەک دیاریشە بەهۆی بوونی یاسای تایبەت بە پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان و ژینگە لە دەڤەری بارزان چەندین جۆر ئاژەڵی کێویی دەگمەن دەژین و بەئازادی لە شاخ و دۆڵ و سرووشتی ناوچەکە دەسووڕێنەوە و پارێزگارییان لێ دەکرێت”.
وتیشی: ''ناوی ئینگلیزیی یەکێک لەم بزنە کێوییە سەرنجڕاکێشانە Bezoar ibex''، یان ''Wild Goat''، یان ''Zagros ibex''ە و ناوی زانستییەکەیشی (Capra aegagrus aegagrus) ە و لە ئەورووپا و ئاسیای بچووک بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژی و هەر لە خێزانی بزنی نیشتمانییە، بەڵام کێویە، لە شوێنی زۆر گەورە و سەخت و شاخاوییەکاندا دەژی، شاخی نێرەکەی گەوره و درێژە و لە مێیەکەی بەرزترە.''
ئاماژەی بەوەش دا: ''بەگشتی تەمەنی ئەم جۆرە بزن، یان ئاسکە کێویە لەنێوان 12 تا 22 ساڵدایە و درێژییەکەیان دەگاتە 120 تا 150 سانتیمەتر، بەرزییەکەی لەنێوان 65 تا 90 سانتیمەترە.''[1]