شەریفی شمشاڵژەن و قەمەرناز
#عەلی پێنجوێنی#
دایکم لەوەخت و بێوەختا، خۆی دەکرد، بەکانی ژنانا بیرم دێت دوجار مەلۆتکەی فڕێدراوی لەبن کەڵەک و قەراغ بییەکاندا، دۆزیبووە و کفن و دفنی کرد بوون
برتەوبۆڵەی باوکیشم لاولاوە بوەستێ.......
کفری خوات کرد بویت بە مردووشۆر؟
ناوێرم بڵێم ئەرێ بۆخاتری خوا بۆ وازناهێنی لەمردوو هێنانەوە......؟
خێرا قسە و ویرد و ئاﮪ و نزولەی مەشایەخێکم بۆ دەهێنیتەوە و دەمبەستم دەکات.
تۆ مردوو شۆر بوویت کەی قەرار بوو لە هەر بنەبییەکدا کۆرپەیەکی مردووی فڕێدراو، بدۆزیتەوە و بیهێنیتەوە و کفن و دفنی بکەیت؟
ئەگەر بەتەنیاش بوبێت کەزۆربەی جار وابووە، دەچیت ئەسپەردەی دەکەیت.
ئەوەتەی ئەم هەموو چەتە و چەکداری نیشتمانپارێزە، دەوروبەر و سەرو و ژورو و ملە و یاڵ و کەند و کۆسپەیان لێگرتوین ساڵی چەندجارێ کانی ژنان کە جاران قیبلەگای دڵداریی بوو، ئێستە بووەتە تەرمگای ئەو مەلۆتکانەی هەرگیز باوکیان نادۆزرێتەوە،
شەریفی شمشاڵژەن، ئیمانی وەک ئەو کێوانە قوورس و قایم بوو، بەڵام تانە و تەشەری خەڵکی ئاواییش سەبارەت بە دایکم هاتەسەری، با بەسەرزاریش ستایش و ماندوونەبوونی لە دایکم کرابێ، بەڵام هەمیشە بۆ کفن و دفن و ئەسپەردەکردنی ئەو کۆرپانەی لەکانی فڕێدەدران، بەنهێنی و لەژێر لێوەوە و لەنێو غەیبەتی خەڵکی ئاواییدا، دایکمیان بەشەریکی ئەو گوناهە دەزانی.
کچێ دادە ئاڵتون دەڵێم، جا دەکرێت تا ئەم هەموو زل و ملقەوی و ملهوڕانە بەناوی چەکداری و پارێزگارییەوە، ئاوا چوارقوڕنەی ئەم ئاواییەمان لێبگرن و هەر ڕۆژەی بەبیانویەکەوە، پەنێک بدەن؟
میمکە بەیخان دەیوت: ئەرخەیانم، خوا غەزەبم لێدەگرێت ئەوەندە، بەدزییەوە، بومەتە مامان و منداڵم لە ژن کردۆتەوە.
بەقیبلەی ئیسلام سوێند بێ، نیوەڕۆیەکی هاوینی فرەگەرم بوو، بوومە مامانی ئافرەتێک، خوابەوە ڕەحمی کرد گەرمەی ئیش و کار و دەشتودەر بوو بەبیانوی ژانە سکەوە، جەمیلەی میرزا... ........ لێیگەڕێ بائەوەیان تەواو نەکەم.
بردم و لە کانی ژنان بەهەر فەلاکەت و نزا و پاڕانەوە و دەردە سەرییەک بوو، منداڵەکەم لێکردووە و منداڵەکەمان بەجێهێشت.
پورە کۆتری ئاوای بۆ دادە ئاڵتونی دەگێڕایەوە.
باوکم شەریفی شمشاڵژەن بە دایکمی دەوت: کچێ بۆ خاتری هەرچی شێخ و مشایەخە، وازبێنە، ئەوەتەم من نابینی؟!
ئەو هەموو شمشاڵژەنینە لەیاد و یارانی فەخری عالەم و موناجاتەکاندا، دەژەنم هەمووی دەسڕڕێتەوە و لەبەرچاو ناگیرێت.
بەشێکی بەهۆی تۆوەیە، کە بویت بە مردووشۆری ئەو کۆرپە و منداڵانەی هەرگیز باوکیان نادۆزرێتەوە، بەشێکیشی ڕقی خەڵکی ئەوەیە سوسەیان کردووە، کە جارجار لەو دەشتودەر و شاخ وکێوانە، ئەو دەنگوسە دایانە دەژەنم کە دڵم دەیخوازێت.
بەڵێ بۆ موناجاتەکان شەریفی شمشاڵژەنم.
بۆ ئەو دەنگ و دەرد و کزە و ئازارانەش کە دڵم پێویستی پێیەتی بۆ ئەمەیان شەفەلۆتیم.
کچێ، قەمەرناز، بەو خوایەی کە خوای نییە ئەو دەست و پەنجانەی تۆ، کە منداڵ و کۆرپەکانی پێدەشۆیت و کفن و دفن و ئەسپەردەیان پێدەکەیت لەگەڵ ئەو دەست و پەنجانەی من، کە شمشاڵیان پێدەژەنم
ڕۆژێک یان ڕەنگە شەوێک بێت بەدەست و پەنجە و قەمە و چەقۆی ئەو ڕەشە خەڵکەوە دەبڕرێتەوە و دەبرێتە کۆرەما.[1]