ناو: سەید
نازناو: سەید ئەڤرەن
ناوی باوک: مەحمود
ساڵی لەدایکبوون: 1969
ڕۆژی شەهیدبوون: #22-09-2023#
شوێنی لەدایکبوون: ئامەد
شوێنی شەهیدبوون: ڕۆژاوای کوردستان
$ژیاننامە$
کۆڵەکەیەکی دیکەی ڕاگەیاندنی ئازادی کوردستان بەرەو بێکۆتایی کۆچی کرد. ئێمە هاوڕێی ڕۆژنامەوانمان، نووسەر و شۆڕشگێر سەید ئەڤرانمان لە 22 ی ئەیلولی 2023دا لە دەستدا. هەڤاڵمان ماوەیەکی زۆر بوو گیرۆدەی نەخۆشی بوو، لەو نەخۆشخانەیەی چارەسەری بۆ دەکرا، شەهید بوو.
=KTML_Bold=بیر و یادوەری ڕاگەیاندنی ئازادی 30 ساڵی ڕابردوو بوو=KTML_End=
ئەو بیر و یادوەری ڕاگەیاندنی ئازادی 30 ساڵی ڕابردوو بوو. لەسەر ڕێگەی شکۆ و پەیوەستبوون بووە ڕێبوارێکی چالاکی نەسرەوتوو. تامەزرۆیی، خەبات بۆ ڕۆشنکردنەوەی کۆمەڵگەکان و پێداگرییەکەی لەسەر تێکۆشان هەموو ئاستەنگ و لەمپەڕ و تەنگوچەڵەمەکانی لە بەردەمی ڕادەماڵی. بە هەڵوێست، جموجووڵ و پێنووسەکەی، لە لاپەڕەکانی ڕاگەیاندنی ئازاددا جێگەیەکی بێهاوتای گرتووە.
هاوڕێ سەید بە نزیکەیی هەموو ژیانی خۆی خستە خزمەت تێکۆشان، ڕاستی شەڕ و بەرخودان لە وڵاتەکەی. بە ڕێپێوانی شەو و ڕۆژانەی خۆی زۆر قۆناغی گرنگی بڕی و ڕاستی ئەو جوگرافیایەی خستە بەرچاو.
هەڤاڵ سەید جەنگاوەرێکی پێشەنگی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان و ڕاگەیاندنی ئازاد بوو. لە چوار پارچەی کوردستان بە پێنووسی خۆیەوە ڕاستی کۆمەڵگەی کورد و تێکۆشانی ئازادی بۆ هەموو جیهان گواستەوە.
سەید ئەڤران بە ناوی ڕاستەقینەی سەید محەمود ئەڤران ساڵی 1969 لە ناوچەی هێنێی ئامەد چاوی بە ژیان پشکوت. لە ناو بنەماڵەیەکی هەڵگری نەریتی سەرهەڵدانی شێخ سەعیددا گەورە بوو.
=KTML_Bold=لەپێناو ڕاستی و ئازادیدا زۆر جار ڕووبەڕووی مردن بووەوە=KTML_End=
لە هەڕەتی لاوێتی و سەردەمی خوێندکاریدا تێکۆشانی ئازادی ناسی و لە ناو ڕیزەکانیدا بەشدار بوو. کاتێک لە زانکۆی چوکورۆڤا دەیخوێند، یەک لە پێشەنگەکانی ڕاگەیاندنی ئازاد و شۆڕشگێڕ غوربەتلی ئەرسۆزی ناسی کە لە هەمان زانکۆ دەیخوێند. لە ڕێگەی ئەو ناسینەوە دەبێتە خوێندکارێکی غوربەتلی ئەرسۆز و ئەزموونی گەرنگی لێوە فێردەبێت.
هەڤاڵ سەید بەو خواست و جۆش و خرۆسەوە لە ساڵی 1990 لە هەوارگەی سەرهەڵدان و بەرخودان، لە ئامەدەوە، بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان دەبێت. مێژووی پڕ ئازار و مەینەتی وڵاتەکەی بەرپرسیارییەتییەک دەخاتە سەرشانی، هەر بۆیەش بەو زانابوونەوە دەجوڵێتەوە و لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە دەست بە خەباتی ڕاگەیاندن دەکات.
لەو دژوارترین ساڵانەدا کە لە باکووری کوردستان هێرشەکان بۆ سەر گەلی کورد هەڵکشابوون، گوندەکان دەسوتێندران، ڕۆژنامەوانان لەسەر شەقامەکان دەکوژران، هەروەها بە هەزاران کەسایەتی پێشەنگ زیندانی دەکران و دەکوژران، هاوڕێ سەید لەگەڵ هەڤاڵانی خۆی بە بێ دڕدۆنگی کاری دەکرد و ڕاستی بۆ جیهان دەگواستەوە. لەو ڕێگە دژوارەدا چەند جار لەلایەن داگیرکەرانەوە دەستگیر و زیندانی دەکرێت.
کاتێک بارەگای ڕۆژنامەی ئۆزگور ئولکە لە ئیستەنبوڵ و نووسینگەکانی لە ئەنقەرە و ئامەد لە 3ی کانونی یەکەمی 1994 دا بە شێوەی هاوکات لە شەودا تەقێنرانەوە، هاوڕێ سەیدیش لە ناوەندی گشتی ڕۆژنامەکە، کە وەک بەرپرسیاری دەستەی نووسین ئەرکداربوو، لەو هێرشەدا لەگەڵ 23 هەڤاڵی تری برینداربوو.
