یەکێک لە پێشنیارەکانی لیژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی پێنجەمی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# ئەوەیە ئەو کادیرانەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە حکومەت و پەڕڵەمان بەرپرسیارییەتییان هەیە ڕێگەیان پێ نەدرێت کە خۆیان کاندید بکەن بۆ ئەندامێتی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو پێشنیارە زۆرترین کاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێناوە و ئەو کادیرانەی یەکێتی کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی بەرپرسیارییەتییان هەیە پێشنیارەکە ڕەتدەکەنەوە و پێیان وایە پێشنیارێکی لەو جۆرە خزمەت بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناکات.
لە لایەکی دیکە بەشێک لە کادیرانی یەکێتی پێیان وایە نابێت بەرپرسانی حکومی بەهیچ شێوەیەک خۆیان کاندید بکەن بۆ ئەندامێتی سەرکردایەتی یەکێتی، چونکە ئەو بەرپرسانە پێگە حکومییەکانیان بەکاردهێنن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ لەناو کۆنگرەدا.
بەپێی ئەو پێشنیارە بێت نزیکەی 15 ئەندامی ئێستای سەرکردایەتی یەکێتی کە بەرپرسیارییەتییان هەیە لە پەڕڵەمانی ئێراق و هەردوو حکومەتی هەرێم و ئێراق ناتوانن خۆیان بۆ ئەندامێتی سەرکردایەتی یەکێتی کاندید بکەن. لەناویاندا #قوباد تاڵەبانی# جێگری سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# کە لە ئێستادا داوای کردووە لە کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی پۆستی جێگری سەرۆکی یەکێتی پێبدرێت. [1]