کەجەکە: #سەید ئەڤرەن# شۆڕشگێڕێکی گەورە بوو.
هاوسەرۆکایەتى کۆنسەى بەڕێوەبەری کەجەکە لەسەر شەهید بوونى سەید ئەڤرەن و ڕووداوەکەى حەمدانییەى موسڵ و هێرشەکانى دەوڵەتى تورک لە قەندیل ڕاگەینراوێکى بڵاوکردەوە و ڕاشیگەیاند، هەڤاڵ سەید شۆڕشگێڕێکی گەورە بوو کە بە کەسایەتى و ژیانی خۆی نیشانی دا کە ڕێگای تێگەیشتن لە ڕاستی ژیان و یەکبوون یەک ڕێگایە.
کەجەکە سەبارەت بە شەهیدبوونى سەید ئەڤرەن نووسەر و ڕۆژنامەنووس ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.
لەسەرەتادا کەجەکە لەبارەى ڕووداوەکەى شارۆچکەى حەمدانییە دەڵێت: لە موسڵ لە هۆڵێکی ئاهەنگێڕانی هاوسەرگیری زیاتر لە سەد کەس گیانیان لەدەستدا و بەدەیانى دیکەش بریندار بوون، ئێمە زۆر نیگەران و خەمبارین بەو ڕووداوە، ڕەحمەتی خودا لەوانە بێت کە گیانیان لەدەستداوە و سەری کەسوکاریان ساغ بێت، هیوای شیفا و چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
سەبارەت بە سەید ئەڤرەن کەجەکە ڕایگەیاند: یەکێک لە پێشەنگەکانى ڕاگەیاندنى ئازاد و دیموکراتیک سەید ئەڤرەن شەهید بوون، لەسەرەتادا تەڤگەری ڕاگەیاندنى ئازاد و دیموکراتیک و گەلی کوردستان و ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنی و هەڤاڵانی سەید ئەڤرەن بەبیر دەهێنینەوە، هەڤاڵ سەید ئەڤرەن شۆڕشگێڕێکی مەزن بوو کە بە کەسایەتى و ژیانى خۆی نیشانیدا ڕێگای تێگەیشتن لە ڕاستی، ژیان و یەکبوون یەک ڕێگایە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا کەجەکە باس لە بۆردوومانەکان دەکات و ئەوەى خستەڕوو، لە ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتى تورکی قڕکەر زۆرێک لە کەسانى ئێمە گیانیان لەدەستداوە و بریندار بوون، یەکێک لەو ناوچانەی ئێمەش قەندیلە، دوایین هێرش بۆردومانى گوندی ئێندزێ و بۆکریسکان بوو، لە ئێندزێ بۆردوومانى ئۆتۆمبێلێکى هاووڵاتییەک کرا و لە گوندی بۆکریسکان بەهۆی بۆردوومانەوە گوندییەک شەهید بوو ژمارەیەکیش بریندار بوون، ئێمە سەرەخۆشی لە خزمانی شەهید و خەڵکی بناری قەندیل دەکەین بۆ بریندارەکانیش هیوای شیفا دەخوازین.
کەجەکە ئەوەشى ڕاگەیاندوە، دەوڵەتى داگیرکەری تورک بەو کۆمەڵکوژییە جارێکی دیکە ئەوەى سەلماند کە یەکێک لە ئامانجەکانى کوشتنی کوردانە، ئێمە ئەو کۆمەڵکوژیی و هێرشانە بەتوندی شەرمەزار دەکەین، بانگەوازی لە هەر کەسێک دەکەین کە خاوەندارییەتى لە خەڵکی قەندیل بکەن و لە دژی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانى دەوڵەتى تورک هەڵوێستى بەهێز نیشان بدەن.
هەروەها لە ڕاگەیەنراوەکەدا کەجەکە باسی لەوە کردووە، دەوڵەتى تورک لە هەبوونى خەڵکی قەندیل زۆر نیگەرانە، بۆیە بەو جۆرە هێرش دەکاتە سەر قەندیل، لەبەر ئەوەی خەڵکی قەندیل دەست لە هەڵوێستى وڵاتپارێزی خۆیان بەرنادەن، بۆیە بەو هێرشانە دەیەوێت ئەو هەڵوێستانە تێک بدات، دەوڵەتى فاشیست و قڕکەر هەرچی بکات ناتوانێت خەڵکی قەندیل بترسێنێت. [1]