ناونیشانی بابەت: ئایا وڵاتی ئازەربایجان هەرێمی ئازەربایجانی دێرینە؟
نووسینی: #هامنۆ ئەیوب هەورامی#
ئازەربایجان یەکێکە لە هەرێمە دێرینەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و #کوردستان# بەتایبەتی، لە مێژوودا بە ئاترۆپاتکان، یاخود ئاتروپاتین و زەویی ماد هاتووە، چونکە قوورسایی دەوڵەتی مادی دێرین لەم هەرێمەدا بووە و دوای لەناوچوونی ئیمپڕاتۆرییەتەکەیان لەم هەرێمەدا درێژەیان بە مانەوەی خۆیان داوە.
لە سەردەمی ئیسلامیشدا، گرنگی و بایەخێکی زۆری هەبووە و لە زۆر لە پەرتووکی گەشتیارە ئیسلامییەکاندا ناوی هاتووە، بۆ نموونە، لە یاقووتی حەمەوی و ئیبن حوقەل و تەبەڕی و بەلازووری و ...هتد.
کەواتە هەرێمەکە مێژوویەکی دێرینی هەیە و لەگەڵ دێرینییەکەشیدا هەمیشە وەک خاکی کورد خۆی بینیوەتەوە، بۆ نموونە، هەوارگەی هۆزی مەزنی هەزبانیی بووە و هاوکات دەوڵەتی سالاری و دەوڵەتی ڕەوادی، کە کورد بوون، هەر لەو ناوچەیەدا فەرمانڕەوایەتییان کردووە، کە پایتەختەکەی شاری #تەورێز# بوووە، بەڵام ئایا ئەو ناوچەیە هەمان ئەو ناوچانە دەگرێتەوە، ئێستا ناوی دەوڵەتێکی لێ پێکهاتووە بە ناوی کۆماری ئازەربایجان؟ ئەگەر ورد بین، خاڵێک زۆر گرنگە سەیری ئەو مێژووەی پێ بکەین، ئەو وڵاتەی ئێستا پێی دەڵێن ئازەربایجان، لە مێژوودا هەرگیز ئەو ناوچانەی ئازەربایجانی ئێستا نەبوون، بەڵکوو بریتین لە چەند هەرێمێک:
شیروان: زۆربەی ئەو ناوچەیە پێی گوتراوە شیروان، بەتایبەت ناوچەکانی سەر دەریای خەزەر، بە باکۆی پایتەختی ئێستاشیانەوە.
باب: دەربەندیشی پێ دەگوترێت، دەکەوێتە باکووری ئێستای وڵاتی ئازەربایجانەوە، سنووری کۆتایی خیلافەتە ئیسلامییەکان بووە، ناوەکەیشی ناوێکی کوردی بووە.
ئاران: هەرێمێکی فراوان بووە و زۆرینەی کورد بوون، دەوڵەتی شەدادی کوردی لەم هەرێمەوە درووست بووە، شارەکانی گەنجە و دوین و بەیلەقان و ئەجنداقان لەم هەرێمەدا بوون، بۆیە هەرگیز ئەمانە پێکهاتەی وڵاتی ئازەربایجانی ئێستا نین و هەرێمی باشووری ئاران دەگرێتەوە، کە بە دیاریکراوی پارێزگاکانی (ئازەربایجانی شەرقی، ئازەربایجانی غەربی، ئەردەبیل) ی ئێستا دەگرێتەوە، کە ئێستا سەر بە وڵاتی ئێرانن.
بێگومان سەرپاکی ئەو ناوچانەی باسمان کردن، دەروازەکانی باکووری وڵاتی کوردانە و لە مێژوودا بە یەکێک لە هەرێمە کوردییەکان ناسراو بووە.
سەرچاوەکان: 1- یاقوت الحموی: معجم البلدان. 2
- ابن حوقل: صورة الارض. 3
- مینۆرسکی: چەند لێکۆڵینەوەیەک لە مێژووی کوردەکانی قەوقاز. وەرگێڕانی: عەلی نادر. 4
- هامنۆ ئەیووب هەورامی: گێتیی زەردەشتییەت.[1]