ناونیشانی بابەت: تەمەنی من
ئامادەکردن و نووسین: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
لێی پرسیم تەمەنت چەندە
گوتم نازانم ..!
ئەو: چۆن نازانی تەمەنت چەندە ؟؟!
من: ئاخر نازانم چۆن حیسابی بکەم.!
ئەو : ئااا ، خوێندەواریت نییە، باشە پێم بڵێ کەی لەدایکبویت پێت دەڵێم تەمەنت چەندە.
من : نا ، خوێندەواریم هەیە بەڵام نازانم لێکیان بدەمەوە.
ئەو : بەڕاستی سەیری ، ساڵی چەند لە دایکبویت؟
من : من ساڵی 1981 لەدایکبوم واتە لەناو جەنگدا لەدایکبوم ...
7 ساڵی سەرەتای ژیانم لە جەنگدا گوزەراند ...
جەنگ تەواو بو ساڵێک و چەند مانگێک تێپەڕی دوبارە شەڕ هەڵگیرسا ...
دوای ساڵێک و چەند مانگێک جارێکی تر شەڕ هەڵگیرسا …
سەرت نەیەشێنم تا تەمەنی 18 ساڵی لەجیاتی بۆنی( بڕوت) بۆنی باروتم لێدەهات، لەجیاتی دوکەڵی ڕەنگاوڕەنگی ئاهەنگی لەدایکبون و ئاهەنگی سەری ساڵ چاوەکانم پڕبون لە دوکەڵی فیشەک و تەقینەوە و سوتانی جەرگی دایکان ...
کاتێک تەمەنم تەنها 6 ساڵ بو کەوتمە بەر هێرشی کیمیاباران و بە موعجیزە لێی دەرباز بوم..
ساڵانێکی زۆری تەمەنم لەجیاتی گلۆپی ڕەنگاوڕەنگی سەر شەقام و ماڵەکان بەدیار فتیلە و فانۆس چراڕەشکە شەوە درێژەکانی زستانم بەڕێکردوە و هەر بەدیار ئەوانیشەوە خەریکی خوێندن و خوێندنەوە و وێنەکێشان بوم.
چاوەکانم هێندە تاریکییان بینیوە خەریکە ڕەنگەکان لەبیردەکەن ، بگرە هەندێ جار بە بینینیشیان ماندو دەبن.
گوێچکەکانم بە شێوەیەک بە دەنگی فیشەک و هاوار و ناڵە ئاخنراون ، خەریکە بە ئاوازەکانی مامەسێوە و حەسەن حەیران هەراسان دەبن .
لوتم هێندە بۆنی باروتی هەڵمژیوە خەریکە مێشکم ئالودەی باروت بێت .
دەستەکانم هێندەیان یاری بە فیشەک و پارچەی تەقەمەنی و باروت کردوە خەریکە حەز بە بۆنی گوڵ نەکەن و ئارەزوی هەڵوەراندنی بکەن .
بۆیە لات سەیر نەبێ ئەگەر جارجارە حەزم لە تاریکی و بۆنی دوکەڵ و دەنگی تەقە بێ، ئێمە نەوەیەکین جەنگ پەروەردەی کردین ، ئەوەی لە جەنگدا بێ نازانێ گوڵ بچێنێ ، بەڵام لێشت نەشارمەوە سەرەڕای تاریکی و سەختی ئەو ڕۆژگارانە ، هێشتا ئەوکات ژیان خۆشتر بو، هێشتا ئەوکات مرۆڤەکان سادە و پاکتر و گەرموگوڕتر بون. هێشتا مانایەک مابو بۆ (مرۆڤایەتی و مرۆڤبون)
بەکورتی من نە منداڵیم بینی و نە هەرزەکاری و گەنجێتی ...
ئەو: جا ئەو بەسەرهاتانە چ پەیوەندییان بە تەمەنەوە هەیە.!؟
من : ئازیزم من شەوانێکم بەڕێکردوە لە تاریکی و سەرما و ترسی فیشەک و بۆردومان کە هەر ساتێکی ساڵێک بوە، ئەگەر ئەو شەوانە بژمێرم ڕەنگە تەمەنم لە هەزار ساڵ زیاتر بێت..
ساڵانێکیش زۆر بە تامەزرۆییەوە خەوم بە بینینی ئاسودەیی بینیوە ، بەڵام تا ئێستا نازانم ئاسودەیی چۆنە ، ئاخر تەنها زیندوبون ژیان نییە ، تەنها وەرگرتن و دانەوەی هەناسە ناکرێ ناوی ژیانی لێ بنرێت ، خۆ وەنەبێ من داواکاریم زۆر بێت و کەسێکی چاوچنۆک بم ، من ساڵانێک خەوم بەوە بینیوە کە بتوانم تەنها وەک مرۆڤ بژیم ، خەونی ئێستا و ئەوساشم کوختێکی هەژارانەی لە گڵ دروستکراو بوە، کوختێک کە پەنجەرەیەکی تێدابێت بۆ ڕوانین لە ئاسۆ و پاساری و کەنارییە جوانەکان لەگەڵ گوڵدانێکی بچوکی پڕ لە گوڵی ڕەنگاوڕەنگ ،ئەوە بۆ من زیادیشە، من هەرگیز نەمویستوە وەک پاشا بژیم ، ژورێکی بچوک لەگەڵ ئاگردانێک و چەند پەرتوکێک و دو کورسیی دار و سەماوەرێکی کۆن گەورەترین ئاواتی من بوە !
ئای خودایە مرۆڤبون لە سەردەمی نامرۆڤان چەند سەختە !
ئەو: کەواتە تۆ تەنها ئەو ساتانە بە تەمەن ئەژماردەکەیت کە ئاسودەبویت تیایاندا ؟
من: بەڵێ ، لەبەر ئەوەیە کە ناتوانم پێت بڵێم چەند ژیاوم چونکە بەڕاستی تەمەنی مەرگەساتیم زۆر درێژە و تەمەنی ئاسودەیش زۆر کورت ، هەر بۆیە وەسیەتم کردوە دوای مردنم لەسەر کێلێ گۆڕەکەم بنوسن (ئەو پیاوەی کە تەمەنێکی درێژی گوزەراند بەلام هیچ نەژیا). [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=