#زڕەی زنجیری وشە دیلەکان#
#جەلال مەلەکشا#
پەریزادی ئەوین
لە تاریکی ژیانا دڵ بە وێنەی شەم نەکەم چی بکەم
گوڵاڵەی خوێن بە ئاڵا و بەیرەق و پەرچەم نەکەم چی بکەم
ئەگەر شەرتی ئەوینداری پەژارە و ماتەم و دەردە
دڵی خۆم نوقمی گێژاوی خەم و ماتەم نەکەم چی بکەم
ئەویندارانی دنیا گشت بە وەسڵی یار نایل بوون
بە خوێنی جەرگی خۆم ڕەفعی خەم و ئەستەم نەکەم چی بکەم
وەکوو دێوانە وەیلانی هەواری چۆڵی مەحبووبم
بەسەردا خاکی هیجران و فیراقی شەم نەکەم چی بکەم
لە عەشقی ئاورینی زین هەزاران کاکە مەم مردن
ئەمن شۆڕش لەسەر ڕێبازی خوێنی مەم نەکەم چی بکەم
لە چاوی مێژووا خوێنم وەکوو ئەسرین قەتیس ماوە
ئەگەر هێرش بە سەر مێژوودزی عالەم نەکەم چی بکەم
هەتا زوڵمەت بسووتێنم هەتاوی کۆیلە دەربێنم
گڕ و کڵپە و بڵێسەی ئاوری دڵ جەم نەکەم چی بکەم
پەریزادی ئەوینم دیل و یەخسیری قەڵای دێوە
لەسەر ئەو، سێبەری ئەم دێڵەدێوە کەم نەکەم چی بکەم [1]