بەگشتی تێڕوانینی سەردەم بۆ خۆشەویستی بە تەواوی تێڕوانینێکی کلتوریە و ناسرووشتییە، ئەم تێڕوانینە نەک ڕاست نییە و خاوەن هەق نییە، بگرە ترسناکە و نا تەندرووستە، هێندەی ئازار و ناخۆشی و بێئومێدی و بێهودەیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، هێندە تاکەکان ئامادە ناکات بۆ ژیانێکی پێکەوەیی سەرکەوتوو.
ئێمە وەک تاکی سەردەم وەک هەموو شتێکی تری نێو ژیانمان وابەستەی ژینگەکەمانین و بەویست و بێویست ژینگە و کلتور پانتاییەکی زۆری بیر و هۆشمان داگیر دەکەن دەربارەی ئەوەی ئایا دەبێت چۆنبین و دەبێت چۆننەبین.
تێڕوانینی باویش بۆ خۆشەویستی کە ڕەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەروەردە و جوڵە ڕۆمانسیەی کە گشت ڕۆمان و هۆنراوە و شانۆ و فیلم و کون و قوژبنە هونەری و ئەدەبیەکانی داگیر کردووە سەرچاوەی گرتووە؛ کە تێیدا زۆر بەکوورتی؛ خۆشەویست ڕزگارکەرە، خۆشەویست ئەو مرۆڤە ئایدیاڵ و نموونەییەیە کە دێت و لە ناوەڕاستی تاریکی ژیانتا دەرتدێنێت بەرەو ڕووناکییەکی بێ کۆتات دەبات، خۆشەویست ئەو کەسەیە، یان ئەبێ ئەو کەسەبێت کە هەمیشە بۆ تۆ جادووگەربێت و بەردەوام موعجیزە لە دوای موعجیزە لەژیانتدا و لەپێناو تۆیا بخولقێنێت بۆ گەشتن و بەتۆ و بۆ دڵخۆشکردنی تۆ. هەر بوونی ئەو وشەسازییەی لە کاتی باسی ئەم بابەتانەدا دەردەکەون، نیشانەیەکن بۆ ئەم بیروباوەڕە، وشەی وەک شازادەی خەونی من و سوارچاکی خەونی من و وشەگەلێکی هاوشێوەیان دەربڕینە لە ئەو ناخەی کە پێی وایە سیناریۆی ژیان بەم شێوەیەیە، ئەم چاوەڕێ دەبێت تا ئەو ڕۆژەی دەگاتە ئەم شازادە خاتوونە یان ئەم سوارچاکە تا بەتەواوی ناسینی ئەو ژیانی سەراو ژوور بکات و سەرلەنوێ لەگەڵ ئەودا و بەبوونی ئەو دووبارە وەک گوڵێکی سەرەتای بەهار دووبارە ببوژێتەوە.
وەلێ، گەر سەیری ژیانی واقعیمان بکەین، وەلەو دەکرێت جارجار لێرە و لەوێ هەندێک هەبن ئەو جۆرە ڕووداوە دەگمەنەیان بەسەردابێت بەڵام ئایە هەربەڕاست ژیانی هەموومان وایە؟ بێگومان نەخێر. جا بەرکەوتن بەم ڕاستییە ڕاستەوخۆ کۆی گشتی پڕۆسەکە فەشەلدێنێت و وێنەی پێشوو کە وێنەیەکی ئایدیاڵ و بێوێنە و پڕجوانی و چیرۆکی پێشبینیکراوی پاڵەوانی و ئەفسووناویبووە لەمەودوا دەبێتە وێنەیەکی ناشرین و شایەنی ڕق، چیرۆکەکانیش دەبنە مایەی ئازار و بێهیواییەکی لەبن نەهاتوو. هەر بۆیە لە ژیانی ڕاستیماندا چەندین نموونەی زۆرزۆرمان هەیە کەوا دوو خۆشەویست کە بەحساب بێ یەکتر نەیان دەتوانی بژین پاش کەمێک لە هاوسەرگیری بەرگەی واقعی تاڵی یەکتر ناگرن و وێنەی ئایدیاڵیان بۆ یەکتر دەڕوخێت و جیادەبنەوە.
بێگومان قسەکە لێرە لەسەر ئەوە نییە کە خۆشەویستی پێویست نییە بۆ ژیانی هاوسەرگیری و پێکەوەبوون، بگرە بە پێچەوانەوە ڕەگەزێکی ئەساسیە کە هارمۆنییەت و سازان دەدات بەبەشەکانی تر و وات لێدەکات لە خۆبووردەبیت لەپێناو خۆشەویست کە ئەمەش شتێکی پیرۆزە. بەڵام وێناکردنی خۆشەویستی بەو جۆرەی هەیە بە وێنەیەکی باڵا و سەرەتا و کۆتا مەبەستی ژیان و باڵاترین مەبەستی پێکەوەبوون هەڵەیە و دەرەنجامەکەی ئەوە دەبێت کە ئێستا هەیە.
بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم هەڵەیە پێویستمان بەوە نییە کە خۆشەویستی لەبیربکەین، چونکە بێ خۆشەویستی پێکەوەبوونێک بوونی نییە، خۆشەویستی وەکوو وزە وایە بۆ مەکینەی ژیان بەڵام گرنگە شێوازی خۆشویستن و چی خۆشویستنمان ڕێک بخەینەوە، پێویستە فێرببین مەبەست لە پێکەوەبوون، ئەوەنییە کۆمەڵێک فانتازیا و خەیاڵ لەیەکتریدا بەدی بهێنین بەڵکوو دەبێت، تۆ منت بووێت چون دەمناسیت و دەزانیت دەتوانم هاوڕێتبم وە منیش تۆم بووێت لەبەر ئەوەی دەتناسم و دەزانم هاوڕێتبم.
لەم نێوەندەش خۆشەویستییەکەمان سیحری خۆی دەکات و تابلۆی ژیانمان ڕەنگڕێژ ئەکات.[1]