سەرەتای سەرهەڵدانی قوتابخانە لە #کۆیە#
یەکەم قوتابخانە لە ساڵی ( 1886 ) کرایەوە:
لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ( مدحت پاشا ) و دانانی بە والی #بەغدا# ئاسۆیەکی نوێ لە بەردەم پڕۆسەی خوێندن کرایەوە ئەوە بوو یەکەم قوتابخانە لە شاری کۆیە لە ساڵی ( 1886 ) کرایەوە ، دووا بە دوای ئەوە لە ساڵی ( 1900 ) قوتابخانەیەکی تر لە گەڕەکی ( بەفری قەندی ) کرایەوە ئەو قوتابخانەش بە ناوی ( کۆیسنجق الابتدائی ) بوو ، کە لەو قوتابخانە زیاتر منداڵی مووچە خۆرو ئەفسەرو دەسەڵاتدارانی ( عوسمانی ) بوو ، ژمارەی قوتابییانی ئەو قوتابخانەش نزیکەی ( 20 ) قوتابی بوو ، لە کاتی کردنەوەی ئەو قوتابخانە ( مەلا عەبدوللەی جەلی زادە ) وتارێکی خوێندەوە ، دوای ئەوە لە سەردەمی قایمقام ( ئیبراهیم بەگ ) دا قوتابخانەیەکی تر بە ناوی ( کویسنجق اولی ) کرایەوە ، ڕەوشی خوێندن بەو شێوە بوو تاوەکوو کۆیە کرا بە مەڵبەندی قایمقامیەت .
لە پایزی ساڵی ( 1919 ) کۆیە بوو بە جێنشینی ( قایمقامیەت ) و لە ساڵی ( 1920 ) بە فەرمی قوتابخانە لە کۆیە کرایەوە ، هەموو سوختەی سوختەخانەکەی ( مەلا ئەسعەد ) کە ژمارەیان ( 30 ) کەس دەبوو گوازرانەوە ئەو قوتابخانە ،
( مەلا ڕەسوڵ ) بە یەکەم بەڕێوەبەری ئەو قوتابخانە دیاری کرا ، ( مەلا ئەسعەد و عاکف ئەفەندیش ) بە مامۆستا دامەزران هەر وەکوو لە ( بەرایی ) ئاماژەی پێدراوە ، لەسەرەتادا خوێندن و نووسین بە زمانی ( تورکی و فارسی ) بوو ، بەڵام ( ئینگلیزەکان ) ئامۆژگاری ئیدارەو قوتابییەکانیان کرد کە لەمەو دوا بە زمانی ( دایک ) زمانی کوردی بخوێنن ، لێرەدا مەلای گەورەی کۆیە ( مەلا محەمەد جەلی زادە ) ڕۆڵی گرینگی هەبوو کە خوێندن بە زمانی دایک بێت ، وە هانی قوتابییانی دەدا دوور کەونەوە لە ئەفسانەو بایەخ بە زانست بدەن .
قوتابخانەی کچان لە ساڵی ( 1923 ) کرایەوە شوێنەکەی لە خانوی ( عەبدولڕەحمان شەرەف ) بوو نزیک مزگەوتی گەورەی کۆیە دووای چەند ساڵێک گوازرایەوە بۆ گەڕەکی ( بایزاغا ) ناوەکەی گۆڕا بۆ قوتابخانەی ( کۆیسنجقی کچان ) ، سەرەتا بەشێک ناڕازی بوون بە کردنەوەی قوتابخانەی کچان بەڵام دوایی کچەکانیان ناردە بەر خوێندن و پەشیمان بوونەوە .
کاتێک کە ( عصبة الامم ) مافی خوێندنی بە زمانی کوردی دەرکرد بەو بۆنەوە مامۆستایان و قوتابییانی کۆیە ڕێپێوانێکیان ئەنجامدا بۆ بەردەم ( سەرای کۆیە ) کە قایمقام و موفەتیشی ئیداری ئینگلیز بوو لەگەڵ خەڵکێکی زۆر لەوێ کۆبوونەوە لەوکاتە ( مەلای گەورە ) لەوێ ئامادە دەبێ و ئەو پارچە هۆنراوەەیان بۆ دەخوێنێتەوە ،
هەستە پێشکەوە ئەی لاوی کۆیی
ئاگات لە خۆبێ کاروان ڕۆیی
بە نووری عیلمی ڕێگا بە دەرخە
بە زۆری بازوو بارێ بەسەرخە .
تێبینی / وێنەکە خوا لێخۆشبوو مامۆستا ( عەبدولمەجید نوورالدین جەلی زادە ) یە ساڵی 1934 گیراوە .
__________
ئا: دڵدار جەلی زادە[1]