لەو کاتەدا کە مرۆڤەکان دەترسان ڕۆژنامە بخوێننەوە، ئەو بە بێ دوودڵی ئەو کارەی بەڕێوەدەبرد. لەپێناو ئەوین و ئەشقی ڕاستی و ئازادیدا زۆر جار ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە.
=KTML_Bold=ڕوودەکاتە چیا و ڕاستی تێکۆشانی ئازادی دەگێڕێتەوە=KTML_End=
لە چوارچێوەی ئەرکی ناسین و ناساندنی ڕاستی وڵاتەکەی، دوای ماوەیەک ڕوودەکاتە چیاکانی کوردستان و بە پێنووسەکەی ڕاستی تێکۆشانی ئازادی دەگێڕێتەوە. لەسەر ڕێچکەی پێشەنگەکانی وەک غوربەتلی ئەرسۆز لە چیا ئازادەکان بۆ چەندین ساڵ لە ژیان و تێکۆشانی گەریلای کۆڵییەوە و بۆ گەلی کورد و جیهانی ڕاگەیاند. لەو چوارچێوەدا لەسەر بابەتە ئەکادیمی، مێژوویی و وێژەییەکانیش بە دەیان نووسین ئامادە دەکات و دەستی گەورەی هەبوو لە دەوڵەمەندکردنی ئەرشیڤی ڕاگەیاندنی ئازاد. گەشتی خۆی لەو پێناوەدا بە ناوی گەشتێک بەرەو کەناری ژیان دەکاتە پەرتووک.
هاوڕێ سەید نەک هەر لە کوردستان و چیاکانی، لە زۆر وڵاتیشدا کە کورد تیایدا دەژین، ئەرکی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبرد. لە وڵاتانی پێشووی سۆڤیەت، ئەرمینیا و ڕووسیا لەسەر دۆخی کۆمەڵگەی کورد لەو ناوچانە و کەسایەتییە ناودارەکان لێکۆڵینەوەی کرد. بەڵام بەوەش قایل نابێت، لە هەر جوگرافیایەکی کوردستان کە جموجووڵی شۆڕشگێڕی تێدا بێت ڕوودەکاتە ئەوێ.
=KTML_Bold=دەبێتە یەکێک لە کۆڵەکەکانی شۆڕشی ڕۆژاوا و ڕاگەیاندنی شۆڕش=KTML_End=
کاتێک ساڵی 2012 لە ڕۆژاوا شەپۆلی شۆڕش بەرزبووەوە، هاوڕێ سەیدیش ڕوودەکاتە ئەو خاکە. لەلایەکەوە ڕاستی شۆڕش دەگێڕێتەوە و دەنووسێت، لەلایەکیشەوە لە دامەزراندن و داڕشتنی خەباتی ڕاگەیاندندا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت. لە #دێرک#ەوە تا #عەفرین# لە تەواوی جوگرافیای هەرێمەکە هەنگاو بەهەنگاو دەگەڕێت، چاودێری قۆناغەکانی شۆڕش دەکات و بە دەیان خوێندکار پەروەردە دەکات. بەو خەباتەیەوە دەبێتە یەک لە کۆڵەکە و پایەکانی شۆڕشی ڕۆژاوا و ڕاگەیاندنی شۆڕش. ئەو بەرپرسیارییەتی خۆی لە سەرخستنی، ڕۆڵ و گرنگی ڕاگەیاندنی تا دواساتی ژیانی بە سەرکەوتووانە بەڕێوەبرد.
هەڤاڵ سەید ئەڤران کە لە ساڵی 2020ەوە ململانێی لەگەڵ نەخۆشی و کێشەی تەندرووستی دەکرد، دوو جار تووشی جەڵتە و وەستانی دڵ ببوو، هەر بۆیە ناچاربوو چەند جار نەشتەرگەری بۆ بکرێت. سەرباری کێشەی تەندرووستیش، بێ پسانەوە خەباتی خۆی بەڕێوەدەبرد و بەهیچ جۆرێک جۆش و خرۆش و ورەی کەمی نەدەکرد.
لەم دواییەدا جارێکی تر نەخۆشییەکەی سەریهەڵدایەوە و دۆخی تەندرووستی تێکچوو، هەر بۆیە لە نەخۆشخانە خرایە ژێر چاودێری تەندرووستییەوە. بەڵام بەداخەوە سەرباری هەموو هەوڵەکانیش، سەرلەبەیانی 22ی ئەیلول دڵی وەستا و لەنێو ئێمە باری کرد.
=KTML_Bold=بووە مەشخەڵێکی ڕێگەی ڕاستی=KTML_End=
هەڤاڵ سەید ئەڤرانیش وەک تێکۆشەرانی ڕاگەیاندنی ئازاد وەک ئاپێ موسا، غوربەتلی ئەرسۆز، خەلیل داغ، نوژیان ئەرهان، دەنیز فرات، دلشین ئیبیش و بە دەیان شەهیدی دیکەی ڕێگەی ڕاستی و ئازادی بووە مەشخەڵێک کە ڕۆشنکەرەوەی ڕێگەمانە. میراتێکی گەورەی بۆ ڕێبوارانی ڕێگەی ڕۆشنگەری بەجێهێشتووە. ئێمەش وەک ڕێبوارانی شەڕڤانانی پێنووسی ئازاد بەڵێنی گوڕدان بە بەرفراوانکردنی تێکۆشانی ئەم ڕاستییەی دەدەین. ڕێگەی ئەوان بەردەوام ڕووناکی و زاناییمان پێدەبەخشێت.
[1]